شاسوار هەرشەمی: دەوڵەتێک بە پێنج پایتەختەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک کە ئینگلیزەکان فەیسەلیان لە حیجازەوە هێنایە بەغدا و لە پاداشتی بەشداری کردنی لە شەڕ دژی عوسمانی، دەوڵەتێکیان بۆ دروست کرد، ئەو هەر زوو تێگەیشت، ئەم جوگرافیایە، هی (دەوڵەتێک) نیە. فەیسەل ئەو کاتە بوو، کە قسە مەشورەکەی کرد: (…في اعتقادي لا يوجد في العراق شعب عراقي بعد، بل توجد تكتلات بشرية خيالية، خالية من أي فكرة وطنية، متشبعة بتقاليد وأباطيل دينية، لا تجمع بينهم جامعة..) واتا (… بە باوەڕی من، هێشتا لە عێراق، گەلی عێراق بوونی نیە، بەڵکو چەندان بارستایی مرۆیی خەیاڵئامێز هەن، کە لە هەر بیرۆکەیەکی نیشتیمانیی بەتاڵن. ئەوان بە نەریت و ئەفسانە ئایینییەکان پڕ کراونەتەوە، هیچ شتێکی هاوبەشیش کۆیان ناکاتەوە…).
لەو سەردەم دا، هەر کورد و عارەبی سوننە خوێندەواری مۆدێرن و کۆنە ئەفسەری مەشق دیتوی پاشماوەی عوسمانیان و لێپرسراوانی ئیداریان لەناو دەرکەوتبوو. تورکانی عوسمانی، ئەم کارو پیشانەی، بۆ شیعە و عەلەوی و کەمایەتیە ئایینیەکانی دی قەدەغە کردبوو. کورد لە سەرەتاوە، داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کرد و بە چوونە ناو عێراق ڕازی نەبوو، بۆیە دەستەڵات بە ئاسانی بەر عارەبی سوننە کەوت.
سوننەکان، کە ژمارەیان لە شیعە زۆر کەمتر بوو. بەحاڵ هەندەی کوردانیش دەبوون، لە ترسی کەمینەیی خۆیان، چەندان نەوەیان بەوە پەروەردە کرد، کە عێراق قوطرێکی بچوکی، خاکی پان و بەرینی ئوممەی عارەبە و وێستگەیکی کاتییە، تا لە نزیکترین هەلدا، دەخرێتەوە سەر سوریا، میسر، مۆریتانیا، جیبوتی و… واتا ڕێک دژی بە عێراقی بوون، وەک نیشتیمان سیاسەتیان دەکرد. بێگومان بەم کارەیان، کوردیان پتر لە خۆ بە عێراقی دانان دوور خستەوە. شیعەش بە ناچاری، پتر خۆیان بە (نەریت و ئەفسانە ئایینییەکان)یان بەستەوە، تا خوا و بێگومان عەلی و حوسێنیش، لەو بەڵایەی کەوتنە ناو دەریای گەورەی عارەبی سوننە دەربازیان بکات!
ئەوە بوو، کاتێک کە لە ساڵی2003 سوننەی عارەب جڵەوی دەستەڵاتیان لە دەست دەرچوو، حەقیقەتی عێراق، وەک کە فەیسەل پێشبینی کردبوو، بۆ هەمووان دەرکەوت. لەو کاتەوە و تا ئەمڕۆ، ناوەندی بڕیارەکان، لە پێنج شوێن، یان پێنج پایتەخت دەردەچن و شەشەمیش، کە دەبێت ناوەندێکی بڕیاری سوننەی عارەب بێت، هێشتا خۆی نەگرتۆتەوە.
پایتەختی یەکەم/ شاری نەجەفە. بەهۆی بوونی حەوزەی عیلمیەی شیعە و ماڵی مەرجەعی ئەعلای شیعە لەو شارە، بڕیاری هەرە بەهێز لەوێوە دەرچووە. مەرجەع بڕیار دەدات، کێ ببێتە سەرۆکی حکومەت. هێزە چەکدارەکان چۆن بن. دەسەڵات لە نێوان پێکهاتەکان چۆن دابەش بکرێت. تەنانەت نوێنەری مەرجەعیش، هەموو ڕۆژانی هەینی بڕیار لەسەر ژیانی داهاتووی خەڵکی دەدات، کە دەبێت چی بکەن و چی نەکەن.
پایتەختی دووەم/ شاری کوفەیە، کە هەر بەردهاوێژێک لە نەجەف دوورە. موقتەدا سەدر، ئەوێی بە پایتەخت هەڵبژاردووە. ئەو سەرچاوەی هێزی خۆی، لە باوک و باپیرانیەوە وەردەگرێت، کە لە لایەکەوە زووتر مەرجەعی شیعان بوون و لە لاکەی دیشەوە، لە لایەن سەدامی سوننەوە کوژراون، دەنا خۆی دوای ئەو هەموو ماوە درێژەی ناو سیاسەت، هیشتا کەسێکی کاڵفامە. ئێستا موقتەدا، لە ڕێگای حیزبی میلیشیاوی (التیار الصدري)ەوە، سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ناڕەزایەتیەکان دژی دەستەڵات دەکات. وا خەریکە موقتەدا خەونەکانی بێتە دی و بتوانێت لەو گەڕەلاوژێیەی دروستی کردووە، (وەلی فەقیهی شیعە)، دابمەزرێنێت. دوای ناچار کردنی نەجەف بە ڕازی بوونی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، سەیرترین پێشنیاری موقتەدا، ئەمەیە کە با سەرۆکی حکومەت، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستور و پەرلەمان و دادگای باڵا، ڕاستەوخۆ لە (ساحەی تەحریر) و لە ڕێگای دەنگدانی ڕاستەوخۆی خۆپیشاندەرانەوە هەڵبژێردرێت. بێگومان زۆرینەی خۆپیشاندەرانیش لە لایەنگرانی خۆین.
پایتەختی سێیەم/ شاری بەغدایە. ئەوێ لە ساڵی 1921 ەوە، لەلایەن ئینگلیزەکانەوە کرا ناوەندی دەوڵەتەکەی فەیسەل. بەغدا هێشتا وەک ناوەندی گشت هێزە دژ بە یەکەکان ماوەتەوە، هەرچەندە حیزبی دەعوەی شیعەکان، لەگەڵ هەندێک حیزبی دی شیعەی لایەنگری حەوزەی عیلمی شیعەکان لە (قوم)، باڵی زاڵی ناو شارەکەن.
پایتەختی چوارەم/ شاری هەولێرە، کە لە دوای 31/ی ئابی 1996ەوە، بە یارمەتی هێزەکانی سەددام حسێن، بۆتە شوێنی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی. دوای ڕووخانی دەستەڵاتی سوننەی سەددامیش، هەولێر بۆتە یەکێکیش لەو ناوەندانەی، کە کۆنە بەعسیەکان، سوننە چەکدارە داعشیەکان و لایەنگرانیان خۆیان تێدا ڕێکدەخەنەوە.
پایتەختی پێنجەم/ شاری سلێمانییە. سلێمانی تا قۆناغی یەکەمی سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانیش، ناوەندێکی گرنگی بڕیار بوو. شارەکە ببووە ناوەندێکی ئاشتەوایی و پێکەوە کار کردنی هەموو هێزە دژ بە یەکەکانی عێراق. دوای نەخۆش کەوتن و دواتر مردنی مامجەلال، شارەکە قورسایی سیاسی خۆی لە دەست داوە.
بێگومان هەمووان دەزانن، کە پایتەختێکی دی و ناوەندی بڕیاری شەشەمیش ماوە و لە هەر هەلێکی گونجاو دەردەکەوێت. هەر لە ساڵی 1921ەوە، بەغدا جگە لەوەی ناوەندی حوکمڕانی بووە، ناوەندی دەستەڵاتڕانی عارەبی سوننەش بووە.
لە سەردەمی کورتی سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم، چەند سەد هەزار شیعەیەکی بێکار و برسی ڕوویان لە بەغدا کرد. زووتریش ژمارەیەکی دی بۆ کار کردن هاتبوون و لە خانوی تەنەکە دەژیان. عەبدولکەریم، لە (مەدینە سەورە)، گەڕەکێ، یان شارێکی بۆ دروست کردن و تێیدا مانەوە. لە سەردەمی دەستەڵاتی بەعس، بە نەخشە ڕێگری دەکرا لە هاتن و نیشتەجێ بوونی شیعە لە شارەکە. هەروەک بە درێژایی سنورەکانی خوار بەغدا، چەندان شارۆچکەی پیشەسازی دروست کرابوون و عارەبی سوننەی ڕومادی و سامەڕای تێدا نیشتەجێ کرابوو، تا ببنە پشتێنەیەکی سوننە و شارەکە لە ناوچە شیعەکان داببڕێنێت.
دوای کەوتنی ڕژێمی عارەبی سوننە لە 2003، بەغدا بە خێراییەکی زۆر، شیعەنشین کرا. هاوکات بەشی هەرە زۆری سوننەی ناو سپا و دەستەڵاتی پێشو، شاریان بەجێهێشت. عارەبی تکریت، سامەڕا، موسل، ڕومادی و فەللوجەش ناچار کران بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان یان ڕوو لە ئوردەن، هەولێر، دوبەی، تورکیا و ئەوروپا بکەن، بۆیە قورسایی بەشەری عارەبی سوننە لە بەغدا زۆر لاواز بووە.
ئێستا سوننە، بە هۆی کاولکاریەکانی دوای شەڕی داعشیش، هیچ ناوەندێکی بڕیاری لە دەست نەماوە و بالانسی هێزیان داتەپیوە، بەڵام ئەمە کاتییە و ڕەنگە بە ئەگەری هەر گۆڕانکاریەکی ناوچەیی، بتوانن بەهێزتر بێنەوە مەیدان.
کێشەکانی ئێستا، بە شێوەیەکی سەرەکی لە نێوان دوو پایتەختی کوفە و نەجەف دایە. سەدر لە کوفەوە دەیەوێت دەستەڵاتی لە بەغدا پتر بکات، یان دەوڵەتێکی دی دینیی دابمەزرێنێت. میلیشیا شیعیەکانی دی، کە لە نەجەفەوە پشتگیری دەکرێن و بەغدایان لە دەستە، دژی سەدر هاتوونەتە مەیدان و دەیانەوێت دەستەڵاتیان بپارێزن.
بێگومان کێشەکان هەروا سادە نین. هەزاران توخمی دیش تێکەڵ بە کێشەکە بوون. وەک لەشکرێک لە گەنجانی بێ کار و بێ پارە. هەزاران چالاکوانی بەعسی، کە لە هەولێر، عەمان، دوبەی و ئەوروپاوە، لە سەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت، ئاراستەی چالاکیەکان دەکەن و بابەتی درۆ بڵاو دەکەنەوە، وەک ئەوەی کە خەڵک سۆزیان بۆ ڕژێمی سوننەی پێشو جوڵابێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت