بەهرۆز جەعفەر: يەکێتی کێ ئەکات بە سکرتێری گشتی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نامەیەکی کراوە بۆ ماڵباتی تاڵەبانی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی به‌ڕێز.
یەکێتی دوای نۆ ساڵ کۆنگرەی بەست، بە پێی شاهیدی هەموو لایەک کۆنگرەیەکی بێ کێشەو قڕە بوە، بەمەش توانیان قۆناخێکی پڕ لە گیروگرفتی چەند ساڵەی ڕابردوو تێپەڕێنن. بەڵام!. دەنگۆی ئەوە هەیە ئەم حزبە دوای ئەو هەموو هەنگاوە کارەکانی خۆی و دەرئەنجامی کۆنگرەکەی نابووت بکاو، هەر لەلانکەدا دەستکەوتەکانی کۆنگرەی چوار و هیوای نوێبونەوە بخنکێنێت و « بەرهەم ساڵەح» بکاتە سەرۆک یان سکرتێری گشتی یەکێتی.
بە هەموو پێوەرێک بەرهەم ساڵەح حیزبەکەی خۆی کە «هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری» بو خۆشتر ئەویست لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئێ بەڵام حیزبەکەی خۆی کرد بە قوربانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار!. پشتی کردە مێژووی خۆی و، سەدان هەزار دەنگدەر، دوایش پشتی کردە دەیان هاوڕێی خۆی، کە ئامادە بون گیانی خۆیان لەپێناویدا بەخت بکەن. وەها خەنی بو بو ئەیگوت ئەو زەمانە گوزەشت ڕووبکەمەوە خەڵک، خەڵک خزمەتی بکەی و نەکەی وەک یەکە!.
بەڕێزان… بیرێک ناکەنەوە ئەم برادەرە خواستی هەیە بۆ خولێکی تریش ببێتە سەرۆک کۆماری عێراق. ئێستا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئاشت بۆتەوەو، ئەمجارەیان یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بکاتە قوربانی خولێکی دیکەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار!.
دەرئەنجامەکانی کۆنگرە لەو پانزە بازنەیەدا پێمان ئەڵێن ئەو حیزبە ماڵباتی تاڵەبانییان هەڵبژاردووە، لە هەر مەڵبەندێکدا تاڵەبانییەک هەبوبێت ئەو دەنگی یەکەم یان دووەمی هێناوە، ئەگەر نەشبوبێت ئەوا کەسێکی سەر بەوان دەنگی تەواوی هێناوە.
هەموو کادیرانی یەکێتی و سەرکردایەتی حیزبەکە ئەزانن بەرهەم ساڵەح نفووسی سێ بەشی یەکێتی لە دەستداوەو کۆ- ڕایی لەسەر نییە. لەکاتێکدا خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال لەژیاندا بو ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی (50) کەسێک بون هێشتا کۆنترۆڵ نە ئەکران، دواتريش چواریان سەریان لەناو خوانی ئێران بو، دەیان لای پارتی بون، شەش حەوتێکیان لەبەغدا هەموو شت بە هەوەسی خۆیان بو، چوار پێنجێکیان لەمیدیاکاندا ئەوەی نەشیاوبوایە ئەیانگوت، سێ و چوارێکیان لە مەرزەکان لە ماددەی هۆشبەرەوە تا هەنار و ترێ و دووگ یان هاوردەئەکردو، هەندێکیشیان لەو کەرکوکە کارێکیان ئەکرد خه‌ڵكى شاره‌كه‌ له‌میدیاكانه‌وه‌ خۆزگەی بەسەردەمی سەددام ئەخواست و… تا دوایی. ئێستا ژمارەی سەرکردایەتی بوەتە زیاتر لە دوو هێندەو (121) کەسن، سەرباری ئەوەش بەنیازن کەسێکی لاواز و بێ مەبدەئو نامۆ بە بەها باڵاکان بکەنە سکرتێری گشتی یەکێتی و، خۆی لە بەغدا بێت و، ئەم حیزبەش دوبارە بخاتەوە بەر ڕەحمەتی کێشەکانی جاران و… یان سەوداو مامەڵەی پێوە بکات! کاتێک تاڵەبانی لە ژیاندا بو باڵی ڕیفۆرم جیابوەوە لەسەر ئەوەی چۆن ئەبێ تاڵەبانی لە بەغدا بێت و، ئەم هەموو سەکردایەتیەش لە سلێمانی بن؟!. ئێستاش دەقی ئەو نوسینەم ماوە وەک یاداشت لە شاری کەرکوک کە لەگەڵ خوالێخۆشبوو کاک « فاتیح شوانی- بەرپرسی ناوەندی کۆمەڵایەتی بو» چوینە لای مام! شیعرێکی نالی م لەبەراییەکەیدا بۆ خوێندەوە کە نالى “حەبیبە” لەشارەزوور جێدێڵێ و خۆی ئەچێ بۆ شام!. دواتریش نوسینەکە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوبویەوەو لەچەند سایتێکیشدا وەک ئەرشیف ماوە. تەنانەت ئەو ڕۆژەی کۆتا جار هەواڵی نەخۆشکەوتنی مام بڵاوبۆیەوە! من ڕەخنەی ئەوەم گرت، کە ئەم هەموو سەرکردایەتیەی لە سلێمانی جێهێشتوە خۆشی لە داخی دۆخی عێراق تووشی سەکتە بوو. ئەوە مام بو، کە بۆ کوردو عێراقیەکان تێ ئەکۆشا ئاوا جێی ڕەخنە بو، ئەدی چۆن ئێستا بۆ بەرهەم ساڵەح ئەمە قبوڵ ئەکرێت؟!.
ئێمە ڕاستە پەیوەندی ئۆرگانیکیمان ساڵانێکە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەماوە، بەڵام ئەو مێژووەی زیاتر لە پەنجا ساڵی ڕابردوو، وه پێشوتریش بەمێژووی پڕ قوربانی و خوێن بۆدانی خۆمان ئەزانین، بۆیە ڕووی زارم ئەکەمە ئەنجومەنی سەرکردایەتی نوێ و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و لەسەروو هەمووشیانەوە ماڵباتی تاڵەبانی کە ئیتر حەقە ئیحترامێکی ڕەئی ئێمەومانانیش بگرن، وەک چۆن وێڕای دەیان غەدری یەکلەدوای یەک لە ئێمەو لە ڕابردوودا ئێمە “لاى كه‌مى” ئیحترامی هاورێکانی خۆمان گرت و، برایەتی و هاوڕێیەتی خۆمان پاراست.
لەم سۆنگەیەشەوە، یەکێتی ئەتوانێت یەکێکی تر بکاتە سکرتێری گشتی حزبەکە، مادام کۆنگرەکە خەونی بەڕێز مام جەلالی هاوردە دی و، وەها سەرکەوتو بوە، فەرموون بۆ یەکەمجار لەمێژووی هاوچەرخیشدا هەنگاوێکی گەورەو مێژوویی بهاوێژن (ژن) ێک بکەنە سکرتێری گشتى حیزیە سۆشیال- دیموکراتەکەتان، ئەمە ئەبێتە شانازییەک بە ئێوە ئەبڕێت. من خۆم چاکم بیرە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بواری خوێندکاران و ژنان لە قەڵاچوالان چوینە لای جەنابی مام جەلال گوتی ژنان ئەتوانن نەک لە قیادەی حزبەکەدا بن بەڵکو ڕۆژێک بێت ڕێچکە شکێن بن و ببنە سکرتێری گشتی یەکێتی.

بەهرۆز جەعفەر
ئەندامی کۆنگرەی 3 (ي،ن،ك)
خوێندکاری دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان
سەرۆکی ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت