شنه‌ به‌رزنجی: ئیرانیه‌كان چۆن سزای ترامپ ده‌ده‌ن؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌مڕۆ (په‌یمانگای واشنگتۆن) له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، ئاشكرایكرد كه‌ له‌ئێستادا ئیران له‌ئاستێكی به‌رزدا، سه‌رقاڵی كاركردنه‌ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، به‌ دوو ڕێگه‌ له‌وانه‌.
1- ئیرانیه‌كان له به‌شێك له‌وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌مریكیه‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج، هاوكات ترسێكی زۆریش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌مریكیه‌كان، بڵاو بونه‌وه‌ی ئه‌م ترسه‌ش به‌جۆرێك بێت، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕایگشتی ناوخۆیی ئه‌مریكا دابنێت و كاربكاته‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌مریكا و له‌ ئه‌نجامیشدا دۆناڵد ترامپ ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌مریكیه‌كان له‌ده‌ست بدات و خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بدۆڕێنێت.
2- له‌لایه‌كیتره‌وه‌ ئیرانیه‌كان، سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر بڕیاره‌ ده‌ره‌كیه‌كانی ترامپ، كه‌ كێشه‌ی بۆ ئه‌مریكیه‌كان دروستكردوه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌ربه‌خۆیانه‌ و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆنگرێس ده‌ریكردون، ئیرانیه‌كان ناڕاسته‌وخۆ به‌و به‌ڵگانه‌ش هاوكاری دیموكراته‌كان ده‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كان كه‌ بڕیاره‌ له‌ترامپ بكرێت، هه‌روه‌ها هه‌وڵی ناساندنی ترامپ ده‌ده‌ن به‌ تاوانی جه‌نگ.
ئیرانیه‌كان له‌هه‌ركه‌س باشتر درك به‌و ڕاستیه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئیداره‌ی كۆشكی سپی له‌ئاستێكی به‌رز و پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزی هه‌واڵگری و به‌ نوێترین ته‌كنیكی به‌رده‌ست قاسمی سوله‌یمانی كوشت، پێشیان وایه‌ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌كه‌ی ده‌بێت له‌ ئاستی كوشتنه‌كه‌یدابێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئیران كه‌ به‌درێژایی مێژوو ئیمپراتۆرێكی به‌هێزی ناوچه‌كه‌ بوه‌ و له‌ئێستاشدا ترۆپكی ڕه‌سمی سیاسه‌تی جیهانی شیعی ده‌كات.
سه‌رباری ئه‌مه‌ش ئه‌مریكا و ئیران مێژووی چوار ده‌یه‌یان له‌ ململانێی یه‌كتر هه‌یه‌، ئه‌م دوو وڵاته‌ له‌هه‌ركوێ هه‌رشتێكیان پێكرابێت به‌دژی یه‌كتر ئه‌نجامیان داوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هه‌ردوكیان له‌ به‌شێكی زۆری ته‌كتیكی یه‌كتر شاره‌زابن، له‌م ساڵانه‌ی دوایشدا شه‌ڕه‌كانیان زیاتر شه‌ڕی وه‌كاله‌ت بوه‌، هه‌ر یه‌كه‌شیان شه‌ڕه‌كه‌ی به‌نزیكه‌كانی خۆیكردوه‌.
ئێستاش ئه‌وه‌ی كه‌ دیاره‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ سنوری وشكانی و ئاویه‌وه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێی ئیران بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌یه‌، زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ش هێزی چه‌كداری شیعه‌ی هه‌یه‌ و ئاماده‌شن بۆ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا گه‌ر ئیران فه‌رمانیان پێبكات، ده‌شێت ئه‌مه‌ش ڕووبدات، وه‌ك جۆرێكیتر له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی قاسمی سوله‌یمانیدا.
ئه‌وه‌ی به‌ نیسبه‌ت ئیرانیه‌كانه‌وه‌ گرنگه‌، بیر له‌ هه‌ر تۆڵه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بكه‌نه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه‌ دووربێت له‌و خوێندنه‌وانه‌ی له‌ تیڤی و سۆسیال میدیا باسده‌كرێت، وه‌ك پێشتر وتم ئیرانیه‌كان پێیان وایه‌ كاردانه‌وه‌كانیان ده‌بێت له‌ ئاستی كرده‌وه‌كه‌ی ئه‌مریكادا بێت، ده‌نا قورسایی (سیاسی و سه‌ربازی و ته‌كنیكی) له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌مه‌ش شه‌ڕی به‌ره‌یی و ڕاسته‌وخۆی درێژخایه‌نی نێوان هه‌ردوو وڵات دووره‌ و ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ هیچیان بیریشیان لێنه‌كردبێته‌وه‌، به‌و حوكمه‌ی ئاماده‌كاری بۆ نه‌كراوه‌ و هاوكات بارودۆخی ئیران و ترامپیش ئه‌وه‌ ناخوازێت.