عەتا قەرەداخی: کۆمەڵگەى کوردی و توندوتیژی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە رووی غەریزەوە مرۆڤ هەڵگری دوو جۆرە غەریزەی سەرەکیە کە یەکەمیان غەریزەى مرۆییەو ئەوی تریشیان غەریزەى ئاژەڵیە. بە سرووشتی لە مرۆڤدا غەریزەی مرۆیی باڵادەستترەو توانای کۆنترۆڵکردنی غەریزە ئاژەڵییەکانی هەیە. غەریزە ئاژەڵیەکانی مرۆڤ ئەوانەن کە بە ئاراستەى جۆرێک لە دڕندەیی مرۆڤ دەجوڵێننو پاڵ دەنێن. هەرکات ئەو هاوسەنگیەى لە نێوان ئەم دوو جۆرە غەریزەیەدا هەیە لە بوونی مرۆڤدا تێکچوو، بە تایبەتی ئەگەر غەریزەی ئازەڵی باڵادەست بوو ئەوا مرۆڤ زۆرێک لە خاسێتە مرۆییەکانی خۆی لە دەست دەداتو دەبێتە بوونەوەرێکی تر. پاڵنەرەکانی شەڕو کوشتنو تێکدانو وێرانکردنو سڕینەوەى ئەوانی تر دەرئەنجامی ئەو غەریزە ئازەڵیەی مرۆڤە کە مرۆڤە دەکاتە ئەو دڕندەیەى کە لە هیچ شتێک سڵ نەکاتەوەو لە هیچ شتێک نەگەڕێتەوە.
بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی رەفتارکردنی مرۆڤ بە جۆرێکی نادرووستو ناشیستە بە خودی مرۆڤ، غەریزەی ئاژەڵی مرۆڤە. خۆ ئەگەر مرۆڤ خۆی دایە دەستی ئەو غەریزەیە ئەوا لە هەموو دڕندەکان دڕندەتر دەبێت چونکە ئەوسا ئەم بەوە لە دڕندەکانی تر جیادەکرێتەوە کە ئەوان تەنیا خاوەنی هێزو غەریزەن، بەڵام ئەم خاوەنی هێزو غەریزەو عەقڵیشە کە ئەمەی دوواییان لە دوانەکەى تر گرنگترو پڕ بایەخترە بۆ دەسەڵاتکردن بەسەر هەموو دەوروبەرداو بۆ مل پێکەچکردنی ئەوانی ترو بەکارهێنانیان بە پێی ویستو ئارەزووی مرۆڤەکە خۆی کە زۆرینەى کات ئەو مرۆڤەى کە گەیشتە ئەم ئاستەیە ئیتر هیچ سنوورو بنەمایەک ناناسێتو چۆنی بوێت تێکدەداتو دەڕوخێنێتو دەکوژێتو وێران دەکات. کەواتە لێرەوە ئەوە ئاشکرا دەبێت کە یەکێک لەسەرچاوە هەرە سەرەکیەکانی تووندو تیژی لە لای مرۆڤ بە کاریگەری غەریزەی ئازەڵانەى مرۆڤەو چەندێ ئەو غەریزەیە بەهێز بێت ئەوەندە ئەگەری فراوان بوونی رووبەری توندوتیژی زیاترە. ئەم بۆچوونەى کە ئێمە لە روانگەى غەریزەی مرۆییو غەریزەی ئاژەڵیەوە لە بوونی مرۆڤدا لێی دەدوێینو پێمان وایە باڵادەستبوونی غەریزەی ئاژەلی دەبێتە هۆی شێواندنی خودی مرۆڤو لە دەستدانی ناسنامەى مرۆڤ بوونو رەفتارکردنی وەکو بوونەوەرێکی تر کە زیاتر خاسێتو سیمای بوونەوەرێکی دڕندە هەڵدەگرێت.
ئەم تێڕوانینە لە رووی ئایینیەوە بە جۆرێکی ترو بەڵام بە هەمان مەبەست لێکدەدرێتەوە کە ئەویش هاوسەنگی پاڵنەری خێرو شەڕە لە مرۆڤدا کە ئەویش دیسان جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوانیاندا نیشان دەداتو ئەگەر پاڵنەری خێر بەهێزترو باڵادەستتر بێت ئەوا مرۆڤ دەبێتە بوویەکی هێمنو نەرمو نیانو لێبووردەو دوور لە رقو کینەو گیانی تۆڵە سەندنەوە، کە ئەمەش دیسان دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ دوورخستنەوەى مرۆڤ لە بەکارهێنانی هەرجۆرە تووندو تیژییەک.
ئەمەى لەسەرەوە باسمان کرد روانینە بۆ سەرچاوەى بەرهەم هێنانی تووندو تیژی لە لای مرۆڤ وەکو تاکەکەس، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە مرۆڤ بوویەکی کۆمەڵایەتیەو کەسێتی مرۆڤیش چ بە لایەنی پۆزەتیفو چ بەلایەنی نێگەتیفدا لە نێو کۆمەڵگەو لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا دەردەکەوێت واتە لە پەیوەندی تاکەکەس لە دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگەدا، ئەویش لە خێزانەوە بۆ ناو پۆلی خوێندنو بۆ شوێنی کارکردنو بۆ سەرشەقامو بۆ نێو دامەزراوە سەرەکیەکە کە کۆمەڵگە خۆیەتی. بێگومان هەریەکە لەم دامەزراوانە دەوری سەرەکی دەبینێت لە پەروەردەکردنی مرۆڤداو هەر پەروەردەی نێو ئەم دامەزراوانەیە کە وا لە مرۆڤ دەکات کام لەو دوو غەریزەى کە باسمان کردن تیایدا باڵادەست بێت. غەریزەی مرۆیی یان غەریزەیی ئاژەڵی چونکە ئەوە ئاشکرایە کە ئەم دوو غەریزەیە لە هەموو مرۆڤەکاندا بوونیان هەیە، بەڵام دامەزراوەکانی کە مرۆڤیان تێدا پەروەردە دەبێتو تیایاندا دەژی ئەوانن کەسێتی ئەو مرۆڤە ئامادە دەکەنو دەیخەنە سەر رێگا، ئیتر کام رێگایان بێت رێگای مرۆیی یان رێگایی دڕندەیی.
ئەگەر بمانەوێت لەسەر هزری تووندو تیژی لە کۆمەڵگەى کوردیدا ئاخاوتن بکەین دەبێ بگەڕێنەوە بۆ باسکردنی پەروەردە لەم کۆمەڵگەیەدا هەر لە یەکەمین خانەى پێکهاتنی کۆمەڵگەوە کە دامەزراوەى خێزانە تا دەگاتە دامەزراوەى پەروەردەو دامەزراوەى خێڵو عەشیرەتو حیزبو پاشانیش کۆمەڵگە.
سەرەتای پەروەردەى مرۆڤ کە ئەوەش دەبێتە بنەمای پێکهێنانی کەسێتی لە خێزانەوە دەست پێدەکات. خێزانی کوردی کە دامەزراوەیەکی داخراوی شێواز پەیوەندی هەرەمییە کە باوک لە لوتکە هەرەمەکەدایەوئاراستەی پەیوەندیەکان یەک ئاراستەیە ئەویش لە لوتکەى هەرەمەکەوەیە بە ئاراستەى خوارەوە، واتە بەرەو بنکەی هەرەمەکە کە ئەوەش ناتوانرێت بە پەیوەندییەکی هاوسەنگ دابنرێت بەڵکو سرووشتی فەرمانکردنی دەبێت واتە لەسەرەوە فەرمان دەردەچێتو لە خوارەوە دەبێ جێبەجێ بکرێت، بە بێ ئەوەی مافی رەتکردنەوە هەبێت، ئەمەش ئەندامی خێزان وەکو بەرکارێک لێدەکات کە هەمیشە کاری لەسەر دەکرێت، کە ئەوەش جۆرێک لە بێزاری رقو کینەو هەست بەسەرکوتکردن لە لای تاکی ئەندامی خێزان درووست دەکات. ئەم باری سەرکوتکردنو نەتوانینی توانا بۆ لە رووداوەستانو رووبەڕوبوونەوەو هەوڵدان بۆ رەتکردنەوەى ئەو فشارو هەژموونەى بەسەر تاکەکەسەوەیە دەبێتە بنەما بۆ کاردانەوە. دیارە هەموو کاردانەوەیەکیش لە گەوهەردا کردەیەکی نائاساییو ناسروشتیە لە رووی جوڵەو خۆنمایشکردنەوە. هەر بۆیە لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە توندو تیژی لەگەڵدایەو رەنگە ئەگەر بواریشی بۆ بکرێتەوە زەبرزەنگیش بهێنێت. لێرەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت کە دامەزراوەى خێزان لە ئاستی یەکەمدا لە کۆمەڵگەى ئێمەو هاوشێوەکانیدا بەرهەمهێنی توندو تیژییە.
لە دوای خێزان دامەزراوەى دووەم قوتابخانەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگەى تێدا پەروەردە دەبن. دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە سیستێمی پەروەردە تاکو ئێستا لە وڵاتی ئێمەدا سیستێمێکە هاوشێوەی دامەزراوەکانی تری ئەم کۆمەڵگەیەو سیستێمێکی تەڵقینیەو سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوەیەو ئەو عەقڵەى کە بەڕێوەى دەبات هەمان سیاسەتو عەقڵی باڵادەستی کۆمەڵگەیە کە ئەویش سیستێمێ ئاراستە پەیوەندی هەرەمیە، هەمان شێوەی سیستێمی خێزانو دامەزراوەى خێڵو دامەزراوەى حیزبی شمولی تاکەکەسیو هاوشێوەی هەرەمی دینی کە فەرمان لەسەرەوە دەردەکرێتو لە خوارەوە دەبێ جێبەجێ بکرێت. لە سیستێمی پەروەردەی ئێمەدا کە پێشتر سیستێمی پەروەردەی عێراقی بووە، ئەو سیستێمەش لە پرینسیپدا سیستێمی بەریتانیەو هەر لە درووستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراقیەوە لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوودا پیادەکراوە، ئەویش دوو ئامانجی سەرەکی هەبووە کە یەکەمیان بریتی بووە لە پەروەردەکردنی مرۆڤێکی لاوازى دەستەمۆی ئەوتۆ کە نەتوانێت لەسەر پێی خۆی رابووەستێتو مل کەچ بێتو بە هەموو شتێک بڵێت بەڵی بۆ ئەوەی مرۆڤێک بێت لە رووی دەسەڵاتی پاشایەتی ئەڵقە لە گوێی ئینگلیزدا رانەوەستێت. ئامانجی دووەمیش بە هۆی باڵادەستبوونی نوخبەى ناسیونالیستی عەرەبی عێراقیەوە لە دامەزراوەى پەروەردەدا سەرەتاکانی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی عەرەبی لە نێو پرۆگرامی پەروەردەی عێراقیدا جێگای کراوەتەوە کە ئەویش ئایدیۆلۆجیایەکی توندڕەوی داخراوی بارگاوى کراو بووە بە بنەماکانی شۆڤێنیزمو رەیسیزم. کەواتە پرۆژەى پەروەردە لە عێراقدا کە کوردیش لەم بەشەدا بەشێک بووە لەو پرۆژەیە بە دوو ئاراستە بە کەلتوورو عەقڵو هزری توندو تیژی پەروەردە کراوە کە یەکەمیان خودی سیاسەتی گشتی پەروەردەى بەریتانی یان شێواز بەریتانی لە عێراقدا بەرهەمهێنی نەوەیەکی سەرکوتکراوو داپڵۆسراو بووە کە قوتابی لە پێگەى کۆیلەدا بووەو مامۆستاش لە پێگەی فەرمانڕەوادا بووەو پەیوەندی نێوان ئەم دووانەش پەیوەندی فەرمانکەرو فەرمان بەسەردا کراو بووە کە ئەم پەیوەندییەش هەمیشە لە سەرەوە بە توندوتیژیو زەبروزەنگ بەسەر خوارەوەدا دەسەپێنرێتو خوارەوەش هەمیشە کاردانەوەى توندی دەبێت بەرامبەر بە شێوازى ئەو فەرمانکردنە. لە کاتێکدا کە ناتوانێت راستەوخۆ ئەو کاردانەوەیە بە رێگای درووست دەرببڕێت رێگای تر لەبەردەگرێت کە ئەویش خاڵی نییە لە توندوتیژیو زەبروزەنگ، کەواتە هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە پرۆسەى پەروەردەی ئێمە منداڵ ئامادەداکات بۆ کاردانەوەى توندوتیژ، ئەمە سەرباری ئەوەی کە بە توندی رەفتاری لەگەڵ دەکرێتو بە سرووشتی خۆیشی لەگەڵ رەفتاری تونددا رادێتو دەگاتە ئەوەی کە بۆ یەکلایی کردنەوەی سادەترین کێشەش بڕوای بەوە بێت کە بە توندو تیژیو لە رێگای هێزەوە مەسەلەکان یەکلایی بکاتەوەو بوونی خۆیو سەرکەوتنی خۆی بسەلمێنێت.
هەروەک ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی عەرەبیش لە پەروەردەی عێراقیدا، هەڵگری کەلتووری توندوتیژیو بەرهەمهێنی عەقڵی سڕینەوەى هەموو ئەوانی تر بووە. ئەم دوو ئاراستەیە بە ئاشکرا لە پەروەردەی منداڵی کوردیشدا کاری کردووەو، کۆنەستی تاکی کوردیی گرتۆتەوەو سەرئەنجام تاکی کوردی کە قۆناغی یەکەمی پەروەردەکردنی لە نێو ئەو خێزانەوە هاتووە کە پێشتر باسمان کردو قۆناغی دووەمی پەرەوەردەکردنیشی لەو سیستێمی پەرەوەردەیەوە هاتووە کە بریتی بووە لە دامەزرایەوەیەک لە پاَل فێرکرنی زانستو زانیاریدا هەوڵیداوە تاکێک پەروەردە بکات کە سەرکوتکراوو کەسێت تێکشکێنراو بەسەرخۆدا شکاوە بێت، کە کەسێتی لەم جۆرەش هەمیشە لە هەڵوێستی خۆخواردنەوەو هەست بە غوبن کردندایە کە ئەم حاڵەتەش ئەگەر بواری بۆ رەخسا لە کاردانەوەى توندو تیژدا گوزارشت لە خۆی دەکات. هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی توندوتیژی لە کۆمەڵگەى کوردیدا لە سیستێمی پەروەردەوە سەرچاوە دەگرێت کە سیستێمی سزادانو تێکشکاندنی کەسێتی منداڵو لاوە لەبەرامبەر فێرکردندا.
ئەگەر لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش سەیر بکەین کۆمەڵگەى کوردی کۆمەڵگەیەکی خێلایەتیە، هەرچەندە رەنگە هەندێک بە ئاسانی دان بە راستی ئەم بۆچوونەدا نەنێن، بەڵام لە رووی سیۆسیۆلۆجیەوە یەکەى سەرەکی بنیادی پێکهێنەری کۆمەڵگەى کوردی خێڵ عەشیرەتە کە بنەمای سەرەکی درووستبوونو پەیوەستبوون ئەم دامەزراوەو جوڵینەری مێژووش تیایدا رەگەزی خوێنو دەمارە، کە ئەم دوو رەگەزەش لە روانگەی کۆمەڵایەتی بوونەوە دوو رەگەزى توندو داخراوو سەرەتاین چونکە سنووری پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەى خێڵو عەشیرەتدا لە قاڵب دەدەنو رێگا نادەن بە ئاسانی ئاستی پەیوەندییەکان بگوارزێتەوە بۆ دەرەوەى دامەزراوەکە واتە بۆ دەرەوەى ئەوانەى کە رایەڵەی خوێنو دەمار پێکیانەوە دەبەستێت. لە هەمان کاتیشدا لەم دامەزراوە داخراوەدا کە ئاراستەى پەیوەندییەکان دیسان شاوڵیەو لە لوتکەى هەرەمەکەوە بە ئاراستەى بنکەى هەرەمەکە دادەبەزێت، پەیوەندییەکان یەک ئاراستەن کە پەیوەندی یەک ئاراستەش مانای فەرمانکردن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوەى فەرمانەکەى ئاراستە دەکرێت خاوەنی دەنگو ئامادەبوون نییەو تەنیا مافی جێبەجێ کردنی هەیە کە ئەمەش دیسان مانای سەرکوتکردنو بێدەنگ کردنو پاسیڤکردنی رووبەری فراوانی خوارەوەى ئەو دامەزراوەیە کە زۆرینەش پێکدەهێنێت. لە راستیدا شێوازى پیادەکردنی پەیوەندی هەرەمی واتە لەسەرەوە بۆ خوارەوە کە تیایدا فەرمان هاوشێوەى فەرمانە لە هەرەمی فیکری دینیدا. دیارە ئەویش حساب بۆنەکردنی رووبەرە فراوانەکەى خوارەوەیە واتە کۆمەڵگە کە ئەویش بە سیاسەتو ستراتیژی توندی نێو دامەزراوەى خێڵ خۆی جێبەجێ دەکرێت کە لەو دامەزراوەیەدا تەنیا لوتکەى هەرەمەکە خاوەنی هەموو بڕیارێکەو بنکەى هەرەمەکە تەنیا فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن، کە زۆربەى کاتیش بە زۆر ئەوەیان بەسەرا دەسەپێنرێت، کە ئەمەش جۆرێکە لە توندو تیژی، بە هەمان پێوانە خوارەوەش ئامادەکات کە بە توندوتیژی وەڵام بداتەوە ئەگەر پێی کرا یان هەلی ئەوەى بۆ رەخسا.
بێگومان دامەزراوەى حیزبیش کە مێژوویەکی زۆر کۆنی نییە لە کۆمەڵگەى کوردیداو، حیزبیش لە بنەڕەتدا وەکو دامەزراوەى کۆمەڵگەى مەدەنی سەیر دەکرێت، بەڵام لەم کۆمەڵگەیەدا حیزب ئەڵتەرنایتیفی خێڵو عەشیرەتەو شێوازی پێکهاتنی هەمان شێوازى هەرەمی خێڵی هەیە کە ئەویش هەرەمی دەسەڵاتی ئایینیو دامەزراوەى خێڵو عەشیرەتەو ئاراستەى فەرمان لە لوتکەوە بۆ خوارەوەیەو ئەگەر بنەمای پێکەوەبەستن لە دامەزراوەی خێڵو عەشیرەتدا خوێنو دەمار بێت ئەوا بنەمای پێکەوەبەستن لە دامەزراوەى حیزبدا دەبێ بیرو ئایدیۆلۆجیا بێت کە لە راستیشدا کۆی ئایدیۆلۆجیاکان بارگاوى کراون بە رەگەزەکانی توندو تیژیو هەڵگری ئەو پرۆژەیەن کە دەڵێت: بۆ ئەوەى خۆم هەبم دەبێ کەسی تر نەبێتو بۆ ئەوەی خۆم هەموو شتێ بم دەبێ هەموو ئەوانی تر بسڕمەوە. دیارە پەروەردەی حیزبیش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە هیچ شێوەیەک لە پەروەردەی خێزانو قوتابخانەو نێو دامەزراوەى خێڵو عەشیرەت باشتر نییەو ئەمیش پەروەردەیەکە کاری سەرکوتکردنو بێبەهاکردنی بەشەکانی خوارەوەیە بە جۆرێک کە خوارەوە وەکو دەسەڵاتێکی توندو تیژی ناجۆر سەیری سەرەوەى خۆی بکات، هۆکەشی ئەوەیە کە سەرەوە لە رێگای فەرمانی توندەوە لەگەڵ خوارەوە مامەڵە دەکاتو خوارەوەش جۆرێک لە رقو کینەى لەلا درووست دەبێت کە ئەویش بە کاردانەوە وەڵام دەداتەوە کە ئەو کاردانەوەیەش خاڵی نییە لە توندو تیژی، ئەمە سەرباری ئەوەی گە پەروەردەی حیزبی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە جۆرێکە کە هەموو ئەو رووبەرەی لە دەرەوەى حیزبن وەکو ئەوى نەیار سەیر دەکرێنو، ئەم تێڕوانینە ناتەواوەش بەسە بۆ ئەوەى ئەو بۆچوونە لە لای ئەندامانی حیزب درووست ببێت کە ئەو رووبەرە فراوانەى کۆمەڵگە لەوان نینو لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەواندا نینو ئەوەش رێگا خۆشکەرە بۆ رەفتارکردن لەگەڵ ئەو رووبەرە فراوانە بە شێوەیەکی توندو تیژ، بە تایبەتی کە حیزبیش لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیا بیناکراوەو ئایدیۆلۆجیاکانیش کە خاسێتی ئایینیان هەیە ئەوەى لەگەڵی نەبێت واتە لەسەنگەری دژدایەو هەر ئەو بنەما ئایدیۆلۆجیە بەئایین بووەش رێگا بە هەر رەفتارێکی توندو تیژ لەگەڵ ئەوانی دەرەوەیدا دەدات، مادەم بەرنامەی حیزبو عەقڵی حیزبی لە کۆمەڵگەى ئێمەدا تاکو ئێستا ئەوەیە کە ئەوی لەگەڵم نییە ئەویترەو دیارە لە فەرهەنگی ئێمەشدا ئەو عەقڵیەتە درووست نەبووە کە ئەویتر یان ئەوى جیاواز قبوڵ بکات، بەڵکو لە روانینی تەسکی حیزبایەتییەوە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا ئەویتر واتە دوژمن. ئەم عەقڵیەتەش رەوایەتی بە خۆی دەدات کە هەرچۆن بۆی بکرێتو بگونجێت بە زەبرو زەنگو توندوتیژی لەگەڵ ئەوی نەیار یان دوژمن یان تەنانەت جیاوازدا رەفتار بکات. بێگومان باڵادەستبوونی ئەم عەقڵیەتیە کە هەمیشە لە کۆمەڵگەى کوردیدا هۆکاری پشێوىو ئاژاوەى کۆمەڵایەتیو سیاسیە کە ئەوەش بەردەوام بەرهەمهێنی توندوتیژیو زەبروزەنگە.
دیارە سەرباری ئەوەى کە حیزبی کوردی جۆرێکە لە ئەڵتەرنایتیفی دامەزراوەی خێڵو بە ئایدیۆلۆجیای لە قاڵبدراوی حیزبایەتیو بارگاوى کراو بە ماکەکانی توندوتیژی کۆنترۆڵ کراوە، هۆکارێکی تری ئاشکراش هەیە بۆ ئەوەى کە حیزبی کۆمەڵگەى ئێمە لە ئاگاییەوە بێت یان بێئاگایانە لە زەمینەى شاردا پیادەی جۆرێک لە تووندو تیژی دەکات، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کارکردنی بەردەوام بە عەقڵی شاخو بە کەلتووری شاخ. دیارە ئەوە ئاشکرایە سەرباری ئەوەی کە شاخ وەکو سرووشتی خاوێن سەیر دەکرێتو پانتاییەکە فەزای رۆمانسیەتو رۆح و گەوهەری جوانی پۆشیوێتی، بەڵام لە رووی ژیانەوە جۆرێکە لە سەختیو ململانێ بە تایبەتی بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان. بەڵام مەبەستی ئێمە لێرەدا لە عەقڵی شاخ ئەو جوانی رۆمانسیەتەی سرووشت نییە، بەڵکو مەبەستمان لەو عەقڵیەتەیە کە بزووتنەوەى نەتەوەیى کورد لە خەباتی شۆشڕگێرانەی شاخدا کە خەباتی رزگاری نیشتیمانی بووە چۆن خۆیی پێبەڕێوەبردووە، کە عەقڵیەتی خەباتی پارتی زانیو رووبەڕووبوونەوە بووە لەگەڵ رژێمێکی سەرسەختی دڕندەدا کە چی جۆری توندو تیژی هەیە بەرامبەر بەو هێزانەی ئێمەو نەتەوەکەشمان بەکاری هێناوە. بە ناچاری کاردانەوەى هێزەکانی ئێمەش بەرامبەر بەو توندوتیژییانە هەر توندوتیژی بووە، کە سەرئەنجام ئەو شێوازى توندوتیژییە لە ئەنجامی پیادەکردنی ناچاریدا بووەتە بەشێک لە عەقڵوکەلتووری حیزبی کوردیو کاتێکیش لە دوای راپەڕین هاتۆتە شارو دەسەڵاتی گرتۆتە دەست نەیتوانیووە لەو عەقڵیەتو رەفتارەى کە وەکو بەشێک لە کەسێتی ئەوی لێهاتووە رزگاری ببێت. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیە کە حیزبی کورد یان دەسەڵاتی کوردی بە تایبەتیو کۆمەڵگەی کوردیش کە بە گشتی بەرهەمی هەمان ئەم جۆرە پەروەردانەیەو هەڵگری کۆی ئەم خاسێتانەیە تاکو ئێستا نەتوانێت خۆی لە توندوتیژیو زەبرزەنگ دوور بخاتەوە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەیبینین لە پیادەکردنی توندوتیژیو لە هەڵسوکەوتی ناشایان بە مرۆڤ بە گشتی کە رۆژانە بەها باڵاکانی مرۆڤ لەلایەن حیزبو دەسەڵاتو تەنانەت بەشێک لە خەڵکیشەوە پێیان لێدەنرێتو پێشێل دەکرێن بەرهەمی ئەم باکگراوندە کۆمەڵایەتیو سیاسیو عەقڵیو کەلتوورییەیە کە تاکو ئێستا لە بوونی کۆمەڵگەى کوردیدا نەک هەر زیندوون بەڵکو چالاکو باڵادەستنو جوڵێنەری کۆمەڵگەن بە دەسەڵاتو جەماوەریشەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت