شێرزاد شێخانى: پارتى خراپ لێى قه‌وماوه‌!

ميديا به‌سته‌زمان و كۆله‌واره‌كه‌ى پارتى كاتێك پێش به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌مى يه‌كێتى خۆى خسته‌ ناو شه‌ڕێكى سه‌ختى دژ به‌ به‌شێك له‌كوڕه‌ گه‌نجه‌كانى ناو يه‌كێتى، به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌ست به‌خۆى بكات ، گه‌وره‌ترين […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ميديا به‌سته‌زمان و كۆله‌واره‌كه‌ى پارتى كاتێك پێش به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌مى يه‌كێتى خۆى خسته‌ ناو شه‌ڕێكى سه‌ختى دژ به‌ به‌شێك له‌كوڕه‌ گه‌نجه‌كانى ناو يه‌كێتى، به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌ست به‌خۆى بكات ، گه‌وره‌ترين خزمه‌تى به‌و تاقمه‌ گه‌نجه‌ گه‌ياند. چونكه‌ به‌عام له‌وه‌ته‌ى يه‌كێتى دروستبووه‌ مه‌سه‌له‌ى دژه‌ پارتايه‌تى له‌ناو يه‌كێتيدا بوه‌ به‌عه‌قيده‌و به‌شێك له‌خه‌باتى سياسى كاديرو ئه‌ندامه‌كانى. خۆ له‌ئه‌ساسيشدا دروستبونى يه‌كێتى وه‌كو مه‌بده‌ئێك بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ى پارتايه‌تى و درێژه‌پێده‌رى ئينشقا‌قه‌كه‌ى باڵى مه‌كته‌بى سياسى سه‌رده‌مى شۆڕشى ئه‌يلول بووه‌.
ئه‌مه‌ راستيه‌كه‌يه‌‌ كه‌سيش ناتوانێ نكوڵى لێبكات.
قسه‌يه‌كى زۆر باو هه‌يه‌ كه‌ ده‌ڵێ، هه‌ر حزبێك له‌ پارتى نزيك ببێته‌وه‌ به‌ ئاگره‌كه‌يه‌وه‌ ئه‌سوتێ. ئه‌مه‌ش له‌واقيعى ئه‌مڕۆدا زۆر راسته‌، چونكه‌ زۆربه‌ى ئه‌و حزبانه‌ى له‌پارتى نزيك بونه‌ته‌وه‌ يان پووكاونه‌ته‌وه‌، يانيش بونه‌ته‌ پاشكۆى پارتى. بۆيه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواييه‌دا دژه‌ پارتايه‌تى له‌ناو يه‌كێتيدا به‌هۆى كۆچى دوايى مام جه‌لال و ده‌ركه‌وتنى به‌شێك له‌گه‌نجه‌كانى بنه‌ماڵه‌و هاتنه‌ پێشه‌وه‌يان له‌به‌رامبه‌ر ته‌سليمبونى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ پييره‌كانى يه‌كێتى به‌سياسه‌ته‌كانى پارتى، وايكرد مه‌سه‌له‌ى دژه‌ پارتايه‌تى ببێته‌ مه‌سه‌له‌يه‌كى مه‌بده‌ئى تا ئاستى شه‌ڕكردن له‌پێناو مانو نه‌مانى يه‌كێتى. بۆيه‌ دواى ده‌ركه‌وتنى سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كان زۆر خێرا بوون به‌ كارێزماو جڵه‌وى ده‌سه‌ڵاتيان گرته‌ ده‌ست و، بوونه‌ به‌ربه‌ستێكى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م زياتر ته‌سليمبونه‌وه‌ى يه‌كێتى به‌پارتى.
لێره‌وه‌ كاتێك ميديا كۆله‌واره‌‌كه‌ى پارتى كه‌وتنه‌ ناو شه‌ڕى راگه‌ياندن له‌دژى كۆنگره‌و به‌تايبه‌تيش دژى ئه‌و تاقمه‌ گه‌نجه‌، نه‌يانزانى به‌م كاره‌يان گه‌وره‌ترين خزمه‌ت به‌و گه‌نجانه‌ ئه‌گه‌يه‌نن و خه‌ڵكى زياتريان له‌ده‌ورياندا كۆئه‌كه‌نه‌وه‌! بۆيه‌ هه‌قه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌ گه‌نجانه‌ سوپاسگوزارى پارتى و خۆيان به‌قه‌رزاربارى ميدياكه‌ى بزانن.
پارتى ساڵانێكى دوورو درێژه‌ له‌سه‌نگه‌ردايه‌ بۆ توواندنه‌وه‌ى يه‌كێتى، هه‌ر له‌سه‌رده‌مى شۆڕشى نوێى گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ تا دواى راپه‌ڕين و دامه‌زراندنى حكومه‌تى هه‌رێم ودواتريش شه‌ڕى براكوژى و…هتد. ته‌نانه‌ت رێكه‌وتنه‌ ستراتيژييه‌ درۆزنه‌كه‌شى‌ له‌گه‌ڵ يه‌كێتيدا نه‌بوه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانى پارتيدا. له‌ژير سێبه‌رى ئه‌م رێكه‌وتنه‌شدا پارتى به‌رده‌وام بوه‌ له‌ كاركردن بۆ لاوازكردنى يه‌كێتى، ره‌نگه‌ ته‌زويره‌ بێئه‌ندازه‌كانى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گه‌واهى ئه‌م هه‌وڵانه‌ بن، جگه‌ له‌به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تيش له‌پێناو دژايه‌تيكردكنى يه‌كێتيدا.
له‌به‌غدا دژى دكتۆر به‌رهه‌م كاريان كرد ئێستاش به‌رده‌وامن‌. له‌ سه‌ر ئاستى حكومه‌تى هه‌رێم هه‌ميشه‌ پارتى به‌ئه‌نقه‌ست سلێمانى و ناوچه‌كانى ژير نفووزى يه‌كێتى ئيهمال كردوه‌. له‌سه‌ر ئاستى هه‌ولێر كاديرو ئه‌ندامانى يه‌كێتى ده‌ستگيير ئه‌كات، رێگه‌ له‌سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى ئه‌گرێت له‌هاتنه‌ ناو هه‌ولێره‌وه‌. ئه‌مانه‌و به‌گشتى فشاره‌كانى پارتى بۆ سه‌ر يه‌كێتى نيشانه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌وا پارتى هيچ به‌هايه‌ك ناداته‌ رێكه‌وتن وهاوپه‌يمانييه‌كانى له‌گه‌ڵ يه‌كێتيدا. هه‌ر رێكه‌وتنێكيشى له‌گه‌ڵ هه‌ر لايه‌نێكدا كردبێ، ئه‌بێ له‌خزمه‌تى خۆى و بچووككردنه‌وه‌ى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى بێ. هه‌موو رێكه‌وتنێكيشى له‌حاڵه‌تى زه‌عيفيدايه‌ ياخود له‌كاتى بوونى هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك له‌سه‌رى، به‌مانا هه‌موو رێكه‌وتنه‌كانى له‌ناچاريدا ئه‌يكات.
له‌دواى 16 ئۆكتۆبه‌ريشه‌وه‌ پارتى نه‌فيرعامى راگه‌ياند له‌دژى تاقمه‌ نه‌ياره‌كه‌ى ناو يه‌كێتى و به‌خائين و خاكفرۆش ناوزه‌دى كردن‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و نه‌يارانه‌ى پارتين له‌سه‌ر ئاستى كه‌ركوك زۆرترين ده‌نگى كۆنگره‌يان هێناوه‌و، ئێستا بوونه‌ته‌ ‌ره‌مزێكى گه‌وره‌ى ناو يه‌كێتى ، ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆيدا ئاماژه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك شێلگييرانه‌ له‌دژى پارتى كار بكات ئه‌و ئه‌يباته‌وه‌.
پارتى زۆر خراپ لێى قه‌وماوه‌، چونكى له‌مه‌ولا مه‌جبوره‌ له‌گه‌ڵ نه‌ياره‌ هه‌ره‌ سه‌ر سه‌خته‌كانى له‌ناو يه‌كێتيدا مامه‌ڵه‌ بكات، ئه‌گينا كه‌س له‌ناو ده‌سه‌ڵاتى يه‌كێتيدا نه‌ماوه‌ پشتگييرو هاوكارى بێت، چۆن ئه‌وان مه‌سر‌ورو نێچيرڤان بارزانييان هێنايه‌ پێشه‌وه‌و به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى كوردستاندا فه‌رزيان كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ش مافى يه‌كێتييه‌ كه‌سايه‌تى گه‌نج وتازه‌ى خۆى بێنيته‌ پێشه‌وه‌. پارتى ئه‌بێ له‌وه‌ تێبگات كه‌ باڵه‌كه‌ى له‌ناو يه‌كێتيدا شكاو چيتر سياسه‌ته‌ پاوانخوازييه‌كانى سه‌ر ناگرن، بيانه‌وێ نه‌يانه‌وێ يه‌كێتييه‌كى تازه‌ له‌مه‌يدانه‌‌و واقيعێكى تازه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌ ئه‌گه‌رچى بۆ ئه‌وان واقيعێكى زۆر تاڵيشه‌و زه‌حمه‌ته‌ پێيان ئه‌زم بكرێ. به‌ڵام وه‌كو عه‌ره‌ب وته‌نى ( تجرى الرياح بما لاتشتهى السفن ).

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی