سەرکۆ یونس: ئەگەر ئەمەریکا سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەرئەنجامى بڕیارە بەپەلەو عاتیفیەکەى پەرلەمانى عێراق کەبەبێ ئامادەبوونى نوێنەرانى کورد و عەرەبى سوونە دەرکرا. پەرلەمانى عێراق بڕیارى دەرکردنى هێزە بیانیەکانى دەرکرد و، حکومەتى عێراقى سەرپشک کرد، کە لەگەڵ لایەنە بیانییەکان بەگشتى و لایەنى ئەمەریکى بەتایبەتى بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ دەرکردن و دەرچوونى هێزەکانیان بەیەکجارى لە خاکى عێراق.
لەیەکەم کاردانەوەى ئەم بڕیارە (دۆناڵد تڕەمپ) سەرۆکى ئەمەریکا تویتێکى هەڕەشە ئامێزى نارد بۆ حکومەت و سەرکردەکانى عێراق بەوەى، کە توندترین سزاى ئابورى و دارایى دەخاتە سەر عێراق کەقورس و کاریگەرن.
ئەوەى لێرەدا گرنگە تیشکى بخەینە سەر لەحاڵەتى سەپاندنى سزاکانى ئەمەریکا بەسەر عێراقدا ئایا ئابورى عێراق چى بەسەر دێت و ئایا ئابورى ئەم وڵاتە پڕ قەیرانە بەرگەى هەموو ئەم سزایانە دەگرێت؟!

دەتوانین لەم خاڵانەى خوارەوە ڕوونى بکەینەوە
1- لە ئەگەرى دەرکردنى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق، ئیدارەى ترەمپ داواى (1140) یەک ترلیۆن و سەدو چل ملیار دۆلار دەکات وەک قەرەبوى هەموو ئەو خەرجیانەى کە ئەمەریکا لە ژێرخان و کەرتەکانى ئابورى عێراق و شەڕى داعش لەدواى (2003)ەوە خەرجى کردون کە بێ گومان ئەم گوژمەیە زۆر گەورەیە و لەسەر دارایى عێراق بارگرانییەکى لەڕادەبەدەر قورسە لە کاتێکدا عێراق خۆى بەدەست چەندین قەیرانى ئابورى و دارایى و سیاسى و ئەمنى یەوە دەناڵێنێت، چەندین ملیار دۆلار قەرزارى وڵاتان و ناوەندەداراییەکانى جیهانە و ساڵانە لە بودجەى گشتى قەرزەکانى دەداتەوە کە بارگرانیەکى زۆر قورس بەسەر دارایى عێراقەوە.
2- بەسەپاندنى سزاکان بەسەر عێراقدا ئەوا ڕاستەوخۆ بەهاى دینارى عێراقى بۆ نزمترین ئاست بەرامبەر دۆلار دادەبەزێت کە بێ گومان ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەرى دەبێت لەسەر نرخى کاڵاو شمەکەکانى ناوبازاڕەکانى عێراق چونکە بەهەر بەرزبونەوەیەک لەبەهاى دۆلارى ئەمەریکى واتە گران بونى نرخى شتومەکەکان و دیاردەى هەڵاوسان زیاتر سەرهەڵدەدات و کەلە ئێستادا هەڵاوسان لەبەرزترین ئاستدایە بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانى عێراق ڕێژەى هەڵاوسان نائاسایی یەو بەم شێوەیە دیارى کراوە ( 104.8%) ى بەرزى ئاستى گشتى نرخەکانە.
3- ئەگەر کۆشکى سپى و وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکا سزاکان بسەپێنن بێ گومان یەکێک لەو سزایانە ڕێگەنەدانى عێراقە بە فرۆشتنى نەوتەکەى لەبازاڕەکانى جیهاندا کە سەرچاوەى بژێوى و داهات و بودجەى گشتى وڵاتە. ئەوەتا لەبودجەى گشتى ساڵى دارایى (2020) کە لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە پەسەند کراوە بە نزیکەى (140) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە و بەڕێژەى (%93 بۆ %95 ) پشت بە داهاتى نرخى نەوتى فرۆشراو دەبەستێت.
4- یەکێکى تر لەو سزایانە کە لەوانەیە ئەمەریکا پەیڕەوى بکات دەست بەسەر یەدەگى دراوى عێراقى لە بانکە جیهانیەکان بگرێت ئەمەش دەبێتە هۆى تواناى دارایى عێراق کەم دەکاتەوە بێ گومان بۆ بارى دارایى عێراق مەترسیدارە.هەروەها بانکى ناوەندى عێراق بە کاغەزى دارایى وەبەرهێنانى کردوە لە بۆرسەى ئەمەریکا بێ گومان ئەم وەبەرهێنانەش بەرمەترسى دەست بەسارگرتن دەکەوێت.
5- یەکێکى تر لەو سزایانە کە گومانى تێدا نى یە گەنجینەى ئەمەریکا دەیگرێتە بەر دەستەبەراگرتنى سەروەت و سامان و دارایى سیاسیەکانى عێراقە لە بانکە نێودەوڵەتى یەکاندا و بلۆک کردنى سامانى بەرپرسان دەبێت و کە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێن.
6- لە دەرئەنجامەکانى سزاکان لەحاڵەتى سەپاندنیاندا چوونەدەرەوەى کۆمپانیا نەوتیە گەورەکانى جیهانى یە کە ئەمەش کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەیە لەسەر پرۆسەى بەرهەمهێنانى نەوت و کەمبونەوەى قەبارەى نەوتى بەرهەمهاتوو و دابەزینى ناردنە دەرەوەى نەوت بۆ بازاڕەکانى جیهانى.
7- بەهۆى بوونى گرژیە سیاسیەکان و سزاکان لەسەر عێراق ئەگەر بسەپێنرێت کاریگەرى هەیە لەسەر پرۆسەى وەبەرهێنانى بیانى لەناوخۆى عێراق و چوونەدەرەوەى سەرمایەى نیشتیمانى هەموو ئەمانە کاریگەرى نیگەتیڤى هەیە لەسەر ئابورى عێراق،ئەوەتا عێراق خۆى بەدەست دیاردەى بێکارى دەناڵێنێت و ڕێژەى (%22) ى دەستى کارى عێراق بێکارن و هەلى کاریان بۆ نەڕەخساوە و سەرەڕاى ئەوەش کە خزمەتگوزارییەکان لە عێراقدا لە نزمترین ئاستدایە.
8- ئەگەر کۆشکى سپى سزا بسەپێنێ بەسەر عێراقدا ئەوا کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەیە لەسەر تەرازوى بازرگانى و لایەنى هاوردەو هەناردەکارى، لەبەر ئەوەى عێراق وڵاتێکى هاوردەکارە و بۆ پڕکردنەوەى پێویستیەکانى پەنا دەباتە بەر وڵاتانى ئیقلیمى و جیهانى و هەروەها لەبەرئەوەى سەرجەم ئەم مامەڵانە بەدۆلار ئەنجام دەدرێت و لەهەمان کاتدا بارى گوزەرانى دانیشتوانى عێراق خۆى لە ئاستێکى زۆر لاوازدایە و داهاتى تاکەکەس زیاتر پشت بەو مووچەیە دەبەستێت کە حکومەت مانگانە دەیدات بە مووچەخۆران و کەسو کارى شەهیدان و زیندانیانى سیاسى و خەرجیە کۆمەڵایەتى و هتد ،کەلە عێراقدا زیاتر لە (6) ملیۆن فەرمانبەرى دەوڵەتى هەن و بە سەدان مووچە خۆرى تر هەن لەبەر ئەوە پێمان وایە بارگرانییەکە زیاتر لە سەر شانى چینى هەژاران و موچەخۆرانى دەوڵەت دەوەستێت و ئەوەشمان لەبیر نەچێت ڕێژەى لە (%22) دانیشتوانى عێراق هەژارن لە ژێر هێڵى هەژاریەوە ژیان دەگوزەرێن.
هیوادارین حکومەتى عێراقى و لایەنە سیاسی یەکان پێش ئەوەى کار لەکار بترازێ حەکیمانە بڕیارى سیاسى بدەن و دوور بکەنەوە لە بڕیارى عاتیفى و کە کاریگەرى نێگەتیڤى دەبێت لەسەر ئابورى عێراق و لە نزیکترین ماوەدا ئابورى دادەتەپێت و ڕەنگدانەوەى دەبێت بۆ چەندین ساڵى داهاتوو.
گومانى تێدا نى یە لەبەر ئەوەى پەرلەمانى عێراق بڕیارى داوە و حکومەتیش فیدراڵى یە واتە هەر بڕیارێکى سیاسى و ئابورى لە حکومەتى عێراقەوە دەربچێت بێ گومان هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە و دەرئەنجامەکانى خراپتر بەسەر ئابورى هەرێمەوە دەبێت. چونکە ڕێژەیەکى زۆرى بەشە بودجەى هەرێم بەپێ ى پرۆژەى یاساى بودجەى عێراق لە بەغدادەوە دابین دەکرێت و حکومەتى هەرێم بەپێ ى دەستور پابەندى بڕیارەکانى ناوەندە لەڕووی سیاسى و ئابورى و دارایى یەوە.