رەزا شوان: چۆلەکەکە بە نیشتمانەکەی شادبۆوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆک بۆ منداڵان
لە دامێنی زنجـیرە چیایەکی لووتکەبەرزی کوردستانی جـواندا، دارستانێکی داربـەرزی هەمەچەشنە هەیە.. لە ناوەڕاستی دارستانەکەدا کانییەکی گەورەی ئاو سارد و شیرینی لێـیە.. چۆلەکەیەکی لاو، لەسەر داربەڕوویـەکی بەرزی نزیک کانییەکەدا، هـێلانەیەکی دروستکـرد.. زۆر دڵخـۆشبوو بە زێـدی خۆی و بە هـێلانە جـوانەکەی.. بە رۆژ لەگەل هاوڕێکانیدا یاری خۆشیان دەکرد.. شەوانیش لە هێلانە گەرم و نەرمەکەیدا دەنووست.
رۆژێکی هـاوین، پێـش رۆژئاوابـوون، بایـەکی بەهـێز هەڵـیکرد.. چۆلەکەکە هەڵـفـڕی، ویستی بچـێت لە کانییەکەدا ئـاو بخـواتەوە و بگـەڕێتەوە بۆ هـێلانەکەی.
لەپڕ گەردەلوولێکی زۆر بەهێز و تیژ هەڵیکرد.. چۆلەکەکە کەوتە نێو گەردەلوولەکە و لەگەڵ خۆیـدا بەرەو باشوور بـردی.. چەنـدی کرد خۆی پێ رزگـار نەکرا.. بە درێـژایی ئەو شـەوە و بۆ رۆژی دواییش گەردەلـوولەکە نەنیـشـتەوە.. بۆ شـەوی دووەم هـێدی هـێدی هـێواش و ئـارام بۆوە. چۆلەکەکە کەوتە سەر زەوی و بوورایـەوە، خەریکـبوو بمرێت، هـۆشی هـاتەوە.. شـەو بوو نەیـدەزانی ئـەو شـوێنە کوێـیە، لەپـاڵ بنچکـێکـدا هەڵنیشت، بەڵام لە ترسان و لەبەر ماندووبوون و ئـازاری گیانی و توینـێتی و برسێتی خـەوی لێـنەکـەوت.
بەیانی کە رۆژ هـەڵات، چـۆلەکەکە، بینی ئەو شوێـنە، دەشتـێکی لمـاوی چـۆڵی پـڕ لە دڕک و عـاگوول و بنچکە. چاڵە ئاوێکی بینی، ئاوەکەی شوێر و تـاڵ بوو، بە ناچاری سی و چـوار قـوم ئـاوی خـواردەوە.. کەمێک چـینەی کـرد.
چۆلەکەکە: ئێرە نیشتمانی من نییە، هەرگیز ناتوانم لێرەدا بژیم، نە شاخی بەفرین و نە باخی رەنگـینی لێیە.. دەبێت بفـڕم و بگەڕێمەوە بۆ نیشتمانە سەوز و جوانەکەی خـۆم.
چۆلەکەکە قۆناغ بە قۆناغ بەرەو باکـوور فـڕی.. ئێـوارەی ئەو رۆژە گەیشتە، زنجـیرە گـردۆڵکەیەکی رووت و وشک. لەبـن تاشەبەردێکی گەورەدا هـەڵـنیشت، بەڵام خەوی لێنەکەوت، بیـری هـەر لای نیشـتمانەکەی بـوو.
چۆلەکەکە لە بەیانی دووەمین رۆژیشدا قـۆناغ بە قـۆناغ فـڕی.. بۆ ئێوارەکەی گەیشتە ریزە دارخورمایەک، لەسەر دارخورمایەکدا هەڵـنیشت، ئەو شەوەش خەوی لـێنەکەوت.
چۆلەکەکە: ئـێرەش نیشـتمانی مـن نیـیە. نیـشـتمانی مـن پـڕ لە رێـواس و داربـەڕوو و گـوێـز و گـێوژ و قـەزووان و هەنـار و هەنجـیرە.
بەیانی کە رۆژ هـەڵات، چـۆلەکەکە بەرەو باکـوور درێـژەی بە فـڕین دا.. دوای نیـوەڕۆ لە دوورەوە زنجیرە چیایەکی بەرزی بینی، ناسییەوە کە ئەو زنجیرە چیایەی کوردستانە کە بەسەر دارستانەکەدا دەڕوانێت و داربەڕووەکـە و هـێلانەی لـێیە.. زۆر گەشـایەوە و هـیوادار و دڵخـۆشبوو، گـوڕ و تینـێکی زیـاتر کەوتە هەنـاوی و تیژتـریش فـڕی.. پێش رۆژئاوابـوون گەیـشتەوە دارسـتانەکەی زێـدی.. لە کـانیـیەکەدا تێـر ئـاوی خـواردەوە.. فـڕی و لەسەر داربەڕووەکـەدا نیـشتەوە و چـووە نـاو هـێلانـەکەی.
چۆلەکەکە: ئـۆخـەی کە نەمـردم و بە نیـشـتـمانە جـوان و شـیـریـنەکەم شـادبـوومەوە.
یەکسەر چاوەکـانی نـووقـانـد و خـەوی لێـکەوت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت