سـوپا سـلام: ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێ.!

له‌سه‌روبه‌ندى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى چواره‌مى (ى ن ك) دا، ره‌شنوسى په‌یڕه‌وى حزب كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى باڵاى په‌یڕه‌وى ناوخۆوه‌ ئاماده‌كراوه‌ سه‌رنجى راكێشام، ئه‌گه‌رچى ئه‌م به‌نده‌ى خوایه‌ چانسى بوون به‌ ئه‌ندامى كۆنگره‌ى نه‌بوو […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌سه‌روبه‌ندى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى چواره‌مى (ى ن ك) دا، ره‌شنوسى په‌یڕه‌وى حزب كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى باڵاى په‌یڕه‌وى ناوخۆوه‌ ئاماده‌كراوه‌ سه‌رنجى راكێشام، ئه‌گه‌رچى ئه‌م به‌نده‌ى خوایه‌ چانسى بوون به‌ ئه‌ندامى كۆنگره‌ى نه‌بوو هه‌تا له‌وێنده‌رێ به‌سه‌رمدا تێپه‌ڕ نه‌بێ، به‌ڵام ده‌یان هه‌زار شه‌هیدى وه‌ك براكانم و هه‌زاره‌ها زیندانى سیاسى وه‌ك دایك و باوكم ده‌مجوڵێنن له‌ هه‌مبه‌ر ره‌شنوسى پرۆژه‌یه‌ك كه‌ چاره‌نوسى خه‌بات و قوربانیدانى سه‌دان هه‌زارى وه‌ك ئێمه‌ى له‌سه‌ر به‌نده‌.
خوێندنه‌وه‌یه‌كى تاقه‌ت پڕوكێنه‌ مادده‌ به‌ مادده‌ى ره‌شنوسى په‌یڕه‌وى ناوخۆ لێره‌دا شرۆڤه‌ بكه‌ین، به‌ڵام خۆ ده‌كرێت په‌نجه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر هه‌ندێ ته‌وه‌ر كه‌ مایه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنه‌، له‌بیریشمان نه‌چێ كۆنگره‌و كۆنفرانسه‌كانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ هێند فۆكس ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به‌ لوتكه‌ى هه‌ڕه‌مه‌كه‌، نیو هێنده‌ له‌سه‌ر په‌یام و گوتار ستراتیجى كارى داهاتوو نیه‌، چونكه‌ سه‌ره‌نجامى كۆنگره‌ى كوردى شینه‌كه‌ بۆ هه‌ریسه‌كه‌یه‌ نه‌ك بۆ حسن و حسین، له‌وانه‌ش به‌شى چواره‌م كه‌ تایبه‌ته‌ به‌(ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى گشتى).
له‌مادده‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م به‌شه‌دا هاتووه‌ كه‌ (ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى گشتى پێكدێت له‌ 121 ئه‌ندام كه‌ له‌ كۆنگره‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن)! جێى خۆیه‌تى بپرسین بۆ 121 كه‌س؟ ئایا له‌ رووى ته‌شكیلیه‌وه‌ حزب مه‌خلوقێكى عه‌جیبى لێده‌رناچێت كه‌ خاوه‌نى سه‌رێكى زل و لاشه‌یه‌كى بچوك بێت؟ چونكه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌ك له‌ دووا یه‌كه‌كان ئاماژه‌ن بۆ بچوكبوونه‌وه‌ى لاشه‌كه‌ نه‌ك گه‌وره‌ بوونى، له‌سه‌ر ئاستى عیراق له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنى (2014 و 2018) زیاتر له‌ (230 هه‌زار) ده‌نگى حزب كه‌مى كردووه‌ ، هاوكات له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمیش له‌ هه‌ر دوو هه‌ڵبژاردنى (2013 و 2018) زیاتر له‌ (30 هه‌زار) ده‌نگ كه‌مى كردووه‌ ئه‌مه‌ وێڕاى ئه‌وه‌ى چوار نه‌وه‌ى دیكه‌ به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى ده‌نگداندا كردووه‌ و، له‌و ماوه‌یه‌شدا دوو پرۆسه‌ى یه‌كگرتنى حزبی ئه‌نجامدراوه‌ له‌گه‌ڵ (حزبى ئاینده‌، به‌شێكى دیارى حزبى زه‌حمه‌تكێشان ). ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌نجامانه‌ گوزارشت بن له‌ لاشه‌ى حزبه‌كه‌ پێویستى به‌و سه‌ره‌ زله‌ چیه‌؟
له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى (ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى گشتى) بارگرانیى ئابوورى له‌سه‌ر دارایی حزب دروست ده‌كات كه‌ رۆژانه‌ گوێمان به‌ گله‌یی و ناره‌زایی كادر ده‌زرینگێته‌وه‌ له‌ خراپى گوزه‌رانیان، چونكه‌ ته‌نها بۆ مووچه‌ى یه‌ك خولى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ (ئه‌گه‌ر ته‌نها سێ ساڵ بێت) زیاتر له‌ (8ملیار) و (710ملیۆن) دینار خه‌رجى سه‌رباره‌كى له‌سه‌ر ئیداره‌ى گشتى زیاد ده‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ دابینكردنى ته‌نها یه‌ك ئۆتۆمبێلى شایسته‌ بۆ ئه‌م (121هه‌ڤاڵه‌) كه‌ به‌ ساده‌یی حسابمان كردووه‌ نزیكه‌ى (4ملیار ) و (390ملیۆن) دینار ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نه‌سریه‌ و پاسه‌وان و دابینكردنى شوێن!
ره‌نگه‌ به‌شێك له‌ هه‌ڤاڵان دڵگرانبن به‌م شرۆڤیه‌ به‌و پێیه‌ى ده‌یانه‌وێت به‌شێكى دیاربن له‌ بڕیاره‌كانى حزب و ئه‌و هه‌له‌یان به‌رته‌سك ببێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك به‌ر پرسیارێتیه‌ك بۆ خه‌بات و قوربانیدانى خانه‌واده‌كه‌م و هه‌روه‌ها ئابوورى ناسێك كه‌ ئه‌مانه‌تێكى زانستى له‌ ئه‌ستۆمه‌، ده‌توانم بڵێم دۆخێكى مه‌ترسیدارى (دارایی و كارگێڕی) چاوه‌ڕێى ئه‌م حزبه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر بێت و پێكهاته‌ باڵاكه‌ى به‌و شێوه‌بێت.
له‌ رووى داراییه‌وه‌ بودجه‌یه‌كى زه‌به‌لاح بۆ خه‌رجیه‌ دووباره‌كیه‌كان (نفقات جاریه‌) ده‌ڕوات، هه‌روه‌ها له‌رووى كارگێریه‌وه‌ تواناى بڕیاردان و ئیداره‌دانى كۆبوونه‌وه‌كان زۆر قورس ده‌بێت، چونكه‌ ته‌نها بۆ (3ده‌قیقه‌)ى به‌شدارى هه‌ر ئه‌ندامێك بۆ یه‌ك ته‌وه‌ره‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئاسایی زیاتر له‌ (6 كاتژمێر)ی پێویسته‌،ئه‌گه‌ر خوا نه‌كرده‌ چه‌ند ته‌وه‌رێك بێت ئه‌وا كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌ كراوه‌یی ده‌بێت و كۆتایی نایه‌ت.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
سوپا سەلام

ئەرشیڤی بەڕێز: سوپا سەلام