دڵشاد مەجید: لەپەراوێزی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی/ بەشی چوارەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆسرەت ڕەسوڵ سەرکردەیەکی سەربازی زمان و جەستە ئفلیجە یا سیاسیەکی تۆڵەلێسەنەرەوەی لێهاتووە؟
لەم بەشە باسی گەمە سیاسیەکانی کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ نەوشێروان مستەفا و باڵی ریفۆرم، لەدژی تاڵەبانی دەکەین.
بەڵام بۆ کورتکردنەوەی باسەکە، پێویستە سەرەتا هەندێک خاڵ بۆ شیکردنەوەی کارێکتەری کۆسرەت ڕەسوڵ، لەچۆنیەتی تەوزیفکردنی خۆی لەنێو ئەو یارو گەمە سیاسیانە، وەک بەرچاو روونیەک بخەینەڕوو. بۆئەوەی باشتر لە تەحالوفەتەکانی کوسرەت ڕەسوڵ لەگەڵ سیاسیە ناڕازییەکان بگەین.
1- کۆسرەت ڕەسوڵ کەسایەتیەکی سەربازی بەهێزە، وەلائی زۆبەی سەرکردە سەربازیەکانی هەولێرو کەرکوک و گەرمیان و سلێمانی هەیە.
هەروەها گەمەکەرێکی سیاسی بەهێزەو لایەنیە بەهێزو لاوازەکانی بەرامبەری دەزانێ. بەڵام تاکە کێماسی کۆسرەت رەسوڵ، نەبوونی جۆرێک لەفیکری سیاسی و فەلسەفەو ئادیۆلۆجیای سیاسیە، کە لەوێوە دیدگاو روئیای سیاسی کۆسرەتی لەسەر بونیات نرابێ و بناسرێتەوە.
رووداوێکتان بۆ دەگێرمەوە، کە لەوێوە باشتر لەو کێماسیە فکریەی کۆسرەت دەگەن، جارێکیان جەلال تاڵەبانێ بەئامادەبوونی کۆسرەت کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ کادیرانی هەولێر دەکا (لەکۆبوونەکەدا مام جەلال دەڵێت: منیش وەکو ئێوەی هەولێری کاک کۆسرەتم زۆر خۆش دەوێ و ناتوانم دەستبەرداری بم، بەڵام لەکاک کۆسرەت ناترسم، چونکە فیکر و ئایدۆلۆجیای نیە)
2- خاڵی یەکەم هۆکارە، کە کۆسرەت، بۆ دژایەتی کردنی تاڵەبانی، پێویستی بەکەسایەتیە سیاسیە خاوەن فکرو ختیابێکی سیاسیە. بەم کارەشی دەیەوێ دوو ئامانج دەپێکێ.
یەکەمیان/ بە تۆمەتی پاوانخوازی دەسەڵات و پارە و ئینقلابچی تۆمەتبار ناکرێ.
دووەمیشیان/ بەسیاسێکی مۆدرێن و چاکسازخوازو ریفرۆمسێت و دژە گەندەڵ هەژماردەکرێ.
3- کۆسرەت رەسوڵ بەحکومی نەبوونی دیگایەکی فیکری و ئایدلۆجی و سیاسی، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێ، لەدەرەوەی یەکێتی بژی، یان حزبی سیاسی دروست بکا.
هەروەها بەحوکمی رەوتەکەی و خەڵکە سەربازیەکەی دەوروبەری، بەبێ بوونی سەرچاوەی دارایی، ناتوانێ حزبی سیاسی دروست بکا، یان بچێتە ناو حزبێکی تر کەسەرچاوە داراییەکانی محدود بێ، لەسەر بەشە مووچەی ئەندامانی بژی بۆ نموونە وەک (گۆران). چونکە هێزی سەربازی، پێویستی بەپارەو چەک و تەقەمەنی، دەعمی لۆجستی بەردەوام هەیە. هەروەها لێرە ( پارە ) پێویستە بۆ یارمەتیدانی کەسوکارو خانەوادە جەکدارە گەورەکان.
4- کۆسرەت ، بەدوو ئاراستە، توانا سەربازی و جەماوەریەکەی دەخاتە بەردەست، سیاسی ناڕازی.
یەکەمیان/ کۆسرەت لەرێگای وەلائی سەرکردەکانی پێشمەرگە گەرەنتی، باراستن و مەترسی لەناوبردن و دەستدرێژی عەسکەری لەسەر کەسایەتیە سیاسیەکان دووردەخاتەوە.
دووەم/ ھانی ئەو کەسایەتە سیاسیانە دەدا، کەزۆرترین سیاسی ناڕازی لەدەوری ئەو جووڵەیە کۆبکاتەوە، بێ شک ئەو سیاسیە ناڕازیانەش هەر لەو بەرەیە دەبن، کە پێشتر دژی کۆسرەت کاریان کردووە.
5- باری تەندروستی کۆسرەت زۆر یارمەتیدەرە، کە لێدوانی زۆری ئیفتیزازی و توند نەدات. لێدوان و قسەکانی خۆی لەڕێگای کەسایەتیە سیاسیەکان دەخاتەڕوو.
هەرئەوانیش دەخاتە بەردەم لولەی تۆپەکە و سەرنەگرتنی نارەزاییەکەو هەوڵە تێدەرانەکەش، بۆ کەسایەتیە سیاسیەکە دەگەرێتەوە.
6- کۆسرەت چاک دەیزانی، بەم گوشارە زۆرە، سیاسی و عەسکەریە، تالەبانی ناتوانێ، بەرەنگاری نەوشێروان و کۆسرەت بەجوولەی سەربازی یا پەنا بۆ جەماوەری یەکێتی ببا بۆ بەرەنگاربوونەیان. کۆسرەت دەیزانی، تاڵەبانی یا مل بۆ داواکایەکانی دیارکردنی دەسەلاتی سکرتێر و شەفافیەتی لەداهات و دارایی بە موئەسەساتکردن دەدا، بەمەش کۆسرەت پشکی خۆی دەدتدەکەوێ. یانیش هەوڵی پەرتکردن و لێک جیاکردنەوەی نەوشێروان و کۆسرەت دەدا. لەمەش کۆسرەت خۆی بۆ ئامادە کردبوو.
7- کۆسرەت رەسوڵ لەبەجێهێشتنی نەوشێروان مستەفا لەنیوەی ڕێگا، پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی لە 21- 6- 2006 بۆخۆی بەدەست هێنا. کەدەرگایەکی گەورە بوو بۆ دووبارە پەیداکردنەوەی سەرچاوەی دارایی، هەروەها پارتیش بۆ زیاتر بێمەنتکردنی کۆسرەت لەیەکێتی، دەرگای بازرگانی و دابینکردنی مووچەو پێداویستیە داراییەکانی دوو لیوا سەربازییەکەی، خستە بەردەست کۆسرەت.
لەسەر ئاستی حزبیش تاڵەبانی پاداشتی کۆسرەتی بە جێگری یەکەمی سکتێری گشتی. و بەئەندام سەرکردایەتی کردنی کوڕێکی و بەوەزیرکردنی کورەکەی تری دڵخۆشترکرد.
8- کۆسرەت بەو گەمە سیاسیەی، توانی سیاسیە رقەبەرەکانی خۆی لەسلێمانی بەنەوشێروان مستەفا لەکۆتایی ساڵی 2006 ئاوتی یەکێتی بکا. هەرچەندە جەلال تاڵەبانی توانی بەرەی کۆسرەت و نەوشێروان، بە ڕازیکردنی کۆسرەت لێک جیابکاتەوە و تێک بشکێنێ. بەڵام ئەم گەلەکۆمەیەی نەوشێروان و کۆسرەت، هۆکاری سەرەکی بوو کە تاڵەبانی لەرێگای کوتلەی خۆی، پەناو هانا بۆ مەسعود بارزانی و پارتی ببا، لەبەرامبەر تەسلیمکردنی کوردستان بە بارزانی و پەسندکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن ( عدنان مفتی، سەرۆکی پەرلەمان) دواتر هەڵبژاردنی مەسعود بارزانی لە 12 حوزەیرانی 2005 لەلایەن هەمان پەرلەمان، بەسەرۆکی هەرێم، بە مەرج و شەرتەکانی پارتی. ئەمەش لەترسی گەمەیەکی تری نەوشێروان و کۆسرەت بوو، بەپاڵپشتی بارزانی پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ ساغ بکرێتەوە.
▪️ چونکەتاڵەبانی تێگەیشت ئەگەر رەزامەندی پارتی پێ نەبێ بۆ بەغدا، ئەوا زۆر زەحمەت دەبێ رەزامەندی نەوشێروان بەئاسانی بەدەست بێنێ.
▪️ بەڵام بەوەرگرتنی ئەو پۆستە دووبارە دەتوانێ ئەمجارە بە کارتە سیاسیەکانی هەولێرو بەغدا، باشتر دەسەڵاتی خۆی بەسەر یەکێتی دابچەسپێنێتەوەو، نەیارەکانی یا دەربکا یانیش بێ هێزیان بکا.
▪️ ئەوەبوو لە پەرلەمانی عیراق لە 6- 4- 2005 بە سەرۆک کۆماری عیراق هەڵبژێردرا. هەرواشی لێهات، توانی نەوشێروان و نیوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی سلێمانی بەدەربنێ.
▪️ بەڵام ئەم هەنگاوەی تاڵەبانی بووە سەرەتایەک و دەرگایەکی تر بۆ کەسایەتیە سیاسیەکانی تری وەک کۆسرەت و بەرهەم و مەلابەختیار، دوای نەمانی تاڵەبانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، بۆ مانەوەیان وەک کارێکتەرێکی سیاسی نێو یەکێتی لەلایەک، لەسەرگۆرەپانی کوردستان لەلایەکی تر. ھەمان رێگای تاڵەبانی بگرنە بەرن و لەدەرگای پارتی بدەنەوە.
▪️ بۆیە سەیر نیە ئەم سێ کارەکتەرە، لەگەڵ پارتی و بارزانی، لەدوای نەمانی تاڵەبانی، زۆرترین جموجۆڵ و کاریگەریان بەسەر رووداوە سیاسیەکانی کوردستان هەبووەو هەیە.

# لەنووسینی داهاتوو، گەمەی کۆسرەت بەناوی ناوەندی بڕیار لەگەڵ بەرهەم و پارتی و بارزانی باس دەکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت