دڵشاد مەجید: لەپەراوێزی کۆنگرەی یەکێتی.

ئەوە یەکێتیە کۆنگرە دەکا.. یا کۆنگرە یەکێتی دروست دەکاتەوە.؟ ئەم یەکێتیەی ئەمرۆ یەکێتی دوای تاڵەبانی، ئەمە یەکێتی ڕاستەقینەیە. یەکێتی سەردەمی تاڵەبانی، یەکێتی تاڵەبانی بوو. تاڵەبانی لەڕێگای یەکێتیەوە و لەرێگای کۆمەڵێک […]
سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوە یەکێتیە کۆنگرە دەکا.. یا کۆنگرە یەکێتی دروست دەکاتەوە.؟
ئەم یەکێتیەی ئەمرۆ یەکێتی دوای تاڵەبانی، ئەمە یەکێتی ڕاستەقینەیە. یەکێتی سەردەمی تاڵەبانی، یەکێتی تاڵەبانی بوو. تاڵەبانی لەڕێگای یەکێتیەوە و لەرێگای کۆمەڵێک خەڵکی ناھۆشیاری سیاسی و سەربازی، یەکێتی بۆ زیاتر دەرخستن و بەھێزکردنی پێگەو، بوون و کارێکتەری خۆی بەکاردەھێنا.
ھەروەک چۆن بنەماڵەی بارزانی پارتی بۆ دەرخستن و بەھێزکردنی کەسایەتیەکانی بنەماڵەکەی بەکاردێنێ، تاڵەبانیش بەھەمان شێوە یەکێتی بەکاردێنا، نەوشێروان مستەفاش کاتێ نەیتوانی تاڵەبانی ئاوت بکا، چونکە نەیدەویست تەنیا تاڵەبانی تاکە کەسی محوەری ناو یەکێتی بێ، ئەویش چوو حزبێکی دروست کرد، بەھەمان شێوەی ئەوان مان و نەمانی گۆرانی بە خۆیەوە گرێدا. بۆیە بەلاتانەوە سەیر نەبێ کاتێ کەسە محوەریەکان و کاریزماکانی وەک تاڵەبانی و نەوشێروان لەسەر گۆڕەپانەکە نامێنن. ئەو ھێزانە ڕۆژ لەدوای دەپوکێنەوە و تووشی سەرگەردانی دەبن.
بۆیە دەمەوێ بەراوردێک لەنێوان یەکێتی و گۆران و پەکەکە بکەین.. وە ڕۆڵی ھەریەکە لە تاڵەبانی و نەوشێروان و ئۆجەلان لەنێوان ترادیسیۆن و مۆدێلی فکری سیاسی بخەینەڕوو، ھەرکاتێک یەکێتی لە عوقدەی تاڵەبانی ڕزگاری بوو، دەتوانین بڵێین ئەم گۆنگرەیە بۆ دروستکردنەوەی یەکێتیە.
هەتا هەردوو ترادیسۆینی سیاسی تاڵەبانی و نەوشێروان هەڵنەوشێنیتەوە، ناتوانی جولەی سیاسی چەقبەستووی کوردستان بجولێنی، و یەکێتیش ببێتەوە ھێزی پارسەنگ. ئێمە پێویستمان بە فیکری سیاسی ئۆجەلانە، نەک بەمانای ئەوەی ببینە ئۆجەلانی.  من مەبەستم مۆدیلی حزب و کایەی سیاسی ئۆجەلانە، کە چۆن لەدوای نەمانی خۆی لەسەر گۆرەپانی سیاسی جولەو کارکەتکەرو کاریگەری حزبەکەی پەکەکە زیاتر دەبێ. بەڵام بەنەمانی تاڵەبانی و نەوشێروان یەکێتی و گۆران لە جوولە دەکەون و مت دەبن.
بەمانایەکی تر…
تا بەو شێوازە سیاسیە تەقلیدیقەی نەریتیەی ئەم دووکارەکتەرە کاربکەین. ناتوانین جوولەی سیاسی نوێتر بەرهەم بێنین. چونکە ئەمانە بۆچوون و روئیاو تێزو تموحی سیاسیان هەبوو نەک فیکرو ئایدۆلۆجیای سیاسی. لای تاڵەبانی و نەوشێروان، خۆیان میحوەری جولانەوە سیاسیەکە بوون، نەک حزبەکانیان. هەر لەگەڵ نەمانیان جوولەی سیاسی حزبەکانیان نامێنێ و تووشی ئیفلیج بوون و سەرگەردانی دەبن.

تاڵەبانی و نەوشێروان بەردەوام حزب و بزوونەوەی گۆرانیان وەکو حەدیقەی پشتەوەی جولەی سیاسی خۆیان بەکارهێناوە.. لەوێوە ئەو کارەکتەرانەیان هەڵدەبژارد و دەهێنایە پێشەوە، کە خزمەتی مەیسەرکردن و پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی جووڵە سیاسیەکەی هەردووکیانی دەکرد بۆ بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان. جیاوازی نێوان تاڵەبانی و نەوشێروان لەوە دابوو
تاڵەبانی سێ فلتەری هەبوو، یەکەمیان/ ئەنجومەنی سەرکردایەتی، دووەمیان/ مەکتەبی سیاسی ئەوەی لەفلتەری سەرکردایەتی دەرنەچووبایە.. ئەوا لەفلتەری سێیەم/ کە کۆنگرە بوو دەگەڕایەوە ناو حزب.

بەڵام نەوشێروان یەک فلتەری هەبوو
ئەویش تەنیا جفاتی نیشتمانی بوو، لەوێوە کارکەتەرەکانی بۆ جولە سیاسیەکەی خۆی هەڵدەبژارد، هەر بەخۆی خانەی ڕاپەراندی لەدەرەوەی هەڵبژاردن بەناراستەوخۆ دروست کردبوو٠
دوای نەمانی خۆی فلتەری خانەی ڕاپەڕاندنیش بۆ رێکخەری گشتی لەناو گۆران دروست بوو. ئەمە جگە لەوەی هەندێ جار بۆ هەردووکیان حزمایەتی و برادەراتیش بەبێ ئەو فلتەرانە دەهاتنە پێش، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ دروست بوونی تەکەتولات. چونکە هەرهەموو کارەکتەرەکان هەوڵدەدەن نزیک بنەوە لە تاڵەبانی و نەوشیروان. هەروەها هۆکاری دوورکەوتنەوە لەم دووانەش دەبیتە مایەی درووست بوونی تەکەتولات، کە بەئاراستەی دژی خواستی خاوەن بڕیار بجولێتەوە. ئەمەش هەر بەمەبەستی سەرنج راکێشانە، ئەگەر نەمخەیتە ناو بازنەی بریار دەتوانم سەرئێشەت بۆ دروست بکەم.
هەربۆیەشە لایەنگرانی ئەو دووحزبە لە شین و گریان و بێ ئۆمێدیی زیاتر هیچیان بۆ نەماوەتەوە، کار گەیشتۆتە ڕادەی تەقدیسکردن و تەخوینکردنی هەرکەسێک رەخنە لەو دووکارەکتەرە بگرن. ئەمەش بۆ ئەو ئیشکالیاتە و ناڕۆشەنیە و جیاوازییە دەگەڕێتەوە، کە لە نێوان جوولەی سیاسی ئەو دوو سەرکردەیە و جوولەی حزبەکەیان هەیە ئەو لایەنگرانە کێشەیان نیە لەگەڵ هەر ڕەخنەیەک رووبەرووی هەر ئۆرگانێکی حزب بکەیتەوە، بەڵام قسە کردن لەسەر تاڵەبانی و نەوشێروان بڤەیەو کوفرە.

بەڵام ئۆجەلان
بەپێچەوانە یەک فلتەری سەرەکی هەبوو کە پاپەندبوون بوو بە فیکرو بیروباوەری سیاسی، نەک بۆ حزمەتکردنی جوولە سیاسی و دەوری میحوەری ئۆجەلان،
بەڵکو خزمەتکردن بەئامانجی ستراتیجی پەکەکە، ڕەنگە لە قۆناغی دامەزراندن ئۆجەلان بەهەمان شێوازی تاڵەبانی و نەوشێروان کاری کردبێ. بەڵام لەقوناغی گەشەکردن و پەلهاویشتنی پەکەکە لەهەر چوارپارچە. هەروەها جۆرێک لەلامەرکەزیەت بۆ حزبەکانی سەربە پەکەکە لەپارچەکانی تر دەستەبەرکرابوو فلیتەری فیکر لەناوکایەی حزب. وەک ئۆرگانێکی تەواکەری یەکتر کاریان دەکرد و یەکتریان تەواو دەکرد. ئەویش لەسەر بنەمایەی دیسپلینێکی حزبی و سەربازی بارگاوی کراو بەئایدۆلجیاو رێکخستنێکی توکمە و یەکانگیر، پرۆسەی هەڵبژاردنی کاردی باڵاو بڕیاردەر یەکلادەکرایەوە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
دڵشاد مەجید

ئەرشیڤی بەڕێز: دڵشاد مەجید