ئازاد وەندەرێنەیی: شەڕیی پێشمەرگە و لەشکریی عێراق، پایزی ساڵی ( 1990).

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هێشتا تارمایی ئەنفال لە ئاسمانی  کوردستان نەڕەوابووەوە، باریی گوزەرانی خەڵک لە ڕووی دارایی و خراپی تەندروستی و کۆمەڵاتییەوە بەهۆی شەڕیی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبوو. ڕژێمەکەی سەدام لەباتی بەدوای ڕێگەچارەی گونجاودا بگەرێت، جەنگێکی نوێی تری هەڵگیرساند و، ئەمجارەیان عێراقی ڕووبەڕووی هێزەکانی جیهان و ناوچەکە کردەوە.

سەرکردایەتی یەکێتی ژیرانە بیری لەوە کردەوە، کە هەلەکە بقۆزێتەوەو، سەرلەنوێ هێزەکانی خۆی ڕێکبخاتەوەو ئامادەی بکات تا لەگەڵ ڕەوشە نوێکەدا بگونجێت. ئەوە بوو هێزەکانی لەسەر شێوەی بەتالوێن ڕێکخستەوە و ئامادەی کرد لەسەر سنوورەکان و، کردییە هێزی دواوەی هێزە پارتیزانەکان، کە لە دوای ئەنفال لەشێوەی مەفرەزەو هێزی پچوک جێگیرکرابوون.

جگە لەمانە ڕێکخستنەکانی یەکێتی لەناو شارو شارۆچکەکان ئامادەو بەشێوەی پێویست ڕێکخرابوونەوەو، هەمیشە کۆمەڵێک نێردەی سەرکردایەتی لە هاتوچۆدا بوون و پەیام و زانیاریی نوێیان لە گەڵیان ئاڵووگۆڕ دەکرد.

جیهان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا سەرقاڵی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی سیاسی و ئابووری بوو دژ بە داگیرکاریی لەشکریی عێراق و ، تا ڕژێمەکەی سەدام قایل بکەن، هێزەکانی لە وڵاتی کووەیت بکشێنێتەوە. لەولاشەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەمارۆی ئابووری و سەربازیی و سیاسی زیاتریان دەخستە سەر وڵاتی عێراق. لە گەڕانەوەمدا بەئەرکێکی نهێنی بۆ سلێمانی. بە ئاشکرا دیار بوو، باریی  ئابوریی خەڵک  ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبوو،  ئەو ڕەوشە بە سەر هێزەکانی رژێمیشەوە دیار بوو، تەنانەت سەربازەکان، کە بە مۆڵەت دەهاتنەوە، لە گەڕانەوەیاندا  نان و خۆراکیان لەگەڵ خۆیان دەبردەوە.

 بە هۆی ئەوەی تەواوی ململانییە سەربازییەکان لەسەر سنوریی عێراق و کووەیت لەهەڵاواساندا بوو، ڕژێمی سەدام بەشێکی زۆریی هێزەکانی لە ناوچەی کوردستان کشاندبوەوەو، تەنها شارو شارۆچکەکانی بە هێزەکانی تەنی بوو، هەروەها بەهۆی کەمی خۆراک و شتوومەکەوە، ڕژێم مەجالی  هەندێک خەڵکیان ئەدا بچن لە سنورەکانی ئێران خواردن و کەلوپەل ببهێنن و، بەوهۆیەوە خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە مەرزەکان دەکرد.

گوندی گۆڵێ یەکێک بوو لەو شوینانەی کە وەک فرۆشگایەکی  سنوریی لێهاتبوو. هەر لەو سنورانەدا  بەرەی کوردستانیش  لە گوندەکانی ( پاش بەرد) ی پشتی ( بێ ماوە)گومرگی ھاوبەشیان دانا بوو.

گومرکەکان، کە ببونە سەرچاوەی دارایی شۆڕش و حیزبەکان، بەشێوەیەکی ڕەمزیی باجیان دەخستە سەر شتومەکەکان. شوێنی گومرکی ئەم ناوچەیە، پێشتر بارەگایەکی پارتی لێبوو، کە فەرماندەکەی ناویی کاک شەریف بوو، کە بە شەفە کەچەڵ ناسرا بوو، لە بارەگای گوومرکدا کاک عومەر ئەحمەد/ نوێنەری یەکێتی بوو. مامۆستا سۆران ناوێکیش نوێنەری پارتی بوو، برادەرێکی شیوعیش  لێ بوو. لێپرسراوی پێشمەرگەکانی بەرەی کوردستانیش خاڵە نەجمی وەندەرێنەیی بوو.  هەروەها بەتالوێنی حەوت ی یەکێتی لێ بوو، کە پاڵپشتی پارتیزانەکانی شارباژێر بوو. هەروەها مقەڕێکی حیزبی شیوعی لێ بوو.

بۆ هاتووچۆکردنمان لە دیووی ئێرانەوە بۆ نێو ئەم بارەگاو بنکانە، دەبوایە بەبەردەم پایەگایەکی ئێرانی دا تێپەرینایە، کە لەهەمان کاتدا بازگەش بوو. ئەوانیش بێ لێپرسینەوە ماوەیان نەئەداین بڕۆین، هەرکەسێ پسوولەی هاتووچۆی پێ بوایە، ماوەیان دەداو، ئەوەی پسووڵەشی نەبوایە، بەناچاریی دەبوایە بیوتایە: بەچەی شەریفم، یا نیروی ئەوم. ئەگینا ئیزنیان نە ئەدا و نەیاندەھێشت بڕوات.

بەیانیەک سەعات شەش بوو من و خاڵە نەجم هەستاین و، پاش دەمووچاوشتن، کەوتینە پیاسە. لە پڕ سەیری خوارەوەمان کرد ھێزێکی پیادەڕەو بەرەو لای ئێمە دێت. خاڵە نەجم بە دووربینەکەی سەیریکرد و گوتی: ئەوانە عەسکەرن و بەرەو لای ئێرە دێن. منیش گوتم: لە برسا دێن تەسلیم دەبن. لەو کاتەدا ڕەوشی ناو شارم  بیرکەوتەوە، کە گوتیان سەربازەکان لەکاتی گەڕانەوەیاندا خواردن دەبەنەوە لە گەڵ خۆیان. تفەنگەکەم ھەڵگرت و ڕۆیشتم بەرەو ڕوویان بەبێ تاقم بەستن، ئەوەندەم پەلەم بوو تەنها یەک مەغزەنی چلیم لەسەر کڵشینکۆفەکەم بوو. هەنگاوم هەڵگرت ڕووەو سەربازەکان. خاڵە نەجمیش لەدوواوە بە دووربین چاودێریی دەکردم.

من نزیک بومەوە لە سەربازەکان و، پێش ئەوەی بگەم پێیان،  یەکێکیان هاواری کردوو گوتی: (ھادە عوساد…!!).  ئیتر شەڕەکە بەگەرمی هەڵگیرسا!، سەربازێکی زۆر تەقەیان لە من دەکرد. منیش خۆم خستە تەنیشت دارێک و دوو ڕیزە فیشەکم کرد بەناویاندا. خاڵە نەجم لە پشتمەوە، کە زاڵ بوو بەسەر هەموواندا، بە چەکی بیکەیسی کەوتە تەقەکردن لە سەربازەکان. سەربازەکان کەوتنە هەڵهاتن و ڕاکردن.  منیش نیشتمە سەریان، لەو کاتەدا دوو کەسیان خۆیان خستە ناو کەڵەکە بردێکەوەو خۆیان مەڵاس دا، منیش هەڵم کوتایە سەریان و ھەردووکیانم چەک کرد. یەکێکیان کڵانشیکۆفێکی پێبوو، ئەوەی تریان (R.B.K) یەکی پێبوو.  ئیتر پێشمەرگەکانی تریش دامەزران و  شەڕەکە گەرم بوو.

جەمال چاوشین و کاکە حەمەڕەشید، کە ناسرا بوو بە ڕەشە قۆپچە و بەختیاری شێخ سالح و مەحمود وەندەرێنەیی  و سامان وەندەرێنەیی بەدەم منەوە هاتن و، دوای  شوێن پێی سەربازەکان کەوتین. لە شوێن کەوتنەکەماندا بینیمان خوێن ڕژابوو. بە شوێن خوێنەکەدا پێمان هەڵگرت و، سەربازێکی بریندارمان دۆزییەوە، هەر بە کوردی  پێمان وت: چەکەکەت فرێ بدەو  بڕۆ! رێک  بە قسەی کردین.

بەم جۆرە هێزەکەمان تا گۆڵێ ڕاونا. ئەگەر زوو  نەهاتینایەتە دەست و ئەوان دەست پێشخەرییان بکردایە بە ئیسراحەت جێگای خۆیان بگرتایە، خەڵکێکی زۆر دەکوژراو کاسبکارەکانی مەرزەکەش زەرەریێکی زۆریان دەکرد. چونکە ئەو ناوە ھەمووی خێمەی قاچاخچی لێ بوو، پڕ بوو لە قوماش و  تەلەفزیۆن و ئامێری کارەبایی و کەلوپەل و کەرەستەی تری گرانبەها. بەپەلە خەڵکەکە کەوتنە کۆکردنەوەی بارو کەلوپەلەکانیان.

هیشتا جاروبار تەقە لەدوورەوە دەبیسترا، ئاراستەی دەنگی تەقەکان لە شاخێکی بەرامبەرمانەوە بوو، هەستم بەمەڵاسدانی هەندێک سەرباز دەکرد، کە چاودێری ناوچەکەیان دەکرد. لەوە دەچوو ئەوانە وەک هێزی پاڵپشتی خۆیان حەشار دابێت، یان بۆ شەو هێرش بکەن.

بە خاڵە نەجمم گوت: ھەندێ سەرباز خۆیان مەڵاسداوە  لەو شانەی ئەو بەرەوە، خاڵە نەجم گوتی: باوەڕ ناکەم کەسی لێ بێت. منیش گوتم: لێیەتی و ئینکاریم کرد و، گوتم: دەچم سەرێک ئەدەم. بە تەنیا کەوتمە ڕێ و، ئاوڕم دایەوە! مەحمود وەندەرێنەیی ھات و گوتی: ھیچی لێ نیە با بگەڕێینەوە! گوتم: با کەمێکی تر  بچینە پێشەوەو، ئینجا دەگەڕێینەوە.  بەڵام من گریمانەم لا دروست بوو، کە پڕە لە  سەرباز. بەخشپەیی لەگەڵ  جەمال چاوشین و سامان وەندەرێنەی و بەختیاری شێخ سالح و کاک حەمەڕەشید، کە ناسرابوو بە ڕەشە قۆپچە، هەنگاومان دەنا.  تا نزیک دەبووینەوە زیاتر گوومانمان لا دروست دەبوو. هەستم زیاتر بەوە دەکرد، کە لەودیو بەردەکەوە سەربازیی زۆری لی بێت و، خۆیان مەڵاس دابێت. وردە  وردە بەئەسپایی کشام بۆ سەر گابەردێک و، سەرم کەمێک شۆڕکردەوە بۆ خوارێ! ڕوانیم سەربازێکم تفەنگەکەی لەسەر بەردێک ڕاگرتبووو. وەک و ئەوە وابوو هەستی بەئێمە کردبێت و لەو قولەدا دانیشتبێت بۆمان،  لەگەڵ سەر دەرکردنم، ئەو پەنجەی نا بە پەلەپیتکەداو!  منیش  بە پەلە ھاتمەوە دواوە!. مەحمودی ڕەحمەتی ڕومانەیەکی پێ بوو، لێم وەرگرتوو چومەوە سەر بەردەکەو هاویشتمە ناو سەربازەکان.  پاشان  بە دەم تەقەکردنەوە،  چەند تاوێرە بەردێکیشمان  بۆ تلۆرکردنەوە و لەجێگاکەی خۆیان دەرمانپەڕاندن و، دواتر هەڵمان بڕین و ڕاومان نان.  هەر لەوێشدا دەستمان گرت بە سەر (B.K.C) یەک و  داریی حەیزەرانی ئەفسەرێکەدا، لەگەڵ نەخشەی سەربازیی  ناوچەکە.  خاڵە نەجمیش لەولا ترمانەوە چەند گولە  (R.B.G) یەکی نا بەهێزە ڕاکردووەکەوە و، بەدەم هەڵمەت بردنەوە، هاواریی دەکرد: بە قوربانتان بم ئەمە شەریی (حوکمەت و وەندەرێنەیە ). لەبەرئەوەی هەموومان لەو شەڕەدا شەش کەس بوین و، چوارمان وەندەرێنەیی بووین.

بۆ ڕۆژی دواتر حکومەت هێزی زۆریی ڕەوانە ناوچەکە کرد، تۆپخانەیەکی گەورەی لەپشتەوە جێگر کرد. شەڕەکە لە دیووی چەمپاراوەوە گەرم بوو. هێزەکانی تریی  بەرەی کوردستانی کە لەناوچەکەدا بوون، هەر هێزێکیان لاپاڵێکی گرتبوو بۆ پاراستنی ناوچەکەو لەشەڕدا بوون. هێزەکەی یەکێتی بە گردێکەوە بوو، کە دەمان ڕوانییە سەر بارەگاکەی گوومرک. هەموو هەوڵی حکومەت گرتنی ناوچەکە بوو. هێزێکی پارتی بە گردێکی ترەوە جێگرکرابوون، لەشەڕدا بوون، برادەرانی حیزبی شوعی گردێکی تریان گرتبوو، بەشدار بوون لەبەر پەرچدانەوەی دووژمن.  سەرەتا حکومەت دەستیان کرد بە تۆپباران و پاشان هێرشکردن. ئەو گردەی ئێمەی پێوە بوین خێمەکەی گومرگمان لێوە دیار بوو، سەربازەکان دەیان ویست بیسوتێنن ئێمەش نەمان دە ھێشت، کە نزیک دە بوونەوە بە بیکەیسی تەقەمان لێ دە کردن، حکومەت هەموو هێزەکانیان بەئاراستەی ئەو شوێنە بوو، کە ئێمە لیی بووین، چوونکە دەیڕوانیی بەسەر هەموو ناوچەکەداو، بەگرتنی ئەو شووینە زاڵبوونی خۆی دەسەپاند.

شەڕ ئێستا تەواو نەبوو بوو، هێزەکانی دووژمن توانای پێشڕەویان نەبوو، لەبەرامبەر گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە. دووژمن زیانێکی زۆریی گیانی هەبوو. لەو کاتەدا هێزەکانی چاودێری سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، کە چاودێری سنورەکانیان دەکرد، کە بە هێزی چاودێری سنوور ناسرابوون، ئاگاداریی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانیان کردبووەوە، ئەوانیش بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئێمەیان دا لەسەر سنور. بەوشێوەیە شەڕەکە کۆتایی هات و پێشمەرگەش کشانەوە.