عیماد عه‌لی: كاریگه‌ریی كوشتنی سوله‌یمانی له‌سه‌ر كوردستان.

جگه‌ له‌ هاتنه‌ ئارای بارودۆخێكی نوێ و گۆڕانكاریی هاوكێشه‌كان له‌عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی له‌ پاش كوشتنی قاسمی سوله‌یمانی، ئه‌و زنجیره‌ په‌یوه‌ندی و به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌ی كه‌ سوله‌یمانی داینه‌مۆی سه‌ره‌كی بوو، تا ڕاده‌یه‌كی […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

جگه‌ له‌ هاتنه‌ ئارای بارودۆخێكی نوێ و گۆڕانكاریی هاوكێشه‌كان له‌عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی له‌ پاش كوشتنی قاسمی سوله‌یمانی، ئه‌و زنجیره‌ په‌یوه‌ندی و به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌ی كه‌ سوله‌یمانی داینه‌مۆی سه‌ره‌كی بوو، تا ڕاده‌یه‌كی باش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و له‌ ورده‌كاریه‌كانی مامه‌ڵه‌ی سیاسی لایه‌نه‌كانیش گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆ ده‌بینین، پێمان سه‌یر نه‌بێت كه‌ ئه‌گه‌ر پراگماتیانه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌ و، به‌ راشكاویی بڵێین خێریی بۆ زۆر لایه‌ك ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌وانه‌ش كورد و كوردستان.
لێره‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها باسه‌كه‌ له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان قه‌تیس بكه‌ینه‌وه‌. بێگومان ئه‌گه‌ر به‌ راسته‌وخۆ بوبێت یان ناڕاسته‌وخۆ، سوله‌یمانی رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان له‌ یه‌كتری و فراوانبونی ناكۆكیه‌كانیان، كه‌ له‌قازانجی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانی ده‌بینی و به‌ ئه‌نقه‌ست كاریی بۆ كردبێت یان له‌ ده‌رئه‌نجامی دابه‌شبونی لایه‌نه‌كان و ململانێیان له‌ دووتوێی جه‌مسه‌ره‌كاندا و له‌ ده‌رئه‌نجامی به‌خشكه‌یی كاركردنی سوله‌یمانی و فه‌رمانه‌ راسته‌وخۆكانی بۆ خه‌ڵكانی ده‌سترۆیشتووی هه‌ردوو لایه‌نی سه‌ره‌كی كوردستان رۆڵی نێگه‌تیڤی گه‌وره‌ی ده‌بینی ( ئه‌گه‌ر جارناجارێك هه‌نگاوه‌كانی سوله‌یمانی سودی بۆ هه‌رێم بوبێت، ئه‌وه‌ش له‌ ڕێڕه‌وی دابینكردنی سوده‌كانی بۆ جمهوری ئێسلامی بووه‌)، له‌بیرمان نه‌چێت كه‌ چ رۆلێكی له‌ داگیركردنه‌وه‌ی ناوچه‌دابڕاوه‌كان و به‌تایبه‌تی كه‌ركوك به‌و شێوه‌یه‌ بینی كه‌ ئاسانكاریه‌كی گه‌وره‌ی بۆ سوپای عیراق كرد و 16ی ئۆكتۆبه‌ری به‌رهه‌مهێنا.‌ بۆیه‌ ماوه‌یه‌ك بوو واده‌ركه‌وته‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌یوتوانی له‌ بڕیاره‌ زۆر گرنگه‌كان بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌ سوله‌یمانی هیچ هه‌نگاوێك بنێت، هه‌ر بۆیه‌ زۆنی زه‌رد و سەوز هه‌میشه‌ كاڵ نه‌بووه‌وه و كۆتاییان نه‌هات و، زۆرجار له‌كاتی ناكۆكی ئێران و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان یان له‌ كاتی ناكۆكی به‌غدا و هه‌ولێر له‌ دوو هه‌رێمی نزیك ده‌بوینه‌وه و سه‌ردانه‌ مه‌كوكیه‌كانی سوله‌یمانی رۆلی خۆی له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌بینی، به‌ هه‌ردوولای ئارامكردنه‌وه‌ و هه‌ڵچونیش له‌كاتی پێویستدا، بۆ فه‌راهه‌مكردنی ره‌وشه‌كه‌ی كوردستان بۆ سیاسه‌تی ئێران بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانی بوو نه‌ك كوردستان.
وه‌ك وتمان، به‌ كوشتنی سوله‌یمانی، تاڕاده‌یه‌ك ئه‌م هاوكێشه‌ سیاسیانه‌ی ناوچه‌كه‌ و عیراق و هه‌رێمیش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و، تاوه‌كو جێگره‌كه‌ی سوله‌یمانی كه‌ به‌دلنیاییه‌وه‌ هاوشێوه‌ی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌ی سوله‌یمانی نابێت و ماوه‌یه‌كی ده‌وێت په‌یوه‌ندیه‌كانی رێكبخات، وه‌زعی كوردستان له‌ ده‌ستوه‌ردانێكی راسته‌وخۆی قورس پشویه‌ك ده‌دات و تا ڕاده‌یه‌ك بارسوكی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بێنێت و بواری نزیكبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی (ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ تازه‌یه‌ بقۆزنه‌وه‌) فه‌راهه‌م ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دووباره‌ خۆمان له‌ خۆمانی تێك نه‌ده‌ین، داشی كوردستان روو له‌به‌رزیه‌ و عه‌قڵێكی ده‌وێت كه‌ په‌ندی له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردووی نزیكی بینیبێت بۆ رێكخستنه‌وه‌ی نێوخۆی ماڵی كورد.
ئه‌مڕۆ بوارێكی باش بۆ یه‌كێتی و پارتی به‌ تایبه‌تی ره‌خساوه‌، كه‌ رۆڵی گه‌وره‌ له‌ زه‌مینه‌سازی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ گه‌وره‌ و بچوكه‌كان بگێرن، ئه‌گه‌ر به‌ عه‌قڵی گه‌وره‌ و كوردستان دۆستی بیر بكه‌نه‌وه‌ و هه‌نگاو بنێن و ئه‌مانیش به‌ دڵكاریه‌وه‌ ره‌فتار بۆ مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كان بكه‌ن و به‌شێوه‌یه‌ك له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه‌ كه‌ 31ی ئاب و 16ی ئۆتۆبه‌ر ببنه‌ په‌ندی زه‌مانه‌ و زه‌نگێكی ئاگادار كردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌ مێشكیاندا بۆ له‌رێ لانه‌دانیان له‌ رێگه‌ڕاسته‌كه‌ و تێنه‌په‌ڕینی هێڵی سووری به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی كوردستان.
بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێێن؛ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كوشتنی سوله‌یمانی كاریگه‌ریی دوو لایه‌نه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكانی ده‌سترۆیشتووی كوردستانن، كه‌ ده‌توانن ئه‌م هه‌له‌ فه‌راهه‌مبووه‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ قازانج كه‌وتنه‌وه‌ی و پته‌وبونی وه‌زعی نێوخۆی كوردستان و بوارنه‌دان بۆ یه‌كێكی تر ببێت به‌ فه‌رمانسه‌پێنه‌ری سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردستان، كه‌ لێكه‌وته‌كانی ته‌نها خه‌ڵك زیانی لێده‌كات. ‌

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
عیماد عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: عیماد عەلی