حەمەئازاد بەرزنجی: پەیوەندی نیوان مامۆستاو خوێندکار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسیستمی ئەمساڵی خوێندندا وەک گۆڕانکاریی و هەنگاوێکی نوێ بۆ پەرەسەندن و پێشڤەچونی پەروەردەوخوێندن لەخوێندنگاکاندا چەندەها لیژنەی زانستی و کۆمەڵایەتی و ئیداری چێبون. یەکێ لەو لیژنانە، لیژنەی پەیوەندی نیوان مامۆستاوخوێندکارە. لەسەر داوای چەند مامۆستایەکی بەڕێز بۆ قوتابخانەکەیان کەوەک کوڕاسێکی بچوک بۆ لیژنەکەیان چەند دێڕێ بنوسم. لەوە دەچو جێگەی ڕەزامەندیان بوبێ. بۆیە وام بەباش زانی لە چەند سایتێکی هێژا، گەر ڕەزامەندی پەخشیان پێداین، بڵاوی بکەمەوە، بەو مەبەستەی بتوانم لە سنورێکی فراوانتردا سودێ بەو پەیوەندییە پیرۆزە بگەیەنم کە پەیوەندی نیوان مامۆستاو خوێندکارە.
پەیوەندی نێوان مامۆستاوخوێندکار پەیوەندی نێوان فێرکەروفێرخوازە
بـــۆ ئـــامـادەکردنــی کۆمەڵـگەیـەکـی سـەردەمـیانـەی پـێـشـکەوتـوخوازە
فەیلەسوفی کورد پیرەمێردی نەمر دەفەرموێ:
کە ئاو داری لەسەر سەر ڕاگرتووە، دەزانێ چی تیایە!
لەلای نەنگە کە پـەروەردەی نوقم بـکات گـەورەیـی وایـە!

* یەکێ لەو خەسڵەتە(سیفەتە) سەرەکیانەی کە مرۆڤی پێدەناسرێتەوە پەیوەنییە کۆمەڵایەتیەکانێتی. پەیوەندی مرۆڤ لەگەل مرۆڤ ، پەیوەندی مررۆڤ بە دەروبەرو سروشتەوە .
* هیچ کاتێ مرۆڤ بەتەنها ناتوانێ بژی ، چونکە پێویستی بە هاوکارو هاوڕێکانی تری هەیە بۆ بەردەوامی ژیان و تەواوکردنی یەکتری و دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانە .
* هەر لە ئەنجامی ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەوە بووە کە مرۆڤەکان لە چواردەوری یەکدی کۆبونەتەوەو، یەکەم بەرهەمیان (زمان) بووە . زمانیش بۆتە ئامرازی پێکەوە گرێدان، لە یەکترتێگەیشتن و گفتوگۆکردن وفراوانکردنی پەیوەندییەکان و گەشەسەندنی توانای هزر و مێشک.
* پەیوەندییەکان زۆر فراوانن :
* پەیوەندی ناوخۆیی واتە ناو یەک خێزان . دایک و باوک ، خوشک و برا .
* پەیوەندی نێوان چەند خێزانیک ، لەوانە پەیوەندی خێزانە نزیکەکان واتە خزمەکان .
* پەیوندی نێوان دراوسێکان و هاورێکان . واتە ئەوانەی لە نزیک یەکدی دەژین.
* پەیوەندی نێوان هاوکار و هاوپیشەکان واتە ئەوانەی کەکاریان لەتەکدا دەکەیت.
* پەیوەندی فراوان . واتە ئەوەی پەرەدەسەنێ بۆ پەیوەندی هاوشاری و هاونەتەوەیی و هاوزمانی وهاوکلتوری و دوایی بۆ پەیوەندی نێوان چەند نەتەوە و چەندان وڵاتانی دی
* ئەو پەیوەندییەی ئێمە مەبەستمانە پەیوەندییە لە نێوان مامۆستاو خوێنکارو چەندان چەمک و لایەنی هەیە .
* یەكێ لەوانە چەمکی پەروەردەییە: واتە پەروەردەکردنی خوێندکار. وەک چۆن مامۆستا لە پەروەردەکردنی مناڵەکانی خۆی بەرپرسە، ئاوا بەرپرسیشە لە پەروەردەکردنی خوێندکارەکانی بەردەستی. کە لەو گەرەک و ناوچەو شارەدا دەژین، یان گەر لە شوێنی دیکەشەوە هاتبن.
کە ئەمە گرانترین ئەرکی مرۆڤە، چونکە دەبێ کاری پەروەردەییەکە بەرەو ئاڕاستەیەک بێت، کە لە دواڕۆژدا کۆمەڵێکی پێشکەوتوی وا بەرهەم بهێنرێت کە زانست پەروەر بێت. نەک کۆمەڵ بگەڕێنرێتەوە بۆ چاخەکانی کۆیلایەتی و گەڕاندنەوەی چەرخی مێژوو بەرەو دواوە. دانانی بەرنامەو پلان بۆ بەهێزکردنی هزر و توانای تێگەیشتنی خوێندکار و، بردنی بەرەو ئاقارە باڵاکان کەخوێندکارەکە خۆی تیادا ببینێتەوە. نەک وەک هاوکار بەڵکو وەک سەرکردەو پێشەوایەکیش. وای لێبکرێت کە هیچ کاتی خۆی بەکەم نەزانێ و لە ئاستی خوارەوەدا خۆی نەبینێ و هەمو کاتێ داکۆکیکەر بیت لەسەر داوا ڕەواکانی، بەڵام لەئاست و سنوری پەروەردەیدا.
* چەمکێکی تر چەمکی زانستییە . پێدان و بەخشینی زانست و گۆشکردنی خوێندکاران بەزانستی سەردەمیانە. تا لە دواڕۆژدا سودی لێوەربگرێت و جارێکی دی وەک کەرەسەی خاو بەکاری بهێنێت بۆ بەرەو پێشچونی وڵات و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابورییەکەی و بەرەو پێشچونی کۆمەڵگە . هەوڵبدرێت لەڕێگە زانستیەکانەوە کەرتە ئابورییەکانی وڵات پێشبخرێت ( کەرتەکانی پەروەردە و فێرکردن و کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی وسەرچاوە مرۆیی و سروشتیەکان و چەندان و چەندانی دی).
بۆ گەیاندنی چەمکی پەروەردەیی و فێرکردن و زانست، مامۆستا پێویستی بە پەیوەندییەکی قوڵ هەیە، لە نێوان خۆیان، لەلایەک ولە نێوان خۆیان و خوێندکاران و دایبابی خوێنکاران لەلایەکی دی.
دەبێ ئەم ئەرک و ئەمانەتە پەروەردەیی و زانستییە بە بەرنامەو بە پلانی تۆکمەی پڕ ئەزمون و تاقیکراوەو نزیک لە واقعی میللەتەکە ودور لە خەیاڵ و هەواو هەوەس بگەیەنرێت . لە دۆخی ئاڵۆز و ناسەقامگیر و هەرەمەکیانە هەنگاو نان و لەکۆڵخۆکردنەوە و هەڵپڕوزاندن ، نەک بەرنامەکە ناگەیەنرێت ، بەڵکو تێکیش دەدرێت . پلانی حکومەتیش لە بواری پەروەردەدا کاتێ سەرکەوتوە کە لە لایەن مامۆستایانەوە پشتگیری بکرێت وئاڕاستە بکرێت بەرەو مەبەست و ئامانجە پێرۆزە باڵاکان . جێبەجێکردنیشی پێویستی بە دڵسۆزی و لەخۆبوردویی و تەبایی نیوان مامۆستایان هەیە .
پەیوەندی گرنگ لە قوتابخانەدا ، پەیوەندی نێوان مامۆستاو خوێندکارە ، دەبێ مامۆستا بەوپەڕی لێپرسراوی و هەست بەمەسئولییەتکردنەوە هەڵسوکەوت بکات و خۆشەویستی بچێنی لە نێوان مامۆستاو خوێندکاردا. بەدڵەوە وانەکان بڵێتەوە و سەرکەوتو بێت و هەوڵبدات بەردەوام بێت لەسەرکەوتنەکانی وزاڵ بێت بەسەر وانەکەیدا . ئەویش تەنهاو تەنها لەڕێگەی زیاتر خویندنەوەو بەشداری خول و بە ئاگایی لە ڕەوشی بەرەوپێشچونی زانستەکان و ئەو بابەتەی کە مامۆستاکە دەیڵێتەوە . وە دەبێ وا هەست بکات ئەو شاگردەی لەبەردەستیدایە ، کە خوێندکارەکەیە ، کۆرپەیەکی نازداری خۆیەتی نەک کۆیلە و سەرکوتکراویک .
مامۆستا نابێ جیاوازی بکات لە نێوان خوێندکارەکانیدا . هەرهەمویان لە یەک ئاستدا و بەیەک چاو سەیر بکات . وە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە خوێنکارە سەرکەوتوەکان هان نەدرین و یارمەتی مادی و مەعنەوی نەدرێن . مادی واتە کڕینی دیاری و شیرینی گەر زۆر سادە و ساکاریش بن هەر لە پێنوسێکەوە تاکو دەگاتە گوڵە یەخەو دەنکە نوقڵێک . مەعنەویش چەپڵەلێدانێکی ناو پۆل، لەڕیز هێنانەدەرەوەو ناساندنی بەهاوڕیکانی و پیدانی نمرەی زیادەی هاندان . ئەمانەش هەر هەموی لە پیناوی ئەوەدا کە خودی خویندکارەکە خۆی هەست بەبونی خۆی بکات و لە ئاستی خۆی دانەبەزینێ و هەر لە بەرزیدا خۆی بهێڵێتەوە ، ئەمە لەلایەک لەلایەکی دییەوە بۆ ئەوەی ببێتە نمونە بۆ هاورێکانی تا ئەوانیش وایان لێبێت چاو لەم بکەن و ئاستی خۆیان بەرز بکەنەوە و کێبڕکێیەکی دروستکەر لە نێوانیاندا دروست بێت . بێگومان ئەم کێبڕکێیەش کارێکی ئەرێنییە و لایەنی باشەی زۆر هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەرچون و سەرکەوتنی خوێندکاران .
مامۆستا دەبێ هەردەم چاودێری خوێندکارەکانی بکات و ئامۆژگاریان بکات و ئاڕاستەیان بکات بۆ فێربون و گرنگی دان بە داب و نەریت و بەهابەرزەکانی ناو کۆمەڵەکەمان . فێریان بکات ڕێز نەک تەنها لە مامۆستاکەی خۆیان و لەناو قوتابخانەدا بەڵکو لە هەمو مامۆستاو کەسێکی دیکەش بگرن لە هەر شوێنێک بیت . ڕێز لە هاوڕێکانیان ، گوێڕایەڵی دایبابیان بن. وەک وتمان بێجگە لە قوتابخانە لە ناو گەڕەکیشدا ڕێز لە دراوسێکانیان بگرن و هەراسانیان نەکەن . ڕێز لە سروشت بگرن دار بڕوێنن نەک بیشکێننەوە . دەبێ واتێبگەیەنرێن کە کەلوپەلی قوتابخانەو ماڵەوەو گەڕەک ، ئەوە موڵکی گشتین و، هی هەمومانە دەبێ بیان پارێزین . شەقام و ژینگە نابێ پیسبکرێن و خۆشمان هاوکار بین لە پاکردنەوەو خاوێنڕاگرتنیان .
دەبێ مامۆستا لە پۆلدا بەجۆرێک هەڵسوکەوت بکات و دەرکەوێ ، ببێتە نمونەیەکی بەرز لە هزری خوێنکارداو وەک پێشەواو سەرکردەیەک دەرکەوێ ، کە ببێتە مایەی چاولێکەری خوێندکاران و ئیلهامی ڕەوشتی بەرزی لێوەرگرن . چونکە خوێندکار ئەوەندەی دەیەوێ لاسایی مامۆستاکەی بکاتەوە و ئەوەندەی گوێ لە مامۆستاکەی دەگرێ ، و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکات ئەوەندە گوێ لە دایبابی ناگرێ . بۆیە دەبێ مامۆستا قیبلەی خویندکار بێت ، تا هەرکاتێ پیویستی پێی بوو ڕوی تێبکات و سودی لێوەربگرێت . وە لەکاتی سەرهەڵدانی هەر کێشەو گیروگرفتێکیشدا دەبێ مامۆستاکە لایەنە هاوکار و هاوخەمەکەی بێت وهەوڵبدات کێشەکە بۆ خویندکارەکە چارەسەربکات ، نەک سەرکۆنەو سەرزەنشتی بکات و خوێندکار دورەپەرێز بوەستێ .
لەکاتی هەڵەکردنی خویندکار ،دەبێ مامۆستا ڕۆڵی پەروەدەکاری خۆی ببینێت و نەک سزادەر و ترسێنەرو لێدەر . ئەمە ئەوەش ناگەیەنیت ، لەکاتی هەڵەی خوێندکاردا بێدەنگی هەڵبژێردرێت. بەڵکو دەبێ ئاڕاستە بکرێت، بۆ چاککردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی ، جا لەڕێگەی خودی مامۆستاکە خۆی بێت یان ئیدارەو کەسوکارییەوە بێت.
هەندێ خویندکار هەن هەر بەسروشتی خۆیان بزێون وحەز بە گێرەشێوێنی و ئاژاوەنانەوە دەکەن ، ئەمانەش دەبێ لە کات و شوینی خۆیدا ڕابگیرین و سنورێ بۆ هەڵسوکەتەکانیان دابنرێت ، نەهێڵدرێت تەشەنە بکەن و کار لەهەڵسوکەوتی خوێندکارەکانی دی نەکەن . لە شوێنی خۆیاندا کپ بکرێن .
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێ کە مامۆستا لەگەڵ ئەوەی کەدەبێ بونەوەرێکی نەرم و نیان و پەری ئاسا لەسەرخۆ بیت . لە هەمان کاتیشدا دەبێ دەبی ڕێپیشاندەر وئاڕاستەکەر و چاودێرو کۆنترۆڵکەریش بێت . بە زەبر بێت بەرامبەر دیاردە نەشیاو و نەگونجاوەکاندا و لە کات وشوێنی خۆیدا هەڵسو کەوتی پێویست بکات و بڕیار بدات ، و ئیدارەش دەبێ هاوکاری بێت لە هەنگاوە ئەرێنی و ڕاستەکاندا .
مامۆستا دەبێ هەموکات ئامادەو پڕچەک بێت بە زانیاری نوێ لەسەر ئەو وانەیەی کە دەیڵێتەوە . هەوڵبدات گەشە بەئاستی زانستیەکەی خۆی بدات لە بوارەکەیدا . ئێستا بە هۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە هەر بوارێکی زانست و وانەوتنەوەت بوێ ، دەتوانی چەندان سەرچاوە بە دەست بهێنی.
مامۆستا بێجگە لە بوارە تیۆرییەکە ، بۆ ئەو وانانەی کە بواری پراکتیکیان تێدایە ، دەتوانێ کاری پراکتیکیان بۆ بکات ولەبەر چاوی خوێندکاران چەندان تاقیکردنەوە بکات وکەلوپەلی پێوستیان بۆ ئامادە بکات و بەشداری ڕاستەوخۆش بەخوێندکارەکان بکات لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکاندا .
مامۆستا پاش ئەوەی چەند ساڵێک وانەیەک دەڵێتەوە ، کاراو قاڵ دەبێ لەو وانەیەداو مومارەسەیەکی باش پەیدا دەکات . ئەو مامۆستایە دەتوانێ هەر تێبینی و ڕایەکی نوێی هەبی بۆ بەرەو پێشچونی ئەو وانەیە ، یان هەرگۆڕانکارییەک کە ئەو بە پێویستی بزانێ ، یان هەر هەڵەو کەموکورییەک کە دێتە بەرچاوی بە نوسین و ڕاپۆرتیکی زانستی ئیدارەو سەر خۆی لێئاگادار بکات و لە شێوەی پێشنیار پێشکەشیان بکات . چونکە وەک دەزانرێ ئەو بابەتی ناو وانانەی کە پێشتر وتراونەتەوە، ئێستا هەمان بابەت نین ، گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووەو بەرەوپێشچونیان بە خۆیانەوە بینیوە. وە ئەمەش بەوە نابێ بابەتی ماددەکان زیادبکرین و وانەکان قورس بکرێن، بەڵکو دەبی ئاست و توانای بیرکردنەوەو تێگەیشنی سروشتی مێشکی خوێندکار ڕەچاوبکرێت ، وە نابێ زیاد لە پێویست خوێندکار ماندو بکرێت .
مامۆستا دەبێ بزانێ کە خوێندکار تەنها وانەکەی ئەو ناخوێنێ ، ئەو نییە بەتاقی تەنها وانە دەڵێتەوە ، بەڵکو لە خوێندنگەکەدا چەندەها مامۆستای دیکەشی تێدایە کە ئەوانیش وانە دەڵێنەوە و زانست دەبەخشن بە خوێنکاران . کەواتە مامۆستاکە لە ڕۆژێکدا یەک وانە بەچەندان قوتابی دەڵێتەوە ، بەڵام خوێندکار لەیەک ڕۆژدا چەندان وانە لە چەندان مامۆستا وەردەگرێ . بۆیە دەەبێ گوشارو سترێسی زۆر نەخرێتە سەر خوێندکاران .
مامۆستا دەبێ بۆ کەمکردنەوەی پاڵە پەستۆی سەر خوێندکاران ، جارجارێکیش بێ کەشێکی خۆشی وا دروست بکات لە پۆلدا کە خوێندکار هەست بە پشویەک و خۆشییەک بکات ، وەک هەناسەیەکی دوای هیلاک بون بێت . قسەیەکی خۆش ، گێڕانەوەی ڕوداوێکی خۆش . بردنە دەرەوەی خوێندکاران . گرنگی دان بە بابەتەکانی وێنە و مۆزیک و گۆرانی و وەرزش . هەر وانە و وانەو کۆششکردن ، با خوێندکار هەست نەکات کەلە گرتوخانەی قوتابخانەدا قەتیس ماوەو بواری هەناسەدانیشی تیا نەماوە . بێگومان هەر هەمو ئەمانە لەسنوری تایبەتی خۆیداو ، سنور نەبەزێنرێت و لەسەر حسابی هیج وانەیەک تر نەبێت و بواری فێرکردنەکە هێڵی گشتی و سەرەکیەکە بێت .
هەوڵ بدرێ بۆ ڕۆژە پشوەکان بەتایبەتی هەینی ، ئەرکی ڕۆژانەکانیان کە دەخرێتە سەریان ئەوەندە نەبێ کە ڕۆژە پشوەکەی لە هەمو ڕۆژەکانی دیکە ماندوترو هیلاکتر بکرێت . چونکە ڕۆژی پشوو هەروەکو خۆی ناوەکەی بەخۆوەیە دەبێ پشوی تیا بدرێ .
مامۆستا دەبێ ڕێنوییکەرو ڕێپیشاندەر بێ بۆ ئەو خوێندکارانەی کە دەیانەوێ خۆیان دەرخەن و خۆیان بنوێنن و توانا و بەهرەی هونەری یان زانستی تایبەتیان هەیە و ئاڕاستەیان بکات .
زۆر خوێندکار بەهرەی وێنەکێشان ، مۆزیک ، گۆرانی ، نواندن . وەرزش ، چەندان بەهرەی دیکەیان هەیە با خۆیان تاقیبکەنەوەو بەرەو ئەو بوارانەی حەزیان لێیە و بەهرەمەندن ئاڕاستە بکرێن هانبدرێن و زیاتر تیا قوڵ ببنەوە . یان هەندێکی دیکەیان حەزیان لە بواری زانستی ، مێژوو ، جوگرافیا ، ..هتد هەیە دەیەوێ لەم بوارانەدا خۆی تاوبدات، با سیمینار و کۆڕی بۆ ببەسترێ لە ئاستی قوتابخانە هەر نەبێ لە ئاستی پۆلەکەیدا . یان هاوکاری بکرێن بۆ بڵاوکردنەوەی ، بڵاوکراوە دیوارییەکان ( نەشرە ) . بەڵام ڕێگەیان پێ نەدرێ بچن لە بازاڕ یان لە چاپخانەکانی دەرەوە پارەی زۆری تیا خەرج بکەن با بە تواناو نەخشە و دەستوخەتی خۆیان بێت ئەگەر زۆر جوانیش نەبێ سودە پەروەردەیەکەی زیاترە .
دەبێ ئەم کارانە کۆڕ و سیمینارو بڵاوکراوە دیواریانە ، ئارەزو مەندانە بن و بۆ ئەو خوێندکارانە بن کە خۆیان حەزو ئارەزویان لێیەتی و بەزۆر نەبێ و نە گشتێنرێت بەسەر هەمویانداو نەبێ بە ئەرک(واجب) و ئەمیش ببێ بە ئەرکێکی سەربارو خەمێکی دیکەی زیادە بۆ خوێندکاران و خۆیان و دایبابیانی پێوە هەراسان بکەن . ئەوەندەی دیکە خوێندکارەکە لەبەرچاوی هاوڕێکانی زیاتر بچوک ببێتەوەو خۆی بەکەم بزانێ .
لە هەرهەمو ئەو خاڵانەی کە وتومانە دەبێ ماۆستا وابێ و وابکات ، نابێ بگاتە ئاستێ کە پەیوەندی نێوان مامۆستا وەک مامۆستاییەکی و قوتابی وەک قوتابییەکەی تیا بپسێ . بەکورتی و کوردییەکەی نابێ پەیوەندییەکە وا بێتە خوارەوەو بگاتە ئاستێ کە خوا نەخواستە خوێندکارەکە پەیوەندییەکە بپچڕێنێ و گاڵتە بە مامۆستاکەی بکات . چونکە لەم کاتەدا تەناف و تەرازوی ئاستی پەرەردەییەکە دەپسێ و ئەوی دەمانەوێ و پلانمان بۆ داناوە هەر هەموی پێچەوانە دەبێتەوە . بۆیە دەبێ هەمو کاتێ مامۆستا ئاستی پەروەردەیی خۆی بزانێ و نەیەڵێ بە هیچ جۆرێ خوێندکار ئەو سنورە ببەزێنێ . ئەمەش دوبارە بەمانای بەکارهێنانی توند و تیژی ناگەیەنێ .
هەموو خوێندکارێ پێویستەو ئەرکی سەرشانیەتی کە ڕێز لە مامۆستاکەی بگرێت . خوێندکاران هەموکاتێ دەبێ ئەوهەستە لەیادیاندا بێت ، کە ئەو کەسەی وانەی پێدەڵێتەوە ، ئەوە مامۆستاکەیەتی و هەر ئەویشە کە فێرکەرێتی و پەروەردەکەریشێتی . دەبێ لای خوێندکار ڕێزی مامۆستا گەر لە دایبابی زۆرتر نەبێ ئەوا نابێ کەمتر بێت . چونکە مامۆستا هەموکاتێ ئەو شاگردەی کەلە بەردەستیدایە ، نەخوێندەوارەو دەیەوێ فێری خوێندەواری بکات . نازانێ ، یان کەم دەزانێ مامۆستا دەیەوێ بزانێ ، یان زیاتر بزانێ و بیکات بەزانا . بیگەیەنێتە ئاستێ ئیتر خۆی هەست بە خودی خۆی بکات و هەست بە لێپرسراوێتی بکات . هەروەک وتویانە (( مامۆستا پەیژەیەکە هەموو ئەندامانی کۆمەڵ پیاسەردەکەون بۆ ئەو پلانەی کە دەیانەوێ و ئەم هەر لە شوێنی خۆیەتی )) . واتە هەر خەریکی کارە پیرۆزەکەی خۆیەتی کە پەروەردە و فێرکردنەکەیە .
خوێندکار دەبێ ئەوە بزانێ کە هاتە ناو قوتابخانەو خوێندنگەکەیەوە ، کە پیشەو کارەکەی تەنهاو تەنها هەر خوێندکارییە و هەر فێرخوازییە . واتە بۆ ئەوە هاتووە کە فێر بێ ، یەکێ پەروەردەی بکات و وانەی پێبڵێتەوە و فێری زانستی بکات و هیچ کارێکی دیکەی نییە . دایبابیان خەرجیان دەکەن ، هاتوچۆیان پێدەکەن ، چاودێریان دەکەن ، خەمیان هەڵدەگرن. هەر هەموی لە پێناوی بە خوێندەوارکردن و پێگەیاندنی ئەماندایە . ئەمە بێجگە لە ماندوبونی مامۆستاکەی لە ناو پۆلدا بۆیە دەبێ خوێندکارانیش هەست بەو لێپرسراویەتە بکەن و بخوێنن وفێرببن و زیاتر کۆشش بکەن و خۆیان ماندوبکەن.
کرێکارێ کە دەچێ بۆ کرێکارییەکەی ، هێزی لەشی خۆی دەفرۆشێ بۆ ئەوەی مشتێ پارەی دەستکەوێ و ئێوارە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوەو بیدات بە خواردن بۆ منداڵەکانی کە ئێوەی خوێندکارن و بەیانیش ڕۆژانەتان بداتێ بۆ قوتابخانە . ئەی نابێ خوێندکارانیش هێندەی ماندوبون و شەونوخونی دایبابیان ئەمانیش خۆیان ماندوبکەن .
خوێندکار دەبێ ئەوە بزانێ ، مەرج نییە هەموکاتێ ، لە هەمو وانەکانیدا پلەی بەرز بهێنێ و سەرکەوتو زیرەک بێت . خوێندکار هەیە لە بیرکاری ، هەیە لە مێژوو ، هەیە لە وەرزش و هەیە لە گۆرانی و مۆزیک و وێنە وهونەرو وانەکانی دیکەدا باڵادەستە . با خۆی ڕابهێنێ لە چ بواریکدا سەرکەوتوە بەرەو ئەو بوارە هەنگاو بنێت .
خوێندکار مەرج نییە هەمو ڕۆژەکانی هەفتە یان هەمو مانگەکان لە وانەیەکدا یان لە چەند وانەیەکدا سەرکەوتو بێت . با لە کەوتنیاندا فێری هەڵسانەوە ببن . سود لە هەڵەکانیان وەربگرن و ئەو هەڵەیەی لەم مانگەدا کردویانە باچاکی بکەن و لە مانگی داهاتودا هەمان هەڵە نەکەنەوە.
خوێندکار گەر لە بابەتی وانەیەک باش تێنەگیشت دەتوانێ ، دوبارە پەنا بۆ مامۆستاکەی بەرێ ، یان دایباب و خوشک و براکانی ، یان هاوڕێکانی . خوێندکاران دەتوانن لە ناوخویاندا هاوکاری یەکدی بکەن بۆ زیاتر تێگەیشتنی هەندێ بابەت . چونکە هەندی جار ئەو پرسیارەی کە هەتە لەوانەیە ڕوت نەیەت لە مامۆستاکەی بکەیت بەڵام ، هاوڕێکەت دەتوانێ بە ئاسانی تێتبگەیەنێت .
خوێندکار نابێ وا هەست بکات کە مامۆستاکەی وەک بەربەست و دیوارێک وایە لە بەردەمیدا و بواری تێپەڕینی نییە . بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێ ئەوە بزانی کە مامۆستاکەی فێرکەرێتی ، هاتوە بۆ فێرکردنی ئەو نەک بۆ تۆقاندن و ترساندنیان . خۆ مامۆستا ئیزرائیلی وانە وتنەوە نییە ، بەلکو فریشتەی فێرکردنە.
خوێندکار نابێ شەرم بکات ، گەر ویستی لە مامۆستاکەی نزیک بێتەوە و قسەی لەگەڵ بکات . بەڵکو دەبێ پەیوەندی پێوە بکات وچی دەوێ پێی بڵی و دڵی خۆی بۆ بکاتەوە. بەڵام لە هەمو کاتێکدا دەبێ ئاگادار بن سنور نەبەزێندرێت.
وەک وتمان خوێندکار دەبێ هەردەم لە پەیوەندی بەردەوامدا بێت لەگەڵ مامۆستاکانی . هەندێ جار هەندێ بابەت ، یان کێشە دێنە پێشەوە . گەر لەکاتی خۆیدا چارەسەر نەکرین یان بشاردرێنەوە ئەوا کێشەکە لەوانەیە گەورەتر بێت و لە کاتی ناوەختدا بتەقێتەوە . بۆیە لەکاتی بونی ئەو جۆرە کێشانەدا پەنا بۆ مامۆستاو ئیدارە ببرێت لە کاتی خۆیدا. یان هەندێ کێشە هەن بەتەنها پەیوەست نییە بە یەک خوێندکارەوە ، لەوانەیە کێشەی چەندان یان زۆربەی خویندکاران بێت . بۆیە لەوکاتانەدا خوێندکاران دەتوانن لە ناو خۆیاندا، لیژنەیەک یان جەند لیژنەیەک پێکبهێنن ، وە چەند خوێندکارێک بکەن بە نوێنەری خۆیان و بچنە لای مامۆستاکەو کێشەکەی تێبگەیەنن. تا ئەویش بتوانێ هاوکاریان بێت . چونکە هەندێ کار هەیە لە دەستی مامۆستاکەدا نییە و یان لەوانەیە لەسەروی دەسەلاتی ئیدارەی قوتابخانەکەشەوە بێت.
خوێندکار دەبێ ئەوە بزانێ مامۆستایان وئیدارەی هەمو خوێندنگەیەک دەیەوێ هەر کێشەیەکی خوێندکاران هەبێ لەناو پۆلەکە یان لەناو قوتابخانەکەدا چارەسەر بکرێت و نەچێتە دەرەوە.
بۆ ڕاپەڕاندنی هەندێ کارو چارەسەرکردنی هەندێ کێشە ، هەر لەناو پۆلەکاندا دەتوانرێ کارەکان بکرێن . بۆیە وا باشە لە ناو هەمو پۆلیکدا نوێنەر یان چاودێر هەبن بۆ گەیاندنی داواکاری خوێندکاران وڕاپەڕاندنی کارەکانیان.
وا بەباش دەزانرێ چاودێری پۆل لەوانە بن کە گورج و گۆلن وهەڵسوکەت بەباشی دەکەن و دەتوانن نوێنەرایەتی پۆلەکانیان بکەن ، گەر لەڕێگەی هەڵبژاردنیشەوە هاتبن ئەوە زۆر باشترە.
وابەباشیش دەزانرێ لە نێو هەمو قوتابخانەیەکیشدا لیژنەیەکی خوێندکاران هەبێ، بەڵام حزبی نەبێ و دوربێ لە هەژمونی حزبایەتییەوەو ئەو لیژنەیە و لێپرسراوەکەشی لە نێو هەمو چاودێری پۆلەکاندا هەڵبژێردرێ و هەمو چاودێرەکانیش ئەندام بن تێیدا . مامۆستایان و ئیدارەش هاوکاربن بۆیان . تەنانەت گەر ژورێکیشیان هەبێ ئاساییەو لە ژێر چاودێر و کۆنتڕۆڵی ئیدارەشدا بن.
خوێندکاران دەتوانن لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە داواکانیان بگەینن و چالاکییەکانیان پێشکەش بکەن.
خوێندکاران دەتوانن بەپێی چالاکییەکانیان چەند لێژنەیەکیان هەبێ وهەر لیژنەیەکیش مامۆستایەک یان چەند مامۆستایەک سەرپەرشتی و چاودێریان بکەن.
مامۆستایان و خوێندکاران دەبێ زیاتر گەشە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن و زیاتر لە یەکدی نزیک ببنەوە و تێکەڵاو بن و هاوکاری یەکتر بن . جاریکی دیکەش دەیڵینەوە کە بەهیچ جۆرێ نابێ پەیوەندی مامۆستاییی و خوێندکاری بپسێنرێ . مامۆستا هەست بە مامۆستایی خۆی بکات کە لێپرسراوێتی لەسەرە و خوێندکاریش هەست بە خوێندکاری خۆی بکات کە ئەرکی خوێندنی لەسەرە . هاوکار بن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە پەروەردەی وزانستی و کۆمەڵایەتیەکان و برەودان بەو چالاکیانەی کە بوارەکە بەهێز دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت