دڵشاد مەجید: کۆسرەت ڕەسوڵ، سەرکردەیەکی سەربازی زمان و جەستە ئفلیجە، یا سیاسیەکی تۆڵەلێسەنەرەوەی لێهاتووە؟ بەشی یەکەم.

لەپەراوێزی کۆنگرەی چواری یەکێتی. تائێستا ئەو نووسین و لێکدانەوانەی چ لەناو یەکێتی یا لەدەرەوەی یەکێتی بۆ کارەکتەری کۆسرەت رەسوڵ دەنووسرێ. هیچیان خوێندنەوەیەکی بابەتیانە نین، بۆ ڕێڕەوی مێژووی ڕووداوکان و گۆرانکاریە […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەپەراوێزی کۆنگرەی چواری یەکێتی.
تائێستا ئەو نووسین و لێکدانەوانەی چ لەناو یەکێتی یا لەدەرەوەی یەکێتی بۆ کارەکتەری کۆسرەت رەسوڵ دەنووسرێ. هیچیان خوێندنەوەیەکی بابەتیانە نین، بۆ ڕێڕەوی مێژووی ڕووداوکان و گۆرانکاریە سیاسیەکانی ناو یەکێتی و کارێکتەری کۆسرەت رەسوڵ لەناو ئەو رووداوانە.

لێکدانەوەکات بەدوو ئاراستەیە،
یەکەمیان / بەتەخوین کردنیەتی بە پرۆ پارتی.
دووەمیان/ وەسفکردنی بەشۆرشگێرو قارەمان و هۆکاری مانەوەی یەکێتی دەزانن. بەڵام بۆچونێک بەدی ناکەی کەهەردوو دیدگاکە، پێکەوە گرێ بدات.
هەردوو ئاراستەکەش یان (مدفوعن ئەجرن) یانیش لەساویلکەیی و بێئاگایی وحقدی شخصی و تەکەتولبازیە، بەڵام ئاراستەی سێیەم بەدی ناکەی. بەحوکمی ئەوەی من لەژمارە سفری ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ تا 31ی ئابی 1996 واتە تادەرکردنی یەکێتی لەهەولێر دەست بەکاربووم) کوردستانی نوێیش دراوسێی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بوو..
منیش ئەوکات وەک رۆژنامەنووس لەبەشی هەواڵ و ریپۆرتاچ، ئاگاداری ئیش و کاری حکومەت بووم، ڕۆژانە بۆ هەواڵ و بەسەرکردنەوە، دەچووینە بارەگای ئەنجوومەن. بەڵکو ئەوکاتە داوام لێکرا ببمە لێپسراوی ڕاگەیاندنی حکومەت لەسەردەمی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، بەڵام ڕەتم کردەوە، وەڕەتکردنەوەکەشم لەبەر شێوازی ناسیستەمی کارکردنەکە بوو، چونکە وەك یەکێک لەحیمایەکان مامەڵەت لەگەڵ دەکرا، دەبوایە لەکاتی دەرچوون بەڕاکردن شوێنێکت لەناو سەیارەی حیمایەکان بدۆزبوایەوە، نەوەک بەجێ دەمای.
ئەو کاتەی کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی حکومەتی ( 50 بە 50) ی یەکێتی و پارتی بوو لەهەولێر، بەتایبەتی دوای ئەوەی فوئاد معصوم وازی لەو پۆستە ھێنا.. کۆسرەت رەسوڵ لەرێگای بەخشینی پارە و ئەرزەو پاداشت و تۆتۆمبێل و دەمانچەو… هتد.
هەرکەسێک رووی لەئەنجومەنی وەزیرانی ئەوکاتەی کۆسرەت رەسوڵ بکردایە، بەگیرفانی بەتاڵ و دەستی بەتاڵ و بێ دەسکەوت نەدەهاتە دەرەوە. کۆسرەت رەسوڵ توانی پێگەیەکی سیاسی و جەماوەری زۆر گەورە لە هەولێر بەتایبەتی و لەکوردستان بەگشتی دامەزرێنێ.
1- بەرای من ئەم شێوازی کارکردنەی کۆسرەت رەسوڵ بە هۆکاری سەرەکی هەڵگریساندنی شەری ناوخۆی ئەوکاتە دەزانم. چونکە پارتی هەستی دەکرد لەرێگای پارەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل. تادێت پێگەو پلەو پایەی کۆسرەت رەسوڵ و یەکێتی بەهێزتر دەبێتت. لەبەرامبەردا پێگەی خودی پارتی لەهەولێر لەق دەبێت. چونکە کۆسرەت لەپاڵ یارمەتیدانی خەڵکی یەکێتی، یارمەتییەکی زۆری مادی خەڵکی پارتی و تورکمانەکان و مەسیحیەکانی هەولێری دەدا.
لەو ماوەیەدا پارتی لەرێگای گۆرینی چەندین جێگری سەرۆکی حکومەت، هەوڵیدا دەسەڵات و پێگەی کۆسرەت ڕەسوڵ کەم بکاتەوە، بەڵام نەیتوانی. بۆیە لەرێگای نەناردنی داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل، ویستی ڕێگا لەفراوان بوونی دەسەڵاتی کۆسرەت بگرێ و لەو رێگایەوە لایبداو لەو پێگەیە دەریپەرێنی. بەڵکو جارێکیان پارتی بۆ قەشمەری پێکردن بەکۆسرەت رەسوڵ چەند ملیۆن دینارێکی تاک دیناری و ئاسنی بۆ حکومەت نارد.
بۆ زیاتر سەپاندنی ئەوڕایە کە پارتی رقی گەورەی لەکۆسرەت بوو، تەقینەوەی زاخۆ لە 27- 2- 1995 گەواھی ئەو ڕاستەیەیە، پارتی یەکسەر کۆسرەتی تاوانبار کرد و تا ئێستاش ئەمری دەستگیرکردن و دادگایی کردنەکەی لە دادگاکانی پارتی ماوە.
2- لەو رۆژەوە پارتی، گەیشتە ئەو بڕوایەی، کە هەڵەیەکی مێژووی کردووە، لەجیاتی حکومەت پەرلەمانی بە گرنگتر زانیووە. بۆیە بەلاتانەوە سەیر نەبێ، لەو ڕۆژە بەدواوەوە تا ئەمرۆی لەگەڵ دابێ، پارتی دەستبەرداری حوکمەت نەبووە. و بەردەوام پەرلەمان لەلای یەکێتی و دواتر گۆران بووە. وە هەوڵیداوە بەهەموو شێوەیەک، پەرلەمان وەک دەزگایەکی ئیفلیج و بێ کاریگەر پیشان بدات. بەڵام بەهاتنی گۆران، و دەستکاریکردنی یاسای سەرۆکایەتی پارتی گرنگی پێگەی پەرلەمانی دووبارە لا دروست بۆتەوە.
3- کاتێک یەکێتی لەهەولێر دەرکراو، دیسانەوەی ئیدارەی حکومەتی سلێمانی بەسەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ دەست بەکاربوو، کۆسرەت رەسوڵ لەسەر هەمان نەهج و کاری بەخشین و پاداشت بەردەوام بوو، توانی لەسلێمانی و گەرمیانیش، قاعیدەیەی جەماوەری سیاسی بەهێز دروست بکا.
4- ئەم بەهێزبوونە جەماوەریەی کۆسرەت ترسی خستە نێو دڵی تاڵەبانی بەتایبەتی و سەرکردە سیاسیەکانی سلێمانی بە گشتی. لەو کاتە کۆسرەت توانی وەلائی زۆربەی سەرکردە سەربازیەکانی گەرمیان بەلای خۆی ڕابکێشێ. مام جەلالیش لەبەرامبەر ئەمەدا، بەناوی بەموئەسەساتکردن و بوونی پلان و نەخشە بۆ شێوازی حکومەت، ڕازیکردنی سیاسیەکانی سلێمانی. دکتۆر بەرهەمی لەئەمریکاوە هێنایەوەو کردیە سەرۆکی حکومەت. هاوکات بۆ لێدان و بێ دەسەڵاتکردنی زیاتری کۆسرەت، سەرچاوە داراییەکانیان بەناوی تەقشف لەکۆسرەت کەمکردەوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین گەمە سیاسیەکانی کۆسرەت بۆ تۆڵەسەندنەوە، لەبنەماڵەی تاڵەبانی و ئیدارەی گشتی لەلایەک و سیاسیە ناحەزەکانی دژ بەکۆسرەت لەدەڤەری سلێمانی لەلایەکی تر دەست پێ دەکا٠ چۆن؟ لە نووسینی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەینەوە٠

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
دڵشاد مەجید

ئەرشیڤی بەڕێز: دڵشاد مەجید