سامانی وەستا بەکر: بەڵێن هیوا ڕاستی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەگشتی بەڵێنی باو بۆ ساڵی نوێ لە کۆی جیهانا لەیەک ئەچێت و هەموو مرۆڤەکان هاوشێوە ئاواتەخوازی ژیانێکی شایستەتر و پڕ خۆشی و بەپێزترن هەربۆیە بەشێکی زۆری خەڵکی بەڵێنی وازهێنان لە جگەرە، خواردنەوە کهولییەکان و مادە هۆشبەرەکان و لەبری ئەوە وەرزش و خواردنی تەندروست تر و ڕێگەو چارە تەندروستییەکان ئەیەن.
بەشێکیش بەڵێنی بەدەستهێنانی پلەیەکی باڵاتر لەڕێگای بەردەوامی و برەو ی زیاتر بەخوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵاو هەندێکیش بە گۆڕینی کارو بەدەستهێنانی هەلی کاری نوێ و سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی ئەیەن.
واباوە لە دنیایا وە بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایا کە پێداچوونەوە بۆ ساڵی ڕابردوو و بکرێ و کارە باشەکان برەو پێبیرێ و هەڵەکان دووبارە نەکرێنەوەو لە پاڵ ئەوانەشا چەندین بەڵێن ئەدرێ تا لە ساڵی نوێیا جێبەجێ بکرێ، لێرەوە ئەڕوانینە بەڵێنەکانی ڕۆژئاواییەکان و کوردیش بۆ ساڵی نوێ وەک بەراوردێک لە نێوان دوو تاکی دوو کۆمەڵگەی جیاواز.
سەرەتا تەنها بورای گواستنەوە و باخچە و فێرگەکانی مناڵان و خانەنشینان لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا بە نمونە وەرەگرین:
* زیاد کردنی باج لەسەر گواستنەوەی ئاسمانی و کەمکردنەوەی لەسەر هێڵی شەمەنەفەر بەوپێوەرەی کە هێڵی شەمەنەفەر کەمتر زەرەرمەندە بۆ ژینگە.
* زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنی بەنزین و گاز بۆ هاندانی بەکارهێنانی ئامێرەکانی گوستنەوەی کارەبای و هێڵی گواستنەوەی گشتی بۆ پاراستنی ژینگە.
* دروستکردنی چەندین شەقام، هێڵی شەمەنەفەرو پرد بۆ ئاسانکاری گواستنەوە و کەمکردنەوەی کاتی گەشتەکان و تێچووی کەمتر.
* سازاندن و گونجاندنی کۆی ڕێگاوبانەکان بۆ ئامێرە جۆراوجۆرەکانی گواستنەوە وەک تاکسی، پاس، میترۆ، ئۆبان و شەمەنەفەر کە بەبێ شۆفێر ئەکەونە گەڕ.
* کەمکردنەوەی باج لەسەر پاسکیل بۆ دابەزاندنی نرخ و تەرخانکردنی شۆستەی زیاتر بۆکارهێنانی بەمەبەستی ژینگە پارێزی.
* کەمکردنەوەی ژمارەی مناڵانی باخچەی ساوایان و فێرگەکان لە 24 مناڵەوە بۆ 21 و زیادکردنی مامۆستا و چاودێریکەری لە 2 کەسەوە بۆ 3 کەس بەجۆرێک بۆ هەر 7 مناڵێک کەسێکی گەورە چاودێریکەر و فێرکەریانبێ تا کاتی تەواوی هەبێ بۆ فێرکردن و وەڵامدانەوەی پرسیاری مناڵان و پاراستنیان لەکاتی یاری و گەمەی نێوانیان.
* کەمکردنەوەی باج لەکۆی لەسەر مووچەو کۆی بوارە جۆراوجۆڕەکانی پێویستی ژیان لەسەر خانەنشینان بۆ باشکردنی ژیانیان لە باشەوە بۆ باشتر و پێزانین و ئەمەک بۆ ئەو خزمەتەی پێشتر کردوویانە.
* پێشنیار بۆ بەرزکردنەوەی کاتی خانەنشینکردن لە 65 ساڵەوە بۆ 68 بەوپێیەی مرۆڤەکانی ئێستا لە ڕۆژئاوا زیاتر ئەژین و تەندروستیان لەڕابردوو زۆر باشترە بەهۆی خۆشگوزەرانی و ئاسانکاریەکانی حکومەت بۆ کۆمەڵگە.
ئێمەی کوردیش بەتایبەت لە باشور هیوا و ئاوت و بەڵێنەکانمان تەنها بۆ ڕاستکردنەوەی خراپەکاریەکانی دەسەڵاتدارانن کە جێبەجێکردنی ئەبێتە هۆکاری خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی ئەو بارقورسییەی بەسەر ئەستۆی دانیشتوانی وڵاتەوەیە، چونکە دەسەڵاتداران بەجۆرێک کاریانکردووە کە خەڵکی تا ئاستێکی زۆر دەستبەرداری ئاوات و ئامانجە کەسییەکانیان بوون و هیواکانیان بە چاکسازییە گشتیەکانا هەڵواسیووە. بەشێک لە ئامانج و ئاواتی تاکی کوردی باشور بۆ ساڵی نوێ بەم جۆرەیە:
* پێداچوونەوە بۆ مێژووی کۆن و نوێ کە ئاودامانە لە هەڵە و وەک نەنگی و شەرم لێیئەوانین و ڕێ بە دووبارە بونەوەی نایەین.
* پشت کردن لە مێژووی کۆن و نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ لەسەرکەوتن دروست ئەکەین.
* هەموومان پێکەوە خەونی چاکسازی و چاکردنی وڵات ئەبینین و کاریشی بۆ ئەکەین.
* تۆی دووبەرەکی بن بڕ و بن کۆڵ ئەکەین و لە شوێنیانا برایەتی و خۆشەویستی ئەچێنین.
* چیتر خیانەت لە خاک و لەیەکدی و لەخۆشمان ناکەین و تەحریم و تەجریمی ئەکەین.
* حیزبە کوردییەکان ببن بە حیزبی مۆدێرن و دوورکەونەوە لە باڵادەستی خێزان و ڕێگە بە خەڵک و کادێرە بە تواناکان بەن ببن بە ڕێبەری حیزب نەک کوڕی بەرپرس.
* لە هەڵبژاردنەکانا تەزویر و دەست تێوەران ناکەین و ڕێز لە ئەنجامەکانیشی ئەگرین.
* چیتر یارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنا لە چین ناباتەوەوەو پێشیخۆشە قەبارەی خۆی وەک خۆی ببینێ.
* چیتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکاتی کەمی بەدەستهێنانی دەنگدا لە دوای هەڵبژاردن بەهانە ناهێنێتەوە و مێژووی خەباتی کۆن و خۆێنی شەهیدان ناگرێ بەشاهید و بۆ مانەوە لە دەسەڵات.
* بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتاوە یان ئۆپۆزسێۆنی ڕاستەقینە ئەبێ و بەشداری لە حکومەتا ناکا ئەگەر براوەی یەکەم نەبێ.
* یەکگرتووی ئیسلامی لە هەژموونی ئەردۆگان و ئیخوانەکان یەنەدەرێ و چیتر نابن بە کۆڵەکە بۆ نەکەوتنی ئەردۆگان.
* کۆمەڵی ئیسلامییش یەکلا ئەبن لەنیوان حکومەت و ئۆپۆزسێۆن و نیشتمان و نەتەوە پیرۆزتر ئەکەن لە دین و لەبەر سروودی ئەی ڕەقیبا بەپێوە و دەست لەسەر سنگ ڕائەوەستن.
* کۆی حیزبە سێبەرو باڵکراوەکان یان خۆیان هەڵەوەشێننەوە یان ئەبن بە خاوەنی خۆیان نەک کلی گەورەکان.
* کورد یەک ئەبێ لەڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنا.
* نێچیرڤان بارزانی بەڵێن ئەیا کە چیتر پارێزەری بەرژەوەندییەکانی تورکیا نەبێ لەسەر حسابی هەرێمی کوردستان.
* کارێک ئەکەین کە نەتەوە کوردستانیەکانی تری ناو کوردستان لە خۆمان زیاتر پەرۆشی گەڕانەوە سەر هەرێمی کوردستان و پێکەوە ژیان بکەن لەگەڵمان.
* چارێکیتر گرەو لەسەر خاک ناکەین و نیشتمان ناخەینە دەنگدانەوە و لەبەر پۆست و ناکۆکی ناوخۆ خیانەتی نیشتمانی ناکەن.
* بەڵێن ئەیەین کە چیتر پێش هێزی داگیرکەر نەکەوین و دەستی دوژمن نەگرین بۆ داگیرکردنی خاکی نیشتمان.
* هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی لەژێر باڵی وەزیرێکی بێلایەن و مەدەنی و پیشەگەر بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و دروست ئەکەین بەجۆرێک پەروەردەیان ئەکەین کە تەنها ڕووی تفەنگەکانیان لە دوژمنبێ نەک خەڵک و خۆپێشاندەر.
* پۆلیس و ئاسایش و دەزگای هەواڵگر و کۆی هێزە چەکدارەکانی ناوخۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆئەبن و لەژێر فەرمانی وەزیرێکی بێلایەن و مەدەنی و پیشەگەر.
* پارتی و یەکێتی بوراێک بەخۆیان بەن و دەست لە حکومەت بەردەن و ڕێگەبەن لایەنەکانیتر حکومەت پێکبهێنن و چێژ لەخەباتی ئۆپۆزسیۆن بوون وەرگرن و لەو ماوەیەدا بەهەڵەکانی 29 ساڵ شکستی حکومڕانیانا بچنەوەو ئەزموونی لێوەرگرن.
ئەگەر ئەم ئاواتانەمان ببنە ڕاستی ئەوا بوارەکانیتری ژیان بێ کێشە ئەبن و مووچە و کارەبا و نەوت و ڕێگاوبان وخزمەتگوزاری نابنە ئاواتی کۆمەڵگە بەڵکو کۆمەڵگە خەونی گەورەتر بۆ ژیانێکی شایستەتر ئەبینێ و مێژوومان ئەبێ بە شانازی نەک پڕ تەڵەکەبازی.
لێکۆڵەرەکان دوای ساڵانێک لە بەدواداچوون و پشکنین گەشتنە ئەو باوەڕەی کە شکاندنی بەڵێن بۆ ساڵی نوێ هۆکارەکەی ئەوەیە کە مرۆڤەکان توانای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەیان نیە کە دوورن لە تواناکانی خۆیانەوە واقیعی نین، یان لەکاتی هەوڵداندانی ئەو بەڵێنانەیا تووشی گرفتی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری یان تەندروستی بوون و هەندێک جاریش بەهۆی ئیهمالی و گوێنەدانەوە بەڵێنەکانیان بۆ نەگەینراوەتە کۆتای، هەروەک چۆن کچان و ژنان زیاتر پابەندن ئەبن بە بەڵێنەکانیانەوە کە زیاتر پەیوەستە بە جوانکاری و ڕێکپۆشی و کوڕان و پیاوانیش بەو بەڵێنانەی کە ئەیانگەیەنێتە پلەویایەیەکی بەرزترو کارێکی باڵاتر.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەو لێکۆڵینەوەیەیا کە حکومەتە دیموکرات وماف پاریزەکان هەمیشیە لەهەوڵی جێبەجێ کردنی سەد لەسەدی بەڵێنەکانیانن بە پێچەوانەی حکومەتە دیکتاتۆرەکان کە نەک هەر بەڵێن جێنبەجێ ناکەن بەڵکو هیچ پابەندییەکیان نیە بەهۆی بێبەرنامەی و بێ پلانی.
ئاخۆ حکومەتەکەی خۆمان لە کام جۆرەیانبێ؟