شێرزاد شێخانى: بێباكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ئاست كێشه‌ى كاره‌بادا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كاتێك قسه‌ دێته‌ سه‌ر كێشه‌ى نه‌بونى كاره‌باوه‌، هه‌ميشه‌ گوێبيستى هه‌ندێ بۆچوونى خه‌ڵك ده‌بم كه‌ ده‌ڵێن”‌ حكومه‌ت به‌ئه‌نقه‌ست كێشه‌ى كاره‌با چاره‌سه‌ر ناكات!. كه‌ ده‌شپرسين” حيكمه‌تى ئه‌م كاره‌ى حكومه‌ت له‌چيدايه‌؟!. يه‌كسه‌ر پێت ده‌ڵێن‌ ” حكومه‌ت ئه‌يه‌وێ خه‌ڵك به‌قه‌يرانه‌وه‌ مه‌شغول بكات تا نه‌يه‌نه‌ سه‌ر باسى سياسه‌ت!.
ئه‌م بۆچوونه‌ زاده‌ى كلتورێكى بۆماوه‌يى سه‌قه‌ته‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتوه‌كاندا!. ده‌ربڕينێكه‌ هيچ مه‌نتقى تيا نييه‌ ، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى به‌حوكمى ده‌سه‌ڵاتى حزبه‌كان تا بينه‌قاقاى له‌ناو سياسه‌تو حزبايه‌تيدا خنكاوه‌ ، به‌شێوه‌يه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ هه‌مووى خه‌ريكى سياسه‌ته‌ . له‌لايه‌كى تريشه‌وه‌ هيچ حيكمه‌تێك له‌وه‌دا نابينم ده‌سه‌ڵاتێك ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ديكتاتۆريش بێت، پێويستى به‌وه‌ بێت هه‌موو ميلله‌ت له‌خۆى بكاته‌ دوژمن به‌خوڵقاندنى قه‌يرانى خزمه‌تگوزارى به‌تايبه‌تيش كه‌ قه‌يرانه‌كان درێژه‌ ده‌كێشن .
له‌گه‌ڵ راپه‌رێنه‌كه‌ى ساڵى 1991 كێشه‌ى كاره‌با له‌هه‌رێمى كوردستان سه‌ريهه‌ڵداوه‌، ئه‌وسا حكومه‌تى عيراق گه‌مارۆى ئابوورى خستبوه‌ سه‌ر كوردستان، ته‌نيا سه‌رچاوه‌يه‌ك بۆ دابينكردنى كاره‌با هه‌ردوو وێستگه‌ى دوكان و ده‌ربه‌نديخان بوون. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هێشتا شاره‌كان به‌مشێوه‌يه‌ى ئێستا فراوان نه‌بوون و ئامێرى كاره‌باش ئه‌وه‌نده‌ زۆر نه‌بوون، به‌ڵام كه‌مى به‌رهه‌مى وێستگه‌كان‌ قه‌يرانێكى دروست كردبوو . له‌گه‌ل ئه‌وه‌ى تا ئێستا نۆ كابينه‌ى حكومه‌ت له‌هه‌ڕيم پێكهاتوه‌و، له‌كابينه‌ى پێنجه‌ميشىه‌وه‌ به‌ده‌يان مليار دۆلار له‌به‌غداوه‌ نێردراوه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌مڕۆشى له‌گه‌ڵدا بێت بودجه‌يه‌كى ئه‌وتۆ بۆ سێكته‌رى كاره‌با دانه‌نراوه‌ كه‌ كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ گه‌وره‌كه‌ى به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئيسماعيل نه‌بوايه‌، ئێستا كێشه‌ى كاره‌با زۆر قووڵتر ئه‌بوو. جيا له‌و پرۆژه‌ گه‌وره‌يه‌ش‌ ‌هێچ پرۆژه‌يه‌كى ستراتيژى حكومه‌تى هه‌رێم له‌بوارى كاره‌بادا نابينرێ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ داواكاريش يه‌ك به‌رامبه‌ر به‌سه‌د زيادى كردوه‌. حكومه‌تى هه‌رێم له‌جياتى ئه‌وه‌ى هه‌وڵى جيددى بدات بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م قه‌يرانه‌، هانا بۆ هاوڵاتيان ئه‌بات كه‌ خۆيان كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن ، ئه‌ويش به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى كاره‌با، له‌وه‌شدا ده‌يه‌وێ خۆى له‌قه‌يرانه‌كه‌ بدزێته‌وه‌و خه‌تاكه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆى هاوڵاتيانه‌وه‌!.
له‌هيچ ‌سوچێكى دونيادا نه‌بوه‌ حكومه‌ت داوا له‌هاوڵاتيانى بكات به‌سه‌رماى زستان هيته‌ره‌كانيان بكوژێننه‌وه‌و، له‌هاوێنانيش سپليت دانه‌گيرسێنن!. له‌هيبچ‌ وڵاتێكى نه‌فتيشدا نه‌بوه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى نه‌توانێ ته‌نانه‌ت يه‌ك به‌رميل نه‌وتى سپى بداته‌ هاوڵاتيانى بۆ گه‌رمكردنه‌وهى ماڵه‌كانيان‌!.
چاره‌سه‌ر نه‌بوونى كێشه‌ى كاره‌با ده‌ليلى فه‌شه‌لى هه‌ر نۆ كابينه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ ، شكستێكى زۆر گه‌وره‌يه‌ له‌مێژووى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا. وڵات هه‌بوه‌ نيشتمانه‌كه‌ى خاپوور كراوه‌ وشاره‌كانى له‌گه‌ڵ زه‌ويدا ته‌ختكراون ، به‌ڵام له‌ماوه‌ى ده‌ پانزه‌ ساڵدا سه‌رله‌نوێ شارو وڵات ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه‌. حكومه‌ته‌كه‌ى ئێمه‌ش له‌دواى نزيكه‌ى سى ساڵ و به‌م هه‌موو ملياران دۆلاره‌ى بودجه‌وه‌ نه‌يتوانيوه‌ كێشه‌يه‌كى بچووكى كاره‌با چاره‌سه‌ر بكات!. هێشتا باسى ميترۆ و هێلى شه‌مه‌نده‌فه‌ريش ناكه‌م كه‌ وڵات نيه‌ ئه‌م خزمه‌تگوزارييانه‌ى تێدا نه‌بێت، باسى كێشه‌ى كه‌م ئاويش له‌ولا بوه‌سيتێ كه‌ حكومه‌ت به‌ بێ شه‌رم به‌به‌ياناتى ره‌سمى ئيعلان ده‌كات كه‌ فڵانه‌ گه‌ڕه‌ك بۆ سێ رۆژ ئاويان نابێ. باسى زێرابه‌كانيش ناكه‌م كه‌ به‌ فسه‌ بارانێك لافاو له‌شاره‌كان هه‌ڵده‌ستێنن. جا حكومه‌تێك نه‌توانێ ئه‌م خزمه‌تگوزارييه‌ ئه‌ساسييانه‌ بۆ ميلله‌ته‌كه‌ى دابينبكات، حوكمه‌تاتى له‌چييدايه‌!.
هه‌موومان ئه‌زانين ئه‌م ده‌سه‌ڵا‌تداره‌ گه‌نده‌ڵانه‌ى هه‌رێم به‌ پاره‌ى عيراق و دزينى نه‌وت وپرۆژه‌ه‌كانى وه‌به‌رهێنان بوون به‌خاوه‌نى مليۆنان و به‌شێكيشيان‌ به‌ خاوه‌ن ملياران دۆلار ، با هه‌ر ئه‌و گه‌نده‌خۆرانه‌ به‌شێك له‌سه‌روه‌تو سامانه‌كانيان بێننه‌وه‌ كوردستان و ئه‌م پرۆژانه‌ى پێ ئه‌نجامدبده‌ن ، له‌جياتى ئه‌وه‌ى بانكه‌ بيانيه‌كان سوود له‌م سه‌روه‌تو سامانه‌ دزراوانه‌ وه‌ربگرن، با ميلله‌ته‌ چه‌وساوه‌كه‌مان كێشه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ر بكرێ ، ئه‌گه‌ر بۆ خاترى ميلله‌ت وبه‌حه‌ڵالكردنى پاره‌ دزراوه‌كانيشيان نه‌بێت ، با بۆ زيادكردنى سامانه‌كانيان بێت له‌رێگه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌و پرۆژانه‌دا‌.
حكومه‌تى هه‌رێم ماوه‌يه‌ك به‌ر له‌ئێستا رێكه‌وتنێكى په‌نجا ساڵه‌ى له‌گه‌ڵ توركيا ئيمزاكردوه‌ له‌بوارى نه‌وتدا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ش لايه‌نى سياسيى وله‌خزمه‌تى بنه‌ماڵه‌يه‌كى ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام خۆ ده‌كرێ گرێبه‌ستێكى هاو‌شێوه‌ى ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانيا گه‌وره‌كانى جيهان وه‌كو ( سيمنس) ى ئه‌ڵمانى ، ياخود ( جنرال ألكتريك) ئه‌مه‌ريكى ) يا ( هيتاشى ) ژاپۆنى ئيمزا بكات بۆ دامه‌زراندنى وێستگه‌ى كاره‌باى گه‌وره‌و ، با په‌نجا ساڵ داهاتى كاره‌با بۆ ئه‌و كۆمپانيانه‌ بێت له‌برى تێچووى پرۆژه‌كانيان . يا هه‌ر نه‌بێ حكومه‌ت خۆى له‌جياتى موه‌ليده‌ ئه‌هليه‌كان ، موه‌ليده‌ى گه‌وره‌ى حكومى له‌هه‌موو گه‌ڕه‌كێك دابنێ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ تۆڕى نيشتمانى كاره‌باى به‌رده‌وام دابينبكه‌ن ، به‌مه‌ش قازانجى ئه‌و موه‌ليدانه‌ش ئه‌چێته‌ خه‌زينه‌ى حكومه‌ته‌وه‌ له‌جياتى گيرفانى چه‌ند كه‌سێك، با چيتريش ژيينگه‌ى شارو گڕه‌گڕى مو‌ه‌ليده‌ى ئه‌هليش خه‌ڵكى هه‌راسان نه‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بێباك نه‌بێ له‌خه‌ڵكه‌كه‌ى هه‌قوايه‌ هه‌ر قه‌زاو ناحيه‌يه‌ك وێستگه‌ى كاره‌باى خۆى هه‌بێ، شاره‌كانيش يه‌كى چوار پێنج وێستگه‌يان بۆ دابينبكرێ، ئه‌گه‌ر خۆيشى بۆى ناكرێ، با وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانى كوردستان هانبدات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌ئه‌ستۆ بگرن.
له‌مڕۆژانه‌دا له‌خاوه‌ن موه‌ليده‌يه‌كى ئه‌هليم پرسى ، بۆچى له‌دواى سه‌عات يه‌كى شه‌و كاره‌با ناده‌نه‌وه‌ ؟. له‌وه‌ڵامدا وتى” حكومه‌ت رێگه‌ نادات دواى ئه‌م سه‌عاته‌ كاره‌با بده‌ينه‌ هاوڵاتيان”!. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدايه‌‌ شه‌وان دواى ئه‌م سه‌عاته‌ كاره‌باى نيشتمانيش ئه‌بڕێ وخه‌ڵكى به‌م سه‌رمايه‌ له‌ژووره‌ ساردو سڕه‌كانيان رۆژ ئه‌كه‌نه‌وه‌؟!. هه‌ڵبه‌ت ماڵ وڤێللاو قه‌سرو مه‌زره‌عه‌كانى خۆيان كاره‌باى بيستوچوار سه‌عاتيان هه‌يه‌!
ئه‌م بێباكييه‌ى حكومه‌ت له‌ئاستى كێشه‌ قووڵه‌كانى خزمه‌تگوزارى به‌تايبه‌تيش له‌بوارى كاره‌بادا رۆژێك دێت سه‌رى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ ئه‌خوات، نمونه‌ى زيندووش له‌مباريه‌وه‌ خۆپيشاندانه‌كانى به‌غداو خوارووى عيراقن، كه‌ به‌داواكارى كاره‌باوه‌ ده‌ستيپێكردو به‌ گۆڕينى حكومتيش كۆتايى پێهات. گومان له‌وه‌دا نيه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئێره‌ش ئه‌گه‌ر به‌م بێباكييه‌ كار بكات، ئه‌ويش رۆژێك دێ باجه‌ گه‌وره‌كه‌ بدات، چونكه‌ خه‌ڵكى له‌وه‌ زياتر به‌رگه‌ى سه‌رماو گه‌رما ناگرێت سه‌ربارى دزى و گه‌نده‌ڵى ده‌سه‌ڵات. كورد ده‌ميكه‌ وتويه‌تى كه‌ جام پڕ بوو لێى ده‌رژێ. ده‌ ئيدى تێبگه‌ن.