ئارام عەلی عەزیز: ئایا ئەمریکا لێدانەکە دادەقورتێنێت؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە موشەکبارانکردنى بنکەى سەربازى عەینولئەسەد بە چەندین مووشەکى بالیستی، ئێران نیشانى هەموانى دا، کە هەرشوێنێکی لە ناوچەکەدا بیەوێت، دەتوانێت بە دەقیقی بە موشەکە جۆراوجۆرەکانى بۆردوومانى بکات، وەکو چۆن پێشتر لە ساڵى 2017 هەمان نامەى بە موشەکبارانکردنى بارەگاى داعش لە دێرەزۆر راگەیاند.
پێکانى چەندین ئامانج لە رووبەرێکی 10 کیلۆمەتریدا، کە رووبەرى بنکەى عەینولئەسەدە بە موشەکى پالیستی قیام، کە 800 کیلۆمەتر دەڕوات و درێژیەکەى یازدە مەترو نیوەو کڵاوەکەى 6380 کیلۆگرام تەقەمەنى هەڵدەگرێت ئیختراقێکى ئەمنیی و سەربازى گەورەیە، بە تایبەت کاتێک سیستەمى بەرگرى پاتریۆت نایگێڕێتەوە.
لێدانى ئارامکۆى سعودیە، گومانى لەسەر تواناى ئەمریکا لە پاراستنى هاوپەیمانەکانیى دروستکرد، موشەکبارانکردنى بنکەى عەینولئەسەدیش کە سەربازانى ئەمریکاى لێیە گومانەکەى پشتراستکردوەو، ترس و دڵەڕاوکێ لاى هاوپەیمانەکانى هێنایە ئاراوە لەوەى، کە ئەمریکایەک نەتوانێت خۆى بپارێزێت چۆن دەتوانێت هاوپەیمانەکانى بپارێزێت، بە تایبەت لاى دەوڵەتە عەرەبیەکانى کە ساڵانە بە دەیان ملیار دۆلاریان بە ناوى پارێزگاریکردن لێبەردەداتەوەو، دەیان بنکەى سەربازیشی لە سعودیە، ئیمارات، کوەیت، قەتەر، عومان و بەحرێندا هەیە. ئەمریکا پێویستى بە کاردانەوەیەکە بۆ متمانە بە دەستهێنانەوە.
دوور نیە حزبوڵا لە لوبنان، حەماس و جیهادى ئیسلامی لە غەززە، ئەنساروڵا لە یەمەن، عەسائیب و نوجەباو حزبوڵا لە عیراق کە هاوپەیمانى ئێرانن، چەندین جۆرى رۆکێتیان پێدرابێت لە جۆرى شیهاب 1، شیهاب 2 و زولفەقار کە 300- 700 کیلۆمەتر دەڕۆن، هەر شوێنێکیان بوێت موشەکبارانی بکەن.
بە پێی سەرچاوە ئەمریکیەکان ئێران موشەکى کورت مەوداو مام ناوەندى هەیەو خاوەنى پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیاى موشەکیە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا. موشەکى شیهاب 3 و سجیل و سومار لە 1500 تا 3000 کیلۆمەتر دەڕۆن و مەترسی دروستکەرو هەڕەشەئامێزن. ئەى ئەگەر ئێران کڵاوەى ئەتۆمی یان موشەکى دوور هاوێژ بەدەستبینێت چی روودەدات؟
لێپرسراوانى ئێران موشەکبارانکردنى بنکەى عەینولئەسەدى ئەمریکایان بە زللەیەک وەسفکرد، تۆڵەسەندنەوەى تەواویش لە نەمان و کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عیراقدا دەبیننەوە، کە پەرلەمانى عیراق بڕیارى لێداوەو حکومەتی عەبدولمەهدیش داواى کردوە.
حوسین سەلامى فەرماندەى سوپاى پاسداران تەئکیدى کردەوە لەوەى، کە ئەوان مەبەستیان لە موشەکبارانکردنى بنکەى عەینولئەسەد کوشتنى سەربازانى ئەمریکی نەبوە، بەڵکو بۆ نیشاندانى ئەوە بوە کە هەر ئامانجێکیان لە ناوچەکەدا بوێت دەتوانن بیپێکن. کەواتە لێدانى بنکەى عەینولئەسەد نامەیەکى ئاگادارکردنەوە بوو، وێنەى داروپەردوى داڕووخاوى ناو بنکەکەیش پرستیجى ئەمریکاى گەورەترین زلهێزى شکاند. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا ئەمریکاو خۆرئاوا ئەو ئیهانەیە دادەقورتێنن؟ وەڵامى ئەو پرسیارەمان لە رۆژانى داهاتودا بۆ رووندەبێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت