یوسف عزەدین: هەمیشە جەللادو هەردەم قوربانی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

رۆبێرت هاینلین لە رۆمانى(Tuunel in the sky)دەیەوێت وەڵامى ئەو پرسیارە بداتەوە، کە ئاخۆ دڕندەترین ئاژەڵ کامەیە؟ دیارە وەڵامەکەشى ئەوەیە، کەدڕندەترین ئاژەڵ مرۆڤە. مرۆڤێک، کە بەدرێژایى مێژوو گەورەترین جەللادى ئاژەڵان بووە و بێ پرسیارکردن هەموو تەکنیکەکانى ئەشکەنجەدان و کوشتن و سەربڕین و کەوڵکردنى لەسەر ئاژەڵان تاقیکردۆتەوە. زۆرێک لە بیرمەندان و نووسەرانى دنیا لەپشت ئاسایى پیشاندانى ئەشکەنجەدان و کوشتن و لەناوبردنى بەردەوامى ئاژەڵان هەستیان بە دیوە ترسناکەکەى ئەو کردەیە کردووەو نەیانهێشتووە بێ پرسیارکردن تێپەڕببێ.
بیرمەندێکى وەک (ژاک دریدا) دنیابینییەکى زۆر وردو قووڵى سەبارەت بە ئاژەڵان هەیەو پێی وایە مرۆڤ ناچارە بیر لەئاژەڵان بکاتەوە، واتە تێفکرینێکى فەلسەفى هەبێت سەبارەت بەو مێژووە خوێناوییەى کەمرۆڤى جەللاد، بەئاژەڵانەوە دەبەستێتەوە دەبێت پێوەندى نێوان ئەو بوونەوەرەى کەناومان ناوە مرۆڤ و ئەو بوونەوەرەى ناومان ناوە ئاژەڵ رووبەڕووى چەندین پرسیارى مۆڕاڵی و مەعریفی و بوونگەرایی و زۆر پرسیارى تربکەینەوە.
(ئیلیزابێس رۆدینیسکیۆ) (پرس یان کێشەى ئاژەڵان) دەکاتە بنەماى سەرەکى هەموو کێشەکانى دیکەى مرۆڤ، هەر لەئێستاى مرۆڤەوە تائایندەى، مافەکانى مرۆڤ، جینۆساید و چەندین شتى تر پەیوەست دەکات بەخودى تێڕوانین و چۆنیەتى مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەو بوونەوەرەى ناومان ناوە ئاژەڵ. دیارە ئەگەر مرۆڤ وەک ئەو دەمەى کەبۆخۆشى ئاژەڵێکى کێوى بووە بمایاتەوەو لەنێو دنیاى جەنگڵستاندا، وەک هەر ئاژەڵێک ململانێى مان ونەمانى کردبا و بە چنگ و هێزى بازووى رووبەڕووى ئاژەڵان ببوایەتەوە، ئەوە هیچ کێشەیەک نەبوو، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە مرۆڤ هەر لەساتەوەختى هەستکردنى بەجیاوازیەکانى نێوان خۆی و ئاژەڵان، لەبرى رووبەڕووبوونەوەى سروشتیی، لەجێى بەکارهێنانى هێزى فیزیکى.. هێزى ترسناکى داهێنانى کەرستەکانى کوشت و کوشتارى خستە گەڕ. مرۆڤ مەگەر لەبەراییەکانى مێژووى خۆیدا ئەگینا لەهیچ کاتێکى تردا بەپێودانگى کێشمانکێش و ململانێى سروشتیى لە پێناو مانەوە، مامەڵەى لەگەڵ ئاژەڵاندا نەکردووە. لەکاتێکدا ئاژەڵان هیچ کاتێک ناتوانن لە یاسا سروشتییەکانى ئەو چەشن و شێوە ململانێیە لابدەن. کاتێک پەلامار دەدەن کە ناچار بن، زۆر جاریش تەنها مەبەستیان ترساندن و دوورخستنەوەى بەرامبەرەکەیانەو… تاد.
بەڵام مرۆڤ هەموو ئەو وێرانکارییەى کەبەدرێژایى مێژوو دەرحەق بە سروشت و هەموو ئەو کوشتارو ئەشکەنجەیەى بەرامبەر بە ئاژەڵان ئەنجامى داوە کەمجار پاساوى بۆ دەهێنرێتەوە، رەنگە لەرۆژگارێکدا بەناچارى پەناى بۆ راو بردبێت، بەڵام هێندەى نەبردووە چەشن و شێوەى راوکردنى بۆتە شتێکى ترسناک و هۆکارێکى کات بەسەر بردن و راودوونانى ئاژەڵان و تەنگ پێهەڵچنینیان لەهەر شوێنێکدا دەستى مرۆڤى پێگەیشتبێ، تەنانەت زۆرجار جینۆسایدى تەواوى رەگەزێکى دیاریکراوی کردووە. کوشتنى گۆریلاکانى ئەفریکا پاش یەکەمجارى بینینیان لەسەرەتاکانى سەدەى رابردوودا لەلایەن داگیرکەرەکانى ئەفریکاوە، لە کاتێکدا ئەو گۆریلایانە بەدرێژایى مێژووى بوونیان هیچ کەسێکى ئەفریکى زیانى پێنەگەیاندبوون، نەیانزانیبوو مرۆڤ بوونەوەرێکى هێندە ترسناکە، بڵاوبوونەوەى هەواڵى بوونى ئەو ئاژەڵانە لەئەفریکا هەزاران راوچی ئەوروپایى گەیاندە ئەوێو ژمارەیەکى زۆریان لێ کوشتن. ئەوەى لەئەفریکادا روویدا خەڵکە بنەڕەتییەکەى سەرسام کرد؛ چونکە ئەوەى کەدەیانبینى بەلایانەوە راوکردنێکى ئاسایی وزانراو نەبوو،هستریا و حەزێکى سەیر بۆ کوشتن لەحەماسەتى راوچییە ئاوروپاییەکاندا هەبوو، ئەوەى بەلایانەوە گرنگ بوو تەنها کوشتن بوو. خەڵکى ئەفریکا کەلە لایەن سپی پێستە رۆژئاواییەکانەوە وەک ئاژەڵ سەیر دەکران، زۆر لەو مرۆڤە بەناومەدەنیانە دەرحەق بەسروشت و ئاژەڵان هەستیارتربوون.
زۆر خێڵ و هۆزى سەرەتایى کە پێشتر هەبوون یان رەنگە ئێستاش لەشێوەى هەندێک گروپى بچکۆلەو جیاجیادا مابێتن. سەربارى تەماسى بەردەوامیان لەگەڵ ئاژەڵەکانى دەوروبەریان، هیچ کاتێک تاڵیبى راوکردنیان و خواردنى گۆشتیان نەبوون و هەیانە پاش بەسەرچوونى زەمەنێک لە تێکەڵبوونیان لەگەڵ خەڵکانى کولتوورەکانى دیکە؛ بەڵام بائاستەم توانیویانە گۆشت خواردن وەک کلتوورێک لەنێو خۆیاندا جێ بکەنەوە. ئەبۆرژینەکان یەکێکن لەو رەگەزانەى مرۆڤ کەزیاتر رووەکخۆرن و کەمتر راودەکەن ئەویش هەموو ئاژەڵێک نا، تەنانەت ئەو وێنانەى کە باوباپیرانیان لەسەر دیوارى ئەشکەوتەکان کێشاویانە جیاواز لە زۆر وێنەى ترى سەر دیوارى ئەشکەوتەکانى ترى دنیا،راوکردن نەبۆتە بابەتى سەرەکى بەڵکو ئەفسانەى بوونیان بۆتە بابەت، تا ئەم دواییانەش زۆر خێڵى دوور لەمەدەنیەت هەبوون، کە بژێوییان پابەندبوو بەکۆکردنەوەى بەربوومى رووەکەکان، هیچ دارودرەخت و رووەکێکیان لەبنڕا هەڵنەکەندووە.. تەنانەت بۆ کۆکردنەوەى قارچکیش کەشێکى تایبەتیان سازکردووە، وەک دەربڕینێک بۆ هەستکردنیان بەئازارى ویژدان، بەرانبەر بەو کارەى کەپێى هەڵدەستن. کەشەکەیان رێزدەربڕینە بەرانبەر بەرۆحى ئەو قارچکەى کە لەپێناو بژێوى خۆیاندا ناچارن لەبووندا نەیهێڵن، بەتەسەورى ئەوان ئەوەى کەدەیکەن بەئەنجامگەیاندنى کردەى کوشتنە بەرامبەر بەبوونەوەرێکى زیندوو.. ئەمە تەسەورى خەڵکانێکە کە داگیرکارانى زێدوشوێنیان نەک هەر وەک ئاژەڵ تێیان ڕوانیوون، بەڵکو وەک ئاژەڵەکانیش؛ تا دەستیان بڕیکردووە لەناویان بردوون!؟ دانیشتوانى (تاسمانیا)یەکێک بوون لەو رەگەزانەى مرۆڤ کەبەتەواویى لەناوبران، دیارە دەیان نموونەى ئەو کارو کردەوانەى مرۆڤ هەن لەهەر ئانوساتێکدا دەستى رۆیشتبێ کردوونى، مێژووىمرۆڤایەتى لەدەرەوەی خوێن، لەدەرەوەى جەنگ و کوشتارە ترسناکەکان، لەدەرەوەى بەغەنیمەتزانینى موڵکى هەموو ئەو مرۆڤانەى لە جەنگدا دەدۆڕێن، بەدیلگرتنى زیندووەکانیان، ئەتکردنى ئافرەتەکانیان، کوشتنى ئاژەڵەکان و دەیان ناشرینى تر، ناکرێت باسى لێوەبکرێت.
رەنگە هەبێت پێى وابێت باسکردن لە پرس و کێشەى ئاژەڵان لەمڕۆیەکدا کەخودى ژیانى مرۆڤ هیچ بەهاو نرخێکى نەماوە شتێکى بێمانا بێت. بەڵام دیارە ئەوەى کەلەمڕۆدا روودەدات شتێکى دابڕاو نییە لەوەى کەپێشتر ئاماژەمان پێدا، خۆبەهێزکردن و حەزى دەسەڵات گرتنەدەست و داهێنانى بێشوومارى تەکتیک و پلان بۆ لەناوبردنى بەرانبەر.. هەر لەدژایەتیکردنى ئاژەڵانەوە وەک سەرەتایەک بۆ خۆ تاقیکردنەوە تا دەگاتە خودى مرۆڤ!؟ کەڵەکەبوونى هەموو ئەم ئەزموونە لەمڕۆدا لە چڵەپۆپەى خۆیدایەتى، دەبێت ببینین چۆن بەردو دارێک کەسەرەتا مرۆڤ بۆ خۆپاراستن و بەگژداچوونى دنیاى دەرەوە بەکاریهێنا، لەمڕۆدا گەیشتۆتە کوێو بووە بەچى؟!
بەکارهێنانى هێزێکى ناسروشتی و نائاسایى لەلایەن مرۆڤەوە بەرانبەر بە ئاژەڵ کەزۆر دەمێکە مرۆڤ بەسەریاندا زاڵەو ئەوان لەبەردەمیدا لاوازن، مەسەلەیەکى هەستیارە. ئەوەى کە (ژاک دریدا) لەهەموو روویەکەوە بەگرفتى گەورەى مرۆڤى دەبینێتەوە، بەکارهێنانى هێزە دەرحەق بەلاوازەکان. بەتایبەتیش ئەو بوونەوەرانەى کەتواناى دروستکردنى دیالۆگ و گفتوگۆیان نییە، تواناى قسەکردنیان نییە ناتوانن لەفێڵ و تەڵەکەکانى مرۆڤ حاڵى ببن، نازانن چییان دەرحەق دەکرێت،بەرامبەر دڕندەترین ئاژەڵ نازانن چى بکەن. تواناى ململانێ و بگرەو بەردەیان نییە، ئەوان دەمێکە ئازادى خۆیان لەدەستداوە. گەورەترین کێشەى مرۆڤ بەکارهێنانى هێزە تا ئەو شوێنەى دەتوانێت و تواناى بڕ دەکات، ئەمەش گەورەترین کێشەى مۆڕاڵى مرۆڤە.
بۆیە(ژاک دریدا)لە کتێبى(The Animal That Therefor Iam)دا دەڵێت: (دەبێت وەک شتێکى راسیۆناڵ بڕوانینە نەبوونى تواناى قسەکردن لاى ئاژەڵان و هەوڵ بدەین لێیان تێبگەین)، کەواتە دەبێت هەوڵبدەین زوبان بدەینەوە بە ئاژەڵان و بەشێوازێکى جوداو جیاواز بڕوانینە تەقلیدى ئەو پێوەندییەى کەئەو بوونەوەرەى بەخۆی دەڵێت مرۆڤ دەرحەق بەئاژەڵان فۆرمۆڵەی کردووە. بەپێى تێڕوانینى(ژاک دریدا)دەتوانین لەرێى(ئەنترۆپۆلۆژیاى مۆندیال)ەو لەو پیێوەندییە تێبگەین، چونکە لاى مرۆڤ نەک هەر کوشتنى ئاژەڵان شتێکى ئاساییە، بەڵکو دەکرێتە قوربانی و چەندین گوتارى ئایینیش. ئێستاشى لەگەڵدا بێت؛ پشتگیرى ئەو بەقوربانیکردنەیان کردووەو گەرچى لەرووى دەستنیشانکردنى ئەو ئاژەڵەى، کە پێویستە بکرێتە قوربانى بەپێى جیاوازى بیرورا ئایینییەکان، جیاوازیش لە ئیختیارکردنى ئاژەڵەکاندا هەیە. بۆ نموونە ئاریاییەکان ئەسپیان کردۆتە قوربانى.. لەشوێن وزەمەنێکدا سەگ کراوەتە قوربانی و زۆر ئیختیارو شێوازى تر.. بەڵام ئەوەى لێرەدا بەلامانەوە گرنگە جۆرو چەشنى ئاژەڵەکە نییە. بەڵکو خودى قوربانیدانە بەئاژەڵ . کەواتە کوشتنى لەپێناو بیروباوەڕێکى تایبەت یان وەهمێکى مرۆڤدا، کە دەبێت ئاژەڵان باجەکەى بدەن. لەخۆشی و ناخۆشیەکاندا ئاژەڵانن کەلەپێناو مەبەستێکى تایبەتى مرۆڤدا دەبێت بکوژرێن.. تێڕوانینى مرۆڤ بۆیان تەنها وەک خۆراک. یان باربەروکۆیلەى کارەکانى مرۆڤ. بەکارهێنانیان لەتاقیگەکاندا. ئیدى هەموو لایەنەکانى تریش کەئاژەڵ لەپێناویدا پێویستە ئەوەندە هەبێت کەمرۆڤ مەبەستییەتی و بۆ مرۆڤ بەسوودە. ئەمانەو زۆر شتى تر بەشێکن لەفەرهەنگ و کولتوورى مرۆڤ، کەهەردەم شانازی پێوەدەکات، هەردەم باس لەتواناکانى خۆیدەکات، باس لەداهێنان و ئیکتیشاف و کارە گرنگەکانی؛ مەدەنیەت و شارستانییەت و زۆر شتى تر دەکات. بەڵام بەرپرسیارێتى مرۆڤ دەرحەق بەوەى، کە بەرانبەر بە ئاژەڵان کراوەو هێشتاکەش هەر وەک خۆى دووبارە دەبێتەوە. وامان لێدەکات بڵێین هەموو ئەوەى کەئەو بوونەوەرە شانازى پێوە دەکات، هیچ مانایەکى نییە ئەگەر هەمیشە بەلەناوبردنى لاوازەکان و کوشتنیان بەدەستى هێنابێت، هەر لە راوکردن و کوشتنى بەردەوامى ئاژەڵانەوە، تاکوشتن و لەناوبردنى رەگەزە پاسیف و بێدەسەڵات و لاوازەکانى مرۆڤ. ئیدى لەژێر ناوى هەر شتێکدا بووبێت. ئاوروپاییەکان کاتێک بەلێشاو روویان کردە ئەو کیشوەرەى کەناویان نا ئەمریکا تەنها پێستى سەرى هیندییە پێست سوورەکانیان کەوڵ نەکرد، تەنها ئەوانیان تا رادەى بنبڕکردن لەناو نەبرد بەڵکو گەورەترین قەتڵوعامى ئاژەڵانیان کرد، لەسەرەتاى سەدەى بیستەمدا تەنها بیستوچوار(بوفالۆ-گاى ئەمریکى) لەناوچەیەکى وەک (یەلستۆن)مایەوە، ئەوە بوو بەوەشەوە نەوەستان و کەوتنە وێزەى هەموو ئەو ئاژەڵانەى تریش کە مابوون، لە شەستەکانى سەدەى پێشوودا پاش زۆربوونى بەرچاوى ئاسکەکانى ئەو ناوچەیە باشترین چەکى راوکردنیان لە کوشتنیاندا تاقیکردەوە، گەرچى ئەو شوێنە هەر لەسەرەتاکانى سەدەى بیستەمەوە کرایە شوێنێکى پارێزراو بۆ مانەوەى ئەو رەگەزە ئاژەڵانەى کەتا ئەو دەمەش مابوون.
زۆر دەمێکە مرۆڤ کوشتنى ئاژەڵانى حەڵاڵ کردووە، دیارە پاش خۆ جیاکردنەوەى لەدنیاى کێوى ئەوان هەمیشە کارى بۆ دروستکردنى ئەو ئەفسانانە کردووە کە مرۆڤ دەکاتە بوونەوەرێکى جوداو جیاواز و ناوازە و گرنگ، دەیکاتە مەخلووقێکى تایبەت و نزیک لە خوداوەند و مافی ئەوەى دەداتێ سەروەرى هەموو بوونەوەرەکانى تر بێت، ئەمانە و زۆر شتى تر بۆتە مایەى پرسیار نەکردنى مرۆڤ، سەبارەت بەو تاوانانەى کەبەردەوام دەرحەق بەئاژەڵان دەیکات، گەرچى ئەمە لەکلتوورێکەوە بۆ کلتوورێکى تر یان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر، جارجارە هەندێک جیاوازى تێدا دەبینرێتەوە کەدیارە زووربەیان رووکەشین و کاریگەریەکى ئەوتۆیان نەبووە. بوونى کۆمەڵێک یاسا بۆ پاراستنى ئاژەڵان کێشەکە لەبنڕا چارەسەر ناکات، دەبێت پرسى ئاژەڵان ببێتە پرسیارێکى گرنگ وسەرەکى بۆ گۆڕینى زهنییەتى مرۆڤ و بیرکردنەوەو پێداچوونەوەى ئەو مێژووە خوێناوییەى ئاژەڵان. دەبێت نیگەرانیمان سەبارەت بەوەى کەتائێستا دژ بەئاژەڵانکراوەو دەکرێت، نیگەرانییەکى ناوەکی و قووڵبێت، گینگڵێکى راستەقینە بێت بۆ دادگایکردنێکى راشکاوانەى خۆمان. هەروەک (ئاشۆکا)ى پاشاى هندستان کەلە(500پ.ز)دا ژیاوەولەئەنجامى پێداچوونەوەیەکى زهنی و بگرەو بەردەیەکى دەروونی قووڵ گەیشتە ئەوەى کە بڵێ: (ئەگەر ئێمەى مرۆڤ بەرانبەر ئاژەڵان توندوو تیژى بەکاربهێنین، ئەوە بەرانبەر مرۆڤیش هەمان کار دووبارە دەکەینەوە). ئەم پاشایە پاش سەرکەوتنى لەشەڕەکانیداو داگیرکردنى زۆر شوێن تا ئەو رادەیەى بە(شاند ئاشوکا- ئاشوکاى دڵڕەق)ناوبرا، دواى داگیرکردنى (نوسالى) پایتەختى(مەملەکەتى کالینگا)تووشى دڵەڕاوکێیەکى دەروونى زۆر قووڵبۆوە سەبارەت بەجەوهەرى دڕندەیى مرۆڤ، تا لەڕێى بودیزمەوە ئەو وەڵامەى کە بۆی دەگەڕا چنگی کەوت، ئیتر ئەوە بوو نەکوشتن و ئەشکەنجەنەدانى ئاژەڵانى کردە تەوەرەیەکى سەرەکى پرەنسیپى (ناتوندوتیژى)کەدواتر لەقەڵەمڕەوى دەسەڵاتیدا پەیڕەوکرا، ئەم پیاوە لەو سەردەمەدا کوشتن و ئەشکەنجەدانى ئاژەڵانى قەدەغەکردو یەکەمین نەخۆشخانەى ئاژەڵانى لەدنیادا دروستکرد.راوبۆچوونى ئەم پیاوەو تێڕوانینى بودیزم سەبارەت بەئاژەڵان، لەمڕۆشدا کاریگەرى لەسەر زۆرێک لەخەڵکى هیندستان هەیە. هەر لەهیندستان باوەڕدارانى (شیڤا)ى خوداوەند رووەکخۆرن و هیچ ئاژەڵێک ناکوژن. ئەوان سەرقاڵن بەسەماکردن بۆ گەردوون هەروەک چۆن(شیڤا)سەماى بۆ گەردوون کردووە.
جێگەى خۆشحاڵییە کاتێک دەبینین تێڕوانین و تەرحی ڤێجیتەریانەکان بەتایبەتیش lacto-ovo-vegetarians_ەکان سەبارەت بەنەخواردنى گۆشتى ئاژەڵان لەدنیادا لەبرەودایە. ئاشکرایە بەبێ کوشتنى بوونەوەرێکى زیندوو گۆشت نابێتە بابەتى خواردن!؟ پێش چەند ساڵێک لەمەوپێش لەوڵاتێکى ئەفریکى سێ کەس لەسەر خواردنى گۆشتى مرۆڤێکى مردوو دەستگیرگران، بەڵام بەو پێیەى بەرگرییان لەخۆیانکردوو ئەوەیان روونکردەوە، کە ئەوان گۆشتى مرۆڤێکى مردوویان خواردووە نەک زیندوو لەرووى یاساییەوە نەتوانرا هیچیان لەگەڵدا بکرێت و ئازادکران.
ئایینە ئاسمانییەکان هەر لەسەرەتاى دەرکەوتنیانەوە گۆشتى ئاژەڵى مردوویان حەرامکردووەو شەرعییەتیانداوە بەخواردنى گۆشتى ئاژەڵى زیندوو؛ پاش کوشتنى. هەمووشیان لەوەدا کۆکن کەوەک بەڵگەنەویستێک بڕواننە ئەوەى، کەئاژەڵان لەلایەن ئافەریدەکارەوە بۆ خزمەت وسوودى مرۆڤ خوڵقێنراون و هەر ئەویش ئەو مافەى داوەتە مرۆڤ کەراویان بکات و بیانکوژێت. بەڵام ئەگەر وەک گریمانێک ئەو ئایینانە بڕیارى نەخواردن و نەکوشتنى ئاژەڵانیان بدایە ئەوە بێگوومان باوەڕدارانى جێبەجێیان دەکرد، خۆ ئەگەر بەو شێوەیە مرۆڤ گۆشبکرایە کەنابێت ئاژەڵان بکوژێت و گۆشتیان بخوات، بێگومان زۆر لەو کارەسات و توندوتیژییە سەرسامکەرەى کەبەدرێژایى مێژوو روویداوە بەو شێوەیە رووی نەدەدا.گۆشتخۆرى مرۆڤ گەورەترین کارەساتە، بەشێکە لەپرۆسەى دڕندەکردنى مرۆڤ.دیارە هەر لەخۆڕا کۆماندۆکان مەشق لەسەرکوشتنى ئاژەڵان و خواردنى گۆشتیان بەکاڵی ناکەن، بەڵکو ئەوە ئەزموونێکى هاوشێوەى کوشتنى مرۆڤە کەدواتر پێى هەڵدەستن.ئەو تیرۆریستانەى ئامادە دەکرێن بۆ مرۆڤ سەربڕین، سەرەتا بەسەربڕینى ئاژەڵ خۆیان فێر دەکەن، بۆیە دەبینین کوشتنى ئاژەڵان وکوشتنى مرۆڤ چەند نزیکن لەیەکەوە، دیارە ئەوەی ئاژەڵى پێ بکوژرێت مرۆڤیشى پێ دەکوژرێت..ئەگەر بڕوانینە ئەو سەردەمانەى کەسەرەتا مرۆڤى تێدا کراوەتە قوربانی و پێشکەش بەخودادەندەکان کراوە، دەبینین دواتر چۆن لەبرى سەربڕینى مرۆڤ ئاژەڵان دەستنیشانکراون، تەنانەت لەئەفسانەکانیشدا ئەمە رەنگیداوەتەوە.هەر ئەمەشە هەردوو کردەى کوشتنەکە، سەربڕینەکە چ ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ دەکاتە یەک شت، چونکە مەبەست لە پێشکەشکردنى قوربانییەوسەرەتا بەسەربڕینى مرۆڤ دەستپێکراوەو دواتر لەجێى مرۆڤ ئاژەڵ ئیختیارکراوە.بەشێک لەتراژیدیاى راستەقینەى ئاژەڵان بەتایبەت ئەوانەى گۆشتیان دەخوورێت لەو کاتەوە دەستى پێکرد کەلەبرى مرۆڤ کرانە قۆچى قوربانی و تا ئێستاش ئەو تراژیدیایە هەربەردەوامە، ئەمە بێجگە لەو راوکرن و لەناوبرنە بەردەوامەى کەهیچ کاتێک رانەوەستاوە. بەڵام مەسەلەى بەقوربانیکردنى بەبەرنامەى ئاژەڵان و روانینە کەشى سەربڕینەکە وەک شتێکى ئاسایى بگرە خۆش و بەکەیف، گەورەترین کێشەى مۆڕاڵى مرۆڤەو لەپاڵ راو و ئەشکەنجەدانى ئاژەڵاندا دەبنە بنەماى ئەو زهنیەتەى کەدەتوانێت ئەو جۆرە مرۆڤە بەرهەمبهێنێت، کەبێ پرسیارکردن و ئازارى ویژدان نەک هەر ئاژەڵان. بەڵکو مرۆڤیش لەناو بەرێت، ئێستاى دنیاش گەواهى ئەو راستیە دەدات، کەژمارەى ئەو کەسانەى تامەزرۆى سەربڕینى مرۆڤن چەند زۆرن، گەرچى جۆرەکانى ترى کوشتنیش هیچ فەرقێکى ئەوتۆیان لەگەڵ سەربڕیندا نییە. هەر خودى هەموو پانتاییەکى ژێر دەسەڵات و حوکمێکى بەشەرى، هەر لەسەرەتاوەو تائێستاش بەبێ جیاوازى شوێنێکى تایبەت بەمومارەسەکردنى ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن و کوشتن بووە. بەبێ ئەوە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت ئیدامە بەخۆی بدات و بمێنێتەوە مەگەر دەسەڵاتێک کەکار بۆ دابینکردنى عەدالەتى کۆمەڵایەتی و یەکسانی و هەموو مافەکانى تر بکات، کەپێناچێت دەسەڵاتێکى لەو چەشنە تائێستا بەواقیعى هەبووبێت. لەرۆژگارێکدا کە فریاى ملپەڕاندنى ملى نەیارانیان نەکەوتبێتن، مقسەلەیان دۆزیوەتەوە، دواتر ژوورى گازوکوشتن بەکارەباو ئەمە جگە لەداهێنانى چەندین شێوازى ئەشکەنجەدان کە بەردەوام لەبەرەو پێشچووندایە.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا هەموو ئەو ناشرینییەى کەدەسەڵاتە یەک لەدواى یەکەکانى مرۆڤ دژ بەخودى مرۆڤ ئەنجامیانداوە، چ دژ بەتاکەکان یان گروپ و کۆمەڵەکان، سەرچاوەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونەى کە سەبارەت بە کوشتنى ئاژەڵان، ئەشکەنجەدانیان، راوکردن و رامکردنیان، دەستوەردانە ژیانیان، کۆنتڕۆلکردنى زۆربوونیان، خەساندنیان و چەندین شتی تر، کە بەدرێژایى مێژوو کەڵەکە بووە کەدواتر هەمووی؛ یان کۆمەڵێک لەو شێوازانە، یان جوداو جیاوازتر و داهێنانەتر لەلایەن دەسەڵاتەوە لەسەر مرۆڤە بێدەسەڵاتەکان تاقیکراوەتەوە، یان لەلایەن کەسە زاڵەکانەوە دژ بەکەسە بێدەسەڵاتەکان؛ بەهەر چەشن و شێوەیەک بێت، لەکاتی خستنەژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵکردنی بەرامبەردا کراوە. کەواتە چۆن کوشتنى ئاژەڵان و راوکردنیان لەکارێکى تاکەکەسی و گروپکارییەوە دەبێتە کارێکى ئۆرگانیزەکراو، هەرئاواش هەموو دەسەڵاتەکان بەدرێژایى مێژوو هەمان مامەڵەیان لەگەڵ مرۆڤە ژێر دەستەکانى خۆیاندا کردووە. تەنانەت ئەگەر بڕوانینە نیگارو وێنەى ئەو پاشایانەى کەداستانى ئازایەتیان لەڕێى خستنەرووى راوکردنى ئاژەڵانەوە دەخرێتە روو، دەبینین پاشاکان چۆن شێرەکان دەکوژن، چۆن خێراترین ئاسک راودەکەن و چەندین نموونەى تر کەدەبێتە تەوەرەیەکى گرنگى ناساندنى دەسەڵاتێکى دیاریکراو. هاوکات وێنەى پاشاى سەرکەوتوو لەجەنگەکانیدا دژ بەمرۆڤ، هاوشێوەى وێنەکانى راوکردنە، جیاوازیی لەخودى راودوونان و کوشتندا نابینینن، بەڵکو تەنها وێنەکانن کەدەگۆڕێن. حیکایەتى شارستانیەتى مرۆڤ یەکێکە لەحیکایەتە ناشرینەکان، حیکایەتێکى بارگاوییە بە تراژیدیاى هەموو ئەوانەى لەپێناو مانەوەى دەستەو تاقم؛ یان کەس و کەسانێکی تردا کوژران و لەناوبران. دیارە وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا ئاژەڵان گەورەترین زەرەرمەندى ئەو شارستانیەتەن، هەموو پێشکەوتنێکى مرۆڤیش ژیانیان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.
مرۆڤ بەدرێژایى مێژوو نەیویستووە خۆى بەهاوشانى ئەو ئاژەڵە ببینێت کە لەزیندەکردارەکانیدا لەخۆى دەچێت. ساڵانێکى دوورودرێژ لەدارستانەکاندا لەگەڵیان ژیاوە، چنگ ونینۆک و زۆر شتى ترى شایەتی ئەو رۆژگارەن. رەنگە ئەوەی واى لێدەکات بەردەوام تازەترین داهێنانى زانستی و تەکنەلۆژى بخاتە خزمەتى خۆجوانکردنى، بەتایبەت لابردنی مووەکانى، ئەو مووانەى کەپاش درێژبوونیان رووکارە ئاژەڵییەکەى مرۆڤ باشتر دەخەنە روو، شەرمکردنیبێ لەو رۆژگارەى کەوەک هاوڕێیەکانى کێوی بووە!؟
ئاشکرایە مرۆڤ پێ بزانێت یا نا، گەورەترین خیانەتى لەهاوڕێ کێوییەکانى خۆی کرد، گەرچى هەروەک ئەوان بەڕووتى لەدایک دەبێت و پاش مردنیشى وەک ئەوان تەنها ئێسک و پرووسک جێدەهێڵێت. نووزەبانگەشەى لێرەو لەوێى بەزەیهاتنەوە بەئاژەڵان هیچ مانایەکى نییە، کێشەکە لەبەزەیهاتنەوە یان بەزەینەهاتنەوەدا نییە، چونکە بەبێ فامکردنى ماهییەتى سروشت و بوونى ئێمەو هەموو ئەوانەى تر، لەوژینگەیەى کەتێیدا دەژین ناگەینە هیچ.
دیارە بێدەسەڵاتى ئاژەڵان بەرامبەر بەمرۆڤ، ئەو مافە ناداتە مرۆڤ کەچۆنى پێخۆشبوو وایان لێ بکات.. بیانکوژێت. لەناویانبەرێت..تەنانەت مافى ئەوەشى نییە لەسێرکەکاندا بەکاریانبهێنێت، بەبرسیکردن و شێوازى تر کۆمەڵێک جموجۆڵیان پێبکات،کەزۆر لەوانەى دژ بەبەکارهێنانى ئاژەڵانن لەسێرکەکاندا بەشێوازێکى مۆدێرنى ئەشکەنجەدانى ئاژەڵانى دادەنێن.دواجار رەزیلکردن و ریسواکردنى ئەو ئاژەڵانەى کەشتێکیان پێدەکرێت دەبێتە مایەى پێکەنینى مرۆڤ و لاىئاژەڵەکانیش ناچارییەکە بۆ بەدەستهێنانى خۆراک، بەشێوەیەکى ناباو و ناسروشتى.
کاتێک(میرکڵ) لەبەردەم کنێستى ئیسرائیلیدا ددانبەوەدا دەنێت، کە هەموو گەلى ئەڵمانیا شەرمەزارە بەرانبەر هۆلۆکۆستى جولەکەکان، ئەوە دەبێت هەموو مرۆڤایەتیش لەبەردەم ویژدانى خۆیدا ددانبەوەدا بنێت، کە شەرمەزارە بەرانبەر بەوەى کەدژ بەئاژەڵانى ئەنجامداوە. دەبێت مرۆڤ چ بوونەوەرێک بێت. بەدرێژایى مێژوو و ئێستاشى لەگەڵدا بێت مافى ئەوەى بەخۆیداوە، کە دەستدرێژى سێکسى بکاتە سەر ئاژەڵان، تەنانەت بەشێکى زۆرى فیلمە پۆرنۆکانى بۆ پیشاندانى ئەو کردارە سێکسیانە تەرخانبکات کەلەگەڵ ئاژەڵان دەکرێت. دەبێت بپرسین کێن ئەوانەى لەمڕۆدا ئەو کارانە دەکەن، کێن ئەوانەى فیلم بۆ پیشاندانى ئەو کارانە تۆمار دەکەن، کێن ئەوانەى هێندەى دنیا بۆ خۆى ناشرینە؛ ئەوان ناشرینترى دەکەن!؟
بێگومان وەڵامى ئەو پرسیارانە لاى زۆرێک لەخوێنەران روون و ئاشکرایە. هەر بڕوانینە دەقە ئایینییەکان دەبینین چەند لەمێژە هەوڵدراوە کردەى سێکسى مرۆڤ لەگەل ئاژەڵان حەرامبکرێت، دەتوانین لەمیانەى خوێندنەوەى هەندێک لەدەقە ئایینییەکانەوە بگەینە ئەو راستیەى کەلەو سەردەمانەدا دەستدرێژى سێکسى بۆ سەر ئاژەڵان چەند بەربڵاو وباو بووە. دیارە لەمڕۆشدا، بەتایبەتیش لەرۆژهەڵاتدا یەکێکە لەو دەستدرێژیانەى، کە بەشێوەیەکى بەرفراوان دەکرێتە سەر ئاژەڵان وبەدرێژایى مێژوویەکى دوورودرێژى باڵادەستی و حوکمى ئایینەکان هەر ئیدامەى هەبووە. رەنگە پیاوانى ئایینى توانیبێتیان هەموو ئەوەى بەپێى پرەنسیپى ئایینییان حەرامە حەرامی بکەن و بیسەپێنن، بۆ نموونە کاتێک لەڕوانگەی ئایینێکەوە دەگوترێت گۆشتى بەراز حەرامە، نەمانبیستووە کەسێکى سەر بەو ئایینە وەک شتێکى حەڵاڵ تێی ڕوانیبێت. بەڵام ئەوەى جێگەى پرسیارە بۆ دەبێت دەستدرێژی سێکسى بۆ سەر ئاژەڵان بەشێوەیەکى بەرچاو نەکرابێتە بابەتى حەرامەکان و پشتگوێ خرابێت. هیچ لۆژیکى نییە بۆ نموونە لەگوندێکدا کەژمارەى خەڵکەکەى کەمەوەو پیاوێکى ئایینى کەلەوێدا کارى ئیرشادکردنیانە ئاگادارى ئەو کارە نەبێت کەنەوەکانى ئەو شوێنە هەر لەباب وباپیرانیانەوە فێرە ئەو کارەن،بێگومان ئاگادارى ئەو کەسە ئایینییەو بێدەنگبوونی مایەى پرسیارکردنە، ئەمە لەکاتێکدا ئەو توانیبێتى حەرامەکانی تریان لێ حه‌رام بکات؟!

ئەوەى بەو کارە هەڵدەستێت وەک هەر کەسێکى تر بەشدارە لەرێورەسمى ئایینییدا،وەک هەر کەسێکى تر مافى هەیە خێزان پێکەوەبنێت و ئەو کردەیەى کەلەگەڵ ئاژەڵاندا کردوویەتى بەهەمان شێوە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بیکات و… تاد. لەکاتێکدا ئەو کەسە نەخۆشەو هیچ پاکانەیەک بۆ کارەکەى ناکرێت.. ئاشکراشە لەکۆمەڵگەى کوردەوارییدا ئەو چەشنە دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ئاژەڵان هەبووەو هەیە، تەنانەت زۆر بێشەرمانە زۆرێک لەبکەرانى ئەو جۆرە کارانە باسی لێوە دەکەن، حیکایەت و بەسەرهاتى تایبەتى هەیە، هەروەک چۆن گوێگرو تالیبى خۆى هەیە!؟ راستییەکەى ئەمە گرفتێکە دەبوو زۆر بەقووڵى هەڵوێستەى لەسەر بکرێت، لێکۆڵینەوەى دەرحەق بکرێت. ناکرێت بەپەردەپۆشکردنى خۆمان بپەڕێنینەوە. بێگومان هەبوونى بەرفراونى کردەیەکى ئاوا ترسناک لەنێو کۆمەڵگەیەکدا، پێویستى بەقسەکردنى جدییە. ئەمە جگە لەخودى ماهییەتى کردەکە کەوەک تاوانێکى گەورە دژ بەو بوونەوەرەى پێى دەگوترێت ئاژەڵ دەکرێت، لەهەمانکاتیشدا گرفتێکى سایکۆلۆژى ترسناکە کەبێگومان کاریگەرى لەسەر هەموو ئەوانە هەیە کەبەو کارە هەستاوون و پێى هەڵدەستن. تەسەووربکە ئەو جۆرە کەسانە دواجار لەکۆمەڵگەدا دەبنە زۆر شت و دەبێت بەو لادانە سێکسییە ترسناکەوە چاوەڕێى چیان لێبکرێت.
(ژاک دریدا) لە–The Animal That Therefor Iamدا باس لەگۆڕانى بێسنوورى خێراى پێوەندییەکانى مرۆڤ و ئاژەڵان دەکات لەسایەى تەکنۆلۆژیاو پێشکەوتنى مرۆڤ. بەچەشنێک کەئاژەڵان تەنها لەپێناو باشەى مرۆڤدا لەخزمەتدان، هەر ئەمەشە وای لێدەکات رووبەڕووى بەرفراوانترین توندوتیژی و لەناو بردن ببێتەوە. لاى دریدا ئەمە راستییەکە نکوڵى لێ ناکرێت وپێى وایە هەر تێڕوانین و تێفکرینى مرۆڤە کەبۆتە مایەى چێبوونى ئەو دۆزەخە بۆ ئاژەڵان.
دریدا دەڵێت: کەس ناتوانێت نکووڵى لەو حاڵەتى ترس و پانیک و سەرسامییەى ئاژەڵان بکات کەلەکاتى تیرۆرکردنیاندا رووبەڕووى دەبنەوە. ئەمە جگە لەنابەرابەرى ئەو جەنگەى کەدژیان دەکرێت و لەئێستادا گەیشتۆتە “کریک-ترین” ئاستى!؟
گەرچى لێرەو لەوێى دنیا دەنگێک هەیە بۆ بەگژداچوونەوەى هەموو ئەوەى کەبەرانبەر ئاژەڵان دەکرێت، بەڵام هێشتاکە نەگەیشتۆتە ئاستى پێویست. ئاستى گۆڕانى ئەو کولتوورەى کەبەدرێژایى مێژووى بەشەرییەت کوشتن و لەناوبردن و بگرە ئەشکەنجەدانى ئاژەڵانیشى پێ ئاسایى بووە،ئەى هەر ئاژەڵ نییە لەپێناو دەستەمۆکردنی و خزمەتى زیاترى مرۆڤدا دەخەسێنرێت، لێدەدرێت، سەردەبڕدرێت.
هەندێجار دەسەڵاتدارانى یەکێتى ئەوروپا بەناوى داکۆکیکردن لەئاژەڵان شتى زۆر هەزەلی دەڵێن،بۆ نموونە لەسەرەتاکانی گێرمەو کێشەى وەرگرتنى تورکیادا وەک مەرجێک ئەوەیان سەپاند بەسەریدا، کە دەبێت وەک ئەوان؛ ئەو ئاژەڵانەى گۆشتیان دەخورێت بەکارەبا بکوژرێن نەک سەری ببڕدرێن، تا کەمتر ئازار بکێشن!؟
دەبینیت دنیاى مۆدێرن دنیایەکە تا ئەمساتە وەختەش هیچى دەرحەق بەئاژەڵان پێ نییە؟ یان ئەوەى کەدەیڵێت و دەیکات شتێکى جدى نییە! تەنانەت کردنەوەى پارک گەلێکی تایبەت، لێرەو لەوێی دنیا، بۆ پارێزگارى لەئاژەڵان بەگوشارى کەسان و رێکخراوە ئاژەڵ دۆستەکان، کارێکە بۆ راکێشانى گەشتیارو دەسکەوتنى پارە.. شوێنێک نییە بەڕاستى بەدەر لەدەستێوەردانى مرۆڤ بوونى هەبێت. بەڵکو زیندانێکى گەورەیە بۆ ئاژەڵان. لەکاتێکدا یاسا بۆ قەدەغەکردنى راوکردن دادەنرێت، لەهەمان کاتیشدا باشترین چەک بۆ راوکردن دروست دەکرێت، یانەى بۆ دادەنرێت.. تەنها سزایەکیش بۆ راوچییان بڕێک پارەیە، کە ئارەزوومەندانى ئەو کارە باکیان پێی نییە! واتە تائێستا لەدنیادا یاسایەکى جدی نییە تەنانەت بۆ پاراستنى ئاژەڵە کێوییەکانییش. دەبینین لەزۆر شوێنى دنیادا بڕیارى نەزۆککردنى زۆرێک لەو ئاژەڵانە دەدرێت، کەلەشەقامەکاندا دەگەڕێن و لەنێو خەڵکدا دەژین و ئەمەش وەک شتێکى ئاسایى سەیر دەکرێت، کەچى دەرحەق بەنەزۆککردنى مرۆڤ یان لەباربردنى کۆرپەو ئەوەى کە پەیوەستە بەزۆر بوونى بەردەوامى وەچەى مرۆڤەوە دەبێتە هەڵا، هیچ لایەن و مەزهەب و ڕێبازێکی ئایینى نامێنێت ئەمە بەگوناهو دژ بەفەرمانى ئافەریدەکاری لەقەڵەم نەدات.. هاتوهاوارى دنیا دەکرێت بۆ نەوەستانى زۆربوونى توخمى مرۆڤ، کەچى هەر ئەوانە بەرانبەر لەناو بردنى ئەو بوونەوەرانەى کەوەک مرۆڤ مافى ژیانیان هەیە هیچ ناڵێن.
لەمڕۆدا زیاد لەهەموو سەردەمێکى تر شارستانییەت و مەدەنییەتى مرۆڤ رووبەڕووى ئەو پرسیارانە دەکرێتەوە، کە ئاخۆ کەى بەجدییەتەوە قسە لەسەر بوونى ئاژەڵان دەکرێت؟ کەى کۆتایى بەراوکردن و کوشتن و لەناو بردنیان دەهێنرێت؟ کەى مرۆڤ دەستبەردارى خواردنى گۆشتیان دەبێت؟ کەى هێندەى پاشایەکى وەک (ئاشۆکا)مان پێدەکرێت و لەوەحاڵی دەبین کەبنەبڕکردنى توندو تیژى مرۆڤ بەرانبەر مرۆڤ، بەبێ بنەبڕکردنى توندوتیژى دەرحەق بەئاژەڵان مەحاڵە. تۆ بڵێی تاکەى مرۆڤ هەمیشە جەللاد دەبێت و ئاژەڵانیش هەردەم قوربانى؟!