بەختیار نامیق: چاکسازی یان نۆژەنکردنەوەی گەندەڵی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بە زمانێکی زۆر سادە و دور لە باسکردنی بنەماکانی چاودێری و ژمێریاری و ئابوری.
گەندەڵی کە بوەتە وشەیەک سەراپا ناوەندەکانی میدیای و حوکمی و کوچە و کۆڵانی گرتوەتەوە، لە ساڵی 1992 وەوە تا ئێستا هیچ شتێک بەقەد ئەم وشەیە غەدری لێنەکراوە، بەوەی زۆرێک لەوانەی ئەم وشەیەیان کردوەتە دروشم خۆیان هەمان پەتایان هەیە، ئەم وشەیە شوێنی گەشەسەندن و بونی دیارە لەسەر شەقامەکان نیە لای خەڵکی کاسبی بازاڕ نیە (کاسبی بچوک، گەورە هی گەندەڵەکانە )، نە لە بازاڕی نیشتماندایە نە لەژێر پردەکەی سلێمانی، بەڵکو شوێنی گەشەکردنی دامەزراوەکانی حکومی و تەندەرەکان و بازرگانیە گەورەکانە، کابینە دوای کابینە ئەم دەیداتە دەست ئەو، ئەو زیاتر خزمەتی دەکات وبەناوی ڕوبەڕوبونەوەی زیاتر گەشەدەکات و زیاتر دەبێت، هەمومان دەزانین گەندەڵی چیە و چۆنە ، هەمومان دەزانین فڵان مەسئول چەند حیمایەی هەیە، هەمومان دەزانین کام ڤیلا و باخ هی چی مەنوسلێکە، لەسەر شەقامەکان دەیان بینین، سەیارەکانیان دیارە، هەمومان دەزانین بازرگانی لە جگەرەوە بیگرە بۆ نەوت و میوە و دوگ و زۆر شتی تر کێ دەکا و چۆن دەکرێت بۆ کۆێ دەچێت، دەزانین لە خاڵە سنوریەکان چی باسە، هەمومان دەزانین حیزب چۆن بوتە بازاڕێکی ستایل بۆ جل و بەرگ نا، بەڵکو بۆ دەستکەوتنی پۆستێکی بالا تا بالآیانە بەشدار بێت لە گەندەڵی خانەنشینی گەورەدا، هەمومان دەزانین حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان چۆن دێن و کۆمەڵێک پڕۆژە و یاسا دەکەنە مکیاجی دەستەڵاتەکەیان بە ناوی بنەبڕکردنی گەندەڵیەوە ، کەچی زیاتر دەکات، تۆ سەیر بکە بچۆ گەڕەکە هەڵبژاردەکانەوە زۆر بە سانایی سەیری خانو بکە دەزانی کێ گەندەڵە، بچۆ بۆ باخەکان دەزانی کێ گەندەڵە، گەندەڵی شتێک نیە شەبەح بێت هەمومان دەیبینین، یاسا و پڕۆژەش شتێک نیە شەبەح بێت، هەمومان دەیبینین، بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە گەندەڵی کارا و چاودێری پوچە، گەندەڵی ئەکتیڤ و یاسا و پڕۆژە هیچ، وڵاتێک پڕ بە پڕۆژە و یاسای چاکسازی و بەرنامەی حیزبی زۆر شاز، بەڵام گەندەڵی حکوم دەکات، کابینە دوای کابینە هەر وتیان ئیمتیازی پلە باڵاکان کەم دەکینەوە، بودجە ڕێک دەخەین دۆسیەی نەوت و پێشمەرگە دەکەین بە نیشتمانی، بەهەدەردان ناهێڵین، داهاتی وڵات بەرز دەکەینەوە کەچی نەیان توانی کارەبا چاک بکەن ، نەیان توانی تاسەکان ناو شار پڕ بکەنەوە ، نەیان توانی کێشەی قەرەباڵخی شەقامەکان چارەسەر بکەن، کاتێکیش باس لە وەبەرهێنان دەکەن ژمارەی خەیاڵی دەڵێن، پیاوە سپیەکە زۆر پێداگری دەکرد لەسەر عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بەڵام نەک عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەڵکو عەدالەتی جوگرافی و سیاسی حیزبی دیموکراسیشیان ناشیرین کرد، ڕۆژانە هەمومان گەندەڵی دەبینین، گەندەڵکاران دەبینین، ئەوەی وەک کۆلارەیەکی پچڕاو دەبینین یاسای چاکسازی و پڕۆژەکانە، بەقاڵێکی داماو بەیانی تا ئێوارە کار دەکات دوای ئەوە ناتوانی وەک پێویست بژی، هەست بە هیچ شتێکی حکومەت ناکات، هیچ بیمەیەک نیە بۆی ، لەولاوە بە یەک تەندەر بەیەک موچە گەندەڵەکان کە ناوەندی حکومی و بازرگانیە گەورەکانە، بەس سەیارەکەی بایی هەمو تەمەنی کارکردنی ئەم بەقاڵە داماوەیە، کوڕەکەی دادەمەزرێت کوڕی ئەم بە بڕوانامەشەوە بێکار دانیشتوە، کوڕی مەنسول بەس مۆبایەکەی و گەعدەی یەک شەوی بایی هەمو تەمەنی کارکردنی باوکی ئەمیانە ، ئەمانە هەمو دەبینین، ئەی دوای ئەمانە چی .؟ یاسای چاکسازی بەکۆێ دەگات.؟
چاکسازی وەک قسە باوەکە وایە، واتا وەک قادرمە شتن وایە دەبێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەست پێ بکات، پیاوە سپیەکە دوو کاری زۆر گرنگ مەبەستی بو (عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بە پاشکۆیەتی ناوچەیی ) ئیتر هەر کەسێک بیکردایە ئەم پشتیوانی دەبو گرنگ نیە کێیە گرنگە دەستپێبکرێت، گرنگ نیە هی کێیە گرنگە ببێتە کردار، ئەمەش بۆ بەرگرتن لە بە سیستەم بونی زیاتری گەندەڵی بو، کابینە دوای کابینە خولی پەرلەمان دوای خول یەک بە یەک بونە فریشتەی فریادڕەس و گەندەڵی بە شەیتان و دوا جار هەر شەیتان بردیەوە، وا ئێستاش کابینەی (8+ 1) و پەرلەمان و حکومەت یاسای چاکسازیان هێناوەتە ناو بازاڕەوە ، ئەگەر هەمان تاس و هەمان حەمام نەبێت، کێ دەیکات چۆن دەکرێت گرنگە بکرێت، دەبێت حیزبەکان لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن، هەمو ئەوانەی باسی پشتگیری لەم پڕۆژەیە دەکەن خۆیان خاوەنی موچەی باڵا و ڤێلای باڵا و پاسەوانی باڵا و خانەنشینی باڵا و هەموشتێکی باڵان، کەواتە دەبێت پێش هەمو کەس لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن، با زۆر نا دو وەزیری خانەنشین دوو پەرلەمانتاری خانەنشین بێن بڵێن با ئیمتیازاتەکانی ئێمە ببڕن، کوا نیە، خۆ پارە هەیە بەس وەک دەوترا ( زۆری لە بەرهەمهێنان و ناڕێکی لە دابەشکردندا) پێش هەمو کەس سەرانی حیزبەکان دەبێت لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن، ئەم کابینەیە کەوتوەتە بەردەم ئەرکێکی قورس و مێژویەوە، دو ڕێگای لەبەردەمە یان چاکسازی یان وەک ئەوانی تر بۆ ناو ڕەفەی گەندەڵی ، باشە با پرسیارێ بکەین بۆ ڕۆژنامەنوسێک شتێک دەنوسێ بە سیناریویەک دەکوژرێ و کەسیش نازانێ چۆن.؟ بۆچی ..؟ ئەی گەر بە یاسا نەتوانرا روبەڕوی گەندەکاران بنەوە خۆ دەتوانن هەمان سیناریۆش بۆ ئەوان دوبارە بکەنەوە.
سەرۆکی حکومەت هەر کەسێ بێت، فراکسۆنەکان هەر فراکسۆنێک بێت هەمویان بە دەنگ و ڕەنگی جیاوازەوە کەوتونەتە بەردەم ئەم پڕۆژەیە کە خۆیان باسی دەکەن، ئەڵبەت ئەم نوسینە بینینی هیوایەکە لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا ئیتر هیچ جیاوازی نیە کام دەنگ و کام ڕەنگە گرنگە بکرێت، بەڵام پێش ئەوەی بکرێت هەقە ئاوڕێک بۆ کابینەکانی تر بدەنەوە هەر کامێکیان هات، ئەمەیان شۆڕگێری شاخ بو دەیکات، ئەمەیان کۆڵێک شەهادەی هەیە دەیکا، ئەمیان دەوڵەتمەدارە دەیکا، ئەم حیزبیان حزبێکی مێژوییە ، ئەم حیزبەیان شۆڕگێڕە، ئەم حیزبەیان ڕیفۆرمخوازە، کەچی سیخناخن بە وەزیری تەقاعود و تەندرینی نەوت و بازرگانی قاچاخ و خانەشینی ىاڵا و نیمچە باڵا و کورتەباڵا، کەچی وتیان یا شێخ تۆ چی دی ، وتی هەر هیچ.
هەمو سەرەتاکانی کابینەکان کۆمەڵێک هیوا درا بە خەڵک کەچی نەیتوانی بەرمیلێ نەوت دابین بکا، نەیتوانی کارەبا دابین بکا، نەیتوانی شەقامەکان چاک بکاتەوە، وا ئێستاش کەوتوینەتە بەردەم ئەم کابینەیە سەرەتایەتی و هیوای زۆری بۆ هەڵڕشتوین، کەسێک سەرۆکی حکومەتە ئەگەر وەک قادرمەکە لەسەرەوە دەست پێ بکات، ئەوا دەبێتە سەرەتای قۆناغێک کە هەرێم بگوازێتەوە قۆناغێک جیاواز لە هەمو قۆناغەکانی تر، کۆدەنگیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی، بەو هیوایەن ئەمیان چاکسازی بێت نەک نۆژەنکردنەوەی گەندەڵی و بۆیاخکردنی، بەو هیوایەن سەرەتایەک بێت بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی نەک گەندەڵی لە دیارەوە بکەن بە نادیار و بڵێن بە یاسا ڕێکخراوە.