سوپا سه‌لام: نوێبونه‌وه‌و رۆمانسیه‌ت و حه‌ماس كوجا مه‌رحه‌با.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ له‌ خۆ دزینه‌وه‌و دواخستنى باشتره‌،به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنه‌ ده‌رئه‌نجامى كۆنگره‌كه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ تینوێتى كادرو هه‌وادار و سنورى قه‌ڵه‌مڕه‌وى ئه‌م حزبه‌ بشكێنێ له‌پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌رجه‌م جومگه‌ له‌یه‌كترازاوه‌كانى ئه‌م حزبه‌دا.
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كه‌ له‌ ساڵى (1975)ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، هه‌نوكه‌ ته‌نها سێ كۆنگره‌ى ئه‌نجامداوه‌ كه‌ هیچكام له‌ كۆنگره‌كانى له‌ واده‌ى یاسایی خۆیاندا نه‌بوون،هاوكات ئه‌م كۆنگره‌یه‌ش كه‌ بڕیاره‌ له‌ كۆتا رۆژه‌كانى ئه‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت ده‌بوو له‌ حوزه‌یرانى 2013 ئه‌نجام بدرایه‌،به‌ڵام هه‌رجاره‌ و به‌ پاساوێك دواخراوه‌ ئه‌گه‌رچى له‌ روكه‌شدا ئێستاشى له‌گه‌ڵدابێت سه‌رجه‌م ئاراسته‌كان له‌گه‌ڵ به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌مى حزبدان.
كۆنگره‌ى ئه‌مجاره‌ى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ دۆخێكى به‌ عوقده‌چنراوى ئاڵۆزدا ئه‌نجامده‌درێت كه‌ گۆڕانكاریه‌ ناوخۆییه‌كانى حزب و هاوكات ناوچه‌كه‌ش وا ده‌خوازێت كه‌ ریفۆرمێكى بنچینه‌یی به‌ كۆى گوتار و به‌رنامه‌ و په‌یڕه‌و و په‌یكه‌ربه‌ندى حزبدا بكرێت،كه‌ئه‌م نوێبوونه‌وه‌یه‌ش به‌ رۆمانسیه‌ت و حه‌ماسى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ئه‌نجام نادرێت،وه‌لێ به‌ یۆتۆبیا و سه‌نگه‌رگۆڕین و بازدان به‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانیشدا ناگاته‌ مه‌نزڵ، به‌ڵكو به‌ كادرى ئه‌كادیمى و شاره‌زا له‌ گۆڕاوه‌ سیاسیه‌كان، كه‌ خاوه‌نى خوێندنه‌وه‌ى خۆى بێت ئه‌م نوێبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێت،به‌ڵام ئه‌فسوس ئه‌و فۆڕمه‌ی كه‌ ده‌ستنیشانى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ى پێده‌كرێت كه‌ بنه‌ماكه‌ى له‌سه‌ر ته‌رحكردنى لیست و لیستكاری و زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ بونیاد نراوه‌ ،شتێك نیه‌ جگه‌ له‌ مۆدێله‌ كۆنه‌كه‌ى خۆ سه‌پاندنه‌وه‌ى زۆرینه‌ كه‌ سه‌ره‌نجامه‌كه‌شى شه‌رعیه‌ت دانه‌وه‌یه‌ به‌و تابلۆیه‌ى كه‌ نزیكه‌ى (10ساڵه‌) كادرى ئه‌م حزبه‌ دادو بێدادیانه‌،ئه‌مه‌ش نه‌فاڵه‌ نه‌ ئیلهامى شاعیرێكى ره‌شبین، به‌ڵكو فاكتێكه‌ و له‌ ئه‌نجامى غیابی كه‌ره‌سه‌ مرۆییه‌ ئه‌كتیڤه‌كه‌ى به‌شداربووى كۆنگره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت غرورى كادر له‌م قۆناغه‌دا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كه‌ پابه‌ندى ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ چى له‌ هه‌گبه‌ى مه‌عریفه‌ى دایه‌ و له‌ كۆنگره‌ش چی پێشنیار ده‌كات،به‌ڵكو پابه‌ندى ئه‌و جۆره‌ لیست و خۆ گۆڕین و قسه‌كردنه‌یه‌ كه‌ خۆى پێده‌رده‌خات،ده‌رده‌كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و كادرانه‌ى كه‌ ده‌رچوون یان له‌ كێبه‌ركێى ده‌رچووندان له‌ غیابێكى قوڵى زانستى و نائه‌كادیمیدان، ئه‌م غیابى مه‌عریفه‌یه‌ش جه‌سورتر و برسیترى كردوون بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هه‌ر نرخێك بێت له‌سه‌ر كورسیه‌كى كۆنگره‌ دانیشن،بێ ئاگا له‌وه‌ى كه‌ تاكه‌ مه‌خلوقێك كه‌ له‌ نه‌زانیندا ویقارى خۆى زۆر ده‌دۆڕێنێت سیاسیه‌كانن،كه‌ تێناگه‌ن له‌م سه‌رده‌مى شۆڕشى زانستیه‌دا مه‌خلوقێكن بوون به‌ به‌شێك له‌ رابردوو، هه‌موو بونه‌وه‌ره‌كانى دى له‌ هه‌ست كردن به‌ جه‌هلدا تێده‌گه‌ن بوون به‌ به‌شێك له‌ رابردوو كه‌ پێویسته‌ بواربده‌ن به‌ كه‌سانى دیكه‌ ته‌نها كۆلكه‌ سیاسی نه‌بێت،كه‌ واده‌زانێت هه‌میشه‌ كوڕى ئه‌و ساته‌یه‌ و بێئاگا له‌وه‌ى له‌نێوان ئه‌و دنیادا دیوارێكى به‌رز هه‌یه‌،ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌و ئالیه‌ته‌وه‌ بێت كه‌ لیژنه‌ى ئاماده‌سازى كۆنگره‌ دایڕشتووه‌، به‌شه‌ گه‌وره‌كه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ بێ ئیشی ئه‌م تایپه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانم بڵێم له‌ كارى جڤات و جوڵانه‌وه‌ى سیاسیداهیچ مه‌خلوقێك له‌ كادرێكى بێ ئیش موسیبه‌ت تر نیه‌،بۆیه‌ كه‌ ده‌ڕوانیته‌ ئه‌و له‌شكره‌ له‌ كاندید و ئه‌ندامى كۆنگره‌یه‌ى كه‌ له‌ غیابێكى گه‌وره‌ى زانستى و ئه‌كادیمدا خول ده‌خۆن و بڕیاره‌ (44 ساڵ) خه‌بات و خوێنى زیاتر له‌ (20 هه‌زار) شه‌هیدیان راده‌ست بكه‌ین،ده‌بێت به‌ختیار عه‌لى وته‌نى بڵێین: (به‌هـ به‌هـ چ ره‌وزه‌ و ریازێكى پڕ زانست و هونه‌ره‌ حزب).