بورهان شێخ ڕەئوف: بۆ تێناگەن! شەقامەکانى عێراق چى دەخوازێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قەوارەو فراکسیۆنەکانى ناو ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق سەرگەرمى دیاریکردنى کاندیدن بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران و هەریەکەیان خۆى بە قەوراەى گەورەى ناو پەرلەمان دەناسێت بۆ پێکهێنانى کابینەیەکى نوێ، دواى دەست لەکارکێشانەوەى عادیل عەبدولمهدى لە ژێر فشارى شەقامدا هەرچەندە دەست لە کارکێشانەوەى ناوبراو درەنگ کەوت و، بووە هۆى لەگیان لە دەستدانى چەندین هاوڵاتى عێراق.
ئێستا ئەوەى ئەم لایەنە سیاسى و قەوارەو فراکسیۆنە پەرلەمانیانە خۆیان پێوە سەرقاڵ کردووە، زۆر دوور و پێچەوانەى خواستى شەقام و خەڵکى ناڕازى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراقە و تەواو دوورە لەوەى کە بە ڕاستى لە سەر خاک دەگوزەرێت، خەریکى داتاشینى پۆست و بەرژەوندییە تایبەتیە حزبیەکانى خۆیانن و هیچ باکێکیان بە ئازارو ئێشەکان و نەهامەتیەکانى خەڵکى عێراق نیە، وەکو ئەوەى تینووى خوێنى زیاترى گەنجە خێر لە خۆنەدیووەکانى عێراق بن تاوەکو تێبگەن کە خەڵکى برسى و بێ پشت و پەناى وڵات چ دەخوازێت؟، کە داخوازییەکانیان سادەو ساکارە وەکو ژیانیان ڕوون و ئاشکرایە هیچ شرۆڤە و لێکدانەوەى ناوێت پێویست بە ڕاوێژکارو کاوێژەکارەکانیان ناکات، کە مووچەى چەورو مفتى ئەم وڵاتەیان بۆ هەڵڕشتوون. بەڵکو پێویستە ئیترگوێ ى کەڕوکاسیان هاوارى خەڵک ببیسێت و لە کەلى شەیتان بێنە خوارێ مل بە داخوازى و خواستەکانى گەل بدەن.
ئەوەى ئێستا هاتۆتە ئاراوە دواى دەست لەکارکێشانەوەى عەبدولمهدى و دەستبەرداربوونى فراکسیۆنى سائرونى سەربە مەقتەدا سەدر لە فراکسیۆنى پلە یەک و گەورەى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەو مافەى دواە بە شەقامەکان و مەرجەعیەتى نەجەف کە سیستانى ڕابەرایەتى دەکات و نوێنەرەکەى ئەویش عەبدولمهدى کەربەلائى لە وتارى هەینى ڕابردوودا وتى شەقام مەرجەعیەتى ڕاستەقینەى گەلى عێراقە ئیتر هیچ پاساوو لێکدانەوەیەک هەڵناگرێت خۆ خەریک کردن بە دیاریکردنى ئەم کاندید و ئەو کاندید لە لایەن قەوارەى بینائەوە کە مالیکى لە پشتیانەوەیە کە خۆى کاراکتەرێکى خوازراو نیە لە عێراقداو لە کاتى کابینەکەى دا هەم بوودجەى هەرێمى کوردستانى بڕى و هەم داعش سێ یەکى خاکى عێراقى داگیرکرد.
ئێستا بە نیازە جارێکى دى لە پشت پەردەو بە کاندید کردنى کاراکتەرى لاوازو بێ متمانە و بە پشتیوانى هەردوو فراکسیۆنى بەدرى هادى عامرى و عەسائیبى ئەهلى حەقى خەزعەلى ودوو فراکیسۆنى سوونە کە حەلبوسى و خەمیس خەنجەر نوێنەرایەتیان دەکەن کابینەیەکى نوێ پێک بهێنێت. کە لەماوەى ڕۆژانى ڕابردوودا هەریەک لە موحومەد شیاع سودانى و قوسەى سوهەیلى کاندید کرد. بەڵام بەتوندى ڕەت کرانەوە لە لایەن شەقامەو ەو دواتر خۆیشیان بە ناچارى ڕایانگەیاند کە پاشەکشە دەکەن لە خۆکاندید کردن و داواى لێبوردنیان کرد ئەو کارەیان بۆ ناکرێت، کەچى دواتر ئەسعەد عیدانى پارێزگارى بەسرەیان کاندید کرد ئەویش ڕووبەڕووى ڕەخنەى توند بووەو و شەقامەکانى عێراقى زیاتر تووڕەو نیگەران کرد.
هەر لە چوارچێوەى ئەو کاردانەوانەدا و فشارى فراکسۆنى بینا سەرۆک کۆمار یش نەى توانى ئەسعەد عێدانى دەستنیشان بکات وەکو نوێنەرى قەوارەى گەورە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ بە گوێرەى مادەى 76 ى دەستوور، نامەیەکى ئاراستەى ئەنجوومەنى نوێنەران کرد بژاردەى دەست لەکار کێشانەوەى خستە بەردەمیان ئەگەر هەر سووربن لە سەر ئەوەى کاندیدى حزبى دەستنیشان بکەن بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ چونکە :-
1- بە گوێرەى مادەى 67 ى دەستوورى عێراق نابێت سەرۆک کۆمار هەنگاوێک بنێت کە ئاشتەوایى کۆمەڵایەتى بخاتە مەترسیەوە کە ئەمەش لە لایەن گۆڕەپانەکانى خۆپیشاندانەوە لە شارەکانى بەغداو باشووریش بە توندى ڕەت دەکرێتەوەو شەپۆلێکى ترى ناڕەزایەتى زیاتر بە دواى خۆیدا دەهێنێت.
2- مەرجەعیەتى باڵاى شیعە هەرچەندە ئێستا وەکو پێشووتر نیە گرنگیەکەى، ئەوانیش ڕاى شەقام بە گرنگ دەزانن و سوورن لە سەرئەوەى کە خواستى گەل ڕەچاو بکرێت و ( مجرب لایجرب ) تاقى کراوە جارێکى دى تاقى ناکرێتەوە.
لە کۆتاییدا خرابترین شرۆڤە بۆ ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەرییە بەرفراوانانە لە لایەن ئەو هێزە تائیفیە وابەستانەو دەکرێت کە بە پیلان و دەستى دەرەکى و زایونیزم و ئەمریکاى دەزانن و خۆیان بە فریشتەو نوێنەرى خەڵک خودا لە سەر ڕووى زەوى دەزانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت