لوقمان غه‌فوور: له‌ ئێرانه‌وه‌ 22 مووشه‌ك ته‌قێنراوه‌ به‌ڵام شوێنی 11 مووشه‌ك دیاره‌.

ئه‌مڕۆ 8ی جێنیوه‌ری، ئه‌مریكا ئه‌و وێنانه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازگه‌ی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌دی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ گیراون و زیانی ماددی به‌ركه‌وتووه‌. شه‌وی رابردوو رژێمی ئێران 10 موشه‌كی شه‌هاب 2ی ره‌وانه‌ی بنكه‌ی […]

ئه‌مڕۆ 8ی جێنیوه‌ری، ئه‌مریكا ئه‌و وێنانه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازگه‌ی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌دی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ گیراون و زیانی ماددی به‌ركه‌وتووه‌.
شه‌وی رابردوو رژێمی ئێران 10 موشه‌كی شه‌هاب 2ی ره‌وانه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌دی كرد كه‌ 100 مایل له‌ به‌غداوه‌ دووره‌. مووشه‌كی شه‌هاب 2 ده‌توانێت له‌دووری 500 كیلۆمه‌تر ئامانجه‌كانی بپێكێت.
هه‌روه‌ها به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی پێنتاگۆن كه‌ بۆ رۆژنامه‌ی ستریتس ستره‌یپس دواوه‌، ئێران پێنج مووشه‌كی فاتح 110 ی ئاراسته‌ی فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر –ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ كه‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكی لێیه‌، به‌ڵام به‌هۆی پێشكه‌وتووی سیستمی به‌رگری له‌وێ ته‌نیا یه‌ك مووشه‌ك كه‌وتۆته‌وه‌ و تێكڕای مووشه‌كه‌كانی تر له‌ ئاسمانی عێراقدا پووچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌.
وێرای ئه‌وه‌ی له‌هه‌ردوو رووداوه‌كه‌ هیچ كه‌س بریندار نه‌بووه‌ به‌ڵام له‌ عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د زیانی ماددی به‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی سه‌ربازه‌كان گه‌یاندووه‌.
له‌دوای هێرشه‌كه‌ تاراده‌یه‌ك دیموكراتییه‌كانیش باوه‌ڕییان به‌وه‌ هێناوه‌ كه‌ ئێران بۆته‌ ترس بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا، جۆن گرامێندی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ دیموكراته‌كان له‌ لێدوانێكیدا بۆ سی ئێن ئێن وتی: “ئێستا له‌ دۆخێكداین، كه‌ پێویسته‌ له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك گفتوگۆ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر وابێت گرژییه‌كان روو له‌هه‌ڵكشان ده‌كات، پێویسته‌ سه‌رۆك بێته‌ كۆنگرێس و ئه‌مریكا ئیعلانی جه‌نگ بكات به‌ره‌سمی”.
هه‌روه‌ها سیناتۆر كریس مۆرفی له‌به‌رنامه‌یه‌كی سی ئێن ئێن جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌پێویسته‌ له‌وه‌ بگه‌ین كه‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی چه‌ند پێویست بووه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ سه‌رۆك بێته‌ كۆنگرێس بۆ ئه‌ندامانی رونكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێگرییه‌ خراپه‌ له‌به‌رده‌كی ئه‌مریكا كۆتایی هات و پێویسته‌ ئیتر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران كۆتایی پێ بهێنین.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 8ی جێنیوه‌ری سه‌رۆك دۆنالد تره‌مپ داوای له‌ئێران كرد لێره‌دا بوه‌ستێت له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێستا ئێران رووبه‌ڕووی سزای ئابوری بۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ره‌فتاره‌كانی، با سزای سه‌ربازیشی نه‌چێته‌سه‌ر له‌سه‌ر كرده‌وه‌ دوژمنكارانه‌كانی.
سه‌رۆك تره‌مپ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له‌كۆشكی سپی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ ئاشتی و ئارامی به‌رده‌وامی نابێت له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌گه‌ر ئێران به‌رده‌وام بێت له‌و سه‌ركێشیانه‌. وتیشی:”پێویسته‌ له‌سه‌ر دنیا بزانێت كه‌ په‌یامێكی ئاشكرامان هه‌یه‌ بۆ ئێران كه‌ رێگه‌ی پێنادرێت له‌ هه‌ڵمه‌تی تیرۆر و كوشتن و فه‌وزا.
عادل عه‌بدولمه‌هدی نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق به‌ هێرشه‌كه‌ی ئێرانی زانیبێت و هه‌واڵه‌كه‌ی گه‌یاندبێته‌ سه‌ربازانی ناو بنكه‌كه‌ چونكه‌ نه‌ك ته‌نیا سه‌ربازی ئه‌مریكی به‌ڵكو سه‌ربازی عیراقی و فنله‌ندا و لیتوانیا- شی تێدایه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د به‌ لۆس ئه‌نجلس تایم-ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ چه‌ند سه‌عاتێك پێشتر ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دڵنایی نه‌دا له‌وه‌ی كه‌ سه‌ربازه‌ فینله‌ندی و لیتوانی-یه‌كانیش ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ یان نا. وتوشیه‌تی: “سه‌ربازه‌ ئه‌مركییه‌كان سه‌عاتێك پێشتر زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌یان لێدا كه‌ هێرش ده‌كرێت، بۆ ئێمه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو.
په‌یامنێری ئه‌ی بی سی له‌ تارانه‌وه‌ چه‌ند سه‌عاتێك پاش هێرشه‌كه‌ ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه‌ به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌كان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ 22 مووشه‌كیان ده‌قاندووه‌ رووه‌ و عیراق، په‌یامنێره‌كه‌ وتیشی: “ئه‌وه‌ی دیاره‌ ته‌نیا شوێنی 11 مووشه‌ك ئاشكرایه‌ و چواریش له‌ئاسمانی كوردستان -باكوری عیراق پوچه‌ڵكراوه‌ته‌وه‌ و 7 مووشه‌كیان له‌ئاسمانی ئێراندا رێره‌وه‌كه‌ی گۆڕدراوه‌ و نه‌گه‌یشتۆته‌ ناو خاكی عیراق”.
هه‌روه‌ها ئیلان گۆلدنبێرگ ، به‌رێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی ئاسایشی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ سه‌نته‌ری ئاسایشی ئه‌مریكی پێیوایه‌ ئیران ئومێدی خواستووه‌ كه‌ زیانی گیانی نه‌بێت جا ئیتر هه‌واڵگری ئه‌مریكی كاره‌كه‌ی بۆ ئاسان كردبێت یان هه‌واڵگری عیراقی كارێكی باشیان كردووه‌ ئێرانیانیان له‌شه‌ڕێكی قورس دوور خسته‌وه‌.
بیكاسۆ فاسته‌ر شیكاری سیاسی ده‌ركه‌وتوو له‌ Rand Corporation به‌ تایم-ی راگه‌یاندووه‌، ئیران گه‌یشته‌ هێلێ سور به‌ڵام نه‌هێڵرا زیانی گیانی ببێت. وتیشی: نكۆڵی له‌سه‌ر كه‌وتووی سیستمی به‌رگری ئه‌مریكی ناكرێت و ئه‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین پێكانی هیچ ئامانجێك له‌ مووشه‌كباراندا 100% نییه‌، به‌ڵام هه‌واڵگری رۆڵی سه‌ره‌كی بینیوه‌ له‌م پڕۆسه‌یه‌.
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ هاوڕی هه‌ریه‌ك له‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیری به‌رگری و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای له‌گه‌ڵ بوو، وایده‌رخست به‌هۆی نه‌بوونی زیانی گیانی، ئه‌مریكا وه‌ڵامی نابێت، به‌ڵام داوای له‌ وڵاتانی ناتۆ كرد كه‌ هێزه‌كانیان زیاتر بڵاوكه‌نه‌وه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
به‌شێك له‌ شیكه‌ره‌وانی سیاسی له‌ میدیاكانی ئه‌مریكا وایده‌بینن ئێران بێته‌ ناو گفتوگۆوه‌ و ده‌ست له‌ هه‌ندێك كاری له‌ناو عیراق و لوبنان و یه‌مه‌ن هه‌ڵگرێت له‌ پێناو مانه‌وه‌ی رژێمه‌كه‌، به‌ڵام سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئێران نابێت به‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی.
ئه‌م په‌رچه‌ كرداره‌ی ئێران له‌ئاكامی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی دێت. نیوه‌ شه‌وی هه‌ینی 3ی جێنیوه‌ره‌ی سێ مووشه‌ك فرۆكه‌خانه‌ی به‌ غدای هه‌ژاند، كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 7 به‌رپرسی عیراقی و ئیرانی له‌نێو كوژراوه‌كاندا، قاسم سوله‌یمانی به‌رپرسی سوپای قودس-ی ئێران و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندس جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی تێدابوو.

لوقمان غەفور

ئەرشیڤی بەڕێز: لوقمان غەفور