دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان/ بەشى سێ یەم.

کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ” کۆنگرەى گەشەکردن وپەرەسەندنى سلێمانى وەک شار ” یاخود ” گەشەپێدانى عەقڵیەتى حیزبى و زیاتر بچوکردنەوەى شار. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا سلێمانى وەک شار لەژێردەسەڵاتى […]

کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ” کۆنگرەى گەشەکردن وپەرەسەندنى سلێمانى وەک شار ” یاخود ” گەشەپێدانى عەقڵیەتى حیزبى و زیاتر بچوکردنەوەى شار.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا سلێمانى وەک شار لەژێردەسەڵاتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، زۆرێک لەسیماى شار و شارستانیەتى خۆى لەدەستداوە، هەربۆیە کۆنگرەى دواخراوى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەسەرکەوتوویى دواهەل و دەرفەت دەبێت بۆ گەڕاندنەوەى شکۆى ڕابردووى ئەم حیزبە بۆ ناو کۆمەڵانى خەڵک و ژینگەکەى.
ئەو پرسیارەى بەدەر لەئینتماى حیزبى و بیروبۆچوونى جیاواز لاى هەموومان درووست بووە ” ئایا بنەما سەرەکیەکانى کۆنگرەیەکى سەرکەتوو چی یە ؟” ئایا گونگرە تەنیا لەهەڵبژاردنى سەرکردەدا کورت دەکرێتەوە ؟ یاخود ململانێى فیکرى و شەفافیەت لەگشت کاروبارى سیاسى ـ ئابوورى ـ کۆمەڵایەتى و… هتد ؟.
هەڵبەتە وەڵامى ئەم پرسیارە گفت وگۆ و موشت ومڕێکى زۆر زۆر لەخۆدەگرێت ، هەریەک لەڕوانگەى ئینتمابوونى بۆ (نیشتمان ـ بنەماڵە ـ حیزب) پیشتبەستن بیروبۆچوونى جیاوازو بەرژەوەندى خود یان بەرژەوەندى گشتى.
ئەوەى لێرەدا مەبەستمە ڕوونى بکەمەوە گفت وگۆ و موشت ومڕێ هاوڵاتى ئاساییە، ئەو هاوڵاتیەى دوورە لەئینتماى (حیزبى ـ بنەماڵەیى ـ ئایدۆلۆجى و جیۆگرافى) تەنیا خەمى ژیان و ژین و بژێوى و ژینگەیە ، ئەو هاوڵاتیەى لەدید وڕوانگەوى بەرژەوەندى گشتى دەڕوانێت نەک بەرژەوەندى تەسکى (حیزبى ـ بنەماڵەیى ـ ئایدۆلۆجى و جیوگرافى) .
ئەوەندى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان ئاگاداربن یەکێتى نیشتمانى کوردستانى ڕابردوو لەسەر بنەماى پاراستنى مافى کۆمەڵانى خەڵک (جەماوەر) ونیشتمان دامەزرابوو .
خەمى یەکێتیەکەى جاران خەمى هاوڵاتى ئاساییى بوو ، خەمى ژیان و ژین و بژێوى و ژینگەى کوردستان بوو ، خەمى گەشەپێدانى نیشتمان وشارستانیەت بوو نەک دزین وتاڵانکردنى، خەمى گەڕاندنەوەى شکۆ وشوناسى مرۆڤى کورد بوو دوور لەجیاکارى (نەتەوەیى ـ ئاین ـ تایەفەگەرى ـ جیوگرافى ـ حیزبایەتى) نەک لەناوبردن وئابڕووبردنى شکۆى مرۆڤى کورد.
لەدیدو ڕوانگەى هاوڵاتى ئاساییەوە ئیستا زۆر زووە بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارەى ” ئایا کۆنگرەى دواخراوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان کۆنگرەیەکى سەرکەوتووبووە یان نا؟ ” لەبەر ئەوەى وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە پێویستى بەهەڵسەنگاندنى بەرژەوەندى گشتییە لەسەر ئەرزى واقیع، ئەمەش بەڕۆژ دوو ڕۆژ نایەتە دى.
ئەوەى گومانى تێدا نییە هەمووان خوازیارین یەکێتی داهاتوو ببێتەوە بەیەکێتیەکەى جاران، لەخزمەت کۆمەڵانى خەڵکدا بێت نەک لەخزمەت دەستەوە تاقمێکى دیاریکراو .
هەڵبەتە گەرانەوەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بۆ یەکێتیەکەى جاران کارێکى هەروا ئاسان نییە، واتا دەرچوون لەم دۆخ وژینگەى ئێستا كەیەکێتى نیشتمانى کوردستانى تێکەوتووە ئەوەندە ئاسان نییە لەبوونى مافیا گەلێکى زۆر لەگشت سێکتەرەکانى ژیان کەبەناوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان قسەو هەڵسوکەوت دەکەن.
گەڕانەوە بۆ یەکێتیەکەى جاران پێویستى بەبەرنامەیەکى فیکرى مەعریفى نیشتمان پەروەر هەیە ، ئەگەر لەکۆنگرەدا بڕیارى لێ نەدرێت ئەبى فاتیحاى بۆ بخوێنین.
وەک پێًشتر ئاماژەم پێدا هەرحیزب و لایەن و گروپ و تاقمێک لەدیدو ڕوانگەو بەرژەوەندى خۆیەوە هەڵسەنگاندن بۆ سەرکەوتوویى کۆنگرە دەکات.
دەستڕۆیشتووەکانى ناو یەکێتى و حیزبەکانى دى لەڕوانگەى بەرژەوەندى حیزبى خۆیان دەڕواننە کۆنگرەو بڕیارەکانى نەک لەڕوانگەى بەرژەوەندى نەتەوە وخاک ونیشتمان ، سەرکەوتنى کۆنگرە لاى ئەوان تەنیا زەرەرمەندى دارایى و دەسەڵات نەبن ، بەڵام بەپێچەوانەوە کۆمەڵانى خەڵک وەک حیزب ولایەن و گروپ و تاقم بیر ناکەنەوە، تاکە خەم خەمى ژیان و بژێوى وپاراستنى ژینگەى کوردستانە نەک بەرژەوەندى تەسکى حیزبى یاخود باڵ ولایەن وگروپێکى دیاریکراو .

دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی

ئەرشیڤی بەڕێز: دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی