ئەحمەد ئاڵتان: خوێندنەوەیەکی جیاوازی ڕووناکبیرێکی تورک بۆ “دۆزی کورد”دۆزی کورد لە پەیڤێکدا.

پەیڤی وەرگێڕ: ئەحمەد ئاڵتان، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوی تورک، ساڵی 1950(1328ی هەتاوی) لە باژاڕی “ئەنقەرە”ی وڵاتی تورکیا لەدایک بووە. کوڕی نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا “چەتین ئاڵتان”و برای نووسەر و […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

پەیڤی وەرگێڕ:
ئەحمەد ئاڵتان، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناسراوی تورک، ساڵی 1950(1328ی هەتاوی) لە باژاڕی “ئەنقەرە”ی وڵاتی تورکیا لەدایک بووە. کوڕی نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا “چەتین ئاڵتان”و برای نووسەر و مامۆستای ناوداری زانستگەی ئەستەنبووڵ” محەممەد ئاڵتان”ە. ئەحمەد ئاڵتان، سەرنووسەری ڕۆژنامەی”تەرەف”ە. هەروەها بە ڕۆماننووسێکی ناوئاشنای تورکیش دادەنرێت کە بەرهەمەکانی بەردەوام بەرەو ڕووی پێشوازییەکی بەرفرەوان دەبنەوە. چەندان جار دەخرێتەوە زیندانەوە و نهایش هەر لە بەندیخانەدایە. خاوەنی چەندان ڕۆمان و بەرهەمی ڕەخنەییە. ئەحمەد ئاڵتان لە گەلێک ڕۆژنامەی وەک حوڕییەت، میللییەت و ڕادیکاڵ دا کاری کردووە.

خوێندنەوەیەکی جیاوازی ڕووناکبیرێکی تورک بۆ “دۆزی کورد”دۆزی کورد لە پەیڤێکدا.
نووسەر: ئەحمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: ئازاد کەریمی
لە فارسییەوە: هۆمەر نۆریاوی
ئێمە هەموومان هاووڵاتی یەک وڵاتین و لە نێو سەرزەوییەکی هاوبەشدا دەژین. بەڵام گەلۆ هەموومان پێکەوە یەکسانین؟ بڵا پرسیارەکە ڕوونتر بخەمە بەردەم: ئایا تورک و کورد پێکەوە یەکسانن؟ بێ سێ و دوو و بە بێ هیچ چەشنە دڕدۆنگییەک پێمان دەڵێن:”دیارە کە هەموومان پێکەوە یەکسانین”.
ئێمە(تورک) تا چەندە لەگەڵ کورددا یەکسانین؟ تورک، بە تورکی دەئاخفێت و کورد، بە کوردی. بەڵام زمانی فەرمیی حوکوومەت چییە؟
– تورکی.
بۆیە بەو دەرەنجامە دەگەین لە باری زمانەوە،هیچ یەکسان نین. زمانی لایەنێک لەم وڵاتەدا”زمانی فەرمیی”حوکوومەتە و زمانی لایەنێکی هەرە گەورەی دی لەم وڵاتەدا “فەرمی”نییە.
لەم وڵاتەدا،زمانی فێرکاری و بار‌هێنان کامە زمانە؟
– تورکی.
باشە هیچ خوێندنگەکەت بۆ فێرکردنی زمانی کوردی پێ شک دێت؟ نا. باشە زانستگەیەکت پێ شک دێت کە زمانی کوردی تێدا بخوێندرێت؟ هەرگیز!
لەم وڵاتەدا،ئێمە تەنانەت بۆمان هەیە فێری زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسایی ببین؛بەڵام کوردی یاساخ دەکەین. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە (فێرکاری و بارهێنان)دەکرێت بڵێین هیچ یەکسان نین.
یاسای بنچینەیی و دەستوور هاووڵاتییان بە چی ناو دێنێت؟
– تورک.
باشە ئەی دەستوور،کورد بە چی ناو دێنێت؟ بە گوێرەی یاسای بنچینەیی،ئەوانیش تورکن. ئایا کورد،”تورک”ە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر! دەی ئەگەر “تورک نییە، بۆچی ئێمە ناوی بە “تورک”دەهێنین؟ چونکە دەستوور بەو چەشنە بڕیار دەدات. ئایا بە گوێرەی یاسای بنچینەیی،هاووڵاتی”کورد”لەم وڵاتەدا،بۆی هەیە “کورد”بێت؟وەرام نەخێرە. بۆیە بەم ئەنجامە دەگەین بە پێی “دەستوور”یش یەکسان نین.
لە باری “زمان”،لە ڕوانگەی”فێرکاری و بارهێنان”و بە گوێرەی “دەستوور[ئێمەی تورک و کورد] یەکسان نین. ئیتر”ئێمە”لە کوێ لەگەڵ کورددا یەکسانین؟
کاتێک دەچین بۆ ئیجباری، بە بێ هیچ چەشنە جیاوازییەک،ئێمەی تورک و کورد دەبەن بۆ ئیجباری. لە کاتی وەرگرتنی باج و کۆدەدا یەکسانین. بە بێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک، هەم لە تورک و هەمیش کورد باج و کۆدە وەردەگیردرێت. بۆیە بەو ئەنجامە دەگەین کە لە باری “بەرپرسیاریەتی” یەوە لە هەمبەر حوکوومەتدا،یەکسانین. بەڵام بۆ ئەو شتانەی کە لە حوکوومەتیان وەردەگرین، هیچ یەکسان نین. ئایا بە لای ئێوەوە ئەمە دادپەروەرانەیە؟
ئەوان دەنێرن بۆ ئیجباری. باج و کۆدەیان لێ وەردەگرن،بەڵام ناچنە ژێرباری یەکسانی بۆ زمان، فێرکاری و بارهێنان و دەستوور. پاشانیش سینگ دەدەپەڕێنن و پێیان دەڵێن: “کێشەتان چییە؟”. تووڕە دەبن و دەڵێن: “باشە ئێوە بۆچ ئارێشە چێ دەکەن؟”. پەلاماریان دەدەن و دەیانخەنە نێو ڕەشەچاڵێکەوە؛ لە شەقامدا وەبەر لێدان و کوتانیان دەدەن و لە بەندیخانەکاندا وەبەر ئازار و ئەشکەنجەیان دەخەن.
ئێستا بە ڕوانینێکی وردتر، ئایا بە لای ئێوەوە سەرچاوەی” کێشەی کورد”چییە؟
لە ڕوانگەی منەوە، ئەم ئارێشەیە تەنیا تاقە هۆکارێکی هەیە و بەس کە ئەویش”نادادپەروەری”یە. نەتەوەیەک دێت و لە هەمبەر نەتەوەیەکی دیکەدا وەک “کۆیلە”هەڵسوکەوت دەکات و پێی دەڵێت:” دەبێت پێملی ڕەگەزی من، زمانی من و باڵادەستبوونی من بیت”.
بۆچی ئێمە و کورد یەکسان نین؟ ئەگەر ئەم پرسیارە لەوان بکرێت، وەرام دەدەنەوە:”ئەگەر ئێمە یەکسان بین و مافی یەکسانیش بەوان[کورد] ببەخشین، وڵاتەکەمان پارچە پارچە دەبێت”.
پرسیار ئەوەیە: “وڵاتی کێ پارچە پارچە دەبێت؟”. وڵاتی “ئێمە”. ئێمە کێین؟
– تورک.
دەی باشە ئەی ” کورد” کێن؟ ئایا ئێرە وڵاتی ئەوانیش نییە؟ دەستبەجێ وەرام دەدەنەوە:”دیارە کە ئێرە وڵاتی کوردانیشە”. ئەگەر ئێرە وڵاتی”هەموومان”ە، ئیدی بۆچی پەرۆش و ترسەکانمان لە هەمبەر ئەم وڵاتەدا”یەکسان”نییە؟
بۆچی ئێمە لەوەی”پارچە پارچە”بین، دەترسین بەڵام کورد لەوەی وڵات “پارچە پارچە” بێت،ترسی نییە؟ گەلۆ “خاوەنانی هاوبەش”ی وڵاتێک، نابێت ترسەکانیان لە هەمبەر وڵاتەکەیاندا هاوبەش بێت؟ ئێمە دەترسین، چونکە “دادپەروەرانە”لەگەڵ کورددا هەڵسوکەوت ناکەین. لە تەکیاندا هەروەک “کۆیلە” هەڵسوکەوتمان کردووە و پێمان وایە ئەوان ڕەنگە کۆتایی بەم دۆخە بێنن. ئەگەر نەتەوەیەکی گەورەی نێو وڵاتێک، دەسەڵاتی خۆی بە زۆر بەسەر نەتەوەیەکی تردا بسەپێنێت، هەمیشە ترسی “پارچە پارچە”بوونی لە دڵدایە و بێ سێ و دوویش، ئەو وڵاتە بەو دەردە دەچێت.
ئەگەر زمانی کوردانیش ببێتە زمانێکی فەرمی، ئەگەر ئەوانیش خاوەنی مافی یەکسان بۆ فێربوونی زمانەکەیان بن و “دەستوور”یش بە زۆر “بە “تورک”یان ناو نەهێنێت، ئایا ” کێشەی کورد”درێژەی دەبێت؟ هەرگیز. لە ئاکامدا، چارەسەر، ڕوونە و زۆریش سادە و ساکار. ئەگەر یەکسان بین، کێشەکە چارەی دێت. بەڵام بۆچی چارەسەری کێشەکە ناکەن؟
– چونکە نامانەوێت”یەکسان”بین.
ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، باشە بۆچی ئێمە نامانەوێت لەگەڵ کورددا یەکسان بین؟ ئەوە کامە هۆکارە کە ئێمەی تورک دەبێت بانتر لە کورد بین؟ باشە نفووس و حەشیمەت و سوپا، ئەم باڵادەستییە بە تورک دەبەخشێت؟ ڕەنگە بە زۆری چەک ئەمە جێبەجێ بووبێت؟
ئێوە هەر لە هەمان سەرەتاوە پەناتان بۆ چەک بردووە. ئەی بۆچی کاتێک لە چیاکانەوە دەنگی چەکتان بەرگوێ دەکەوێت، لاتان سەیر دەبێت؟
ئێوە بۆ خۆتان چەکەکانتان دانێن، واز لە باڵادەستبوونی ملهوڕانە بێنن، بێگومان، چیاکان چەکیان تێدا نامێنێتەوە. کێشەکەیش چارەسەر دەبێت. بەڵام پێش هەموو شتێک، لە هەمبەر خودا و عەبدەکانیدا پێملی ” یەکسانبوون”ببن.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
هۆمەر نۆریاوی

ئەرشیڤی بەڕێز: هۆمەر نۆریاوی