بەهرۆز جەحفەر: چەپڵەیەک بۆ یا نون کاف لێ بدەن!.

عالەمی دونیا سەرقاڵی شاردنەوەی کڵاوەی ئەتۆمین لە ژێر دەریادا. بە تەکنۆکرۆنیک و سۆفت وێر ژیان ڕێک ئەخەن و، بە ڕۆبۆت نەشتەرگەریی کاسەی سەر ئەکەن و، بە هەموو جیهاندا کەرەستەکانی خۆیان […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

عالەمی دونیا سەرقاڵی شاردنەوەی کڵاوەی ئەتۆمین لە ژێر دەریادا. بە تەکنۆکرۆنیک و سۆفت وێر ژیان ڕێک ئەخەن و، بە ڕۆبۆت نەشتەرگەریی کاسەی سەر ئەکەن و، بە هەموو جیهاندا کەرەستەکانی خۆیان بڵاوئەکەنەوە تا نەبنە بەکاربەر و کاڵاکانی خۆیان ساخ بکەنەوە.
لە عێراق!…و… لەناو دەوڵەتەکەدا هەرێمێکی چکۆلانە هەیە، لەناو هەرێمەکەشا چەند حیزبێک هەیە، لە ناو یەکێ لەو حیزبانەشدا شەش تا حەوت باڵ هەیە، لەناو ئەو باڵانە باڵی چەند بنەماڵەیەکی دەستەڵاتدار! هەیە، لەناو باڵی یەکێک لەو بنەماڵەیەدا سێ باڵ هەیە. لەناو هەریەک لەو باڵانەشدا هەریەکە قاچاخچی و چەتەو سەر چەتەی خۆی هەیە.!.
باسی یەکێتی! نیشتیمانی! کوردستان ـە. کۆنگرە ئەکەن!. ئێستا لە سەت کادیری حیزبەکە بپرسە؛ ئایا ئەمە یەکێتی یە بۆ ئەوەی فیکرو مەعریفە بەرهەم بهێنێت ؟. ئەم حیزبە حیزبی دادپەروەری و خزمەتی خەڵک و ئایندەی کوردستان و قوتابخانەی یەکتر قبوڵکردن و هێنانی خۆشبەختیە بۆ گەنجی کورد؟. هەمووی ئەڵێ نەخێر …ئەی چی یە؟. ئەی ئەم هەموو دەنگە دەنگەتان لە چیە!. فەڕەنسا حەوت دەوڵەتی لە ئەفریکا داگیرکردو کەلتورەکەی خۆشی بەسەرا سەپاندن ئەوەندەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاتو هەرای نەکرد.
لە کەرکوک سیانزە ساڵی رێک یەکێتی دەیان بەرپرس و چەتەی کردە ملیار دێر، دواییش شارەکەیان بەو دەردە برد، بچن لە کەرکوک پرسیار لە (100) سەت کورد بکەن هەر (100) کەسەکە ئەڵێن …نا…نا… تخوا…تخوا… با کوردو پێشمەرگە نەیاتەوە شارەکە …ئاوها باشە ئیسراحەتین…!. ئەمە کێ وای کردووە کە کورد حەسەن پلایس و حەشدی شەعبی خۆشتر بوێ لە حوکمی پێشمەرگەو حیزب و کوردایەتی؟!.
یەکێتی ئەندامی سەرکردایەتی وەهای هەیە، هەموو شەوێک …هەموو شەوێک… (100.000) سەت هەزار دۆلار ( دە دەفتەر دۆلار) ی هەیە لە مەرزی باشماخ و کێلێ وە. ترێ و هەنار قەدەغەکراوە تا بەرهەمی ناوخۆیی ساخ بێتەوە کەچی ئەو هەموو شەوێک چەندین بەڕادی گەورە داخلی کوردستان ئەکات!. تلیاک…؟!. ماوەیەک پێش ئێستا کوڕی یەک بەرپرسی هەورامی یەکێتی بە دە کیلۆ تلیاکەوە بە ئۆتۆمبیلی یەکێتیەوە گیرا… تەواوی بەرپرسانی حیزبەکەش زانیان و ئەزانن کە کوڕی زۆربەیان بەکارهێنەرو قاچاخچی ماددەی هۆشبەرە !…لەوەش گەڕێن مانگانە دەیان ملیار داهاتی ناوچەی سولەیمانی بوە لە چوار مەرزەوە (بێجگە لەپارەی نەوت و باجی هاتوچۆو باجەکانی تر)…ئیتر ئاواو سەدان نمونەی تر…؟! ساڵ هەبوە داهات و بودجەی ئەو دوو گەڕەکەی ناویان ناوە ناوچەی سەوز زیاتر بوە لە بودجەی وڵاتێکی وەک ئەردەن، کوا؟!. ئێ کە قسەش ئەکەی سەت بەیتو بالۆرەت بۆ ڕیز ئەکەن بابە ئەمانە نەیاری یەکێتین؟! نەودیوە یەکێتی هارڤاردی دامەزراندوەو موشەکی کیشوەر بڕی هەیە!. یەکێتی ئەگەر نەیارێکی هەبێ ئەو سەرکردایەتیەو حاشیەکانیانن.
ئەوجا ئەمانە قسەش ئەکەن، ئەڵێن پارتی تاکڕەوەو، خەتای پارتیە ئاوایەو، پرس بە حیزبەکەمان ناکاو…ئیتر لە دوای کەسەوە ناڕۆین و،، دڵی نەیارەکە ئەتەقێنین و ،،،ئیتر حیزبی کوردی بەم کلاواتانە هێناویەتی!. کەس پرۆژەیەکی نەتەوەیی و زانستی و ژینگەیی و کشتوکاڵی و پیشەسازیی ئایندەیی نییە. هەموو ئەم قسانەش بۆ ئەوەیە چەواشەی کادێرانی خۆیان و خەڵکەکە بکەن تا لە کۆنگرە شەش دەنگ زیاتریان بەرکەوێت!. کوردستان لەواقیعدا دوو زۆنی ئیداری جیابوە، ئێستاش من کە لە زۆنە (باڵ زۆرەکە) ەوە ئەچمە هەولێر یان دهۆک ئەبێ تەکسیەک پێش خۆم دەم تا ئەمگەیەنێ بە شوێنێک…
لەمەش زیاتر!. دەیان سەرکردەو فەرماندەو … تەنانەت لە ئاستی جێگری سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە کە (یەکێتی) نین!. باشە چۆن ئەبێ بەڕێوەبەرانی حیزبێک باوەڕیان بە حیزبەکە نەبێ؟. چۆن ئەبێ یەکێ بیەوێ ببێ بە سەرۆک و سکرتێری حیزبێک باوەڕی بە حیزبەکە نەبێت؟! بۆیە… هیوادارم چەپڵەیەکیان بۆ لێ بەن کە ئاوها شاری هەڵمەت و قوربانیان ڕانیوە.!. وەرە کورد بەو لە کوردستان بژی، چۆن باڵانس لە نێوان ئەو هەموو باڵە ئینجا ئەو هەموو حیزبە ڕائەگری!؟.
باشە حیزب چۆن ئەبێ ناسنامەی نەبێ؟. ئێستە مەسەلەن پارت هەیە ژینگە پارێزە، هەیە لیبراڵە، هەیە ئیشتراكیە، هەیە ئیخوانیە، هەیە شیعەیە، هەیە سۆشیال دیموکراتە. هەیە پەڕگیری پۆپۆلیستە، تەنانەت لەکوردستان سەرەڕای ئەو هەموو تاوانە ئابوریی و سیاسی و قانونیانە لە پارتی بپرسە ئەڵێ بنەماڵەیەکین و کوردایەتی ئەکەین و ئەوە ناسنامەی ئێمەیە، بە ئیعترافی هەموو لایەنەکانیش پارتی سیاسەتی کوردیی ئاڕاستە ئەکات. ئەی یەکێتی ئیشی چیە؟ کە ناسنامەت نییە یانی تۆ هیچ نیت و سواری ئەقڵی داماوی خەڵکانێک بون و تەنها گروپ و گروپۆچکەن خەریکی تاوان و دزی و پیسخۆرین!. ئەها ئەوەتا کوڕی ئەو خەڵکەیان هەموو بە کوشت داوە و خوێنەکەشیان بە فیڕۆدان و خاکەکەشیان فرۆشتن و، لە ساڵەکەدا ڕۆژێکیشیان ناوناوە « ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی» دە کەواتە چەپڵەیەک بۆ یەکێتی.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر