دڵشاد مەجید: لەپەراوێزی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی/ بەشی شەشەمی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆسرەت ڕەسوڵ سەرکردەیەکی سەربازی زمان و جەستە ئفلیجە یا سیاسیەکی تۆڵەلێسەنەرەوەی لێهاتووە؟
پێش دروست بوونی ناوەندی بڕیار، هەر لەنەخۆش کەوتنی تاڵەبانیەوە تا لەباربردنی ناوەندی بڕیار. سەرەڕای ئەو هەورازو نشێوانەی هاتۆتە ڕێگای بەرھەم ساڵح، کۆسرەت ڕەسوڵ بەردەوام لەگەڵ بەرهەم ساڵح کاریکردووە. بەڵام هیچ کاتێک کۆسرەت، مجازفەی نەکردووە، بەوازهێنان یا دەست لەکارکشانەوە.
بەردەوام کۆسرەت و بەرھەم یەک خاڵی هاوبەش کۆیکردونەتەوەو، ئەویش، هاریکاریی کارکردنی یەکترە بووە بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان وەک جێگرانی سکرتێر. هەرکاتێکیش کێشەکە گەیشتبێتە تەقینەوە و بڕیارلێدان، هێرۆ بۆ کپکردنی هەڵچوونی ئەم دووانە، تاڵەبانی تەوزیف کردووە و بە عارەبانە لەنێوان هەردووکیانی داناوە، تەنیا بۆ ئەوەی پێیان ڕابگەیەنرێ، کەهێشتا سکرتێر ماوەو، داوای دەسەڵات مەکەن. بەردەوامیش هێرۆ باری تەندروستی تاڵەبانی لەم دووانە شاردۆتەوە، بۆئەوەی هیچ کارێک بەئاراستەی هەوڵدان بۆ پرکردنەوەی دەسەڵاتی سکرتێر نەکەن.
1- بەرهەم سآڵح دوای بێ ئومێد بوونی، لەجێ بەجێکردنی رێکەوتنامەکەی نێوان گۆران و یەکێتی. وە هەوڵدانی پارتیش، بۆ خۆ یەکلایکردنەوەی یەکێتی، ئەگەر لەجیاتی رێکەوتن لەگەڵ گۆران، ئیتفاقی ستراتیجی لەگەڵ پارتی زیندو بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە پۆست و پلەو پایە و دەسکەوتی ئابووری زۆری خستە بەردەم سەرجەم تەکەتولاتەکانی ناویەکێتی.
2- لێرەوە ناوەندی بڕیار دروست دەبێ، ناوەندی بڕیار (9 ) خاڵی خستە روو، ( 5 ) خاڵیان لەبەرژەوەندی پارتی بوو (وەک زیندکردنەوەی رێکەوتنی یەکێتی و پارتی، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، خۆ یەکلایکردنەوە لەگەڵ بەغدا و کارکردن بۆ سەربەخۆیی وچارەسەرکردنی قەیرانی دارایی هەرێم) دوو خاڵیش تایبەت بوو بەسازدانی کۆنگرەی یەکێتی دوور لەتەزویر. خاڵێکی تری تایبەت بوو بەدارایی یەکێتی. تاقە خاڵی هەتیوو پەیوەندی بەرێکەوتنی گۆران و یەکێتی بوو. لەخوێندنەوەی ناوەڕۆکی ئەو ڕاگەیاندراوە، دەردەکەوت، کەهەژمونی پارتی بەسەر دیگاو و بۆچوونی ناوەندی بڕیار دیارە.
بۆیر دروستبوونی ناوەندی بڕیار ئەجندای پارتی بوو، بۆ دروستکردنی گرفت و تەگەرە و دواخستنی جێ بەجێکردنی رێکەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان بوو. چونکە گۆران بەهیچ شێوەیەک کۆک و هەماهەنگ نەدەبوو لەگەڵ ئەو خاڵانەی ناوەندی بریار سەبارەت بەسەربەخۆیی و پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغداو… هتد. هەروەها گوشارێک بوو بۆسەر باڵی دەستڕۆیشتوو، کاتێک کەدەیووست عەبادی، ناچار بکات یا بەراگرتنی نەوت لەگێڵگەکانی کەرکوک، بۆ کۆمپانیای کاری پارتی، یانیش وەک پارتی رۆژانە ( 40) هەزار بەرمیل نەوتی خاو بداتە کۆمپانیای قەیوان.
3- لێرەوە دیسانەوە کۆسرەت، بەهاندان و پاڵپشتی کردنی بەرهەم، گەمەی شەفافیەتی دارایی و واریداتی نەوت و تاکرەویی بڕیاردان، لەدەرەوەی پرسکردن بەجێگرانی سکتێری یەکێتی و کێشەی ناردنی هێزیان بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور کردە بەهانە.
دوو بژاردەیان خستە بەردەم باڵی دەسترۆیشتوو:
* یا بەشداری پێکردیان لەسەروەت و سامان و دارایی یەکێتی.
* یانیش رێکەوتن لەگەڵ پارتی و وەرگرتنی پۆست و پلەو پایەو دەسکەوتی ئابووری.
4- هەروەها ئەم هەنگاوەی بەرهەم بۆ دیسانەوە بەکارهێنانی کارتی پارتی، بۆ بێ هیوا بوونی بەرهەم ساڵح دەگەرێتەوە لە گۆرانخوازان، بەتایبەتی دوای دورکەوتنەوەی زۆری نەوشێروان مستەفا، هەستی کرد کە گۆرانەکان دوو ئەوەندەی باڵی دەستڕۆیشتوو هەوەسیان بەچارەی بەرهەم نایەت و بەردەوام بەپیاوی پارتی تۆمەتباریان دەکرد. هەرئەمەش بوو وای لێکرد جارێکی تر هەوڵەکانی لەگەڵ کۆسرەت بەناوی ناوەندی بڕیار بخاتەوەگەڕ.
5- بەرهەم لە لێکدانەوەی خۆی کۆسرەتی وەک هێزێکی سەربازی بۆ پاراستنی خۆی و جوڵانەوەی ئازادی خۆی بەکاردێنێ٠ کەچی کۆسرەتیش بۆ گوشار خستنە سەر باڵی دەستڕۆیشتوو، تابکرێتەوە بەکەسی یەکەم، بەرهەمی بەکار دەهێنا. دڵنیاش بوو لەوەی کە باڵی دەستڕۆیشتوو بەتایبەتی هێرۆ، بۆ دورخستنەوەی سەرئێشەی بەرهەم، ئامادەبوون، مساوەمە لەگەڵ کۆسرەت بکەن، هەروەک چۆن تاڵەبانی توانی لەبەرامبەر نەوشێروان مساوەمە لەگەڵ کۆسرەت بکات.
6- هەموو ئامانجی کۆسرەت لەم کەین و بەردە، بەشداری پێکردنی کۆسرەت وەک کەسی یەکەمی یەکێتی، لەگشت کۆبوونەوەکان و بڕیارەکانی ناو یەکێتی و سەرکردایەتی کردنی گفتووگۆکانی یەکێتی بکات لەگەڵ پارتی. کاتێک کۆسرەت ئەمەی بۆ چووە سەر، خۆی بەهێمنی بەبێ دەنگی لەناوەندی بڕیار کشاندەوە و بەرهەمی خستە دەرەوەی ساحەکە. چونکە کۆسرەت چاک دەیزانی دوای دەست لەکارکێشانەوەکەی بەرهەم، بوونی بەئەندامێکی ئاسایی، ناتوانێ جارێکی تر وەک جێگری دووەم بەشداری هیچ کۆبونەوەیەک بکات، هەروەها ئەخلاقیەنیش نەیدەویست وا لێک بدرێتەوە، کە وازی لە پرنیسیپ و مەبەدەکانی هێناوە. بۆیە بەردەوام بەرهەم مەرجی پێش وەختەی هەبووە بۆ چۆنیەتی دەست بەکاردنەوەکەی.
A- بەرەسمی قبوڵ کردنەوەی وەک جێگیر.
B- دانانی بەروارێک (رۆژێک) بۆ بەستنی گۆنگرە.
C- هەڵبژاردنی نوێی مەڵبەندەکان پێش کۆنگرە.
D- ئاشکراکردنی توانای دارایی وئیش وکاری کۆمپانیاکانی حزب.
E- دەست هەڵگرتن لەقرۆخکردنی ڕاگەیاندەکانی یەکێتی.
F- کارکردن و ڕێگا گرتن لەبنەماڵەیی کردنی یەکێتی.
ئەم داواکاریانە پێش ئەوەی لێدان بێ لە باڵی هێرۆ، لێدان و زەعیفکردنی کۆسرەتیشە. چونکە دژی خواستی کۆسرەتە بۆ جێگاکردنەوەی منداڵەکانی لە سەرکردایەتی یەکێتی، هەروەها کۆنگرە بەستنیش دیسان لێدانە لە پێگەی عەسکەری کۆسرەت.
7- هەروەها خاڵێکی بەهێزی هاوبەش لەنێوان کۆسرەت و هێرۆ ، ئەوەبوو، بەم بەلادان و گوشارهێنان و بێ دەسەڵاتکردنەی بەرهەم. دەتوانرێ لەرێگای پۆست و ئیمتیازات لەلایەک، و بێزارکردنی ئەندامانی کوتلەکەی بەرهەم لە ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر وگەرمیان تێکبشکێنرێ. ئەوەبوو بەشێک لە لایەنگرانی بەرهەم لە هەوڵێرو گەرمیان و سلێمانی چوونە پاڵ باڵەکەی هێرۆ، وەهەندێکیان بتایبەتی هەولێریەکان، سلێمانیان جێ هێشت و بەرەسمی و نارەسمی خۆیان دایە پاڵ پارتی لەهەولێر.
8- هەروەها هەردوو ماڵباتی تاڵەبانی و کۆسرەت، وەماڵباتی بارزانیش، بەرهەم وەک کەسیکی دوور لە پاڵپشتی حێزان و عەشیرەت بە خەتەری دەزانن، لەبەرامبەر پڕۆسەی بە بنەماڵەکردنی حزب، چونکە بەرهەم کەسایەتیەکی سیاسیە، هەرگیز قبوڵ ناکات سیاسەت بەدەستی دوو بکا، و نەبێتە ژمارە یەک. بۆیە ئەم هەموو گەمەکردنانە لەگەڵ بەرهەم، بۆ دوو مەبەستە، یا تەسلیمی ئیرادەی بنەماڵە بێت، یان وەرس و بێتاقەت بێت و ووڵات جێ بهێڵێ.
9- لێرە پرسیارێک رووبەروومان دەبێتەوە، ئەگەر ئەمە چارەنووسی بەرهەم بێ، ئایا دواڕۆژی سیاسی بەرهەم چیە؟ ئایا هەر چاوەری یەکێتی دەکا یا ئەو (هەواڵانە ) راست دەردەچن کە ئامادەکاری دەکات بۆ لیستێکی سەربەخۆ لە هەڵبژادەکانی داهاتوو؟ یانیش سەرهەڵدەگرێ و لەسیاسەت دووردەکەوێتەوە؟
بەحوکمی دابەش بوونی کوردستان بۆ دوو ناووچەو دوو زۆنی ئیداری و سەربازی، هێچ کەسایەتیەک ناتوانێ لەدەرەوەی ئەو دوو زۆنە حزب یا لیست بەتەنیا دروست بکا. چونکە دروست بوونی هەر حزبێک، لەناو هەریەک لەو زۆنانە، واتە لێدانە لەپێگەی سیاسی و جەماوەری حزبی باڵادەستی خاوەن زۆن، یانیش کارکردنە بۆ ئەجندای حزبی خاوەن زۆن. بەڵام دەتوانێ لەزۆنی حزبی نەیاری زۆنەکەی ئەمبەر حزب دابمەزرێنێ، بەڵام لێرەش تووشی گرفتی کلکایەتی و خزمەتکردنی ئەجندای ئەو زۆنەی دەکەوێتە پاڵ. واتە ئەستەمە یەکێتی نیشتمانی جارێکی تر ئەو شانسەی دای بەنەوشێروان ، ئەو شانسە بداتەوە، بە دکتۆر بەرهەم ، تا حزبێک یا لیستێک لەدەرەوەی یەکێتی دروست بکات. هاتنە هەولێریش لەژێر هەیمەنەی پارتی بۆ بەرهەم ئینتیحاری سیاسیە. بەڵام ئەگەر یەکێتی گشت دەرگاکان بەرووی بەرهەم ساڵح دابخات، ئەوکاتە تاکە رێگا لەبەردەم بەرهەم جێکردنەوەی خۆی وەک کەسایەتی سەربەخۆ لەناو لیستی گۆرانە. رەنگە دوورەپەرێزی و بەشداری نەکردنی لەپرسی ریفراندۆم بۆ سەرنج ڕاکێشانی گۆران بێت.
هەروەها لەهەمان کاتیش ڕەنگە جۆرێک لە گوشار بێت بۆ سەر یەکێتی لەلایەک و پارتی لەلایەک، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئیهمالکردن و دورخستنەوەی. ئەوا دەتوانێ لە دەرگای گۆرانەوە سەرئێشەی گەورە بۆ پارتی و یەکێتی دروست بکا، بەتایبەتی لە ئاشکراکردنی مەلەفی گەندەڵیە گەورەکانی ئەو دووحزبە. بەمەش دەتوانێ ببێتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی رێژەی کورسیەکانی گۆران لەهەڵبژاردنی داهاتوو.
#لەدوابەش باسی پەوەندیەکانی پارتی و کۆسرەت ٠٠ دواڕۆژی کارێکتەری سیاسی کۆسرەت دەکەین.