جەلال دەباغ: بایکۆتی کاڵاو هەموو بەرهەمەکانی تورکیا- لەگەڵ باس و شیعرەکانی گەورە شاعیری تورکیاو جیهان(نازم حیکمەت).

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەگەڵ خەڵکێکی زۆری کوردستانی گەورەدا بایکۆتی هەموو شتێکی رێژیمی دیکتاتۆرو کۆنەپەرستی تورکیام کردووە، چونکە هێرشێکی سەربازیی ناڕەوای دەستدرێژکارانەی بردۆتە سەر خۆرئاوای کوردستان و، چونکە پەرلەمانتارو پێشکەوتنخوازانی کوردو تورک دەستگیردەکات و لە زیندانەکاندا ئازاریان دەدات، چونکە سەرۆک شارەوانییە کوردەکان کە بۆ ئەو پۆستانە هەڵبژێردراون لادەبات و بەپێی “دیموکراسیی” ئاخرزەمانی دەسەڵاتدارانی تورکیا ” قەیومیان!” بۆ دادەنێت و، چونکە هەڕەشەی داگیرکردنی سەربازیی موسڵ و کەرکوکی کوردستانی باشووردەکات..
بەڵام بایکۆتی شیعرەکانی نازم حیکمەتی گەورە شاعیری تورکیاو هەموو جیهان ناکەم، بایکۆتی شیعرەکان و نوسینەکانی ئەدیبە پێشکەوتووەکانی تورکیا ناکەم لە نمونەکانی وەک عەزیز نەسین و موسا عەنتەرو یەشار کەمال و هاوڕێکانیان. بۆیە بڕیارمداوە چەند شیعرێکی نازم حیکمەت بکەمە کوردی و بۆ خوێنەرانی کورد بڵاویان بکەمەوە. هیوادارم بەدڵیانبێ و پێشەکی سوپاسیان دەکەم بۆ لایک و کۆمێنتەکانیان:

ناپاکیی لە نیشتیمانەکەی – شیعری: نازم حیکمەت
جەلال دەباغ نووسیویەتی و شیعرەکانی کردووە بە کوردی

ئەگەرنیشتیمان ئەوەبێ
لە گەنجینەو سندوقە ڕازاوەکانتاندا کۆیاندەکەنەوە،
ئەگەر نیشتیمان ئەوەبێ
کە هەژار وەکو سەگ هەڵبلەرزێت و
بەهاوین و زستان تای لێبێت،
ئەگەر نیشتیمان خوێن مژینمانبێ لە کارگەکاندا،
ئەگەر نیشتیمان زەویبێت بۆ ئاغایانی دەرەبەگ،
ئەگەر نیشتیمان حکومەتی قامچی و ڕم تێبڕینبێ،
ئەگەر نیشتیمان دە مبەستن و سەرانەدانبێ،
ئەگەر نیشتیمان بنکەیەکی ئەمریکاییبێت،
بۆمبی ئەمریکاییبێت،
کەشتی جەنگیی ئەمریکاییبێت،
ئەگەر نیشتیمان دیلیبێت لەزیندانە بۆگەنەکانتاندا
من ناپاکی لەو نیشتیمانەدەکەم!
—————–
لە هاوڕێ عەبدولمالیک حوزی وەرگیراوە
لە سایتی (الحوار المتمدن)ەوە
***
نازم حیکمەت 1902- 1963
نازم حیکمەت لەساڵی1902دا لە (ساڵۆنیک) لەدایکبووەو لە سێی حوزەیرانی ساڵی 1963دا کۆچی دوایی کردووە. بەتاوانی نووسینی شیعری شۆڕشگێڕانەو بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی کۆمونیستی نزیکەی 17 ساڵ لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەندکراوەوئەشکەنجە دراوەو ڕەگەزنامەی تورکیی لێسەندراوەتەوە. لەسەرەتای ساڵی 1951داو لەکاتێکدا باری تەندروستیی زۆر مەترسیداربووەو بۆ داوای ئازادکردنی، مانگرتنی لە نانخواردن راگەیاندووە.
لە ماوەی مانگرنەکەیدا خەڵاتی ئەنجومەنی ئاشتیی جیهانی پێ بەخشراوەو بۆ جێگری سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە هەڵبژێردراوە.
لە هەموو دنیادا بەگەرمی داوای ئازادکردنی کراوە بەتایبەتی لەلایەن گەورە نووسەرو شاعیرو فەیلەسوف و بیرمەندو هونەرمەندە ناسراوەکانی جیهانەوە وەک: سارتەر، ئاراگۆن، نیرۆداو پێکاسۆ..تاد. لە ژێر زەبری ئەو داواکارییانەدا دەسەڵات ناچاربووە لە بەندی ئازادی بکات بەڵام خراوەتە ژێر چاودیری و دانیشتنی بە زۆرەوەو ویستویانە لەناویببەن تا توانیویەتی لە حوزەیرانی 1951دا ڕابکات و لە یەکێتییی سۆڤیەت ببێتە پەنابەر.

گەیشتن بە دیداری نازم حیکمەت
کاتێک لەکۆتایی 1962دا لە رۆمانیا چوومە هاوینەهەواری(سینایا) بۆ پشودان و حەسانەوە ، گوتیان نازم حیکمەتیش، کە لە مۆسکۆوە هاتبووە سەردانی رۆمانیا، لەم هاوێنە هەوارەیە. هاوڕێیەکی پێشکەوتوو لە پارتی کرێکارانی رۆمانیا بە یارمەتیی وەرگێڕێک ئێمەی بە یەکتری ناساندو گوتی ئەمە هاوڕێیەکی حیزبی شیوعی عێڕاقە.
بۆمن شەرەفێکی گەورەبوو کە نازم حیکمەت بناسم، ئەویش زۆر بە گەرمی پێشوازیی لیکردم و تەماشامکرد لەگەڵ کرێکارانی ئەو شوێنەدا یاریی شەترەنج دەکات. بەڕێکەوت لەو کاتەدا یارییەکەیان تەواوکردو لە کورسییەکی نزیک خۆی فەرموی دانیشتنی لێکردین و قاوەی تورکییان هێنا، هەندێ باسی خۆیکردو بەڕێزێکی زۆرەوە ناوی حیزبی شیوعی عێڕاقی ئێمەی دەبردو زۆر پرسیاری لەسەر خەباتی حیزب لێکردم وماندوو دیاربوو. بەڕێکەوت لەوڕۆژانەدا ژمارەیەکی رۆژنامەی ژینم لە سلێمانێیەوە پێەیشتبووکە بەداخەوە هەواڵی کۆچئ دوایی عەبدوڵا گۆرانی گەورە شاعیری کوردی تێدا بڵاوکرابۆوە، وێنەکەی گۆرانم پیشانداو هەندێ باسی ئەو شاعیرەم بۆ کرد و وەڵامی پرسیارەکانیمدایەوە. لەو هاوینەو زستانە هەوارەی سینایا کە ناوچەیەکی شاخاوی زۆر دڵگیرە، گەلێک کادیری حیزبە شیوعی و کرێکاریەکان و ئەندامانی سەرکردایەتی و وەزیری وڵاتانی سۆسیالیستی لەوێبوون. بەڵام نازم حیکمەت دەچوو لەگەڵ کرێکارانی چێشتخانەکەدا یاریی سەترەنجی دەکرد. چەند خولەکێک پێکەوە دانیشتین و ئیتر بەڕێزەوە یەکترمان بەجێهێشت. بەداخەوە لەبەر پێداویستی ئەو رۆژگارە وێنەشمان پێکەوە نەگرت و بەڵام تاهەتایە ئەو دیدارەم لەگەڵ ئەو شاعیرە گەورەیەدا لەیاد ناچێتەوە.
من هەر لە رۆمانیابووم و خوێندکاری پەیمانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی بوخارست بووم کە لەساڵی 1963دا بەداخەوە بیستم ئەو شاعیرە گەورەیە لەتەمەنی 61 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووەو لە مۆسکۆ لە گۆڕستانی مەزنەکاندا نێژراوە.
شایانی باسە دوای 46 ساڵ لە کۆچی دوایی، لەساڵی 2009دا بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا ڕەگەزنامەکەی بۆ گێڕدراوەتەوە.

بەدوای خەونەکانمدا دەچووم – شیعری نازم حیکمەت
ئێستا تەمەنم شەست ساڵانە
لە نۆزدە ساڵیدا خەونێکم بینی
هێشتا هەموو جارێک ئەو خەونە دەبینم
بە هاوینان
بە زستانان
کاتی قوڕولیتەو باران
ئەو کاتانەی کە هەورەکان
دایدەپۆشن.. ڕووی ئاسمان
ئەم خەونە دەبینم.
کە لەم خەونە بەئاگادێم و هەڵدەستم
بەدوای خەونەکەمدا وێڵم
لە نووستن و لە هەستاندا
لە دووی دەچم و دەگەڕێم.
جودایی لەچی بێبەشی نەکردوم؟
چەندان کیلۆمەتر- ئاواتەکانمی لێداماڵیوم
خەمباریش – بە تەن
قژی سەرم کە دامدە‌هێنان
ئەو دەستانەش کە گوشیومن
بەڵام لە خەونەکانم جیا نەبوومەوە
لە خەونەکەمدا دەگەڕام
لە ئەوروپادا
لە ئاسیادا
لەئەفریقادا
تەنیا ئەمریکاییەکان
ڤیزەیان پێنەدام بچمە ژوورەوە
لە خەونەکەمدا زۆر خەڵکم خۆشویست
لە دەریاکاندا
لەچیاکاندا
لە دەشتەکاندا
بە زۆرشت سەرسامبووم
خەونم لە زینداندا- خۆری ئازادی بوو
لەتاراوگەدا- پارچەیەک نان بوو
لەکۆتایی هەموو شەوو هەر رۆژێکدا
لەگەڵ رۆژهەڵاتندا
لەگەڵ تاڵەکانی روناکیدا
خەونە مەزنەکەم – ئازادیی وڵاتەکەمبوو
—————
لەم رۆژانەی ئایندەدا چەند شیعرێکی گەورە شاعیری تورک و جیهان نازم حیکمەت بە زمانی شیرینی کوردی بڵاودەکەینەوە.
وێنەکان:

1- وەرگێڕ لەرۆمانیا 1963

2- نازم حیکمەت

سەرچاوە: جەودەت هوشیار- في حضرة ناظم حکمت. الصباح الجدید- نیسان 2016