بورهان شێخ ڕەئوف: ناوچەى ئارام، ئارام نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەى چەند مانگى ڕابردوو هەموومان لە بیرمانە کە هێزەکانى سوپاى تورکیا پەلامارى خۆرئاواى کوردستانیان دا و هەردوو شارۆچکەى گرێ سپى و سەرێ کانیان داگیرکرد بە پشتیوانى تاقم و گروپە تیرۆریستیەکانى بەناو ئۆپۆزەسیۆنى سوریا کە بە سوپاى سوریاى ئازاد ناسراون لەو کاتەوە تا ئێستاشى لە گەڵدا بێت ئەو تاقم و گرو هانە بەردەوامن لە تاڵان و کوشتن و ڕفاندن و سووکایەتى بە دانیشتوانى کوردى ئەو ناوچانە.
لە کاتێکدا ئەردۆگان و حکومەتەکەى بە بیانووى دامەزراندنى ناوچەى ئارام و سەقامگیر بۆ ئاوارە سوریەکان کە ژمارەیان نزیکەى 3،5 ملیۆن کەسە کە لە تورکیان، بیانگەڕێننەوە بۆ ئەو ناوچانەى کە داگیرى کردووە، هەر بۆیە هەموو فشارێک لە دانیشتووانە ڕەسەنەکانى ئەو ناوچانە دەکات بۆ ئەوەى ماڵ و حاڵ و مەزراو کارو کاسبیان بەجێ بهێڵن و ئەو تاقمە تیرۆریستانەى کە پاشماوەکانى ئەلقاعیدەو داعش و ئەحرار ئەلشام و… تد، لەوێندەر نیشتە جێ یان بکات و دیمۆگرافیاى ئەو ناوچانە بگۆڕێت.
دەنگوباسەکانى ناوچەى ئارام لە باکورى خۆرهەڵاتى سوریا چیرۆک و ڕوداوو کارەساتى جەرگبڕو سامناک باس دەکەن، کە مرۆڤایەتى سەرجەم شەرمەزرارە بەرامبەرییان لەو چیرۆکانەى کە لە ماڵپەڕەکاندا بڵاو کراوەوتەوە ئەو نامە دەنگیانەن کە لەڕێگەى واتساپەوە بۆ کەسو کارى قوربانیەکانى دەنێرن لەدواى تیرۆر کردنیان، هەر بە مۆبایلەکەى قوربانیەکە پەیوەندى دەکەن بە کەسوکارو خانەوادەکانیانەوە و پێ یان دەبێژن لاشەى کوڕو کەسە کوژراوەکانتان لاى ئێمەن وەرن با پێتان بفرۆشینەوە.

تەرم بۆ فرۆشتن
کەسوکارى قوربانیەکان دەڵێن تیرۆریستان دوو بژاردەیان خستۆتە بەردەممان یانە تەرمەکانمان لێ بکڕنەوە بە 7 هەزاردۆلارى ئەمریکى یان دەیانسووتێنین، سەردار ئەو کوڕە لاوەى کە خەڵکى سەرێ کانى بوو دواى داگیرکردنى شارەکەیان سەرى خۆى هەڵگرت و گەڕایەوە بۆ شارەکەى و بۆسەردانى ماڵەکەى، بەڵام هەرزوو ئەوتاقم وباندە تیرۆریستیانە دەستگیریان کردو کوشتیان و وێنەى تەرمە خوێناوییەکەى بە مۆبایلەکەى خۆى لە ڕێگەى واتسئاپەوە بۆ خانەوادەکەى نێرایەوە ، ئەگەر لێمان نەکڕن ئەوا تەرمەکەى دە سووتێنین. جارێکى تر لە ڕێگەى ژمارە مۆبایلێکى تورکیەوە پەیوەندییان پێوەدەکرێت لەلایەن ئەبو مسعب دێرى لە تاقمى ئەحرار ئەلشرقیە ، دایک و باوکى سەردار کە قسەیان بۆ پەیامنێرى ماڵپەڕى ڕەسیفى عەرەبى کردووە کە هەردووکیان لە دواى مانگێک لە کوژرانى کوڕەکەیان سەردار لە بارودۆخێکى ئێجگار نالەباردان و دەڵین پەیتا پەیتا نامەمان بۆ دێت وێنەى لاشەى کوڕەکەمان بە کوژراوى بۆ دەنێرن هەرچەندە سەریشى لە لاشەى جیاکراوەتەوە بەڵام هەردەیناسینەوە.
باوک و دایکى سەردار کەباسى سەردارى 35ساڵ دەکەن و خاوەنى دوو مناڵە، دەڵێن هەرچەندە ئێمە 7000 دۆلارمان نیە تەرمى کوڕەکەمان بکڕینەوە سەرەڕاى ئەوەى ماڵوحاڵمان داگیرکراوە لە لایەن سوپاى تورکیاو هێزە بەکرێگیراوەکانیەوە، دەترسین بڕۆێن بۆ تەرمەکەى ئەندامانى ترى خانەوادەکەشمان لە دەست بدەین.
هەمان ماڵپەڕ دەیان کەیسى ترى وەکو ئەم کەیسەى بنەماڵەى سەرداریان دۆکۆمینت کردووە کە لاشەو تەرمى قوربانیەکان کە کوردن و خەڵکى شارەکانى سەرێ کانى و گرێ سپى و گوندەکانى ئەوناوچەن، جگە لە دۆکۆمینت کردنى دەیان حاڵەتى دەستدرێژى و شێواندنى تەرمەکان و پەیوەندى کردن بە خانەوادەکانیانەوە بۆ فرۆشتنیان پێ یان بەرامبەر بە پارە.
لە لایەکى ترەوە ڕێکخراوى ( هیومن ڕایتس ۆچ)لە ڕاپۆرتێکدا کە لە 27 تشرینى دووەمدا بڵاوى کردۆتەوە باس لە پێشێلکارى گەورە و سامناکى مافى مرۆڤ لەوناوچە بەناو ئارامە دەکات کە تورکیاو تاقمە وابەستەکانى دایانمەزراندووە کە خۆى لە کوشتن و لە سێدارەدان لە دەرەوەى یاسا دا دەبینێتەوە، هەرو بۆیە لێپرسراوى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوینى ڕێکخراوەکە ( سارە لیا ویتسن ) ئاوا وەسفى ئەو ناوچە دەکات : ناوچەیەکى نائارام و ناسەقامگیرە لەبەرئەوەى بەردەوام ئەوتاقم و گروهە وابەستانەى تورکیا خەریکى کوشتن و بڕین و لە سێدارەدان ز تاڵانکردنى خەڵکى ئەو ناوچەن لە سەربنەماى ئتنیکى و تائیفى و ناهێڵن خەڵکە ڕەسەنەکانى ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ سەرماڵ و حاڵى خۆیان.
لە کۆتایدا سەرەڕاى هۆشدارى هەموو ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤى نێودەوڵەتى و ناوچەیى بۆ تورکیا لە بەردەوام بوون لەو پێشێلکارییە زەقانە ى تاقم گروپە وابەستەکانى دەرهەق بە خەڵکى ئەو ناوچانە، هێشتا هیچ هەنگاوێکى نەناوە بۆ سزادان و لێپرسینەوە لەو تاقم و باندە تاوانکارانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت