هۆشیار جەمال: خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی پارچەیەک خەڵوز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆمانی پارچەیەک خەڵوزی نوسەر و شاعیر “ئاسۆ فارس حارس”ـە، لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی ( 2019 )دا چاپ و بڵاوکرایەوە، ڕۆمانەکە بە زمانێکی سادە نوسراوە، باس لە ژیانی دوو خێزانی سادەی ناو کۆمەڵگای کوردی دەکات، شوێنی ڕووداوەکان سنوری پارێزگای سلێمانیە،مێژووی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ناوخۆ ئەو دەمەی شەڕی حیزبەکان پێکەنینی سەر زاری هەمووانی تۆراندبوو، ماڵوێرانی و شەر لەدەرگا بەدەرگای گەلی کوردی دەدا، لە کاتێکدا کە ئەو میللەتە خۆی هیلاکی جەنگە یەک لەدوایەکانی دەسەڵاتی بەعس بوو.
نوسەر دەستی خستۆتە سەر برینەکانی ئەو دەمە و ژیانی گەنجانی ئەو کات لە کوردستان، کە چۆن بەشێکیان بەهۆی بێکاریەوە ڕێگای سەختی تاراوگە و وڵاتانی دراوسێان دەگرتە بەر لە پێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و کەسوکاریان، ئەگەر چی بەشێکی ئەم گەنجانە کە وزەی چالاکی کۆمەڵگابوون لەناو دەریاکاندا دەبوونە خۆراکی ماسیەکان، هەرچی ئەو گەنجانە بوو کە لە کوردستان دەژیان زۆربەیان چینی هەژار و خوار هەژاری کۆمەڵگا بوون کە هیچ توانایەکیان نەبووە بچنە دەرەوەی وڵات ناچار دەبوونە چەکداری حیزبە کوردیەکان و دەبوونە هۆی ڕشتنی خوێنی براکانیان، خوێن ڕشتنێک کە تا ئێستاش کوردستان باجی ئەو کارەساتە دەدات و بەشێک لە لێکەوتەکانیان هەر ماوە.
پرسی ژن لەناو کۆمەڵگای کوردیدا و زاڵبوونی بیرکردنەوەی کۆنە پەرستی، کە زادەی کلتوری کوردیە. بەشێکی تری ڕۆمانەکەیە کە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ئاشقی کچێک دەبێت، چەندین قوربانی دەدەن لە پێناو بەیەک گەیشتن سەرجەم کۆتوبەندەکانی ناو خێزان و دابونەریتەکانی ئەوکات تێکدەشکێنن.
ئازارەکانی کارەکتەری ڕۆمانەکە گەر لەڕابردوودابووبێت، ئەوا ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای کوردستان بکەین بەو دەرئەنجامە دەگەین تا ئێستاش بەشێک لەو ئازارانە بەردەوامە، ڕاستە شەری چەکداری حیزبەکان نەماوە،بەڵام لە هەر ئەگەرێکدا بێت هێشتا ئەو مەترسیە ماوە.
هەروەها کێشەی بێکاری و بێ ژیانی گەنجان لە ئێستاشدا یەکێکە لە کێشە گەورەکانی ناوکۆمەڵگای کوردی کەوای کردوە کۆچی گەنجان هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیست بەردەوام بێت و ساتەوەختی نوسینی ئەم بابەتە هاوکات بێت لەگەڵ گیانلەدەستدانی چەندین گەنجی پر وزە و توانای کورد لە ئاوەکانی نێوان یونان و ئیتاڵیا، دەبنە قوربانی ئەو نادادپەروریەی کە هەیە لە کوردستان.
هەرچی پرسی ژنان و کچانیشە کە تەوەرێکی ڕۆمانەکە بوو و ئازار و نارەحەتی دەچێژن، تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوی گۆڕاوە و جیاوازە لە دۆخی ئەوکات ئەوەیە،بریتیە لەوەی کە گەنجێک لە پیاو خۆشەویستەکەیدا ئامادەی زۆرترین قوربانی دان بووە، چونکە خۆشەویستیەکی پاکی ڕوحی بۆی هەبووە. بەڵام ئێستا لە ژێر ناوی خۆشەویستیدا و پاشماوەیەک لە پەیوەندی نێوان هەردوو ڕەگەزدا چەندین کێشە دروست دەبێت کە دواجار کچەکە دەبێتە قوربانی و دەبێت هۆی ئازاردانی کە دەرگای دەیانی کێشەی کۆمەڵایەتیشی کردۆتەوە لە نێوان خێزانەکاندا،و بیر لەوەناکەنەوە کە سوکایەتی کردن بە ناوی خۆشەویستیەوە شکاندنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤێکەو زۆر جار بە ئازایەتی و شکۆمەندیەوە لەکۆڕ و کۆبوونەوەکانیاندا باسی دەکەن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت