شێرزاد شێخانى: بێده‌نگى يه‌كێتى، سه‌يره‌!

له‌دواى 31 ئاب ‌و كشانه‌وه‌ى يه‌كێتى بۆ سلێمانى، بارى يه‌كێتييه‌كانى هه‌ولێر كه‌وته‌ لێژييه‌وه‌. له‌و ساوه‌ پارتى سه‌ربارى رێكه‌وتنه‌ دوو قۆڵيه‌كانى به‌ رێكه‌وتنى ستراتيژيشه‌وه‌، رێگه‌ى نه‌دا‌ يه‌كێتى ده‌سه‌ڵات و نفووزى خۆى […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌دواى 31 ئاب ‌و كشانه‌وه‌ى يه‌كێتى بۆ سلێمانى، بارى يه‌كێتييه‌كانى هه‌ولێر كه‌وته‌ لێژييه‌وه‌. له‌و ساوه‌ پارتى سه‌ربارى رێكه‌وتنه‌ دوو قۆڵيه‌كانى به‌ رێكه‌وتنى ستراتيژيشه‌وه‌، رێگه‌ى نه‌دا‌ يه‌كێتى ده‌سه‌ڵات و نفووزى خۆى له‌هه‌ولێر بگێرێته‌وه‌و جۆرێك له‌هاوسه‌نگى دروست ببێ له‌پرۆسه‌ى ديموكراسى ‌هه‌رێمدا. ته‌نانه‌ت ئه‌و دوو ساڵه‌ى دكتۆر به‌رهه‌ميش بوو به‌سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، يه‌كێتى نه‌يتوانى پارسه‌نگى هێز بگه‌رێنێته‌وه‌ هه‌ولێر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتى هه‌موو كابينه‌كانى حكومه‌ت كه‌ به‌ڕێوه‌ى بردوون‌ خستۆيه‌تيه‌ خزمه‌تى خۆى و به‌ سوود وه‌رگر‌تنيش له‌داهاتى حكومه‌ت وه‌لائى خه‌ڵكه‌كه‌ى‌ كڕيوه‌، به‌ دامه‌زراندن و مقاوه‌لاتى حكومه‌تيش جه‌يشێك له‌لايه‌نگرانى بۆ خۆى دروست كردووه‌.
به‌هۆى دووركه‌وتنه‌وه‌ى يه‌كێتى له‌هه‌ولێرو دواتريش سازشى سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر به‌پارتى له‌سه‌رده‌مى مام جه‌لال و دواى ئه‌ويش پشتگييرى هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى بۆ سياساته‌كانى پارتى وايكرد يه‌كێتى زۆر زه‌عيف بێت به‌رامبه‌ر پارتى كه‌ ئه‌مڕۆ به‌هه‌ق وناهه‌ق خۆى كردوه‌ به‌ حيزبى قائيد.
ئه‌گه‌ر پێشتر يه‌كێتى به‌هۆى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ فايلدارو ترسنۆك وبه‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كانيه‌وه‌ ئيراده‌ى خۆى ته‌سليم به‌پارتى كردبوو، ئێستاو دواى كۆنگره‌ى نوێبوونه‌وه‌ سه‌ركردايه‌تيه‌كى گه‌‌نج و ئازاش هاتونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ هه‌ق نيه‌ يه‌كێتى وه‌كو جاران به‌رامبه‌ر به‌ ته‌جاوزه‌كانى پارتى ده‌سته‌وه‌ستان بوه‌ستێ ده‌رهه‌ق به‌ هه‌رێم و خه‌ڵكه‌كه‌ى، به‌تايبه‌تيش تاوانه‌كانى پارتى به‌رامبه‌ر كاديرو لايه‌نگرانى يه‌كێتى له‌هه‌ولێر. ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ركردايه‌تيه‌ تازه‌يه‌ى يه‌كێتى به‌هه‌مان شێوه‌و ئه‌داى سه‌ركردايه‌تى پێشووتر كار بكات، ماناى وايه‌ هه‌رێم به‌ كامڵى ته‌سليم به‌پارتى ئه‌كات وجۆرێك شه‌رعيه‌تيشى ئه‌داتێ له‌ بوونى به‌مه‌رجه‌عى باڵاى بێ ركابه‌ر له‌هه‌رێمدا به‌مه‌ش هيچ مانايه‌ك بۆ پرۆسه‌ى سياسى و ديموكراسيه‌ت وسياسه‌تى سه‌ربه‌خۆ له‌هه‌رێمدا نامێنێ.
پارتى دواى خه‌ساندنى زۆربه‌ى حزبه‌كانى كوردستان به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانيشه‌وه‌، ئێستا گه‌وره‌ترين ترسى له‌تاقمه‌ گه‌نجه‌كه‌ى سه‌ركردايه‌تى نوێى يه‌كێتى نيشتمانييه‌. ئه‌گه‌ر بتوانێ ئه‌م تاقمه‌ش وه‌كو ئه‌وانى پێشتر كۆنتڕۆڵ بكا، ئيدى هيچ مه‌ترسييه‌كى نامێنێ بۆ چه‌سپاندنى هه‌ژموونى تاكڕه‌وانه‌ى خۆى و بۆ چه‌ند ساڵێكيتريش كۆنتڕۆڵى سه‌رجه‌م بواره‌كانى ئيداره‌و سياسه‌تى كوردستان ئه‌كات ومنه‌تيشى به‌كه‌س نامێنێ.
سه‌ركردايه‌تى پێشووى يه‌كێتى سازشى زۆرى بۆ پارتى كرد، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر حيسابى مه‌باديئه‌كانى حزبه‌كه‌شى ‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێم به‌گشتى به‌ ئومێده‌وه‌ ته‌ماشاى يه‌كێتييان ئه‌كردو وه‌كو به‌ديلێكى ده‌سه‌ڵاتى پارتى حيسابيان بۆ ئه‌كرد، به‌ڵام سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى به‌تايبه‌تيش دواى نه‌خۆشكه‌وتن وكۆچى دوايى مام جه‌لاله‌وه‌ نه‌بوه‌ ئه‌و ركاربه‌ره‌ به‌هێزه‌ كه‌ بتوانێ به‌ر له‌سياسه‌ته‌كانى پارتى بگرێ، بۆيه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا له‌كوردستان روو ئه‌دات به‌تايبه‌تيش له‌هه‌ولێر پێويسته‌ ببێته‌ زه‌نگى وشياركه‌ره‌وه‌ بۆ داهاتووى يه‌كێتى. چونكه‌ ئێستا پارتى به‌به‌رنامه‌ كار بۆ ته‌سفييه‌كردنى كاديرو ئه‌ندامانى يه‌كێتى ئه‌كات له‌زۆنه‌كه‌ى خۆيدا به‌تايبه‌تيش له‌هه‌ولێر. ئه‌گه‌ر يه‌كێتى بيه‌‌وێ هێزو جه‌ماوه‌ره‌كه‌شى له‌هه‌ولێر بگه‌رێنێته‌وه‌ ئه‌بێ زۆر به‌تووندى به‌ر به‌م شاڵاوه‌ى ره‌شبگييرى وتۆقاندنه‌ى پارتى بگرێ به‌رامبه‌ر به‌كاديرانى خۆى و سنورێك بۆ ئه‌م تاوانانه‌‌ دابنێ، ئه‌گينا به‌ موجامه‌له‌و چاوپۆشين له‌م تاوانانه‌ ، ئيدى پارتى حيساب بۆ هيچ كه‌سو لايه‌نێك ناكات وبۆ لاوازكردنى نه‌ياره‌كانى خۆى هه‌موو وه‌سيله‌يه‌ك به‌كار ئه‌هێنێ.
سه‌ركردايه‌تى تازه‌ى يه‌كێتى ئه‌گه‌ر له‌ئێستاوه‌ خۆى نه‌كات به‌ خاوه‌نى يه‌كێتيه‌كانى هه‌ولێر، جارێكيتر ناتوانێ بيانگه‌ڕێنێته‌وه‌ ، چونكه‌ ئه‌و پێِشمه‌رگه‌يه‌ى يه‌كێتى كه‌ له‌ناو زيندانى ئاسايشى پارتى به‌ سيناريۆيه‌كى زۆر كۆميديانه‌ خه‌ڵتانى خوێن كرا، ئيختبارى هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌ى يه‌كێتيه‌‌ تازه‌كه‌يه‌ . ئه‌گه‌ر هه‌ڵويستى يه‌كێتى تووند بوو، پارتيش ناتوانێ ده‌ست بۆ قوڕگى كاديرانى يه‌كێتى ببات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌ى پێشووى يه‌كێتى بێده‌نگيان هه‌ڵبژاردو بێ منه‌ت بوون له‌كاديرو لايه‌نگرانيان له‌هه‌ولێر، بێگومان پيلانه‌كانى پارتى بۆ ته‌سفييه‌ى يه‌كێتييه‌كانى هه‌ولێر به‌رده‌وام ئه‌بێ و، ئيتر نه‌ك ئه‌ندامانى يه‌كێتى، به‌ڵكو خه‌ڵكه‌ ئاساييه‌كه‌ش ناوێرن جارێكيتر له‌يه‌كێتى نزيك ببنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ى يه‌كێتى له‌هه‌ولێر كرا، ره‌نگه‌ چاره‌نوسى سه‌رجه‌م كاديره‌ ئازاو چاونه‌ترسه‌كانى يه‌كێتى بێت، بێگومان نۆره‌ى ئێمه‌ى نوسه‌رو چالاكوان ورۆشنبيرانى خاوه‌ن ويژدانيش دێ، چونكه‌ پارتى زۆر به‌جيددى كار له‌سه‌ر به‌ديكتاتۆركردنى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم ئه‌كات، ‌ئه‌وسا ئێمه‌ش كورد وته‌نى ( له‌تڕى سه‌ى ) ئه‌ڕۆين و خوێنه‌كه‌شمان ئه‌كه‌ن به‌قوربانى پرۆژه‌يه‌كى مقاوه‌لات يان دوو تانكه‌ر نه‌وتى قاچاخ . مشكۆى هه‌ولێرى ده‌ميكه‌ وتوويه‌تى: له‌پاش مه‌رگم چ فايده‌يه‌ بێيه‌ سه‌رقه‌برم له‌بۆ شيوه‌ن. ئاى ئاى!..

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شێرزاد شێخانی

ئەرشیڤی بەڕێز: شێرزاد شێخانی