ئارام عەلى عەزیز: عیراق، ئەو ئەڵماسەى هوردو هەڕاش ناکرێت.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمریکاو ئێران لە هەوڵى دامرکاندنەوەى راپەڕینە جەماوەریەکەى گەنجانى عیراق شکستیان هێنا. دەست لەکارکێشانەوەى حکومەتەکەى عادل عەدولمەهدی وەکو دەریچەیەکى مەرجەعیەت بۆ کارلەکار نەترازان فڕێدرایە گۆڕەپانەکە.
جێگرى سەرۆکى ئەمریکا بێ چاوپێکەتن لە گەڵ عادل عەبدولمەهدی گەیشتە هەرێمى کوردستان و لەگەڵ سەرۆکى هەرێم لە فرۆکەخانەى هەولێر کۆبوەوە. قاسم سولەیمانیش گەیشتە بەغدا. ئامانجی هەردووکیان یەکە، بەڵام بە دوو پلانی جیاواز. ئێران دەیەوێت لە رێگاى شیعەو گۆڕینى داشى دامەکانیەوە، بارى خواریان لە عیراق و ناوچەکەدا راست بکەنەوە. ئەمریکایش دەیەوێت لە رێگاى کوردەوە دەست بەسەر سەرچاوەکانى نەوت و غازدا بگرێت.
راپەڕینە جەماوەرییەکانى عیراق، جگە لە بەغدا قورساییەکەى لە باشوورى عیراق و پارێزگا شیعەنشینەکانە، ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئاستى جەنگى ئەهلی شیعە- شیعە. شەقامی شیعیی بە هەموو هێزێکیەوە بە چەک رووبەڕووى هێزە چەکدارەکان و هەندێک لە میلیشیا شیعەکانى حەشدى شەعبی سەر بە ئێران بوونەتەوە. مەرقەدى ئەلحەکیم و باڵەخانەى کونسولگەرى ئێرانیان لە نەجەف و ماڵى چەندین لێپرسراوى سەربازیی و ئەمنى هێزەکانى عیراقیان لە ناسریەو چەند شوێنێکى دیکەدا سووتاندوە. ئێران ناتوانێت جارێکى دیکە کۆنتڕۆلی شەقامی شیعی لە عیراقدا بکاتەوە، لەبەر ئەوە بە دروشمى عیراقێکی سووتماک باشترە لە عیراقێکی سەربەخۆ سیاسەت دەکات. ئەمریکایش لە رێگاى کوردەوە هەوڵى هەڵگیرساندنى جەنگى کوردو عەرەب دەدات، ئەویش لە رێگاى خەونى لە مێژینەى کورد لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، لە کەرکوکەوە تا خانەقین و مەندەلى.
راپەرینى گەنجانى بەغداو باشورى عیراق لە ناوەڕۆکى خۆیدا لەگۆڕنانى هەموو ناسنامە تایەفیی و مەزهەبیی و قەومیە تەسکەکانە، گەڕانەوەیە بۆ ناسنامە شارستانیەکەى عیراقی دیرێن، بووژانەوەى شارستانیی عیراقی حامورابی و نارام سینە، وەکو مۆدێلێکی رێبەرایەتی ئینسانیەت لەو هەلومەرجە نا ئینسانیی و، لەو کۆیلایەتیی و نەزانینەى سیستەمى ستەمکاریی لە ژێر ناوى جیاجیا بەسەر ئینسان و کۆمەڵگاکاندا سەپاندویەتى.
لەو روانگەیەوە ئەمریکاو ئێران هەماهەنگ و کۆکن لەسەر رووبەڕووبوونەوەى رۆڵە مێژووکردە حەتمیەکەى عیراق، ئینجا ئەمە بە سووتاندن و جەنگى تایەفی و مەزهەبی بێت، یان شەڕى کوردو عەرەب و کوردو تورکمان… لەو چوارچێوەیەدا یەکێک لە سیناریۆکانى لێدانی عیراق، پلانی دابەشکردنى عیراقە، کە ئەمڕۆ لەسەر مێزەو جێبەجێ دەکرێت. لە روى مێژوویەوە ئێران وتورکیاو مەشیخات و مەملەکەتى عوربانەکان وەکو بازنەى سیستەمى ستەمکاریی جیهانیى، هەمیشە دژ بە گەلانى عیراق سەنگەریان گرتوەو چ نەماوە بە گەل و خاکەکەى نەکەن، ئەمڕۆیش لە ژێر ناوو پڕۆژەى جیاجیا هەمان رۆڵ دەبینن. بەڵام گەنجانى گۆڕەپانى تەحریرو گەنجانى ناسریەو نەجەف و بەسرە سەلماندیان عیراق ئەڵماسەو هوردوو هەڕاش ناکرێت. عیراق سەر لە نوێ مێژوو دەست پێدەکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت