ئارام عەلی عەزیز: خۆرى کوردستان هەڵات.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وەفد دێت و وەفد دەڕوا. ترافیکی کوردستان زۆر قەرەباڵغە. مایک پێنس لە هەولێرە. برنار هنرى لیڤی لە رۆژئاوا. یوشکا فیشەر دەڵی: بەبێ کورد هیچ چارەسەرێک لە خۆرهەڵاتى ناوەراستدا سەرناگرێت. عەبدولفەتاح سیسی سەرکۆماری میسریش بە کچە کوردەکەى بەشداربووى کۆڕبەندى لاوانى جیهان لە میسر دەڵێ: ئەمڕۆ کەس ناتوانێت لە ناسنامەکەت بێ بەشت بکات، کە مەبەستى ناسنامەى کوردبوونە.
بێگومان ئەجینداى تایبەتى لە پشت ئەو سەردان و لێدوانانە هەن، کە رەنگە خێر بێت، یان شەڕ بۆ کوردستان، بەڵام هەموى یەک چشت دەسەلمێنن، ئەویش ئەوەیە، ئیتر کەس ناتوانێت کوردو کوردستان فەرامۆش بکاتن، ئەمە زلهێزبێت، یان ملهێز.
کەس نەڵێ باوى دیموکراسیی و مافی مرۆڤە، ئەوانە ویژدانیان خەبەرى بۆتەوەو زگیان بەکورد دەسووتێت. ئەو کوردەى دوێنێ بە قەتلوعام و ئەنفال، بە راگواستن و تواندنەوە، بڕیارى لەناوبردنیان بەسەردا جێبەجێکرا، ئەمڕۆ هەر نوێنەرانى سیستەمى ستەمکاریەکەیە، بە چەپ و راستیەوە باس لە هەبوون و بەهێزبوونەوەى دەکەن. ئەو کوردستانەى دوێنێ بەزەبرى هێز دابەشکراو کرا بە عیراق و تورکیاو ئێران و سوریا، ئەمڕۆ کۆت و زنجیرى دابەشکاریی پچڕاندو زەمینەى بەردەوامبوونى داگیرکارى نەهێشت و وا خەریکە بەرەو یەکگرتنەوە هەنگاو دەنێت.
ئەو کوردستانەى دوێنێ لە دێرسیم بە ناوى خەونێک لە گۆڕنرا، ئەمڕۆ بە هیزێکى گەورەوە وا دەبوژێتەوەو خۆى یەکدەخاتەوەو هەموو ناوچەکەیش لە گەڵ خۆیدا دەکاتەوە یەک، چونکە دڵى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستە. دڵى زەمینیشە. کە دڵ بوژایەوە، جەستەیش دەبوژێتەوە.
ئەوان بە لەناوبردنى کوردو سڕینەوەى کوردستان ویستیان ئاین و شارستانیەت بسڕنەوەو لە ژێر ناوى بریقەدار وەحشیگەری بەسەر زەمیندا بڵاوبکەنەوە. بەڵام بۆیان نەچوەسەر. بە هەستانەوەیەکی موعجیزە ئاسای حەزرەتى عیسایانە، کوردو کوردستان لە گۆِر هەڵسانەوەو خۆیان بەسەر هەموو لایەکدا سەپاند. ئەمەیە هۆکارى سەرەکی ئەو هەموو گۆڕانە ئیجابیانە بەرامبەر بە کوردو کوردستان. ئەمڕۆ لە زمانى دوژمن و نەیارەکانمانەوە تێدەگەین، کە دنیا گۆڕاوە گوڵم، ئەگینا خۆمان هەر لە ئەشکەوتەکەداین. ئەو عەبدولفەتاح سیسیەى کە دوێنی لە ئەنفالدا سیستەمەکەى بە بەڵگەى رەسمى موخابەراتى عیراقی دەیان کچی پاکیزەى کوردی لە سەددامە مەلعونەکەى بەعس کڕیی و کەنیزەک ئاسا بەکاریان دەهێنان، ئەمڕۆ لە کۆڕبەندى لاوانى جیهان لە شەرم ئەلشەیخی میسر لە وەڵامى کچە کوردێکى بەشداربوودا دەڵێ، کەس ناتوانێن ناسنامەى کوردبوونت لێ زەوت بکات و ئەم پرسیارو ئامادەبوونەیشت لێرە سەلمێنەرى ئەمەیە. هەموو ئەمانە نیشانەى هەڵاتنى خۆرى کوردو بووژانەوەى شارستانى کوردستانە، کە سەردەمانێک لێرەوە، لە فوراتەوە بە پرشنگى مەعریفەى نیلی رووناک دەکردوە، ئەمڕۆیش خۆرەکەى لە هەڵاتندایە.