كەمال محەمەد: حكومڕانی و فیكری فاشیزم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فیكری فاشی پێی وایە حكومڕانی و دەوڵەت دور لە ئایدیای كۆبونەوەی نێو تاكەكانی كۆمەڵگا دروست ئەبێت، هاوكات ئامانج و مەبەستیشی یەكناگرێتەوە لەگەڵ خواستی تاكەكەسی. فیكری فاشی پێی وایە حكومڕانی لەپێناو بەرژەوەندی تاكەكەسەكان دروست ئەبێت، بەڵام كاتێك بەرژەوەندی دەوڵەت و كەسەكان هاوتای یەك نەبوون ئەوا پێویستە كەسەكانی نێو ئەو كۆمەڵگایە لەبەرژەوەندیەكانی خۆیان خۆش بن لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا، بەجۆرێك ئەركی قوربانیدانیان بۆ ئەو سیستەمەی حكومڕانی ببێتە ئەركی ئەخلاقی لایا. ئەمە فیكری فاشیزمە بۆ هەردو بەرژەوەندی دەوڵەت و كەسەكان. فاشییەكان دیموكراسییەت و سەرەوەری رەت دەكەنەوە و ئەو مافە بەڕەوایی نابینن بۆ تاكەكان كە جۆر و فۆرمی دەسەڵات دەستنیشان بكەن و وای بەڕەوا ئەبینن حكومڕانی و سیاسەتی وڵات بەرێوە بردن تەنها بەدەست كەمینەیەك بێت وەك ئەوەی تەنها بەوانە بكرێت و پێیان وایە بەشداری سیاسی تاك لە حكومڕانیدا پێویستە سنوری هەبێت.
سیاسەت بە مانا گشتییەكەی لای فاشییەكان بڕوا هێنانە بە یەك حیزب و یەك سەركردە ،ئەوان بڕوای بە فرە سەركردەیی و بیروڕای جیاواز نییە. فاشیزم ئەو شاڵاوە سیاسییە بوو، كە كرایە سەر ئەو تیۆریا سیاسییانەی لە سەدەی نۆزدەدا تەوەری سەرەكییان بریتی بو لە ئازادی و دیموكراسی.
لەهەرێمی كوردستانیش خەریکە كاریگەری ئەو فاشیزمە دەردەکەوێت بەتایبەت لەدوای ڕاپەرینەوە گروپێک لەناو پارتە حوکمڕانەکان كەوتنە نوسینەوەی ئەو فیكرە لە حكومڕانییەیان، كۆمەڵگای بەداخەوە خەریکە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بیركردنەوە و هەڵوێستی ژێستەكانی ژیانی ڕۆژانەماندا دەرئەکەوێت، كە ئەتوانین ناوی لێ بنێین فاشیزمێكی کوردی نوێ بە جۆرێك كە ئەم فاشیزمە لەناو چەمكە سۆسیۆلۆژی و سیاسییەكەیدا جیانەكراوەتەوە لەو میكرۆ سیاسییەی كە حیزب و سەركردە باڵاكان دروستیان كردوە.
ئێمەی هاوڵاتی لەهەرێمەدا لەسەر هێڵێكی هەڵهاتنداین، كە لە ژیانەوە هەڵگەڕاوەتەوە سەر مەرگ، كاتێك هێڵێكی ژیانیش بۆسەر مەرگ هەڵگەرێتەوە بێ گومان ئەكەوینە نێو بێدەنگییەكی پەتییەوە، هەر وەك ئەو بێدەنگییەی كە ئێستا هەیە !ئێمە هەرێمێكی تۆتالیتارمان هەیە لەسەر بیری فاشیزم ئەمەش هۆكار بوە بۆ ئەوەی ڕێگا بە قبوڵی ڕەخنەو فرە حیزبی و جیاوازی بیروڕا نەدرێت و لەكاتی هەبو هەردەنگێكی جیاواز لەخۆیان كۆمەڵێك ئاستەنگ خراوەتە پێش ئەمەش بەرهەم و ڕێگایەكە بۆ دیموكراتیزەبون قبوڵ نەكردن و بەرهەمەكەشی هێنانەكایەی فیكری فاشیزم ئەبێت لە كایە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و حوكمڕانیشدا. بۆیە كاتێك ئەڵێین لەهەرێمی كوردستان بیری فاشیزم بەدیاری كراوی ئەبینرێت لەكاتێكدایە، كە جومگە هەستیارەكانی سیاسەت وحكومڕانی لەدەست چەند گروپێکی بچوکی چەند حیزبێكی دیاریكراو دا قۆرخ كراوە.
لەدوای فاشیزمی ئیتاڵی و نازیزمی ئەڵمانی چەندین جۆر لەفاشیزم لە جیهاندا فۆرمی خۆی وەرگرتوە لەهەرێمی كوردستانیش سەرهەڵدانی ئەم بیرە خواستی پارتە سیاسیەكان بو بۆ زیندو كردنەوەو ڕاگرتنی گیانێكی لاواز و نەتەوەیەكی شكستخواردو بەپێی سەردەم بۆ ئەوەی لەژێر ئەو فیكرەدا وەها نیشانی بدەن كەتەنها پەناگەو فریادرەسی بێ نەوایان ئەو پارتە سیاسی و سەركردانەن كە ئەیان گەیەنێت بە نەتەوەی شایستەو رەسەن و هۆكارە بۆ گەشتنی فاشیزم بۆ سەرو یاسا و بون بە خاوەنی دەسەڵاتی رەها لەلایەن پارتێك و سەركردەیەكەوە وەك ئەوەی ئێستا لەم هەرێمەدا ئەبینرێت و پێیان وایە خواستەكانی ئەم هەرێمە تەنها لای ئەوان مەیسەر ئەبێت ،بەڵێ هەر ئەمەشە وایكردوە بیری فاشیزم تا ئێستاش لایان ئایدۆلۆژیاو سیاسەتێكی بەهێز بێت بۆ هەڵخەڵەتاندنی كۆمەڵگا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت