نەوزادی موهەندیس: تۆڵەى ئێران بۆ خوێنى ڕژاویى قاسم سولەیمانى لە چ ئاستێکدا دەبێت؟

لەمێژە وتراوە کە جەنگەکانى ئەم سەدەیە ئەنجام بۆ تەکەنەلۆججیا پێشکەوتوەکان دەبێت و هێندەى تەکەنەلۆجیا ڕۆڵى کارا و کاریگەر و یەکلاکەرەوەى دەبێت لە کۆتایهێنانى جەنگەکاندا، نیو هێندە مرۆڤ ڕۆڵى یەکلاکەرەوە نابینێت، […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەمێژە وتراوە کە جەنگەکانى ئەم سەدەیە ئەنجام بۆ تەکەنەلۆججیا پێشکەوتوەکان دەبێت و هێندەى تەکەنەلۆجیا ڕۆڵى کارا و کاریگەر و یەکلاکەرەوەى دەبێت لە کۆتایهێنانى جەنگەکاندا، نیو هێندە مرۆڤ ڕۆڵى یەکلاکەرەوە نابینێت، ئەم ڕاستیەش سەرەتاو دەسپێکى لەجەنگى جیهانى دووەمەوە لە ساڵى 1945 وە دەستیپێکرد کاتێک بۆ یەکەم جار بۆمبى ئەتۆمى لەلایەن ئەمریکاوە لەدژى یابان و سوپاى ئەو وڵاتە بەکارهات و لەهەردوو شارى هیرۆشیماو ناگازاکى و بوە هۆى کوشتنى ملیۆنان کەسى مەدەنى و واژۆکردنى ڕێکەوتنامەى خۆبەدەستەوەدانى ناچارى و بەمەش کۆتایى بەو جەنگە هات دواى ئەوەى کە ئەڵمانیش داگیر کرا.
کەواتە لە ئێستادا ودواى 70 ساڵ و لەسەدەى بیست و یەکدا هێندە تەکنەلۆژیا سەربازیەکان پێشکەوتوون کە دەتوانرێت لەدوورى کیشوەرەکانەوە و لە ڕێگەى بۆمبى ئاڕاستەکراو و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە دەتوانرێت زۆر بە ووردى ئامانجەکان بپێکرێن.
ئەوەتا ڕۆژى هەینى 3/1/2020 و غافڵگیرانە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکى لە جۆرى 9 Q R کە لە ئەمریکاوە جوڵەى پێدەکرا، توانرا کە سەرکردەى سوپاى پاسدارانى قودسى ئێرانى قاسم سولەیمانى لەگەڵ 7 کەسى تر لە ئێران و عێراقى کە ئەبو مەهدى موهەندیسى جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى شیعىشى لەگەڵدا بوو تیرۆربکەن.
ئەم هەنگاوەى ئەمریکا دەبوو چەندین ساڵ زیاتر لەئێستا جێبەجێبکرایە، چونکە لەدواى ڕاپەڕینى گەلانى عێراق لەساڵى 1991وە ئێران بەئاشکرا و بەنهێنى دەستى وەردابوە ناو کاروبارى ناوخۆى نەک تەنها عێراق، بەڵکو هەریەکە لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن و چەندین وڵاتى ترى عەرەبى لەڕێگەى سوپاى قودسەوە بەڕابەرایەتى قاسم سولەیمانى. بەنیازى ڕووبەڕووبونەوەى ئەمریکا و ناردنە دەرەوەى شۆڕشى ئێرانى بۆ ناوچەکە و فراوانکردنى دەسەڵات و نفوزى شیعە مەزهەب لەناوچەکەدا و تەواوکردنى مانگى یەکشەوەى شیعى بۆ مانگى چواردە و دەستبەسەراگرتنى تەواوى ناوچەکەو وەدەرنانى هێز و پێگەى ئەمریکا لەناوچەکەدا و دواتریش زیندووکردنەوەى سەردەمى ئیمپراتۆریەتى فارسى وەک خەونێکى لەمێژینەو لەیادنەکراوى ئێرانیەکان. هەربۆیە ئەم پیاوە ببوە هێماو و سومبولى هەموو دەسەڵاتى ئێران لەناوچەکە و بەهەقیش توانیبووى سەرکەوتنى گەورە لەسەر زەمین دژى هێزەکانى ئەمریکا و ئیسڕائیلیش بەدەستبێنێت و لەگەلێک ڕووبەڕووبونەوەدا سەرکەوتنى گەورەشى وەدیهێنابوو و وەتوانیبووى کە دەسەڵات لەهەریەکە لە لوبنان و سوریا و عێراق و یەمەن و عومان و… هتد. بخاتە ژێر ڕیکێف یان فەلەکى سیاسەتەکانى ئێرانەوە.و بە بەهێزیش ببوە ڕکابەرى سیاسەتەکانى ئەمریکا لەناوچەکەدا و ببوە سەرى ڕمى تیرى ئێرانیەکان.
قاسم سولەیمانى بەهۆى نزیکى لە ڕابەرى ئێران على خامنەئى و کەڵەکەبونى ئەزموونى زیاد لە 40 ساڵ لە جەنگى ئێران عێراقەوە و جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنى لە نزیکەوە بۆ زۆرێک لە ئۆپەراسیۆن و پەلامار و هێرشە سەربازیەکان لەو وڵاتانە و هیتریشدا، بەهۆى سادەیى و خاکیەتى و ماندوونەبون و بوێرى و چاونەترسیەوە ببوە خاوەن توانایەک و ئازایەتیەکى گەورە و هەموان گوێڕایەڵ و حسابێکى گەورەیان بۆ دەکرد. لەناو ئێران و لەدەرەوەشیدا و تەنانەت بۆ جێگرتنەوەى على خامنەئیش بۆ ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى ناوى دەهات.
کەواتە کوشتنى ئەم پیاوە بۆ ئێران زیانێکى ئێجگار گەورەیە و پڕکردنەوەى جێگەکەى ئەستەمە.هەرچەندە هەر لەهەمان ڕۆژدا خامنەئى جێگرەکەى فاروق ئاقائى لەجێگەکەى دانا.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا تۆڵەکردەنەوە و پەرچەکردارى ئێران بۆ خوێنڕشتنى سولەیمانى لە چ ئاست و بە چ هێز و کاریگەریەک دەبێت لە ئەمریکا؟ ئایا ئێران تاسەر دان بەخۆدا دەگرێت کە هیچ وەڵامێکى نەبێت؟ ئایا ئێران لەبەر کوشتنى سولەیمانى هەموو دەروازە و هەموو کارتەکانى دەستى بۆ ئەمریکا ئاشکرا دەکات و دادەخات؟ لەکۆتایدا ئایا ئێران تەسلیم بە سیاسەتەکانى ئەمریکا دەبێت یان زیاتر هەڵدەشاخێت بەڕووى ئەمریکادا؟ و دەیان پرسیارى تریش.
ئاشکرایە ئێرانیەکان و فارسەکان بەشێوەیەکى گشتى خوێنساردن و زۆر درەنگ جامى توڕەییان هەڵدەچێت، بۆیە ڕەنگە وەڵامدانەوەکەیان دوابکەوێت و بۆ هەل و دۆخى گونجاو دەگەرٍێن و مەرج نیە بە زوویى وەڵامیان هەبێت، و پانتایى وەڵامدانەوە و پەرچەکرداریشیان گەلێک فراوانە هەر لە وڵاتانى مەغریبى عەرەبیەوە تا ئەفغانستان و پاکستان درێژدەبێتەوە و ڕەنگە پەلیش بهاوێژێت بۆ ئەوروپا و ئەمریکاى لاتینیش و لەبەرژەوەندى و هاوپەیمانەکانى ئەمریکا دەستبوەشێنێت لە وشکانیدا و ڕەنگە ئامانجەکانیش بۆردومانکردنى سەفارەت یان بنکە سەربازیەکانى ئەمریکا بێت لەناوچەکە و دونیاشدا یان تەقاندنەوە و بۆردومانکردنى کێڵگە و پاڵاوتە نەوتیەکانى وڵاتانى کەنداو بێت یاخود بۆمبارانکردنى ئیسڕائیل بێت، یانیش تیرۆرکردن و ڕفاندنى سەفیر و لێپرسراوە ئەمنیەکانى ئەمریکا بێت، یان لەناو دەریادا پەلاماردان و هەڵکوتانە سەر پاپۆڕە بارهەڵگر و جەنگیەکانى ئەمریکادا بێت. بۆیە ئەگەر و گریمانەکان زۆرن و ناوچە و ڕووبەرى ململانێکانیش مەرج نیە هەر لە عێراقدا قەتیسبکرێت. بۆیە ئاست و توندى وەڵامدانەوەکانى ئێرانیش هیچ کات چاوەڕوانکراو نیە و ناشکرێت. بەڵام بۆ هەر پەرچەکردارێکى ئێران بەدڵنیایى ئەمریکا وەڵامى توندترى دەبێت و هەر ئەمریکاش براوەى جەنگى تەکنەلۆجى و ئەلکترۆنى و ئاسمانى دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بەدڵنیایى ئێرانیەکان بێ وەڵام نابن، چونکە بێ وەڵامیان ماناى دەستەوستانى و بێتوانای و لاوازیان پیشانى دۆست و نەیارەکانیان لەناوچەکە و دونیاشدا دەدات و دەبێتە هۆى دوورکەوتنەوە و پشتساردبونەوەى ڕێکخراو و میلیشیا و حیزب و سەرکردە شیعە هاوپەیمانەکانیان و ئیدى بوێرى پەلاماردانى ئەمریکایان نامینێت کەئەمەش بۆ ئێران گورزێکى گورچکبڕ دەبێت، هەربۆیە دەبێت ئێران پەرچەکردارى هەبێت گەورە بێت یان بچوک بۆ پاراستنى ئاوى ڕووى لەبەردەم دۆستەکانیدا.
بەڵام لەلایەکى تریشەوە کارێکى لۆژیکیش نیە کە ئێران لەسەر کوشتنى سەرکردەیەکى سەربازى هەموو کارت و هەموو پلانەکانى خۆى بەرامبەر ئەمریکا بە زوویى ئاشکرا بکات، چونکە لەکۆتایدا سولەیمانیش سەربازێکى ئێرانیە و بە هەزارانى وەکو سولەیمانى دەتوانێت پەروەردە بکات و بیهێنێتە ڕیزى پێشەوە، بۆیە دەکرێت لەبەرامبەر ئەم کوشتنەدا لەسەر مێزى گفتوگۆ ئەمریکا نەرمى بنوێنێت و بەشێوەیەک لە شێوەکان توندى و گرژیەکان هێور بکرێتەوە و ڕێکەوتن بکرێت لەسەر زۆرێک لە ناکۆکیەکانى نێوانیان لە عێراق و سوریا و لوبنان و کەنداو و یەمەن و ئیسڕائیلیش و مەسەلەى ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەشیان. بۆیە ئەم ململانێیەى ئێران-ئەمریکا درێژە دەکێشێت و پێناچێت بەئاسانى تێپەڕببێت و چارەسەرى هەموو کێشەکانیان بکرێت لەمەودایەکى نزیکدا، بۆیە ناوچەکە و دونیاش هەمیشە لەبەردەم هەڵایسانى جەنگێکى گەرمى کراوەدا دەمێننەوە گەر نەرمینواندن و هێوربونەوە ڕوونەدات، بەداخیشەوە گۆڕەپانى ئەو ململانێیانەش دوور دەبن لەخاک و ئاو و گەلانى ئێرانى و ئەمریکى، بەڵکو گۆڕەپانەکانیان بریتى دەبێت لەسوریا و عێراق و یەمەن و لوبنان و… هتد.
لەکۆتایدا، ئەم گورزەى ئەمریکا بە کوشتنى سولەیمانى کەبۆخۆى لە لیستى تیرۆرى ئەوروپى و ئەمریکیەکاندا بوە و ماوەى سەردەمانى 5 سەرۆکى ئەمریکا درێژەى هەبوە، نامەیەکى کراوەى هەڕەشە ئامێزیش بوو بۆ هەموو ئەو سەرکردە و میلیشیا و جەنڕاڵ و حیزب و وڵاتانەى ناوچەکە و دونیاش کە هەرکەس و لایەنێک دژایەتى توندى ئەمریکا بکات ئەوا بەدەردى قاسم سولەیمانى دەچێت و بەکم کارەشى مردنى پیشانى هەمواندا تا وەک دەڵێن لە لەرزوتا بترسن. و لەسایەى ئەم ئاڵنگارى و مەترسى و ململانێ نەبڕاوانەدا ئایندەو ڕۆژانى داهاتووش بەدڵنیایى گۆڕانکارى و هەڵوێستى نوێ دەبینین و دەبیستین.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
نەوزادی موهەندیس

ئەرشیڤی بەڕێز: نەوزادی موهەندیس