نەبەز جەلال: گەمەی خۆڵکردنە چاو.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەوانەی عەقڵیان لە چاویاندایەو بەدەم ئەبێژن. ھیچ جیاوازییەکیان نییە، لەگەڵ: ئەوانەی عەقڵیان لەسکیاندایەو بەدەم ئەچێژن.
گەمەی سیاسی دۆخەکە لە ئێستادا جگە لە چاوبەستکردن و کڵاو کردنەسەری زۆرینەی ناوچەکە ھیچی تر نییە، مەرام و ستراتیجی بەرژەوەندی زلهێزەکان لە ڕۆژەھەڵاتی ناوین زۆر زۆرتر دەخوازێ لەوەی بە پراکتیک و بەرکەوتن، ھەنگاوی سیاسی و سەربازی بەرچاوی بۆ دەنرێ.
ئەوەی دەبینرێ دەرئەنجامی جۆرو توانستی ئەزموونی خەبات و ژیانی سیاسی خەڵکی ئەم ناوچەیەیە، بەدڵنیایش لەوە زیاتریشیان بۆ بەرھەم ناھێنرێ و ھەڵناسوڕێندرێت.!
ئەمەشە گشت ڕێ و ڕێچکە سیاسییە لادەرەکان، لە دەروازەی ھەمەچەشنەوە دەهێنێتەوە سەر تولە ڕێی خۆبەدەستەوەدان و بچوکردنەوە و ئیشکردن لەسەر کڵاونانە سەری یەکترە بۆ براوەی یەکەم لەدۆخەکەو، وەرگرتنی هێزی باڵادەستی بازنەیی و دوبارە پەیمان بەخشینەوە بە ژێر دەستەیی سیاسی دروستکراو، بەردەوامی خۆڵکردنە چاوو چاوبەستن و بێدەنگی قبوڵکردنی دۆخێکی سەپاوی مەحکوم بەئەرک و جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکان بۆ مانەوە.!
گەر ڕاستگۆبین دەزانین، مێژووی حوکمی ناوچەکە هاوتەریب لەسەر بنەمای دەستاو دەستی دەسەڵاتی کارتۆنی و ژێر دەستی سیاسیدا دروستبووەو بە هەردوو ویستی ململانێی بڕوا و بوونی قۆناغیدا تێپەڕیوە. بەرکاری ئەم سیستمی بەڕێوەبردەنەی ئێستەشمان درێژکردنەوەی هەمان پرۆسەی بەهێزکردن و ساغکردنەوەو دروستکردنە بۆ لادان و تۆکمەبوون لە داهاتوو.
بەردەوامی ئەم خوە سیاسییەشە وەک دیوی ناوەوەی پێکهێنان وادەکات و، بە پێویستی دەزانێ پاڵەوانە کارتۆنی و قێزەونەکان لە ناوچەکەدا نەبڕێن و هەمیشە بیانهێنەوە سەر شانۆی سیاسی و بیانکەنەوە بە ئومێدی جۆری خەڵکە کڵاو لەسەرنراوەکە.!
گەرچی سیمای زۆرمان لەو شێوە جۆر و جیاوازانەی بەرەی سیاسی ناوچەکە، بە زەبری خوێن و ماندوبونی قوربانییان بەڕێکرد، لە هەردوو بەرەی دژو و دۆست وەک دوژمنە سەرسەخت و نەیارەکانی کورد و سەرانی بەناو شۆڕشگێرە سیاسییە فرۆشراوەکانی پارێزەر بوون لە بەرگریکردنی ژێر بەژێر و دروستکردنی بەرژەوەندی زلهێزەکان و ڕوتاندنەوەو بچوکردنەوەی کورد و دۆزەکەی.
لێرە سیاسەت ناوی ھونەری شاردنەوەو باس نەکردن و بێدەنگی هەڵبژاردن و بێدەنگکردنی ڕاستییەکانە ، نەک خزمەتکردن و ھۆشیارکردنەوەو پێگەیشتن و سەرخستنی گەل.!
یەکێک دێ؛ بێ ھیچ بنەمایەک زانستی سەلمێندراو، بەکەرەستەی خۆماڵی و بۆماوە پەیمانی خۆشگوزەرانیمان پێدەداو و یەکێکی تریش بە ھەمان بەرماوەی پڕپۆڵە وەریوەکانی سیاسەت بێ ئومێدمان دەکا.
لەڕاستیشدا ھەر دووکیان کار بۆ یەک ئامانجی دیاریکراو دەکەن، پەیماندانە بۆ نەکردن و ئەوەشی کە بێ ئومێدت دەکا هەر ئەوەی ئەو دەکا کە نەتوانراوە بکرێ. خەڵکیش بە هۆکاری تێچوونی خەوش و خۆڵەکەی ناو چاویان هیچ نابینین و حاڵی نابن.
تا هزری سیاسیمان نەتوانێ، ئەم کلتوری موتوربەکردن و هێز دروستکردنە دەرەکی و ماڵییە پێچەوانە نەکاتەوەو تێنەپەڕێنێت، قەت ناگاینە ئەو کەنارەی کە دۆخی پێکەوەیی و سەنگی جەمسەرگیریی هێزی ناوچەکە وەک بوون بیخوێنێتەوە و بیکاتە هاوبەشی دیارو ڕاستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندییە گشتییەکانداو، گوێ لە خواستەکانی بگیرێ وەک ماف و هاوسەنگی سەرانی ووڵاتانی زلهێز لە ناوچەکە.
گەر نا بەردەوامی بەهەمان ڕیتمی کۆنی سیاسەتی وابەستەیی و ملکەچدان لێدەدرێتەوەو لە چاوەڕوانیدا دەچەقین، تا زلهێزەکانی دۆست، خۆیان دەکەونە بیری ڕەحمەتێکی دۆستانە بۆ دۆزینەوەی ناوێکی نوێ و نازناوێکی ترمان لێدەنێن لە فۆرمە ناولێنراوە کارتۆنی و دروستکراوەکەی دەبێتە نوێبوونەوەی ناوچەکە دوای دەستکاری هێزە براوەکان و ئێمەش بە خۆڵکردنە چاوەوە سەرقاڵدەکەن.