بورهان شێخ ڕەئوف: دواى دەست لەکارکێشانەوەى عەبدولمهدى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواجار لە 1/12/2019 ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق قایل بوو بە دەست لە کارکێشانەوەى بەڕێز عادیل عەبدولمهدى لە پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى ناوەندى عێراق، هەرچەندە عەبدولمهدى وتى لە سەر بانگەوزاى مەرجعیەتى باڵاى شیعە عەلى سیستانى دەستم لە کارکێشایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە فشارى شەقام و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى خەڵکى عێراق بوو، کە قوربانى زۆرى لێکەوتەوە، ناوبراویان ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد. لە کاتێکدا ئەوەى ڕوون و بەڵگەنەویستە ئەوەیە، کە عبدولمهدى بوو بە قوربانى گەندەڵى شازدەساڵى ڕابردوو، لە کاتێکدا ئەو لە یەک ساڵ و یەک مانگى کابینەکەى دا هیچ بوارێکیان نەدا چاکسازى بکات و، بەڵکو دەستیان بەستبووەو، تەنها گوناهى ئەوە بوو، کە دەبوو زوتر دەست لە کاربکێشێتەوە وەکو جارانى پێشووى لە جیگرى سەرۆک کۆمارو وەزارەتى نەوتیش.
ئێستاو لە دواى دەست لەکارکێشانەوەى عەبدولمهدى و بڕیارى عێراق لەوەناچێت سەربەخۆ بێت و خواستێکى وا لە لایەن کاربەدەستانى عێراقەوە هەبێت، لە بەرئەوەى بۆ هەموو لایەکیش ڕوونە عێراق لە ژێر فشارو کاریگەرى زۆرى وڵاتانى ئیقلیمیدایە بە تایبەتى ئێران و دواتر ئەمریکا و مەرجعیەتى تائیفى شیعەش لە نەجەف کە دەخوازێت لەم قوناغەدا فریاى سیاسیە شکست خواردووە تائیفیەکان بکەوێت و حکومەتێکى تکنۆکرات دابمەزرێنێت بۆ ئەوەى بتوانێت ئەوەى کاربەدەستانى ئێستا و پێشتر تێکیان داوە چاکى بکاتەوە.
لەلایەکى ترەوە سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق محەمەد حەلبووسى ڕایگەیاند بوو کە داوا لە سەرۆک کۆمار دەکەم کە داوا لە گەورەترین فراکسیۆن بکات کاندید دەستنیشان بکات بۆ پێکهێنانى کابینەیەکى نوێ بە گوێرەى مادەى 76 ى دەستور کە کابینەیەکى نوێ پێک بهێنێت لەماوەى سى ڕۆژدا. بەڵام ئەوەى لە شەقامەکانى عێراق دەگوزەرێت پێچەوانەى ئەمەمان پێ دەڵێت: سەرەڕاى دەست لە کارکێشانەوەى عەبدولمهدى دواى دوو هەفتە هێشتا گۆڕەپانەکان پڕن لە خەڵک و ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان تاوەکو تەواوى مافەکانیان بە دەست نەهێنن، جگە لەوەش پەلاماردانى گۆڕەپانەکان و ڕفاندنى چالاکوانانەکانى گۆڕەپانەکان و تیرۆرکردن و تۆقاندن لە لایەن لایەنى سێ یەم، خەڵکى زیاتر تووڕە کردووە سوورتر بوون لە سەر داخوازییەکانیان سەرەڕاى ئەو هێرش و پەلامارە هۆڤیانەى میلیشیا و چەکدارە تائیفیە بەکرێگیراوانەى وڵاتانى دراوسێ.
ئەوەى ئێستا باس و خواستى گەرمى گۆڕەپانەکانە هەنگاوى دووەمە، ئەویش هەڵوەشانەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانەو هەڵبژاردنێکى پێش وەختەیە لە ژێر چاودێرى نێودەوڵەتى بە بێ بەشدارى هەموو لایەن و تاقمە تائیفیەکان کە تێوەگلاون بە گەندەڵى و وابەستەى وڵاتانى ئیقلیمین و بەرژەوەندى ئەوان دەخەنە سەرووى بەرژەوەندى عێراقەوە لە هەمان کاتدا باس لە سیستمێکى سیاسى نوێ دەکەن کە جێگەى ئەمە ى ئێستا بگرێتەوە.

کورد بۆ قۆناغى داهاتوو
ئەوە ى گرنگە بۆ کورد خۆ ئامادەکردنە بۆ هەموو ئەگەرو پێشهاتەکان، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمى بێجگە لە هەندێ دەنگى ناسازى ناو گۆڕەپانەکان کە دژ بە هەرێمى کوردستان لێدوان و بانگەشەى نیگەتیفیان کردووە، هیچ لێدوان و دۆکومینتێکى فەرمى نیە کە ئەو لێدوانانە بسەلمێنێت، بەڵام ئەگەر ئەو بزاوتە ى کە لە ناوەڕاست و باشورى عێراق سەریهەڵداوە باسى مافى مرۆڤ و یەکسانى و دەوڵەتى هاوڵاتى بوون و دژ بە تائفییەت و ئتنیک بێت بێگومان ناتوانێت دژ بە مافى کوردو تایبتمەندییەکانى هەرێمى کوردستان و مافە دەستووریەکلانى بێت، لە هەمانکاتیشدا زۆرگرنگە و پێویستە هەموو هێزە سیاسیە کوردستانیەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کەسایەتیەکان ئەم بارودۆخە تازەى عێراق بە هەند وەربگرن و دوورەپەرێز نەبن لێ ى لینکى پەیوەندییان لە گەڵ دروست بکەن و هەرچەند پشتیوانى داخوازییەکانیان کراوە، بەڵام هەنگاوى زیاتر و لێک نزیک بوونەوەى باشترى گەرەکە ، پێ ناچێت عێراق بگەڕێتەوە بۆ پێش 1 تشرین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت