به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: گه‌مه‌ى نه‌ته‌وه‌كان له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌كى دا، ئێرانى دراوسێمان و ئه‌مریكاى دۆستمان.

كتێبى (لعبة الأمم) له‌ ساڵى (1969) دا مایڵز گوبڵاند- Miles Copeland Jr بڵاوى كردۆته‌وه‌، گۆبڵاند له‌ ڕیزى هه‌ره‌ باڵاترین ئه‌فسه‌ره‌كانى ئاژانسى هه‌واڵگریی مه‌ركه‌زیی ئه‌مریكا -CIA دا بوه‌، نوێنه‌رى ئه‌مریكا بوه‌ […]

كتێبى (لعبة الأمم) له‌ ساڵى (1969) دا مایڵز گوبڵاند- Miles Copeland Jr بڵاوى كردۆته‌وه‌، گۆبڵاند له‌ ڕیزى هه‌ره‌ باڵاترین ئه‌فسه‌ره‌كانى ئاژانسى هه‌واڵگریی مه‌ركه‌زیی ئه‌مریكا -CIA دا بوه‌، نوێنه‌رى ئه‌مریكا بوه‌ له‌ میسر له‌ سه‌رده‌مى جه‌مال عه‌بدلناسردا، هه‌روه‌ها ئه‌زمونى كارى له‌ سوریاو وڵاتانى دیكه‌ى عه‌ره‌بى دا هه‌یه‌. سه‌راپا كتێبه‌كه‌ باس له‌ پیلانه‌كانى ئه‌مریكا ئه‌كات له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ ساڵى (1953) ه‌وه‌ كه‌ به‌ریتانیاو سى ئاى ئه‌ى به‌ ئاشكرا سابونیان خسته‌ ژێر پێى موحه‌مه‌د موسه‌ده‌ق له‌ ئێران “كه‌ به‌هه‌ڵبژاردن هاتبوه‌ سه‌ر حوكم” و كوده‌تایان به‌سه‌رداكرد، كوده‌تا له‌ میسر، له‌ سوریا، له‌ عێراق، هه‌وڵى كوده‌تا له‌ ئه‌رده‌ن، ئه‌م كتێبه‌ هه‌وڵێكه‌ هاوشێوه‌كانى مه‌گه‌ر له‌ چل ساڵ دواى خۆیدا كه‌وتبنه‌ به‌رباس وه‌ك ڕاپۆرته‌كانى ئه‌مدواییه‌ى “ویكلیكس” ى ” ئیدوارد سنودن” و كتێبى “دانپیادانه‌كانى چه‌ته‌یه‌كى ئابوریى- Confessions of an Economic Hit Man كه‌ نوسه‌ر جون بركنز- John Perkins خۆى یه‌كێك بوه‌ له‌ چه‌ته‌كانى ئابوریى نێوده‌وڵه‌تى له‌ بانكى نێوده‌وڵه‌تى و فیدراڵى دا پایه‌ به‌رز بوه‌.

له‌ به‌رایى كتێبه‌كه‌دا، كورته‌ى وانه‌یه‌كى زه‌كه‌ریا محى الدین ” جێگیرى جه‌مال عه‌بدولناسر-1965″هه‌یه‌. تیایدا لایوایه‌ ” دواجار ئه‌بێت هه‌موو یاریزانه‌كان پارێزگارى له‌ یاریگاكه‌ بكه‌ن “مه‌به‌ستى له‌ سیسته‌مى نێوچه‌یى و جیهانى یه‌” چونكه‌ تێكچونى چوارچێوه‌ى یاریگاكه‌ یه‌كسانه‌ به‌ جه‌نگێكى كاولكه‌ر… مه‌رجى سه‌ره‌كى بردنه‌وه‌ى یاریزانه‌كان (نه‌ته‌وه‌كان) ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ندام بن له‌ تیپه‌كه‌، چونكه‌ كه‌ له‌ یاریگاكه‌ كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ ئیتر چانسى مانه‌وه‌ش نامێنێ چ جاى بردنه‌وه‌. بۆیه‌ مه‌رجى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ پارێزگارى له‌ یاریگاكه‌ بكه‌ن، چۆن؟. له‌ ڕێگه‌ى “مناوه‌ره‌” كردنه‌وه‌، له‌كوێدا هێرش هه‌یه‌و له‌ كوێدا پاشه‌كشه‌و خۆ مات دان ئه‌مه‌ ئه‌بێته‌ بابه‌تى ئاسایی بۆ سیاسه‌تكردن له‌ پێناو مانه‌وه‌و چونه‌ پێشه‌وه‌دا.
گۆبڵاند، ئه‌م ته‌ونه‌ى به‌ ڕووداوه‌كان و به‌ڵگه‌ى بڕواپێهێنه‌ر چنیوه‌، وه‌كو كۆمه‌ڵێك ئه‌ڵقه‌ى یه‌كله‌دواى یه‌ك ئه‌م زنجیره‌یان پێكهێناوه‌، بۆ نمونه‌: له‌ 21ى شوباتى 1947 باڵوێزخانه‌ى به‌ریتانیا له‌ واشنتۆن یاداشتێك له‌ باره‌ى یۆنان و توركیاوه‌ ئه‌داته‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ش وه‌ك سه‌ره‌تاى پاشه‌كشه‌و كۆتایى ویسایه‌تى به‌ریتانى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست (ده‌ستاوده‌ستكردنى ئیمپریالیزم له‌ به‌ریتانیاوه‌ بۆ ئه‌مریكا) كه‌ له‌ده‌یه‌ى دواتردا له‌ ناوچه‌ى كه‌نداویش هه‌روائه‌كه‌ن، هه‌ر سێ هه‌فته‌ دواتر له‌ 12ى ئازارى 1947 دا “پره‌نسیپى هارى ترومان” له‌ ئه‌مریكا ڕاگه‌یه‌ندرا، تیایدا هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوبردنى هه‌موو ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م ئه‌مریكاو بازاڕى ئه‌مریكى دا. ئینجا له‌هه‌مان ساڵدا له‌ حوزه‌یرانى 1947 دا “پرۆژه‌ى مارشاڵ” ڕاگه‌یه‌ندرا، كه‌ به‌ناوكى جیهانگیریی دێته‌ هه‌ژماركردن. پاشان پرۆژه‌كان به‌ كوڵێنراوى له‌ چێشتخانه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات هاتن، له‌ ته‌مموزى 1947 دا هه‌ڵبژاردن له‌ سوریاكراو، به‌دوایدا له‌ 14ى ئایارى 1948 ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل ڕاگه‌یه‌ندرا و، سه‌ره‌تاى جه‌نگى عه‌ره‌ب-ئیسرائیل ده‌ستى پێكرد. له‌ 30ى ئازارى 1949 حوسنى زه‌عیم له‌ سوریا كوده‌تاى كردو، ئیتر كوده‌تا هه‌موو وڵاتانى عه‌ره‌بى و ڕۆژهه‌ڵاتى ته‌نیه‌وه‌ و بو به‌ كه‌لتورێك…!. ئێستا ئه‌گه‌ر له‌ مۆدێرنیستێك یان ڕۆشنبیرگه‌لێكى وڕ-بوى سه‌رده‌مى ئامێرو ئامرازه‌كانى جیهانگیریى بپرسیت، ڕه‌نگه‌ بلًێت ئه‌مانه‌ تیۆرى موئامه‌رات-Conspiracy Theory” و باوى ئه‌مانه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئایا له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ دووساڵ دا ئه‌و چه‌ند ڕووداوه‌ له‌ خۆوه‌ بون؟. ئایا ” ڕووداو” چى یه‌و، بۆچى دێته‌ بون؟.

ڕۆڵى خراپى ئیمپریالیزمى ئه‌مریكى – فه‌ڕه‌نسى- به‌ریتانى له‌ دواى جه‌نگى جیهانى دووه‌مه‌وه‌ بریتى یه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه‌، كه‌ له‌كاتى هه‌ڵگیرسانى به‌هارى عه‌ره‌بى ساڵى (2011) دا ” نعۆم چۆمسكى” ئه‌م دیارده‌ى ناڕه‌زایه‌تیانه‌ى ڕۆژهه‌ڵات و ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بى وه‌ك كاردانه‌وه‌ بۆ ئیمپریالیزم ناوزه‌ند ئه‌كاو ناوى ئه‌نێت “چه‌كوش وه‌شاندن”، كه‌ ئه‌و زلهێزانه‌ نزیكه‌ى سه‌ت ساڵى ڕه‌به‌قه‌ ده‌ستیان له‌ هه‌ناوى خۆرهه‌ڵاتدایه‌ و چه‌كوش ئه‌وه‌شێنن له‌م ناوچانه‌، هه‌ر له‌ باشورى ئه‌فریكاو گامبیاو سیرالیۆن و كینیاو سودانه‌وه‌ هه‌تا ئه‌گاته‌ سوریاو لیبیاو ئه‌فغانستان و عێراق و لوبنان و یه‌مه‌ن و فه‌له‌ستین و…تادوايى ئیمپریالیزم یان ئه‌وه‌تا به‌ زه‌برى هێزو پیلانگێریی هه‌واڵگیریی خه‌ریكى كوده‌تا و داگیركارىی ڕاسته‌وخۆ بوه‌، یان ئه‌وه‌تا خه‌ریكى دڵدارى كردن بوه‌ له‌گه‌ڵ دیكتاتۆره‌ نه‌وتاوییه‌كانى ناوچه‌كه‌دا. ئه‌وه‌ بۆیه‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌و چه‌كوش وه‌شاندنانه‌ى فه‌ڕه‌نسا له‌ سوریا لێكه‌وته‌كه‌ى “شارل ئیبدۆ” یه‌ له‌ناوجه‌رگه‌ى فه‌ڕه‌نساو، گواستنه‌وه‌ى توندوتیژییه‌ بۆ ناوجه‌رگه‌ى خۆرئاوا.
دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌ر به‌ته‌نها له‌ ڕووى ئابوریی و نه‌وت و فرۆشتنى چه‌ك و بایه‌خى سیاسى و جیۆپۆڵه‌تیكى و شارستانیه‌وه‌ گرنگ نه‌بوه‌ بۆ خۆرئاواییه‌كان، به‌ڵكو له‌ دواى (11ى سێپته‌مبه‌رى 2001) یشه‌وه‌ بووه‌ به‌ نیعمه‌تێك بۆ میدیاو ناوه‌نده‌كانى بیركردنه‌وه‌ى جیهان، كه‌ ئه‌گه‌ر ” ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست” نه‌مێنێت ئیتر ” هه‌واڵى ڕۆژنامه‌وانى” نامێنێت!. كوردیش له‌م هه‌رده‌و هه‌ڵه‌تانه‌دا به‌رده‌وام له‌وپه‌ڕى سه‌ركێشى دا بوه‌و، له‌به‌رده‌م سمێڵى دوژمنه‌كانى دا هه‌ڵپه‌ركێى كردووه‌، بێ ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى بۆ ئه‌م مه‌تبه‌خه‌ سیاسى و هه‌واڵگیرییانه‌ كردبێت…! بۆ باسێكى ئاوه‌ها پرۆسه‌ى فۆرمه‌ڵه‌بونى چه‌مكه‌كان یان شێوازى هاتنى چه‌مك -Conceptualization” ئێجگار گرنگه‌، ئه‌و چه‌مكانه‌ش ” هه‌واڵگیریی” كه‌ به‌ چڕى تێكه‌ڵ به‌ ئاسایشى ئه‌لیكترۆنى و سێكته‌رى دیبلۆماسى كراوه‌ له‌ جیهاندا، “جیۆپۆڵه‌تیك” كه‌ نه‌گۆرٍێكى گرنگه‌ و كاریگه‌رى شوێن و هه‌ڵكه‌وته‌یه‌ به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌وه‌، ” بازاڕى ئابوری ئازاد-Free Economic Marketing” كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئارگیۆمێنته‌ بنچینه‌ییه‌كانى لیبراڵیزم:

كوردو ئێران: دیارده‌ى قاسمى سولێمانى!
قاسمى سوله‌یمانى ته‌نها فیگه‌رێكه‌و هیچى تر، نه‌ كه‌سى دووه‌مى ئێران بوه‌و، نه‌ سێهه‌م و نه چواره‌میش بوه‌. فیگه‌رێكى سه‌ربازیی -ئاینى كاراى سه‌ربه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران بوه‌ له‌ عێراق و سوریاو لوبناندا. له وه زياتر ته‌نها بۆ پڕوپاگه‌نده‌یه‌، ئه‌وه‌ى یه‌كه‌یه‌ بۆ ئه‌نه‌لایزكردن ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ مه‌تبه‌خه‌كه‌دا سه‌رقالًى پێچانه‌وه‌و سازكردنن. ئه‌و بایه‌خ پێدانه‌ به‌ “قاسم سوله‌یمانى” به‌تایبه‌ت دوو ساڵ پێش كوژرانى بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌نگۆى ئه‌وه‌ى ئه‌بێته‌ كه‌سى یه‌كه‌مى ئێران و ئه‌بێته‌ سه‌رۆكوه‌زیرانى ئێران، خۆى له‌خۆیدا ئاماده‌كردنى بو بۆئه‌وه‌ى به‌ كوشت بدرێت (به‌ پێى زانیارییه‌كان، وه‌ به‌پێى ئه‌و فاكته‌ مێژووییانه‌ى له‌ كتێبى ” لعبه‌ الامم” دا هه‌یه‌). به‌مانایه‌كى تر ئێران به‌ ئه‌نقه‌ست قاسمى سوله‌یمانى كردبو به‌ ئه‌خته‌بوتى میدیاى جیهانى و خستبوه‌ به‌ر ناوه‌نده‌ هه‌ستیاره‌كانى جیهان. ته‌نانه‌ت (15) ڕۆژ به‌ر له‌ كوژرانى سوله‌یمانى ” ئیسماعیل قائائى” جێگرى ئه‌وكاتى سوله‌یمانى و سه‌رۆكى ئێستاى فه‌یله‌قى قودس له‌ ئه‌فغانستان بوه‌و، سه‌رقاڵى گه‌وره‌ترین كاره‌كانى ئێران بوه‌ له‌ ئه‌فغانستان. بێ ئه‌وه‌ى هیچ كه‌سێك ناوى ناوبراویان بیستبێت!. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ زانستى كۆمیونیكه‌یشندا سه‌ر به‌ ” تیۆرى ئاوێنه‌ یان دانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى- Social Mirror Theory” كه‌ ده‌وڵه‌تانى خاوه‌ن هه‌ژمون له‌ سیناریۆكانیاندا ئه‌یخه‌نه‌كار، تیایدا خه‌ڵكى مه‌ترسيى و نۆرمه‌كانى خۆیان وا ئه‌ناسنه‌وه‌ یان وا چاره‌سه‌ر ئه‌كه‌ن له‌ رێگه‌ى دیدگاو وێناى تره‌وه‌ نه‌ك وێنه‌ ڕاستیه‌كه‌. وڵاتانى وه‌ك ئێران و ئه‌مریكا كه‌ به‌رده‌وام له‌ ململانێدان هه‌زاران سیناریۆى ئاماده‌كراو و نوسراو و بژارده‌ى ئاماده‌كراویان هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ر ڕووداوێك چۆن مامه‌ڵه‌ بكه‌ن.

وه‌كو ئاكت، سوله‌یمانى بكه‌رو به‌ركارى كۆمه‌ڵێك دیارده‌ى پڕ له‌ تونوتیژییه‌:
به‌ بڕواى من ڕۆڵى هه‌ره‌ خراپى سوله‌یمانى له‌ لاوازكردنى ڕۆڵى ده‌وڵه‌تدا به‌رجه‌سته‌ ئه‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆ نمونه‌: له‌ یه‌مه‌ن ده‌وڵه‌تێكى له‌ ناو ده‌وڵه‌تێكدا دروست كردبوو له‌ ڕێگه‌ى میلیشیاكانه‌وه‌ كه‌ هیچ ئه‌رزشێكیان بۆ سیسته‌مه‌كه‌ دا نه‌ ئه‌نا. له‌ عێراق و سوریاش به‌هه‌مان شێواز. ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ ڕووى تیۆرییه‌وه‌ ڕۆحى ئه‌مریكا ئه‌كوژێ كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا ڕێبازى سیاسه‌تى ئه‌مریكى سه‌ر به‌ تیۆرى ریاڵیزم (Realism Theory)ه‌، كه‌ جه‌وهه‌رى فیكره‌كه‌ى لاى (هانس مۆرگینتاو-Hahs Morgenthau) باوكى دامه‌زرێنه‌رى قوتابخانه‌كه‌ بریتى یه‌ له‌ سه‌نته‌ركردنى ڕۆڵى ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها هه‌موو كاركردنێك له‌ پێناو (هێز) دا بۆ ده‌وڵه‌ت و هه‌موو شتێك له‌پێناو سیاسه‌تى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی دا، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌بێت كاراكته‌رى ده‌وڵه‌ت به‌هێز بێت. لاى ئه‌مانه‌ “فه‌وزا” له‌ سیسته‌مى جیهانى دا زۆر باشه‌، چونكه‌ شتێكى سروشتیه‌و هه‌موو ده‌وڵه‌تێك ململانێ ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ى هێزى خۆى به‌ ده‌ست بهێنێت، له‌ ئه‌نجامدا ” سه‌قامگیریی” جیهانى بۆ هه‌موان دێته‌ دى، چونكه‌ هه‌موان هێزیان هه‌یه‌. ئێ به‌ڵام قاسمى سوله‌یمانى رۆڵى ده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و سوریاو لوبناندا سفركردبۆوه‌، ده‌وڵه‌ت نه‌ى ئه‌توانى له‌م ناوچانه‌ ململانێ بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانى هێزى سیاسى و سه‌ربازى و ئابوریى و دیبلۆماتى خۆى، بۆیه‌ چوارچێوه‌ى یاریگاكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌ ڕووخان نزیكبو بوه‌وه‌.

كورد له‌ نێوان بازاڕ و جیۆپۆڵه‌تیكدا
هه‌رێمى كوردستان دراوسێى ئێرانه‌و دۆستى ئه‌مریكایه‌. ئێران نه‌گۆرێكه‌ بۆ كورد، به‌ واتایه‌كى تر خاكى كوردستان كۆپى په‌یستى كۆمپیوته‌ر نییه‌ ببرێته‌ ئه‌مریكاى باكور، ئه‌مه‌ش حوكمى نه‌گۆڕى جیۆپۆڵه‌تیكه‌ له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌دا. ئه‌مریكا و ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگیه‌كه‌یان له‌ چه‌مكى (بازاڕ) دایه‌، هێشتا له‌ دواى كۆتایى جه‌نگى سارده‌وه‌ ئه‌و ململانێیه‌ نه‌بڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ ناو زانایاندا كه‌ ئایا جیۆپۆڵه‌تیك گرنگه‌ یان بازاڕ؟. بۆ ئه‌مه‌ نمونه‌ى زۆر هه‌یه‌ گرنگى هه‌ریه‌كه‌یان بسه‌لمێنێت، نمونه‌ى قه‌ته‌ر و ئیمارات نمونه‌ى بازاره‌، نمونه‌ى چین تا ئه‌ندازه‌یه‌كى زۆر نمونه‌ى كاریگه‌رى خێراى بازاڕى ئابورییه‌، بازاڕ و جیهانگیریی ئه‌گه‌ر برا نه‌بن ئه‌وه‌ ئامۆزاى یه‌كدین، یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى بازاڕ ئه‌وه‌یه‌ سنور ناناسێت، له‌وپه‌ڕى جیهانى مۆدێرنه‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕى جیهانى سێ بازاڕ كارى خۆى ئه‌كات، بۆ نا؟ ئه‌كرێت سه‌ماكارو گۆرانیبێژى ئه‌مریكى ” مادۆنا” له‌ سودان بێت، دۆناڵد ترامپ كاراكته‌رێكه‌ له‌ بازاڕه‌وه‌ هاتوه‌، گه‌وره‌ترین گۆڕانێكیش له‌ ئاڕاسته‌كردنى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌دا له‌ ڕێگه‌ى (بازاڕ) ه‌وه‌ له‌ مێژووى ئه‌مریكادا كرابێت ” ترامپ” كردویه‌تى؟. نمونه‌ى ئه‌وه‌ى ترامپ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى ” تویته‌ر” ه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ئه‌كات. ئه‌مه‌ش قۆناخ و مۆدێلێكى تازه‌یه‌.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كى ترى بازاڕ ئه‌وه‌یه‌ ئایدۆلۆژیاو ناسنامه‌ ناناسێت، بۆ نمونه‌ عێراق نه‌وت ئه‌فرۆشێ و دۆلار وه‌رئه‌گرێ، دۆلار و سوڕى دراو كارى به‌سه‌ر شیعه‌و سووننه‌و كورده‌وه‌ نییه‌. به‌ پوختیه‌كى بازارٍى ئابوریی ئه‌مریكى- ئه‌وروپى به‌هاى دۆلارى به‌لاوه‌ گرنگتره‌ له‌ به‌هاى شیعى و سووننى و كورد، له‌وه‌ش وردتر مامه‌ڵه‌كردن به‌ پرسى شیعه‌و سووننه‌و كورد له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ستراوه‌ به‌ مامه‌ڵه‌ى “بازاڕ” و ” به‌رژه‌وه‌ندى “بازاڕ” ه‌وه‌.
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جیۆپۆڵه‌تیك سنوره‌، ناسنامه‌یه‌، دژى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ “بازاڕ” و “جیهانگیریی” بێ ئه‌وه‌ى پرس بكه‌ن سنوره‌كان ئه‌بڕن و سنور ناناسن، پێى وایه‌ گه‌لان له‌ ڕێگه‌ى كاڵاو بازاڕ و برانده‌وه‌ خۆیان نمایش ناكه‌ن، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ى كه‌لتورو ناسنامه‌و ئایدۆلۆژیاوه‌ جیاوازییه‌كانى خۆیانه‌وه‌ خۆیان ده‌رئه‌خه‌ن و ئه‌ناسێنن. جیۆپۆڵه‌تیك پتر له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ ترادیشناڵه‌كاندا دێته‌وه‌ یه‌ك. ئێران سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى مێژووییه‌كى پێنج سه‌ت ساڵه‌ى له‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا هه‌یه‌ ” له‌سه‌رده‌مى سه‌فه‌وییه‌كان و شا عه‌باسى یه‌كه‌مه‌وه‌ به‌هێزترین په‌یوه‌ندى بازرگانى و ئاوریشمیان هه‌بوه‌”. له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا په‌یوه‌ندیه‌كى قووڵیان هه‌بوه‌. به‌ڵام به‌هه‌موو ته‌مه‌نى ئێران له‌ زه‌مانى “شا” ه‌وه‌ پێشوتریش قاجاره‌كان، ئێستاش ده‌سته‌ڵاتى مه‌لاو ئایه‌توڵاكان ته‌نانه‌ت یه‌ك دێڕیان له‌ دژى وڵاتانى خۆرئاوا نییه‌، هیچ به‌ریه‌ككه‌وتنێكى فیكریی و ئایدۆلۆژیی ئه‌وتۆشیان نییه‌، ته‌نانه‌ت سوپاى قودس كه‌ قاسمى سوله‌یمانى (21) ساڵ فه‌رمانده‌ى بوه‌، بۆ یه‌ك ڕۆژیش له‌ پێناو (قودس) دا تێ نه‌كۆشاوه‌، یه‌ك گولله‌یه‌كى بۆ “قودس” نه‌ته‌قاندوه‌. به‌ڵكو دوژمنى پله‌ یه‌كى ئێران له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ تا عێراق و سوریاو لوبنان و سعودییه‌ ته‌نها سووننه‌ و جه‌ماعه‌ت بوه‌و په‌لاماریان داون.

بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر