نەوزادی موهەندیس: خوێندنەوەیەکى ڕەخنەیى بۆ پڕۆژە یاساى چاکسازی پێشنیازکراوى حکومەتى هەرێم.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە هەموو پڕۆسەیەکى چاکسازى لە یاسا و ڕێنمایى و ئۆرگانەکانى هەر دامودەزگایەکى حوکمڕانیدا کارێکى باشە بۆ نوێیبونەوە و خۆتەکاندن لە کێشە وگرفتە کەڵەکبوو و ڕێگریەکان،گەر بەنیەتێکى باش و ڕاستگۆیانەوە سازبکرێت و لەسەر زەمینەى واقعیش وەکو خۆى جێبەجێبکرێت و تەنها مەبەستیش بەرژەوەندى گشتى وڵات و هاوڵاتیان بێت.
بەداخەوە لەماوەى 28 ساڵى ئەزمونى حومکڕانى هەرێمى کوردستاندا، گەلێک جار دروشمى چاکسازى و پاکسازى بەرزکراوەتەوە لەلایەن حیزب و سەرکردە باڵادەستەکانەوە، بەڵام هەر هێندەى نەبردوە لەبیرکراوە و پشتگوێخراوە و هیچى لێجێبەجنەکراوە بەبیانوى جیاوازەوە،چونکە مەبەستى ڕاستەقینەیان ڕایکردنى قۆناغەکان بوە و لەلایەکى تریشەوە فریواندنى هاوڵاتیان و هێورکردنەوە و کپکردنەوەى دەنگە ناڕازیەکان بوە، بۆیە ئێستا و ئایندەى ئەم دەسەڵاتە خۆماڵیەمان بەم ڕۆژە گەیشتوە کە لانى کەمى بەڕێژەى 60% هاوڵاتیان گەر نەڵێین زیاتریش لێى زویر و توڕە وناڕازین بەگوێرەى بەشداریکردنیان لە دوا هەڵبژاردنى پەڕلەمانى ئاشکرایە پڕۆسەى چاکسازى وەکو پڕۆسەیەکى گرنگ و کاریگەر بۆ خۆنوێکردنەوە و کاراکردنەوە لە کار و کردەوە و پلانەکانى دامودەزگا حکومیەکاندا پڕۆسەیەکى بەردوام و دوور ودرێژە و پێویستى بەپلانى زانستى و واقعى هەیە و پشوو درێژیشى گەرەکە و لەشەو و ڕۆژێکدا ناتوانێت وەڵامدەرەیەکى ڕاستگۆیانەى هەموو داواکاریەکان بێت،بەڵام ناشکرێت لەسەر پشتى کیسەڵ بەرەو پێشەوە بچێت بەمەرامى جیاوازى دەسەڵاتداران. ئەم پڕۆسەیەش ئاشکرایە لە ئەنجامى بێتوانایى و ناکارایى و بڵاوبونەوەى گەندەڵى و مشەخۆرى و نادادپەروەرى و نایەکسانى و بوونى دیاردەکانى مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و بوونى بەرژەوەندى سەرکردە و حیزب و تاکەکانەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە داواکاریەکى جەماوەرى و لەلایەکى تریشەوە لە ترسى فشار و ناڕەزایى جەماوەریشەوە گەلێک جار پەناى بۆ دەبرێت.
بەداخیشەوە لەهەرێمى کوردستاندا و لەدواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 و بەتایبەتتریش لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسى ێدامى لەعێراقدا لەساڵى 2003وە دیاردەکانى گەندەڵى و دزینى سەروەت و سامانى سەرزەوى و ژێر زەوى و قۆرخکارى دەسەڵات و ناعەدالەتى و بەرژەوەندخوازى و وەرگرتنى پلە و پۆست و ئیمتیازاتەکان سەریانهەڵدا لەلایەن سەرکردە و حیزب و بنەماڵە و کەسە دەستڕۆیشتوەکانەوەو بونە خۆرکەو چوونە جەستەى لەرزۆکى ئەم دەسەڵاتەوە.بەشێوەیەک کە تەنها لەدواى 16 ساڵ لە عێراق و دواى 20 ساڵیش لەهەرێمدا دەنگى ناڕەزایى و خۆپیشاندانى هاوڵاتیان بەرزبونەوە و تائێستاش بەردەوامیان هەیە لە عێراقدا کە ئەمەش لە ئەنجامى پەنگخواردنەوەى ڕق وقینى ساڵانى کەمى دەسەڵاتە نوێیەکان و خۆماڵیەکانى عێراقیەکان و کوردستانە.بەرامبەر حیزب و سەرکردەو بنەماڵەکان بێ جیاوازى وەک لە ئێستاى عێراقدا دەیبینین.چونکە بەداخەوە هەموانیان وێنە و نمونەیەکى ناشیرین و تەڵخ و تاریکى دەسەڵات و حوکمڕانیەکى خۆماڵیان پیشانداین.
لەهەرێمى کوردستان و دواى 28 ساڵ حوکمڕانى و دواى پێکهێنانى کابینەى حکومەتى هەرێم،تازە بەتازە پڕۆژە یاساى چاکسازى لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینى و بەخشین و ئیمتیازاتەکانى پلە باڵاکان لە 12/12/2019دا ڕەوانەى پەڕلەمان دەکرێت و گەرەکیانە وەکو دروشم و تێپەڕاندنى قۆناغەکەش بێت کارێک بکەن.کە وەک دەڵێت گەر ئەم یاسایە جێبەجێبکرێت مانگانە لانى کەم بڕى 100 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەى حکومەت، خۆ ئەگەر ئەو بڕە پارەیە تەنها لە 16 ساڵى دواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعسەوە حساب بکرێت ئەوا ساڵانە 1 تریلیۆن و 200 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ گەنجینەوە و لەو 16 ساڵەشدا دەکاتە نزیکەى 8 تریلیۆن و 400 ملیار دینار کە گەر وەک ئێستا مانگانە بڕى مووچەى تەواوى فەرمانبەران بریتى بێت لە 881 ملیار دینار ئەوا بەشى 9مانگ و نیوى مووچەى تەواوى فەرمانبەرانى هەرێمى دەکرد.جا لەمەوە تێدەگەین کە قەوارەى گەندەڵى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى میلەت و وڵاتەکەمان چەندە بوە بەتەنها لەو 16 ساڵەدا،کە دەکرا زۆر لە ئێستا هاوڵاتیان خۆشگوزەرانتر و هەرێمیش ئاوەدانتر بونایە.
ڕاستە ئەم پڕۆسەیە زۆر گەورە و کاریگەر و گرنگ و هەستیاریشەو دەستبردن بۆى کارێکى سانا و بێگرێوگۆڵ نیە و پڕۆسەیەکى لەناوخۆ و دەرەوەشدا دۆستى کەم و ناحەزى زۆرە و پیلانى لەدژ دەگێڕدرێت و ڕێگریشى بۆ دروستدەکرێت لە خودى کەسە دەستڕۆیشتوەکانى ناو دەسەڵاتیشەوە،بەڵام بۆتە دیفاکتۆ و ناکرێت چیدى لەمە زیاتر پشتگوێ بخرێت و چاوى لێبنوقێنرێت، گەر سەرۆکى حکومەت و کابینەى نۆهەم گەرەکیان بێت دەسکەوت و ناوبانگێکى باشتر لەکابینەکانى پێشخۆیان چنگ بخەن دەبێت زۆر بە گەرموگوڕیەوە ئەم پڕۆسەیە سەربخەن و بیگەیەننە دوامەنزڵى سەرکەوتن.
ئەوەى لەو پڕۆژە یاسایەدا دەخوێنرێتەوە کە پێکهاتوە لە 8 بەش و 19 مادە بریتیە لە:
1- لەماوەى 28 ساڵى حوکمڕانى کوردیدا، یەکسانى و دادپەروەرى نەبوە لە خەرجکردنى مووچە و دەرماڵە و بەخشین و خانەنشینى و ئیمتیازاتەکاندا، و گەلێک کەس و لایەن بەناڕەوا سوودمەندبوون لە سەروەت و سامانى گشتى ئەم میلەت و وڵاتە و زۆرێک لە داهاتەکان بەهەدەرچوون بۆ بەرژەوەندى سەرکردە و حیزب و بنەماڵە و دەستڕۆیشتوەکان و کۆمپانیا بازرگانیە ناوخۆیى و دەرەکیەکانیش خەرجکراون.
2- لەماوەى 28ساڵى ڕابووردوودا ئۆرگانەکانى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بە دامودەزگایینەکراون و ڕێکنەخراون و دانەمەزروان لەسەر بنەماى یاسا و ڕێنمایەکان، بەڵکو بە مەزاج و ویستى سەرکردە و حیزب و کەسەکان بەڕێوەبراون.
3- یاسا و ڕێساکان سەروەرنەبون و ڕێزیان لێنەگیراوە و کاریان پێنەکراوە و بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکان بەکارهێنراون.
4- پڕۆسەى دامەزراندنى هاوڵاتیان لە ئۆرگانەکانى حکومەت و دواتریش خانەنشینکردنیان و بەخشینەوەى پلە و پۆست و ئیمتیازات و دەرماڵە و ..هتد. زۆریان لەدەرەوەى یاسا و ڕێنماییەکان بون و بۆ دەسکەوتى حیزبى و بنەماڵەیى و تایبەتى بەکارهێنراون.
بەم شێوەیە ماوەى 28 ساڵى ڕێکە گەندەڵى و بێدادى و نایەکسانى و مشەخۆرى و قۆرخکارى و … هتد. لەم هەرێمەدا بڵاوبۆتەوە و لە دیاردەوە بونەتە پەتایەکى کوشندە و دواتریش بەهۆى بێ پلانیەوە قەیرانى دارایى و پێنەدانى مووچە و پاشەکەوتکردنى و سەرهەڵدانى دیاردەکانى بێکارى و دواکەوتویى و هەژارى و برسێتى و تاوان و نەخوێندەوارى و داڕمانى ژێرخان و سەرخانى ئابورى و سستبونى بازاڕ و بازرگانى و هەڵاوسانى نرخى دراو و گرانبوونى کاڵاکان و نەبونى خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و کەڵەکەبوونى قەرزە دەرەکیەکانى کۆمپانیا نەوتیەکان و پیادەکردنى سیاسەتى هەڵەى ئابورى و ئەمنى و… هتد. لێکەوتۆتەوە و هەموانیان زادەى بێدادى و بێ پلانى و نایەکسانى دەسەڵاتەوە بوە لەم هەرێمەدا.
بۆیە گەر بەهەق و ڕاستگۆیى دەخوازرێت چاکسازى بکرێت لەو بوارانەدا کە پڕۆژە یاساکە دیاریکردون پێویستە پەڕلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەستن بە:
1- دەرخستن و دیاریکردنى تەواوى داهاتى هەرێمى کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین بە داهاتە( نەوتى و نا نەوتیەکانیشەوە ) و کۆکردنەوەیان تەنها لە گەنجینەى حکومەتدا، چونکە بەبێ دیاریکردن و دەرخستنى داهاتەکان بەشێوەیەکى شەفاف و ڕوون مەحاڵە بتوانرێت چۆنێتى خەرجیەکان ڕێکبخرێتەوە و پلانیش بۆ چاکسازى و نەهێشتنى گەندەڵى دابنرێت.
2- دەسەڵاتى حیزب و سەرکردە و کەسە دەستڕۆیشتوەکان و کۆمپانیاکانیان دووربخرێتەوە لە کاروبارى حکومەت و تەنها ئۆرگانە شەرعیەکانى حکومەت کارا و خاوەن بڕیار بن.
3- بەرژەوەندى گشتى هاوڵاتیان و وڵات و مێژووى خەبات و قوربانیدانەکان بخەنە سەروو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانەوە.
4- بۆ ڕێکخستن و بەسەرداچونەوە و چاکسازیکردن لە پڕۆسەى خانەنشینکردنى پلە تایبەت و باڵاکاندا، پێویستە پێش ئەوەى باس لە ڕێژە و بڕى خانەنشینیان بکرێت،گەرەکە سەرەتا بڕى مووچەى اسمى و دەرماڵەکانیان کەمبکرێتەوە،ئەوکات زۆر بە سانایى لەسایەى یاسایەکى خانەنشینى مۆدیرن و دادپەروەرانەدا کێشەى خانەنشینیەکانین چارەسەردەکرێت و پێویست بەمشتومڕى بێزەنتى ناکات.چونکە کاتێک پەڕلەمانتار یان وەزیر مانگانە بڕى 8 ملیۆن و زیاتریش مووچە وەردەگرێت، ئیدى بەپێى یاساکە بێت کە 70% دیاریکردوە بڕێکى زۆر خانەنشینى بەردەکەوێت،بۆیە گەرەکە مووچەى سەرۆکى هەرێم و پەڕلەمان و حکومەت و جێگرەکانى و ئەوانى تریش لە مووچە ئیسمیەکانیانەوە کەمبکرێتەوە نەک وەک ئێستا لە پڕۆژە یاساکەدا هاتوە.بۆیە گەر بەم شێوەیە نەبێت ئەوا پڕۆسەى چاکسازیەکە تەنها ناوە و ناوەڕۆکى نابێت.
5- گەرەکیشە پەڕلەمان و پەڕلەمانتارانیش هەنگاوێکى خەمخۆرانە و بوێرانە هاوشێوەیەى پەڕلەمانى عێراق هەڵنێت بۆ کەمکردنەوەى مووچەکانى خۆیان و حکومەتیش. کارى چاودێریکردنى کەموکوڕیەکانى حکومەتیش ووردتر و چاوکراوانەتر ئەنجامبدەن و بوێرانە دەستبخەنە سەر گەندەڵى و کەموکوڕیەکان و حکومەت و وەزیرەکان بانگهێشت بکەن بۆ لێپرسینەوە و پەڕلەمانێکى بوێر و چاونەترس بن نەک شەرمن و ترسنۆک لەبەردەم حکومەتدا.
6- دەرکردنى یاسایەکى خانەنشینى گونجاو کە کەمترین بڕى خانەنیشنى لە 500 هەزار کەمتر نەبێت بۆ سەرجەم فەرمانبەران بەشێوەیەک دادپەروەرى زۆرى تیادابێت و جیاوازیەکانیش کەمبکاتەوە.چونکە وەزیر یان پەڕلەمانتار لەماوەى 4 ساڵى خزتمەتیاندا هێندە مووچە وەردەگرن کە بەرتەقاى 10-20 ساڵى فەرمانبەرێکى ئاساییە.
7- بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژە یاسایە دواى پەسەندکردنى لەلایەن پەڕلەمانەوە، گەرەکە حکومەت هەریەکە لە ئۆرگانەکانى(( داواکارى گشتى و دەستەى دەستپاکى و دیواى چاودێرى دارایى))زیاتر چالاک و پشتیوانیان بکات بۆ ڕێگریکردن و نەهێشتنى گەندەڵى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى گشتى.
8- پەڕلەمان ئەرکێتى کە بەدواداچوون بکات بۆ ئەو یاسایانەى کە دەریکردون و حکومەت جێبەجێیان ناکات، بەتایبەتیش ئەو یاسایانەى کە پەیوەندیان بە داهات و نەوت و سامانە سروشتیەکانەوە هەیە ،نمونەى یاساى ژمارە 22ى ساڵى 2007 گاز و نەوتى هەرێمى کوردستان و یاساى ژمارى 2ى ساڵى 2015 ێندوقى داهاتە نەوتیەکان و… هتد.
9- وەک ئەوەى باس دەکرێت بەداخەوە گەندەڵى گەورە لەهەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و ناوخۆدا هەیە لە بوونى زیاد لەمووچەیەک و کەسانى بندیوار و بەخشینەوەى ناونیشان و پۆست و ئیمتیازات و ….هتد.بۆیە پێویستە بە گیانێکى خەمخۆرانە و هیمەتێکى پۆڵاینەوە ڕووبەڕووى هەموو ئەو گەندەڵیانە بوەستنەوە و بنەبڕیان بکەن بەبێ گوێدانە پۆست و پلە و لایەنگرى حیزبى و ئەو هێزە قارەمانانە و ناوناوبانگە پیرۆزەکانیان لیخن نەکرێت بەهۆى چەند کەس و بۆ چەند ملیۆن دینارێکى حەرامەوە.
لەکۆتاییدا، گەر ئەم پڕۆسەیە سەربگرێت و وەک دەوترێت مانگانە لانى کەم بڕى 100 ملیار دینار دەگەڕێتەوە گەنجینەى حکومەت،ئەوا بەدڵنیایەوە ئایندەیەکى گەش و خۆشگوزەرانى چاوەڕوانى هەموان دەکات، بەپێچەوانەشەوە گەر خوانەکردە شکستى هێناو تەنها وەک پڕۆژە یاسا مایە و یان کارى پێنەکرا ئەوا بەدڵنیایى کارەسانى جەرگبڕى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتیشى لێدەکەوێتەوە کە دووریش نیە تەواوى ئەم ئەزمونى حوکمڕانیەمان لەکیس بچێت لەسایەى ئەو دۆخە ناجێگرەى تەواوى عێراقى گرتۆتەوە.
بەهیواى ئەوەى ئەم کابینەیەى حکومەتى هەرێم کە دروشمى کوردستانێکى بەهێزى بەرزکردۆتەوە لەسایەى ئەم یاساى چاکسازیەدا بتوانێت حکومەتێکى بەهێزى دوور لەگەندەڵى ڕێکبخاتەوە و دادپەروەرى و یەکسانى لەنێوان فەرمانبەرانى پلە باڵاکان و پلە نزمەکاندا وەدیبێنێت، تا بتوانێت خۆشگوزەرانى زیاتر بۆ هاوڵاتیان و ئاوەدانى زیاتریش بۆ هەرێمەکەمان دەستەبەربکات. وڕێگە بگرێت لە تەقینەوەى توڕەیى و ناڕەزایەتى هاوڵاتیان بۆئەوەى ئەوەى لە عێراقدا ڕوودەدات لە هەرێمیشدا سەرهەڵنەدات و ببێتە حکومەتێکى ڕەشید و دادپەروەر و ئەمین لەسەر ژیان و گیان و سەروەت و سامانى هاوڵاتیان و وڵاتیشمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت