لوقمان غەفوور: كه‌ نیشتمان ونبوو، میدیا-كه‌شی ونده‌بێت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌ خاتوو دکتۆر میلیسا فۆسن مامۆستای وانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان له‌ میدیادا-م وت، من ئه‌مه‌وێت په‌یپه‌رێك ئاماده‌كه‌م له‌سه‌ر جیاوازی روماڵكردنی تۆمه‌تباركردنی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و بێل كلێنتن سه‌رۆكی پێشوو، له‌ میدیای نووسراودا.
سه‌یرێكی كردم و وتی: “دڵنیابه‌ هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌و تۆ به‌دیناكه‌یت! ده‌شێت له‌رووی داڕشتنه‌وه‌، هه‌واڵه‌كان كه‌مێك جیاوازی هه‌بێت، به‌ڵام وه‌كو فۆرم یه‌ك ستایل و یه‌ك ریتمه‌”.
كاتێك لێمپرسی:”بۆ؟” ئه‌و له‌وه‌ڵامدا وتی:”بۆت راڤه‌ ناكه‌م بۆ، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم میدیای ئه‌مریكی، میدیایه‌كی نیشتمانییه‌! میدیایه‌ك نییه‌ به‌ دڵی سیاسییه‌كان كاربكات، ده‌شێت هه‌ندێك جار میدیاكارێك كه‌مێك لایه‌نگیری بكات، به‌ڵام دواجار كه‌ بیر ئه‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌می ئه‌مریكا”.
به‌ پێكه‌نینه‌وه‌، وتیشی:”بڕۆ كاره‌كه‌ بكه‌ تووشی موفاجه‌ئه‌یه‌كی سه‌یر ئه‌بیت به‌و مه‌رجه‌ی ورد له‌ رۆژ و تایتل و ناوه‌ڕۆكی هه‌واڵه‌كان و داڕشتن و ته‌نانه‌ت رووبه‌ری دانانی هه‌واڵه‌كه‌ بڕوانیت!”
به‌ڵێ، زۆر راستی كرد تووشی موفاجه‌ئه‌یه‌كی سه‌یر بووم، سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و بێل كلێنتن هه‌ردووكیان له‌ مانگی دیسێمبه‌ر و ته‌نانه‌ت یه‌ك رۆژیان جیاوازه‌. سه‌رۆك بێل كلێنتن له‌ 20ی دیسێمبه‌ر 1998 هه‌واڵی تۆمه‌تباركردنی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكاوه‌، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له‌ 19ی دیسێمبه‌ری 2019 تۆمه‌تباركردنی بڵاوكرایه‌وه‌. ته‌نانه‌ت من به‌راوردم له‌ نێوان دوو رۆژنامه‌ كرد له‌ رووی رووبه‌ری پێدانی هه‌واڵه‌كه‌، ئه‌وانیش زه‌ واشنگتن پۆست و ده‌یلی نیوز.
زه‌ واشنتۆن پۆست، نیو لاپه‌ڕه‌ی داوه‌ به‌ روماڵی لێپێچینه‌وه‌ی تره‌مپ داوه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ 21 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌مان روبه‌ر و ته‌نانه‌ت هه‌مان تایتل به‌ گه‌وره‌یی بۆ کلێنتن نووسیویەتی (Clinton Impeached)، بۆ تره‌مپ-یش به‌ هه‌مان (Trump Impeached) پێت سه‌یر نییه‌ بلێم هه‌مان فۆنت و هه‌مان قه‌باره‌. یاخود ده‌یلی نیوز لاپه‌ڕه‌ یه‌كه‌می یه‌ك وێنه‌ی گه‌وره‌ی كلێنتن و به‌گه‌وره‌ی نوسیویه‌تی (Impeached) بۆ تره‌مپ-یش به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌ك وێنه‌ی گه‌وره‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م و به‌ گه‌وره‌یی هه‌مان وشه‌ نووسراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ نیشانده‌ری بوونی یه‌ك تێڕوانینه‌ له‌ كاری رۆژنامه‌نووسی كه‌ میدیا وه‌ك میدیایه‌كی نیشتمانی سه‌یرده‌كرێت. باسه‌كه‌ی من له‌سه‌ر به‌راوردكارییه‌كه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مه‌وێت له‌سه‌ری بدوێم رۆژی 19 ی دیسێمبه‌ر تێكڕای رۆژنامه‌كانی ئه‌مریكا یه‌ك مانشێتیان له‌ خۆگرت هه‌موویان ئه‌م سێ وشه‌یه‌ بوو (Impeached) یان (Trump Impeached) یاخود (President Impeached) له‌و رۆژه‌دا نیشتمان ئه‌مه‌ی خواستووه‌ یان خه‌می نیشتمان ئه‌مه‌ بووه‌.
باسه‌كه‌ ده‌گوازمه‌وه‌ سه‌ر میدیای كوردی، هه‌رچه‌نده‌ لێره‌دا بوار نییه‌ كه‌ بڵێن بۆچی میدیای كوردی میدیایه‌كی نیشتمانی نییه‌ به‌ڵام ئه‌توانین، به‌یه‌ك دوو نموونه‌ی ساده‌ نانیشتمانی بوونی مدیای كوردی بسه‌لمێنین.
میدیای نیشتمانی پێویستی به‌ كاری پیشه‌یی و سه‌لیقه‌ی ورد هه‌یه‌ به‌ كه‌سانێك ناكرێت گیرفان له‌ پێش نیشتمانه‌وه‌ دانێن، ئه‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان له‌سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندی حزب و ته‌نانه‌ت كه‌سێتی ناو حزبه‌كانیشه‌وه‌ بێت. شه‌رمه‌ و نه‌نگییه‌ مدیایه‌ك قاچی گروپێكی جالییه‌ی گه‌نجی كوردی له‌ئه‌وروپا بگرێت و به‌ ته‌مبه‌ڵ له‌ قه‌ڵه‌م بدا، به‌ڵام مانگانه‌ به‌ ملیار دۆلاری نه‌وتی نیشتمان دیار نییه‌ بێده‌نگ بێت. له‌كاتێكدا ئه‌وانه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ 25 ساڵه‌ خێرله‌خۆنه‌دیوانه‌ن، له‌به‌ر حزبی كوردی، سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتووه‌. كه‌واته‌ ئه‌م عه‌قڵه‌ نه‌ك ناتوانێت میدیای نیشتمانی دروستكات، به‌ڵكو میدیای نیشتمانی له‌خه‌می ئه‌ودا نییه‌.
ئه‌وكاته‌ی كه‌ توركیا هێرشی كرده‌ سه‌ر رۆژئاوا، وا هاته‌ به‌رچاوم ته‌واوی رۆژنامه‌كانی كوردستان، ئه‌و هه‌فته‌یه‌ مانشێتیان ئه‌كه‌ن به‌ یه‌ك مانشێت و به‌گه‌وره‌یی ئه‌نوسن (دیكتاتۆره‌ توركه‌كه‌ به‌رامبه‌ر كورد بوه‌ستێنن) كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ باسی خیانه‌تی ئه‌مریكا و تره‌مپ-یان ئه‌كرد. دیمه‌نه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بووبۆوه‌. میدیای ئه‌مریكی هه‌قی خۆی بوو بنوسێت تره‌مپ خیانه‌تی له‌ كورد كرد، چونكه‌ ئه‌مان خه‌می ئه‌مریكایانه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێكیان له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ شه‌ره‌ڤانه‌كانن. كه‌چی میدیای كوردی به‌یه‌كده‌نگ نه‌یانتوانی دژی توركیا بنووسن، چونكه‌ پیشه‌ییانه‌ خه‌می نیشتمانیان نییه‌.
دیمه‌نێكی تری مانگی نۆڤێمبه‌ر، به‌یه‌ك رۆژ، 40 كه‌س له‌ شاره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان به‌ ده‌ستی جه‌للاد و مه‌لاكانی ئێران قه‌تڵ و عام كران له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا، كه‌چی میدیای كوردی چونكه‌ میدیای نیشتمانی نییه‌ مانشێتی ئه‌و هه‌فته‌ی رۆژنامه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ روینه‌دابێت له‌و به‌شه‌ی كوردستان وه‌ها بوو، پێشبینی من وه‌ها بوو هه‌موو ئه‌نووسن (ئاخونده‌كانی ئێران تێر نابن له‌ خوێنی كورد).
به‌كورتی میدیای نیشتمانی كاری ده‌هۆڵێدان و ساخته‌كردنی واقیعی نیشتمان نییه‌، بۆنمونه‌ میدیای ئه‌مریكی نه‌هات له‌بری تاوانیاركردنی (تره‌مپ)، سه‌رۆكی ئۆكرانیا تاوانبار بكات به‌وه‌ی بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كه‌یانی له‌كه‌دار کردووە. میدیای نیشتمانی شانازی به‌ نیشتمانه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام خۆی نادات به‌ده‌ست كاره‌كته‌ره‌كانی ناو نیشتمانه‌وه‌ تا به‌ كه‌یفی میدیاكه‌ بجوڵێنێت. دوا قسه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر دوای 28 ساڵ ته‌مه‌نی میدیا له‌ باشور، میدیا هه‌نگاوێكی نه‌نابێت بۆ به‌ نیشتمانیبوون، ده‌شێت به‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی تریش هه‌نگاوی بۆ نه‌نێت.