لوقمان غه‌فوور: هاتوهاواری دوای ته‌مبێكردنی میلیشیاكانی شیعه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌وه‌ی رویدا شه‌ڕ نییه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، به‌ڵكو ته‌مبێكردنی شیعه‌ی ناو عیراقه‌ یاخود باشتر ئێرانچییه‌كانه‌. ئه‌گینا ئه‌مریكا بیه‌وێت له‌ ئێران بدات به‌ ئێف 15 لێی نادات، به‌ڵكو به‌ فرۆكه‌ی (بی 2) و (ئێف 35) خاپوری ئه‌كات، ئێف 15 بۆ ته‌مبێكردن به‌كارده‌هێنێت نه‌ك شه‌ڕ.
مایكل پۆمبۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌دوای هێرشه‌كه‌ی ئێواره‌ی دره‌نگانی 29 ی دیسێمبه‌ر چوار ته‌له‌فۆنی گرنگی له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ گیوتریس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، محه‌مه‌د بن زاید وه‌لی ئیمارات و محه‌مه‌د بن سه‌لمان وه‌لی شانشینی سعودیه‌، ئه‌نجامداوه‌.
له‌ هه‌موو ته‌له‌فۆنه‌كاندا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌وه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌یان په‌یامێكه‌ بۆ ته‌مبێكردنی ئێران تا ئێران ره‌فتاره‌كانی له‌ناو عیراق بگۆڕێت. جگه‌ له‌و په‌یامه‌ نائاشكرایانه‌ی بۆ روسیای نارد چه‌ند رۆژێك پێشتر گوایه‌ به‌ ته‌له‌فۆن ئه‌مریكا هێرشێكی تیرۆریستی سه‌ر كرملینی به‌ فلادیمێر پۆتن راگه‌یاندووه‌. جا ئیتر ئه‌وه‌یان ته‌نیا هه‌واڵگری ئه‌مریكی ئه‌زانێت كه‌ له‌پشت ته‌له‌فۆنه‌كه‌وه‌ په‌یامی بێده‌نگبوونی روسیای تێدابوو به‌ناوی تیرۆره‌وه‌ یان هه‌ر به‌ هه‌قیقه‌ت ویستراوه‌ هێرشی تیرۆریستی بكرێته‌ سه‌ر روسیا.
دیمه‌نه‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراق به‌مشێوه‌یه‌ بوو، كه‌چی له‌ناوخۆی عیراق دیسانه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ئێرانچییه‌كانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌كی ده‌ستله‌كاركێشراوه‌یان كرده‌وه‌ به‌ كه‌بشی فیدا و دوای سه‌روه‌ری خاكی عیراقی پێده‌كه‌ن. ئیتر عادل عه‌بدولمه‌هدی-یه‌ك كه‌ توانای به‌سه‌ر خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یدا نه‌ماوه‌، بێئه‌وه‌ی له‌ خۆی بپرسێت له‌نێو ئه‌و 25 كوژراوه‌ی سه‌ربازگه‌ی (غابه‌ سلوم)و(حه‌رش)ی خۆرئاوای ئه‌نبار جگه‌ له‌و 4 سه‌ركرده‌ی حزبوڵڵا، ئه‌و سێ ئه‌فسه‌ره‌ ئیرانییه‌ی سوپای پاسداران كه‌ به‌ر بۆردومانه‌كه‌ كه‌وتوون، قه‌ده‌ر بووه‌ یان هه‌ر به‌ڕاست له‌وێ مه‌شقیان به‌ هێزه‌كه‌ی ئه‌بو كه‌مال-ی حزبوڵڵا-ی سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌. جا ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عیراق مه‌به‌ستیان بێت ئه‌توانن له‌ ئیران بپرسن سه‌روه‌ری خاكی عیراق له‌ كوێدایه‌!
ئه‌و راگه‌یاندن و په‌یامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و ملیشیا شیعه‌كانی ئیران-یش هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ خۆبه‌تاڵكردنه‌وه‌ی دوای ته‌مبێكردن نه‌بێت. چونكه‌ نه‌ ئێران رسك ئه‌كات به‌ خۆیه‌وه‌ له‌به‌رخاتری 25 كوژراوی شیعه‌ی عیراق، له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بدات، نه‌ میلیشیا شیعه‌كانیش ئه‌وێرن خۆیان تووشی كه‌تنێكی تر بكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی جگه‌ له‌وه‌ی میلیشیا شیعه‌كان نه‌ك له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی به‌غداوه‌ په‌سه‌ند نین، به‌ڵكو له‌ ئێستادا به‌ ئاشكرا سوپای عیراق و هێزه‌كانی شیعه‌ به‌ دوو ئاراسته‌ی جیا كارده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت گومان نه‌ماوه‌ له‌وه‌ی به‌شی زۆری ئه‌فسه‌ پله‌داره‌كانی عیراق له‌ژێر ركێفی هه‌واڵگری ئه‌مریكان، بۆیه‌ له‌رسكی وه‌هادا دوور نییه‌ ئه‌مریكا هه‌ر به‌هێزی سوپای عیراق به‌ناوی ده‌رچوون له‌یاسا ته‌فروتونایان بكات و ئاراسته‌ی یارییه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بێته‌وه‌.
مارك گرین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ كۆمارییه‌كان ئه‌مڕۆ له‌رێگه‌ی سی ئێن ئێن -ه‌وه‌ چه‌ند په‌یڤێكی مه‌نتیقیانه‌ی ده‌ربڕی و وتی كه‌واته‌ ده‌ركه‌وت ئێران ئه‌یه‌وێت عیراق داگیر بكات، بۆیه‌ ئه‌مریكا ئه‌توانێت له‌ئاینده‌ له‌ ئێران بدات به‌بیانووی كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ ئێرانییه‌كانی ناو عیراق. ئه‌توانێت ئه‌مریكا ئه‌وه‌ بكات به‌ مه‌رج له‌سه‌ر ئیران. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای یارییه‌كی نوێ بێت ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئیرانی بكات به‌بیانوی سه‌روه‌ری خاكی عیراق قسه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی عیراق به‌سه‌ر ئیراندا جێبه‌جێبكرێت نه‌ك به‌سه‌ر خۆیدا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ ده‌ركردنی ئه‌مریكا بێت، نه‌ پێویستی به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت نه‌ پێویستی به‌ ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك وه‌زیران و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی عیراقه‌. چونكه‌ خۆی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئیرانچییه‌كانی عیراق بۆیان بكرێت سبه‌ی به‌یانی ئه‌مریكا ده‌ره‌كه‌ن له‌ عیراق و عیراق و سه‌روه‌ته‌كه‌ی ته‌سلیمی مه‌لاكانی قوم و تاران ئه‌كه‌ن. ئه‌مریكا نه‌ك عیراق به‌جێناهێڵێت له‌ هه‌ر كارێكی سه‌ركێشی میلیشیاكانی شیعه‌ی عیراق ئه‌وا ئه‌و 5200 سه‌ربازه‌ ئه‌بێن به‌ 15 هه‌زار سه‌رباز و رێگه‌ی هاتنه‌كه‌شی چه‌ند سه‌عاتێك له‌ قه‌ته‌ر و سعودیه‌وه‌ دووره‌. بۆیه‌ هه‌روه‌ك جۆرج فریدیمان دامه‌زرێنه‌ر و به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ئاینده‌ی جیۆپۆلتیك بۆ گۆڤاری نیوزویك نوسیویه‌تی: “هه‌ڵوێستی دوو یاریزانه‌كه‌ی تر بۆ ئه‌مریكا گرنگه‌ نه‌ك عیراق ئه‌وانیش توركیا و روسیایه‌، بۆیه‌ له‌و بڕوایه‌دا نیم هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی سه‌ر میلیشیاكان وا له‌ عیراقییه‌كان بكات رسك به‌ ژیانی خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن. ناوچه‌كه‌ ئه‌مریكای پێویسته‌”.
كۆتا قسه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌مریكا ئاسانه‌ فه‌وتاندنی ئه‌م میلیشیایانه‌ی شیعه‌، باشترین نموونه‌ رێكخراوی ئه‌لقاعده‌یه‌ كاتێك له‌ كۆتاییی هه‌شتاكان جۆشیدا دژی روسیا هه‌ر خۆشی 10 ساڵێك دوای ئه‌وه‌ ته‌فروتونای كردن، به‌ڵام ئه‌مریكا ئه‌وه‌ ناكات، چونكه‌ به‌ كوژانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ماددی و مه‌عنه‌وی میلیشیاكانی حه‌شد كه‌ ئیرانه‌ ئه‌م هێزانه‌ به‌ كاوه‌خۆ ئه‌كوژێنه‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌مریكا نایه‌وێت شه‌ڕ بخاته‌ عیراقه‌وه‌ و عیراقییه‌كانیش هێز و توانای ئه‌وه‌یان نییه‌.