دیداری گوڵ لە “منم دیدەوانیی گوڵ دەکەم”ی پێشەوا کاکەییدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاوی
کلیلە وشە: پێشەوا کاکەیی، گوڵ، عیشق، تەنیایی، نیشتمان
پەیڤی دەستپێک:
پێشەوا کاکەیی، شاعیرێکی نوێخوازی ئێستای نێو ڕووبەری شیعری کوردییە و بە خوێندنەوەیەکی ورد و قووڵ بۆ شیعر، لە دووی دیتنەوەی سووچە تاریک و نووتەکەکانی شیعرە و دەیەوێت ڕۆشناییان پێ ببەخشێت. شاعیر بە توانەوە لە نێو شیعردا هەر جارە و دووی پرۆژەیەکی نوێی شیعریی دەکەوێت و بەرهەمێکی تازە دەئافرێنێت.
پێشەوا، لە ڕێی دەروازەیەکەوە بە ناوی “شیعرە/ ڕێ” تێکەڵ بە دنیای شیعری کوردی دەبێت. خۆی بۆ بەرچاوڕوونیی سەبارەت بەم ڕۆچنەیە پێی وایە کە شیعرە/ڕێ، لەسەر زمان، دەنگ و ڕەنگ کار دەکات؛ خەیاڵ و واقیع بە یەکدا دەدات و خۆی بە ژانەرێکەوە نابەستێتەوە. هەروەها پێی وایە شیعرە/ڕێ، لە ڕووبەرێکی جوگرافیایانەدا، شوێن، زمان ناچار دەکات، لەگەڵ مێژوو، کولتوور، شوناس و زمانێکی دیکەدا بدوێت.
ئەوەی خوێندنەوەیەکی وردی بۆ جیهانە شیعرییەکەی “پێشەوا کاکەیی” گەڕیدەی شیعر هەبێت، دەزانێت ئەم شاعیرە بۆ ئەوەی تێرتێر لە بەرامەی شیعر هەڵمژێت، هەر جارە و ڕوو لە کیشوەرێکی شیعریی دەکات و لەو گەشت و سەفەرە شیعرییە، گوڵاوەشیعر لە دەماغی ئێمەی خوێنەر دەپژێنێت.
ڕاستیت گەرەکە پێشەوا، شاعیرێکە فرە شارەزایانە مامەڵە لەگەڵ شیعردا دەکات و ئەزموونی نوێ بۆ نێو ڕووبەری شیعری کوردی دەگوێزێتەوە.
ئاوێتەکردنی چەندان ژانر لە نێو شیعردا بەم هەناسە شیعرییەی پێشەواوە ڕەنگە یەکەمین ئەزموونی لەم چەشنە لە نێو ڕووبەری شیعری ئێستای کوردی بێت. ئەو باش شارەزای کەل و قوژبنەکانی نێو پانتایی شیعری کلاسیک و هاوچەرخی کوردییە و لەم ڕێگەیەوە لە دووی کەشفی نوێیە. ئەم ئەزموونە تا چەندە لەسەر شیعری نهای کوردی کاریگەر دەبێت، هەتا چەند سەرکەوتنی یار دەبێت و چەندەیش لەسەر بەردەنگ شوێندانەر دەبێت،هێشتا زووە وەرامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە و داهاتوو ئەمەمان لا ڕوون دەکاتەوە.
ئەوەی لای من ڕوونە و بە هەموو گیانمەوە هەستی پێ دەکەم ئەوەیە کە پێشەوا لە شیعردا زۆر جیاواز دەپەیڤێت و هەگبە شیعرییەکەی، هەڵگری گەلێک ئەزموونی نوێیە کە پێویستە خوێندنەوەی وردتر و قووڵتری بۆ بکرێت.
پێشەوا تەنانەت ئەوەندە ورد و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ جیهانە شیعرییەکەی خۆیدا دەکات، بە وریایییەوە ناونیشانی بەرهەمە شیعرییەکانی هەڵدەبژێرێت و جاری وایە دیدەی خۆی دەکاتە پاسەوانی شیعر. ئەم نووسینە، داگەڕان و ڕۆچوونێکی کورتە بە جیهانە شیعرییەکەی پێشەوا کاکەیی لە دەفتەرە شیعری”منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم”دا.

پێشەوا لە پەڕەی گوڵدا:
لە نێو ڕووبەری شیعری کلاسیک و هاوچەرخی کوردییدا، کەم شاعیرت پێ شک دێت وەک پێشەوا کاکەیی لە گوڵ بڕوانێت و بە ڕوانگەیەکی جوایەزەوە سەیری گوڵ بکات؛ دە ئاخر پێشەوا خۆی لە نێو پەڕەی گوڵدا دەبینێتەوە بۆیە بەم چەشنە لە گوڵ دەدوێت.
شاعیر، گیان بە وەر گوڵدا دەکات و پاکژترین هەست و نەستی شیعریی دەخاتە نێو دووتوێی پەیڤەکانییەوە و گوزارشت لە جیهانە ڕاستینەکەی گوڵ دەکات و بێڕەحمیی مرۆ پیشان دەدات کە چلۆن بۆ هێورکردنەوەی حەز و ساتە کورتخایەنەکانی دەروونی،ڕۆژانە ئەو هەموو گوڵە شەهید دەکات.
بۆنکردنی گوڵ زۆر دژوارە؛
ئەها! سەیری گوڵ بکەن:
نەختێک جار لە نێو لق و پۆپی دەستماندا ملی دەشکێ؛
نەختێک جار لە نێو دەستماندا غەم دەخوات و
ڕەش دادەگەڕێ.
نەختێک جار زیندەبەچاڵ و
نەختێک جار بێکفن و
نەختێک جاریش لە هەزار شوێندا لاشەی گوڵ فڕێ دەدرێ؛
دەی خودایە! گوڵ بە دەستی کێ ئەنفال دەکرێ؟
(منم،دیدەوانیی گوڵ دەکەم، پێشەوا کاکەیی،ل12)
شاعیر وەک چلۆن مامەڵە لەگەڵ خودی گیانلەبەرەکانی تردا دەکات بە هەمان شێوەیش گوڵ دەدوێنێت.
ئەی گوڵ! تۆ موحیبەتیت،
چۆن دڵم دێت ڕۆحت بکێشم؛
سەرت لە لاشە جیا بکەمەوە و
بتکەمە قوربانیی بۆ یارەکەم!
(هەمان سەرچاوەی پێشوو،ل14)
پێشەوا هەموو دیوە ئاشکرا و شاراوەکانی گوڵ دەپشکنێت و باخچە بە باخچە، دارستان بە دارستان، پێدەشت بە پێدەشت، سارا بە سارا و کیشوەر بە کیشوەر، شوێنپێی گوڵ دەگرێت و هەر لە ڕێی ئەم گەشتە درێژە شیعریییەوە، خوێنەر بە مەراق و ئازار و مەینەتییەکانی عومری کورتی گوڵ ئاشنا دەکات. لووتکەی خۆشەویستیی لە هەمبەر گوڵدا لەم کۆپلە شیعرییەدا خۆ دەردەخات کە تەنانەت عاشقان بە بکوژی یەکەمی گوڵ دادەنێت:

ئەی گوڵ!
گەر ڕۆژێک بێمە سەر مەزارەکەت،
دەبێت گشت عاشقانەکان وەئاگا بێنمەوە،
چوونکی مەزاری تۆ لە نێو دەستی عاشقاندایە.
(هەمان سەرچاوەی پێشوو،ل15)
شاعیر ئەوەندە ناسک و نازەنین دەست بۆ پەیڤ دەبات، خوێنەر هەرگیز لە خوێندنەوە تێر نابێت و هەتا دوا کۆپلەیش لەگەڵ خۆی پەلکێشی دەکات. کەم شیعر و دەقی شیعرییت پێ شک دێت بەم چەشنە مێژووی گوڵمان بۆ بگێڕێتەوە و ئەوەندە ناسکبێژانە ئارەقەی شەرم لە بەرانبەر گوڵدا بە هەنیەماندا بتکێتە خوار.
لەو ڕۆژەوەی گوڵ شەهید بووە، هەزاران جەنگ سەریان هەڵداوە؛
هەوەڵین جەنگ بە ناوی عیشقەوە بوو،
ئادەم بەرپای کرد بۆ حەوا.
چنگەکانی پڕ لە گوڵ کرد و بە عیشقەوە بردییە بەردەم حەوا،
گوڵیش وەک ڕۆحلەبەرێکی خودا جاڕی ئەنفالبوونی خۆی دا؛
دە تێبگەن ئەی ئاشقانی خودا! بۆچی سوورەتی “ئەنفال”نێررا؟
من نێوی هەموو جەنگەکانی دیکەم باش لە بیر نییە،
تەنیا ئەو جەنگە نەبێت،
کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و نێوی “ڤالانتاین”‌‌ە؛
هەر بۆیەش گشت ساڵێک لە یادی ڕێزگرتنی ئەم جەنگەدا
ملیۆنان گوڵ شەهید دەبن و جیهانیش دەبێتە قەسابخانە.
ئەفسووس ئەی خودا!کە جیهان وا پڕیێتی لەم گوڵکوژانە.
(هەمان سەرچاوەی پێشوو،ل97)
دواتر شاعیر، شەیدایی پەپوولە دەنووسێتەوە کە چلۆن لە پێناو یاردا هەموو غەمی دنیا لە کۆڵ دەنێت و هەرگیزیش سکاڵا ناباتە لای کەس.
پەپوولە،شاعیرێکی گوڵدۆستە.
لە نێو باغدا
گەڵا و دڕکی گوڵەکان دەخوێنێتەوە و
شیعری سرووشت دەنووسێ!
پەپوولە هەمیشە غەمناک؛
هەمیشە بێدەنگ و پڕ خەیاڵی پاک.
کە دەفڕێ و دەدات لە شەقەی باڵ،
سروودی غەریبیی نیشتمان
نمایش دەکات بۆ سەرکردەکان!
(هەمان سەرچاوەی پێشوو،ل 54 و 55)
هەمیشە نوێخواز:
پێشەوا کاکەیی هەر لە یەکەم ساتەوەختەکانی ئاوێتەبوون بە دنیای شیعرەوە، هەردەم ڕووی لە داهێنان و نوێخوازی دەبێت و هەرگیز لە مەنزەڵێکدا ناوەستێت؛ هەر بۆیە هەر جارە و کە دەگەڕێتەوە ئامێزی شیعر، شارایەک لە دەستەواژە و چەمکی نوێ دەخاتە نێو شیعرەکانییەوە. بە واتایەکی دی، دەکارگرتنی دەستەواژەی نوێباو، یەک لە خەسڵەتە جوایەزەکانی ئەم شاعیرەیە کە خەرمانەی شیعرەکانی پڕپڕی جوانی دەکات.
مەلی تیژڕۆی خەیاڵ لای شاعیر، تابلۆی ئەوتۆی شیعرییمان بۆ دەنەخشێنێت کە مرۆ مەگین هەر نغرۆی نێو ئەو جیهانە نەخشینە شیعرییە بێت هەتا ئەو چێژە ڕۆحبەخشە بۆ ناخ بگوێزێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، پێشەوا بە دیدێکی قووڵی فەلسەفییەوە دەڕوانێتە گوڵ و وەک بوونەوەرێک سەیری دەکات و پێمان دەڵێت: مرۆ ئەو مافەی نییە لە پێناو دامرکاندنەوەی حەز و ئارەزووەکانیدا گیانی گوڵ بکێشێت.
پێشەوا لە “منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم”دا بە دەیان چەمک و دەستەواژەی نوێ تێکەڵ بە شیعرەکانی دەکات و باڵادەستبوونی خۆی لامان دەردەخات. مەردئاکار، ژنحەز، بۆنسرووشت، گوڵڕۆشن، ئەفسوونساز، ئەفسوونکار، ئەفسوونیار، گوڵڕۆح،ڕۆحلەبەر، گوڵدۆست، بەدچارەیی، خۆشچارەیی، پیسدار، ڕۆشندار، هاوغەزەلتاڵ، غەزەلپۆش و غەزەلبار، شایەت و بەڵگە بۆ سەلماندنی هەمان ڕاستیین.
توانەوە لە نێو عیشقدا:
لەم بەرهەمە شیعرییەدا شاعیر ئەوەندە قووڵ بە نێو جیهانی عیشقدا ڕۆ چووە، ئیدی بەتەواوەتی لە جیهانی واقیع دابڕاوە و لە نێو ئەو دنیا پڕنهێنییەدا نغرۆ بووە.
عیشق، یانی غەم.
غەم قووڵترە لە خەون/ قووڵترە لە خەیاڵ/ لە واقیع؛
قووڵترە لە جوانی/ لە خامۆشی/ لە تۆ…
قووڵترە لە تەنیاییی هەستی شەمشەمەکوێرە.
عیشق،وشەیەکە ئەبەدییە و دەسووتێت؛
وشەیەکە خۆڵەمێش لەسەر دڵمان بەجێ دێڵێت؛
وشەیەکە دەمانبات بۆ تێگەییشتن لە پریشکی ئاگر؛
وشەیەکە تا قیامەت تینی جەهەندەممان بۆ دێنێت.
( هەمان سەرچاوەی پێشوو،ل40 و 41)
پێشەوا کاکەیی،پێناسەیەکی قووڵی شیعریی بۆ عیشق دەکات و زۆر ناسکبێژانە وێنەی سەرەتا و ئەنجامی ئاشقبوونمان بۆ دەکێشێت.
عیشق وەختێک سەر هەڵدەدات/ دەمارەکانی مێشکمان خەوتوون/
وەختێک لە نێوی دەبەین/ چاوەکانمان شەرمەزار دەبن/
وەختێک کە زیندووی بکەینەوە/ دەمارەکانی مێشکمان لەق دەبن/
عیشق دەستپێکی نیگایەکە/ کە دێت ئاوڕ لە ڕابردوو ناداتەوە.
عیشق شتێکە لە تۆزی سەر گەڵا دەچێت/
گەر بمانەوێت دەستی لێ بدەین، توولی گەڵاکە دەشکێت/
گەر بمانەوێت گەڵاکەی لێ بکەینەوە، تۆزەکەی هەڵدەوەرێت/
گەر بمانەوێت تۆزەکەی کۆ بکەینەوە، کەمێکمان لە بیر دەچێت.
(هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 34 و 35)
پێشەوا عیشق جارێک بە سێبەر دادەنێت و جاری وایە لە لای دەبێتە خۆرەتاو. کەچی جار هەیە دەبێتە سێڵاو. جارێک خنکێنەرە لێ،بڕێک جاریش پیرۆزە. جار وایە لاوازە و جاری دیکەیش تاوانبار.
پێشەوا، گوڵ هەر لە نێو ژینگە و سرووشتە خۆڕسکەکەی خۆیدا بە جوان دەبینێت و کاتێک دەست بۆ ڕۆحی گوڵ دەبردرێت و دەگوێزرێتەوە بۆ شوێنە نادڵخوازەکان، وەک گیانکێشانی مرۆ سەیری دەکات و ئەسرینی بۆ هەڵدەوەرێنێت.
خەڵوەتی شاعیر:
بەشێکی فرەی ئەو داهێنانە شیعرییەی ڕووی لە دنیا شیعرییەکەی پێشەوایە، قەرزباری خەڵوەتە دەروونییەکەی شاعیرە؛ لەم سۆنگەیەوە پێشەوا چەندە خۆشبەختە کە لەم جیهانە تاسەرئێسقان جەنجاڵەدا دڵ بە خودی تەنیایی دەسپێرێت و ئەو هەموو داهێنانە شیعرییە بە گوڵجاڕی شیعری کوردی دەبەخشێت.
خودایە!
بمکە بە بولبولێکی نێو چەمەنزارەکان، تا بدەم لە شەقەی باڵ.
تا دوو عاشق بمگرن و بمخەنە نێو قەفەزێکەوە و
گەمەم لەگەڵدا بکەن.
تا بە ئایەتی دەنگم،
مارەییی دوو عاشق ببڕم و بیانکەمە دەزگیران.
تا دوو عاشق دڵخۆش بکەم،
هەر بۆ گەمەش شیعرم پێ بڵێن.
تا دوو عاشق فرمێسک بڕێژن،
تاوێکیش لە تەنیاییی من ڕابمێنن.
خودایە! تەنیاییم لیوانێکی سەرەونخوونکراوە و پڕە لە خەیاڵ/
پڕە لە خۆزگەی بەتاڵ/ پڕە لە گۆرانیی شەوانی تاڵ/
پڕە لە نیگا شکاوەکانی غەزەلپۆشی خاڵخاڵ/
پڕە لە شەڕی من و گوڵ/
پڕە لە کڕنووشبردنی خۆم بۆ دڵ/ پڕم لە تۆ،
دەتبینم و ناتوانم دەستت لێ بدەم،
پڕم لە عیشق، نامبینیت و
دەمەوێت چیرۆکی دڵمت بۆ وەگێڕم/
خودایە!تەنیاییمت پڕ کردووە لە وشە؛
بۆ بەستنەوەی ڕستە/
پڕت کردووم لە مەیل؛ بۆ چنینەوەی یەک دوو بەستە/
پڕت کردووم لە سەرنج؛ بۆ سووتانی دڵم لە بێئومێدیدا/
پڕت کردووم لە مانا؛
بۆ پاداشتی عیشق لە نێو دووکەڵ و “با”دا.
(هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل83)
نیشتمانی شاعیر:
شاعیر خاوەنی ئەزموونێکی بەرفرەوانی شیعرییە و خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە و وردی بۆ جوگرافیای گەردوون هەیە و گەشتە شیعرییەکەیشی ڕووی لە کوێی ئەم گێتییە بێت، هەر بە نیشتمان کۆتایی دێت و سەرەنجام هەر دەگەڕێتەوە مەدارە ئاشناکەی دڵ، واتە خودی نیشتمانەکەی. پێشەوا، شاعیرێکە شەیدای هەموو نیشتمانە دوورەدەستەکان کەچی بۆ دواگەشت هەر دەگەڕێتەوە ئامێزی ئەو نیشتمانەی تا چەندە دوورتر بڕوات و لە هەمبەریدا دەم بە سکاڵایش بێت، هێشتا ناتوانێت بەفەرامۆشیی بسێپرێت.
من خەڵکی ڕووناکیم و لە جەمسەری گوڵەوە لەدایک بووم،
بە نێو جەمسەری دڕکوداڵیشدا دەڕۆم و
ڕۆشناییی گوڵ هەر دەبینم.
سەرێکم دا لە سیبریا و چوومە نێو سەهۆڵبەندانەکان،
دەمدی دوو عاشق لەگەڵ تووتکەیەکی تووکنی سپیدا
لە نێو بەفردا سەما دەکەن؛
منیش لە غەریبیدا هەموو خەیاڵم
بە گوڵە جوانەکانی کوردستانەوە سەرقاڵ دەکرد.
سەرێکم لە ئۆزبەکستان دا و چوومە نێو باغەکانی سەمەرقەند،
ئەوەندە مەست بووم،
خەریک بوو گشت باغەکان بە ڕەگەوە هەڵبقەنم.
ئیدی بیرم کردەوە و بڕیارم دا
دەستبەجێ بگەڕێمەوە بۆ کوردستان،
بۆ وەی بتوانم سەرتاپا نیشتمانەکەم
بە گوڵەشێلاقە و لالەعەباسە پڕ بکەم.
(هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 92،91،90)
زمان و شاعیر:
پێشەوا، یەک لەو دەگمەن شاعیرانەی ئێستایە کە بایەخێکی تایبەت بۆ ڕێزمان و ڕێنووس دادەنێت و پاراستنی زمانێکی پوخت و پاراوی لا گەلێک گرینگە و دەکرێت بڵێم تا چەندە زانستییانە بەرەوڕووی شیعر دەبێتەوە،دە هێندەیش شارەزایانە و زانستییانە مامەڵە لەگەڵ ڕێنووس و ڕێزماندا دەکات و هەڵەیەکی ئێجگار کەم دەکەوێتە نێو بەرهەمەکانیەوە.
هەنووکە بەرهەمە شیعری ئەوتۆت پێ شک دێت کە هەر لە نووسینی سەر ڕووبەرگەوە هەتا بە ناواخنەکەی،پڕاوپڕە لە هەڵە و پەڵەی ڕێزمانیی و ڕێنووسیی و خوێنەر هەر زۆر زوو لە خوێندنەوەی بەرهەمە شیعرییەکە،بێتاقەت و وەڕەز دەبێت و دەستبەرداری دەبێت.
دەکارگرتنی وشە و دەستەواژەی ناستاندەرد لە نێو شیعری ئێستای کوردییدا دەمێکە بووەتە باو و هەر شاعیرێک بە گوێرەی شێوە ئاخاوتنی دەڤەر و ناوچەکەی خۆی،لەم چەشنە پەیڤانەیش دەخاتە نێو چوارچێوەی شیعرەکانیەوە.
شاعیر پێویستە وریای ئەوە بێت کە بەری خامەکەی نابێت تەنێ ڕووی لە ناوچە و دەڤەرێک بێت و گەرەک زمانێک دەکار بێنێت کە خۆ بە سنوورێکەوە نەبەستێتەوە و لە پێناو چەند وشەیەکی سەرزاراندا،زمانی نووسینەکەی بۆ ئاستی زمانی کووچە و کۆڵان دانەبەزێنێت.
جاران هەندێک شاعیر لەبەر لاسەنگبوونی شیعرەکەیان،هەندێکجار بەناچار پەنایان بۆ وشە و دەستەواژەی ناستاندەرد دەبرد کەچی زمانی ئێستای کوردی شۆڕشێکی بەرفرەوانی بەسەردا هاتووە و خەرمانەی وشە ئەوەندە زەنگین دەنوێنێت کە ئیتر چ پێویست ناکات شاعیر لە دەرکەی ئەو چەشنە پەیڤانە بدات. یەک لە خاڵە جیاوازەکانی زمانی شاعیر و ڕەشۆکیش هەر ڕووی لەم بوارەیە کە پێویستە شاعیر دەوری پاسەوانی زمانیش بگێڕێت و زمانەکەیشی وەک هزرەکەی،پێشڕەو بێت. لە زمانی نووسینی چیرۆک و ڕۆماندا کە نووسەر سەر دەکێشێتە نێو هەموو هۆبە و هەوار و ناوچە و دەڤەرێک و ئاشنای زار و بنزارەکان دەبێت، هیچ کێشە نییە ئەگەر بە دەیان وشە و دەستەواژەی نێو کووچە و کۆڵانیش بخاتە نێو دووتوێی نووسینەکەیەوە بەڵام بۆ شاعیرێکی پێشڕەو ،ئەمە لە بڕی شیعرەکەی کورت دەکاتەوە. خۆشبەختانە پێشەوا لەم ڕەهەندەیشەوە جوایەزە و زۆر کەم شیعری بەو دەردە دەچێت. ئەگەریش وشە و دەستەواژەی ئەوتۆ ئاوێتەی نێو شیعرەکانی بێت دڵنیام یان بۆ مەبەستێکی بەرچاو دەکاریان دێنێت یاخۆ ڕەنگە هەڵەی تایپ و پیتچنی بەو دەردەی بردبێت.
دەرەنجام:
شۆڕبوونەوە یان بە واتایەکی ڕاستتر،قووڵبوونەوە لە نێو دنیا شیعرییەکەی پێشەوا کاکەییدا هەر لە یەکەم هەوڵە شیعرییەکانییەوە هەتا بە ئێستا ئەوەمان لا دەسەلمێنێت کە شاعیر بە شێوازێکی زانستییانە دووی شیعر کەوتووە بەڵام هەرگیز ڕۆحی شیعریی وەک زۆر شاعیری بەناو ئاڤانگارد و پێشڕەوی هەنووکە لەبەر شیعر دانەماڵیوە و شیعرەکانی پڕیانە لە جمەی مەلی تیژڕۆی خەیاڵ،دەستەواژەی نوێ،ڕیتمێکی زۆر جار ئاهەنگین،وێنەی تازە،مۆسیقای ناوەوە،داهێنان و نوێخوازی و خوێنەر هەرگیز بەدەم خوێندنەوەی شیعرەکانیەوە هەست بە شەکەتی ناکات. پێشەوا لە بەرهەمی “منم،دیدەوانیی گوڵ دەکەم”دا هەمان توانای شیعری دەکار گرتووە و هەگبە شیعرییەکەی پڕپڕی گوڵ دەکات و بە دیدێکی جوایەز دەڕوانێتە جیهانی گوڵ. ئامادەیە هەموو گیانی خەڵتانی خوێن بێت لێ ئازاری ڕۆحی گوڵ نەدات. پێشەوا لەم بەرهەمەدا لیوڕێژی مرۆڤدۆستییە و بە هەمان دیدیش دەڕوانێتە گوڵ.
پێشەوا وەک خۆی:
پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان ناسراو بە پێشەوا کاکەیی،ساڵی 1984(1363ی هەتاوی)لە گەڕەکی “جووتکانیان”ی شاری قەڵادزێ لەدایک بووە. ژیانی منداڵی پێشەوا لە مابەین ئۆردوگا و قەڵادزێدا تێدەپەڕێت. سەرەتا لە هەولێر دەخرێتە بەر خوێندن بە زمانی عەرەبی. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی 2006-2005 بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت.
لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو دەکاتەوە. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.
بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:
فرمێسکەکانم بەدیار تۆوە، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی،2006.
داستانە شیعری خۆشەویستیی”کچە سۆفی و کاکەیی”،چاپی یەکەم، چاپەمەنی چرۆستانی، سلێمانی،2006.
وا هەست دەکەم، قەت پێت ناگەم،شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی،2006.
پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم ، چاپخانەی گەنج، سلێمانی،2008.
باغ: غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە(تاران)،2015.
لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدییان (دەقی واڵا)، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ،2017.
ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، پرۆژەی یەکەم و دووەم، شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، ساڵی 2018، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی.
ئەمریکانامە بە تامی شیعر، پرۆژەی سێیەم و چوارەم،ڕۆمانەشیعر/قەسیدە، چاپی یەکەم، ساڵی 2018،چاپخانەی کارۆ،سلێمانی.
گەردووننامە، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، سلێمانی،2019.
منم،دەیوانیی گوڵ دەکەم، شیعر- چامە، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، چاپی دووەم،2019 و بونیادنانەوەی ڕووناکی، لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوەیە کە هێشتا چاپ و بڵاو نەبووەتەوە.
ژێدەر:
1 – ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر،پرۆژەی یەکەم و دووەم،شیعر،پەخشان،پەخشانەشیعر و گێڕانەوە ،چاپی یەکەم،ساڵی 2018،چاپخانەی کارۆ،سلێمانی
2 – ئەمریکانامە بە تامی شیعر،پرۆژەی سێیەم و چوارەم،ڕۆمانەشیعر/قەسیدە، چاپی یەکەم،ساڵی 2018،چاپخانەی کارۆ،سلێمانی
3 – گەردووننامە،شیعر،چاپی یەکەم،چاپخانەی کارۆ،بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار،سلێمانی،2019
4 – منم،دیدەوانیی گوڵ دەکەم،شیعر-چامە،چاپخانەی کارۆ،سلێمانی،چاپی دووەم،2019
5 – ژیان لە فەرهەنگدا،وتووێژی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ شاعیر
6 – کۆمەڵە ماڵپەڕێکی کوردی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت