هۆشیار جەمال: کاریگەری بایکۆتی کاڵای تورکی دەرکەوت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر خەیاڵیکی خێرا بکەین بە چارەکە سەدەی ڕابردوودا لەباشوری کوردستان لەبواری پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بوونی بەرهەمی ناوخۆی بۆمان دەردەکەوێت، کە وڵاتانی دراوسێمان بەتایبەت ئێران و تورکیا بازارەکانی باشوری کوردستان لەڕوی ئابووریەوە قۆرغ کردوە ساڵانە داهاتێکی زۆریان لەباشوری کوردستان دەست دەکەوێت، کە بە جۆرێک قەبارەی بازرگانی تورکیا و باشوری کوردستان زیاتر لە چەندین ملیۆن دۆلاربووە، ئەمەش وای کردوە کە باشوری کوردستان هەرێمیکی مشەخۆر بێت و هیچ بەرهەمێکی ناوخۆی نەبێت و دەسەڵاتدارانی باشوریش زۆر گرنگیان بە پرسە هەستیارە نەدەدا لە پێناو قازانجی مادی خیرا بۆ خۆیان، چونکە لەباشوری کوردستان بەشێکی زۆری بازرگانەکان وابەستەی حیزبە جیاوازەکانی باشورن.
هەر ئەمەش بوو وای کردبوو کە هەردەم تورکیا و ئێران لەکاتی بوونی هەر گرفتێک لەباشور هەڕەشەی ئەوەبکەن کە دەرگاکانیان بە ڕووی باشوردا دادەخەت، بە تایبەت لەسەر و بەندی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بە ڕەسمی ئەمەیان راگەیاند، ئەم پرۆسەی بازرگانیە بەردەوام لەگەشە کردندابوو، تا ئەوکاتەی حکومەتی تورکیای فاشیست و رەگەز پەرست لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانجی لەناوبردنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کوردی، قرکردنی گەلی کورد و گەلەکانی ناوچەکە دەستدرێژی کردنە سەر کچان و ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا.
ئەمەبوو وای کرد کاردانەوەی خێرا لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و لەسەر ئاستی ڕێکخراوەکان بانگەشی بایکۆتی کاڵای تورکی و گەشتکردن بۆ تورکیا دەستی پێکرد، لەڕاستیدا بایکۆتی کاڵاو خواردەمەنی و گەشتکردن بۆ وڵاتی تورکیا زۆرپێشتر و لە ساڵانی ڕابردووشدا لە لایەن چالاکوانان هەندێک دەزگای ڕاگەیاندوە کاری لەسەردەکرا، بەڵام ناهۆشیاری خەڵک لەو قۆناغەدا وای کرد ئیرادە نەبێت بۆبایکۆتی کاڵای تورکی.
بەڵام ئەمساڵ لەساتەوەختی دەست پێکردنی هێرشەکانەوە لەباشوری کوردستان خەڵکی بە بێ ئەوەی چاوەڕێی حکومەت حزبە سیاسەکان بخەن خۆیان کەوتە بایکۆتی کاڵای تورکی، خۆپیشاندانی خۆرسکی سەرتاسەری لە پیاو ڕۆژئاوای کوردستان و یەکڕیزی نەتەوەیدا، هەر ئەمەیە وای کردوە لەم چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی میت بێنە سەرخەت لەسەر ئەم پرسە سەردانی هەولێر بکەن و یەکێک لە باسەکانیان باسی بایکۆتی کاڵای تورکی بێت کە چۆن کۆتایی پێ بێت و قەبارەی بازرگانی لەگەڵ باشور گەشە پێ بدەنەوە. کە ئەمە جێگای دەستخۆشیە بۆ گەلی باشور، چونکە ئامانجەکەی پێکاوە زیانی گەورەی لە ئابوری ئەو وڵاتە داوە، بە بێ بوونی چەک و خۆ ماندووکردن تەنها لەبازار و ماڵەکەی خۆیەوە بڕیاری بایکۆتی داوە، کەسیش نەمرد لە برسا نە کەسیش بەڕووتی گەڕا لە بازاڕدا.
هەر بۆیە پێوستە ئەم بایکۆتە بەردەوام بێت نەک بۆماوەیەکی کاتی و بازرگانانیش هەڵوێستی مرۆڤایەتی و نەتەوەیان بخەنە پێش قازانجی مادیەوە، هەربۆیە بەردەوامبوون لەسەر بایکۆتی کاڵای تورکی ئەگەر قۆنا‌غ بە قۆناغ ئەم بایکۆتە فراوان بکرێت و زیاتر حکومەت و خەڵکی سەرمایەداران لەباشور هەوڵی ئابوری خۆ بژێوی بدەن تا لەکۆتایدا قەبارەی بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ باشوردا کە هەموویان دوژمنی نەتەوەی کوردن، بە ئەقڵیەتی بە فاشیزم حکوم دەکەن، لەسەر خاکی داگیرکراوی کوردستان، بەتەواوی کەم بێتەوە و بەیەکجاری باشوری کوردستان رزگار بێت لەدەست هەڕەشەی ئەم دەوڵەتانە، ئەوکات باشور دەبێتە هاوکارێکی باشی بزووتنەوی ڕزگاریخوازی پارچەکانی تری کوردستان، خۆشی لەکاتی هەر هەنگاوێک بە ئامانجی سەربەخۆی زیاتر لەمەترسی خنکان یاخود ئابڵۆقی ئابووری ڕزگاری دەبێت.