بورهان شێخ ڕەئوف: لێکەوتەکانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوژرانى قاسم سلێمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى شۆڕشى ئیسلامى ئێران و ئەبو مهدى موهەندیس جێگرى فەرماندەى حەشدى شەعبى عێراق لە 3/1/2020 لە پەلامارێکى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى ئەمریکى لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا بووە هۆى ئاڵۆزى و گرژ بوونى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق تا ڕادەى هەڵچوون و کوڵان.
کارگەیشتە ئەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە دانیشتنێکى کتوپڕو نا ئاساییدا لە 5/1/2020 بە ئامادەبوونى عادیل عەبدولمهدى سەرۆک وەزیرانى دەست لەکارکێشاوەو کار بەڕێ کەر و بەبێ ئامادەبوونى دوو پێکهاتەى گرنگ و سەرەکى عێراق ئەوانیش سوونەو کورد و جگە لەوەى هەندێک لایەنى شیعەش لەوێ نەبوون، بڕیارى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا بدات، داوا لە حکومەت بکات کە کۆتایى بە هەموو هەماهەنگى و هاوکارییەک لە گەڵ هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بە سەرکردایەتى ئەمریکا لە عێراق بهێنێت وداوایان لێ بکات بە زووترین کات خاکى عێراق بە جێ بهێڵن.
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاش لەلاى خۆیەوە نیگەرانى و بێ ئومێدى خۆى لەم هەنگاوەى پەرلەمانى عێراق ڕاگەیاندو خوازیار دووبار پیاچوونەوەى تێداکرد، هەروەها ڕایانگەیاند کە ئەمریکا ناخوازێت هێزەکانى لە عێراق بکێشێتەوە، بەڵکو لە ئاوا حاڵەتێکدا بیر لە سزادانى عێراق دەکەنەوە بە سزاى ئابوورى زۆر قورس وەکو ئەوەى ئێران کە ئابورى عێراق هەڵدەتەکێنێت.

لێکەوتەکانى دەرکردنى هێزە کانى ئەمریکا لە عێراق
هەرچەندە هەر هێزى ئەمریکا لە عێراقدا نیە، بەڵکو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى هێزى زۆر وڵاتى ترى تێدایە و هێزى تورکیاش لە عێراقدا هەیە و ئێرانیەکانیش لە ڕێگەى هاوپەیمانەکانیان لە حەشدى شەعبى کاریگەرییان لە هەموو لایەنەکانى تر زیاترە، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە هێشتا سوپاى عێراق و سیستمى بەرگرى وڵات لە ئاستێکدا نیە کە بەرگرى لە ئاسایش و ئارامى و سەقامگیرى و سەروەرى زەوى و ئاسمانى عێراق بکات و، جموجووڵى تیرۆریستەکانى داعش تا ئێستاش لە زۆر شوێنى عێراق بە دى دەکرێت، لەوەش خۆشتر نیە وڵات سەربەخۆ بێت و دەستى دەرکى تێدا نەبێت و خۆى خاوەنى بڕیارى سەربەخۆى خۆى بێت و مل کەچى هیچ وڵاتێک نەبیت.
1- یەکەم کاردانەوەو لێکەوتەیەک کەلە ئەنجامى سزادانى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دێتە ئاراوە ئەوەیە عێراق دەچێتە ژێر عاباى ئێرانەوەو و بێ بەش دەبێت لە هەموو هاوکارى و کۆمەکەکانى ڕۆژئاواو ئەمریکا بە تایبەتى.
2- بێ بەش کردنى عێراق لە تاکە سەرچاوەى داهاتى کەنەوتە.
3- کشانەوەى هەموو کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکى و جیهانیەکان کە ئەمەش کاریگەرى کارەستبار بە دواى خۆیدا بۆ عێراق دەهێنێت.
4- کۆتایى هێنان بەو چاوپۆشى و لێبووردنە کە عێراق گازو غاز لە ئێران بکڕێت بۆ وێستگەکانى کارەبا کە لەوەرزى هاوینى داهاتوودا دۆخى عێراق زیاتر شپرزە دەکات.
5- لەلایەکى ترەوەجگە لە پێگەى جیۆسیاسى گرنگى عێراق ئەمڕۆ عێراق وڵاتێکى گەورەى بەرهەمێنى نەوتە لە سەرئاستى ئۆپێک و جیهان، ئەگەر بەم شێوە بەردەوام بێت و هێزەکانى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى بمێننەوە ئەوە عێراق دەتوانێت کەڵک لەو سامانە سروشتیەى خۆى وەربگیرێت و خۆى بنیات بنێتەوە و ببێتە وڵاتێکى گەشەسەندوو.
جگە لە مانەش مانەوەى هێزى هاوپەیمانەکان هاوکارو یاریدەدەر دەبێت بۆ کۆتاییى هێنان بە پاشماوەکانى داعش و تاقم و گروهە تیرۆریستەکانى تر، بە پێچەوانەوەش ئەگەر ئەمریکاو هاوپەیمانان بکشێنەوە لە عێراق ئەوا عێراق دەبێت بە گۆڕەپانى ململانێ ىزیاترى تاقم و گروهەتوندئاژۆکان و ئێران زیاتر هەژموونى خۆى بەسەر ناوچەکەدا دەسەپێنێت و سوود لە سامانو داهاتى عێراق وەردەگرێت.
لە کۆتاییدا ئەگەر ئەمریکیەکان عێراق بە جێ بهێڵن بەهۆى کوژارانى قاسم سلێمانیەوە ئەوا ئەو ئامانجەى سەردار سلێمانى بەدى دێت کە ئەو لە ژیانیدا بۆى جێ بەجێ نەکرا ئەمڕۆ بەمەرگى دێتەدى کە ئەمە قسەى ناوەندە ئەمریکیەکانە، لە هەمان کاتیشدا شکستێکى سیاسى و سەربازى گەورەیە بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەگشتى نەک هەر لە عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت