گۆران هەڵەبجەیی: فەرەیدون عەبدولقادر ڕاست دەکات.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەر لەوەی بچمە نێو باسەکەمەوە، بۆ ئەوەی بەدحاڵیبوون درووست نەبێت دەخوازم ڕای خۆم بە کوورتی دەربارەی فەرەیدون عەبدولقادر دەرببڕم.
لەکن من فەرەیدون یەکێکە لە سیاسیە گەندەڵ و دزەکان، کە ئەم دۆخە خراپەی کوردستان بەرهەمی هێناوە. گەر یاسا سەروەر بوایە دەبوو ئێستا لە بەندیخانەدا بوایە، ئەوەیش بەهۆی دزی و گەندەڵیە زۆرەکانیەوە، بە تایبەت بەهۆی بەرپرسیاریەتی لە سوتانی ژمارەیەک خەڵک لە هوتێلەکەیدا لە سلیمانی، کە بەر لە چەند ساڵێک ڕوویدا. ئەوە بوو تالەبانی پشتی گرت و لە دادگا دووری خستەوە. تەنانەت قەرەبوی کەسوکاری سوتاوەکان لەسەر بودجەی حکومەت کرا، کە دەبوو فەرەیدون ئەو قەرەبوە بگریتە ئەستۆ.
لە میانەی یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی چواری یەکێتیدا کە لە سلیمانی بەسترا، فەرەیدون ئامادە بوو، ئیدی پاشان کرایە دەرەوە یا خۆی دەرچوو، ئەوە باسێکی ترە. لەوێ لێدوانی بۆ میدیاکان دابوو، ڕای خۆی دەربارەی ئەو کۆنگرە دەربڕی بوو. بە کوورتی ئەم بڕگەیەی گرنگە کە گووتبووی { لە کۆنگرەی یەکێتی شتێکی زۆر گرنگ ڕوونادات }.
ئەم قسەیەی لە خۆڕا نەگووتووە، چونکە بە هۆی بوونی وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حیزبە بۆساڵانێکی زۆر، شارەزای خەسڵەت و ڕەفتاری ئەندامانی سەرکردایەتی و ململانێی ناشەریفانەی نێو سەرکردایەتی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو حیزبەیە. بۆ یە منیش هاوڕام لە گەڵیدا، کە شتێکی گرنگ ڕوونادات. جا مەبەست لە گۆڕانکاری گرنگ، خاڵی جەوهەری و بنەڕەتیە لە کیانی حیزبیدا، بۆنمونە:
* یەکیتی نابێتەوە بە حیزبەکەی سەردەمی شاخ.
* نابیتەوە بە خاوەن ئایدۆلۆجیای { شۆڕشگێری.}
* نابێتە هەڵگرو خەمخۆری دۆزی نیشتمانی و نەتەوایەتی.
* نابێتە حیزبێکی داکۆکیکار لە یەکپارچەیی خاکی کوردستان و خەباتکردن بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان.
* نابێتە کیانێک بۆ کارکردن بۆ وەدیهێنانی داخوازیە ڕەواکانی خەڵک.
* نابێتە حیزبێکی پاک و شەفاف و دوور لە دزی و گەندەلی و بازرگانی.
* نابێتە حیزبێکی خاوەن دسیپلین و ڕێزگر لە پەیڕەوی ناوخۆ و پەیژەی حیزبی.
ڕاستە کۆمەڵێک سیمای گەنج دێنە پێشەوە، ڕاستە گۆڕانکاری لە ناو و پێگەی سیاسی و پۆستدا ڕوودەدات، بەڵام ئەمانە شتی شکڵین و جەوهەری نین. دەتوانم بڵێم ئەم کۆنگرەیە بە شەرعیکردنی یاخود بە یاساکردنی دەسەڵاتی هەندێك کەسە کە پێشتر لەدەرەوەی یاساو پۆستی حیزبی کاری سەربەخۆیان کردوە.
خاڵێکی دیکەی ئەم کۆنگرەیە بەهێزکردنی کۆڵەکەکانی بنەماڵەو باڵە هەژمووندارەکانە، بە تایبەتی تالەبانی، ئیبراهیم ئەحمەد، شێخ جەنگی، کۆسرەت ڕەسول، کە نمایندەکانی خۆیان لە سەرکردایەتیدا جێگکردوە. ئەمەش لە ئەنجامی سازشکردن و پێکهاتن ڕوویداوە، نەک بەهۆی لێهاتووی و تواناو زیرەکیانەوە. بۆنمونە باڤێل و قوباد، هێرۆ و شاناز، ئاراس و لاهور، کۆسرەت خۆی و دووکوڕەکەی.
دەنگۆ هەیە کە دکتۆر بەرهەم دەبیتە کەسی یەکەمی یەکێتی، پرسیار ئەوەیە گەر بووە کەسی یەکەمی ئەو حیزبە، ئایا دەتوانێت بە ڕێگەی پۆستەکەیەوە کۆنترۆڵی هەموو ئۆرگان و باڵەکان بکات و وەک حیزبێکی هاوچەرخ قیادەی بکات؟ ئایا دەتوانێت سیستەمی باوی حیزبایەتی و پەیڕەوی ناخۆ و هەرەمی دەسەڵات بکاتە سەرمەشقی ئەرکەکانی ؟
من بەشبەحاڵی خۆم بەگومانم لەوە، چونکە هەندێک لەوانەی کە پێشتر پۆستی حیزبیان نەبووە، یا پۆستەکانیان باڵا نەبووە، لە ڕابردوودا بەئارەزووی خۆیان کاری حیزبی و ئیداری و بڕیاری مەترسیداریان داوەو حسابیان بۆ کەسیش نەکردوە، نمونەی[کارەساتی 16ی ئۆکتۆبەر] کە پاڵەوانەکانی ئاراس و لاهور و باڤێل بوون. جا کەواتە پۆستی باڵا هەبیت یا نەبێت ئەو جۆرە کەسانە دەستبەست ناکرێن و تەجاوزات و سەرەڕۆیی هەر دەکەن و بەرهەمیش ناتوانێ ڕێگریان لێىکات. لەوانەشە لەژێر ناونیشانی پۆستە حیزبیەکانیاندا لەمەودوا هەوڵبدەن سنوری کارو دەسەڵاتی خۆیان فراوانتریش بکەن.
جا لەم دۆخەدا گەر بەرهەم ببێتە کەسی یەکەمی یەکێتی ئەوە لە وانەیە ببێتە [تەها محیدین معرەفەکە]ی یەکێتی.
بەکوورتی و کووردی، پێشتر جەمسەرەکانی نفوز و دەسڵات و بڕیار چۆن بوون، هەروەک خۆی دەمێننەوە و کۆڕانکاریەکی ئەوتۆ ڕوونادات، چونکە هیچکام لەم باڵ و جەمسەرانە ئامادەنیە دەستبەرداری هەژموون و بەرژەوەندیەکانی ببێت کە بە پلەی یەکەم لە پارەدا خۆی دەبینێتەوە.
دەربارەی سیاسەت و بەرنامەو ئامانج و پەیڕەو پرۆگرمی ئەو حیزبەش کە هەموویان ئێکسپایەر بوون و کەس کاریان پێ ناکات، باوەڕم نیە دوای کۆنگرەش کەس ئاوڕیان لێبداتەوە و بکرێنە ئەولەویاتی حیزبی، چونکە لە مێژە، بەتایبەت پاش پەیدابوونی پارە ،کەسیان تاقەتی ئەوجۆرە حیزبایەتیەیان نەماوەو گاڵتەشیان پێ دێت. جا گەر هەر دەستکاریەکی ئەو خاڵانەش بکرێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە ڕووی پراکتیکەوە ئومێد بەخش نابێت.
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە دەخوازم ئاماژژەی پێبدەم ،مەسەلەی تەمەن و تەندرووستی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیە.
لە نێو حیزبی سەغڵەم و خاوەن پرەنسیپی حیزبایەتی ڕەسەندا، بە تایبەت حیزبەکانی وڵاتانی پێشکەتوو، وەک کەلتورێکی جوان، ڕێز لە ژیانی حیزبایەتی دەگرن و لە سەنگ و بەهای ناهێننە خوارەوە،بەوەی ئەندامێکی سەرکردایەتی هەر حیزبێک لەو حیزبانە بگرە خوارتریش کە گەیشتە تەمەنێکەوە و هەستی کرد توانای جەستەیی و هزریی کەم بووەتەوە، یا دوچاری نەخۆشیەک بووە کە ئومیدی چاکبوونەوەی نیەو چیتر ناتوانێت وەک پێشتر کارە حیزبیەکانی ڕاپەڕێنێت، ئەو کاتە ڕێز لە خۆی و حیزبەکەی و خەڵکیش دەگرێت و لە ژیانی حیزبایەتی دوور دەکەوێتەوە و دواتر کاتەکانی بۆ گرنگیدان بە تەندروستی خۆی و پشودان تەرخان دەکات .
لە ناو یەکێتیدا، وێرای ئەوەی هەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیەکەی لە تەمەنی خانەنشینی حیزبیدان، هەندێکیشیان هێندە نەخۆشن، نەک هەر ناتوانن کار و ئەرکی حیزبی ڕاپەڕێنن، بەڵکو ناتوانن بە بێ هاوکاری کەسانی دیکە ژیانی ڕۆژانەی خۆشیان بەڕێوە بەرن. نمونەی کۆسرەت ڕەسول و هێرۆ ئیبراهیم.
سەبارەت بە ئایدۆلۆجیاو ڕێبازی سیاسی یەکێتی کە ئیدیعای سۆشیال دیموکرات دەکەن. ئەوە لە درۆیەکی گەورە بەولاوە هیچی دیکە نیە. ئەوەی دیارە لە مێژە ئەم حیزبە دەستبەرداری فەلسەفەو ئادۆلۆجیا و ڕێبازی فکری بووە.
لەو بڕوایەدام زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی، دوودێڕیان دەربارەی سۆشیال دیموکرات نەخوێندەوتەو نامۆن پێی، ئەم حیزبە لە ئێستادا نەک هەر هەڵکری فەلسەفەی سۆشیال دیموکرات نیە، بەڵکو تەواو خاڵیە لە هەموو خەسڵەتێکی حیزبی خاوەن فکر. ئەوەی هەیە ئێستا ئەم یەکێتیە بریتیە لە کۆمپانیایەکی مەزنی بازرگانی فرە پشک، کە هەر پشکێک کەسێکی دەستڕۆشتو یا بنەماڵەیەک دەیبات بەڕێوە، جا ئەم کۆمپانیایە کە ئیدارەی گشتی و لە خوارەوە لقەکانی کۆمپانیای [نۆکان] سەرپەرشتی دەکەن و قۆرخی سەرجەم کایە ئابوری و بازرگانیەکانی زۆنی سەوزیان کردوە، بەردەوام جەمسەرەکان، بە مەبەستی زیاتر دەسکەوت لە ململانێ و ناکۆکیدان. هەندێک جار ئەم ململانێیانە لایەنی مافیایی وەرگرتوەو بە پاکتاوی جەستەیی کۆتایی هاتووە.
لەکۆتایدا قسەکەی دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا بە بڕێک زیادەوە دووبارە دەکەمەوە کە لە بەرنامەی [180 یnrt] دا گووتی{ یەکێتیەک کە هەزار کوون و کەلەبەرو عەیبوعاری تێدابێت، بە کۆنگرەیەکی چەند سەعاتی ڕاست نابێتەوە}. بەندەش ئەوەی بۆ زیاد دەکەم کە یەکێتی هەرگیز ڕاستنابێتەوە نابێتەوە بەحیزب و هەر وەک کۆمپانیایەکی بازرگانی پڕ لە دزو گەندەڵ و مافیا دەمێنێتەوە.