ستارە عارف: یاسای چاکسازی یان پەکخستنی چاکسازی لەکۆمەڵگەدا؟.

یاسای چاکسازی لەخانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانیتر، کە لەڕێکەوتی 16- 01- 2020 لەپەرلەمانی کوردستان دوای مشتومڕێکی زۆر و وێڕای فشاری کۆمەڵێک کەمپین بۆ دادپەروەری و خۆپیشاندانی […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یاسای چاکسازی لەخانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانیتر، کە لەڕێکەوتی 16- 01- 2020 لەپەرلەمانی کوردستان دوای مشتومڕێکی زۆر و وێڕای فشاری کۆمەڵێک کەمپین بۆ دادپەروەری و خۆپیشاندانی ژمارەیەک لەزیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەت و چەند فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان و چالاکوانان پەسندکرا و تێپەڕێنرا، هێشتا لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە واژۆ نەکراوە و لەڕۆژنامەی وەقایعدا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا ناڕەزایی لەسەرە و بەشێک چاوەڕێن سەرۆکی هەرێم واژۆی نەکات و بۆ پەرلەمانی بگەڕێنێتەوە، کە ئەگەرێکی زۆر لاوازە چونکە پڕۆژە یاساکە لەبنەڕەتدا حکومەت و ئەو دەستەڵاتە بە ناوی چاکسازیەوە و بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی پێشنیاریان کردبو.

ئەوەی لەو یاسایە چاوەڕێمان دەکرد، بە تەواوی ڕەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتار و وەزیر و دادوەر و کاربەدەستانی حزبی و حکومی و سەربازی بە گشتی بو، چونکە بە تەنیا گرفتەکە موچە و خانەنشینی پەرلەمانتار نیە و بەرپرسانی حزبی و حکومی و دادیش موچە و خانەنشینیان لەپلە باڵادایە و بێدەنگ وەریدەگرن و جگە لەوە ژمارە زۆرەی بندیواری ژن و پیاو بە ناوی خانەنشینی سەربازیەوە، کە نەتوانرا بە یاسا موچە و خانەنشینی ئەم پلە باڵایانە ڕەتبکرێتەوە و هاوتای موچەی چین و توێژەکانیتر بکرێن، کەواتە یاسای چاکسازی گرنگی لەکوێدایە؟، کاتێک نەتوانرێت دەست بۆ قاچاخچێتی و کردەی چەتەگەرێتی و تاڵانی بەرپرسان لەبواری نەوت و وزە و سامانی سروشتی ئەم وڵاتە ببرێت، ئیتر یاسای بە ناو چاکسازی گرنگیەکی ئەوتۆی نیە و تەنیا توێژە کەمدەرامەکانی کۆمەڵگە دەخرێنەوە ژێر فشارێکی نوێوە.

ئەو یاسایە کاتێک گرنگ بو پەرلەمان بیتوانیایە موچە و خانەنشینی پلەباڵاکان بە گشتی نەهێڵێت و هەموار بکرێتەوە، نەک فۆرم دابەش بکەن و ڕەتکردنەوەی خانەنشینی بکرێتە ئارەزومەندانە و هەر پەرلەمانتارێک سەرپشک بکرێت، وەریدەگرێت یان ڕەتیدەکاتەوە سەربەست بێت، ئەم ڕەفتاری سەرپشکردنە یەکجارە بێکەڵکە و هێندەی تر دەزگای پەرلەمان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ململانێ لەنێوان پەرلەمانتاران و حزبەکانیاندا دروست دەکات، بە جۆرێک ئەوانەی فۆرمەکە پڕ دەکەنەوە خۆیان لێ ببێت بە پاڵەوان و ئەوانەیشی خانەنشینی وەردەگرن، پاساوی سەیر و سەمەرە بۆ ڕەتنەکردنەوەی خانەنشینیان بهێننەوە و تاڵانی حزبەکانیشیان بە پێشەنگی چاکسازی و دادپەروەری لەبەردەم خەڵکدا لەقەڵەم بدەن.
کەواتە پەرلەمان چی کرد و میللەت بڕوای بە کام لایان بمێنێت و بە کێ بڵێ ڕاستدەکەیت؟.

ئەوەی گرنگ بو لەیاساکەدا بچەسپێت و بکرێتە بڕیار ڕەتکردنەوەی کۆی گشتی موچەی خانەنشینی پلە باڵاکان بو، تا بوار بۆ کێبڕکێیەکی وەها نەشیاو نەکەنەوە و لەم دەروازەیەوە دادپەروەری و هاوتایی و کۆتاییهێنان بە چینایەتی و ڕیزبەندی نێوان میللەت بە گشتی و پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسانی حزبی و حکومی بچەسپێنرایە، نەک ململانێکە قوڵتر بکرێتەوە، ئەوانەی فۆرمەکە پڕ دەکەنەوە و موزایەدەی ڕاستگۆیی لەبەردەم هاوڵاتیاندا دەکەن، ئایا بە ڕاستی ڕاستگۆن و دەتوانن بە کردار داکۆکی لەماف و کەرامەتی میللەت بکەن و خیانەتیان لێ ناکەن؟، یان هەر لەئێستاوە بانگەشە بۆ خۆهەڵبژاردنەوەیان بۆ پەرلەمان و پۆستیتر دەکەن؟.

گرنگی یاساکە لەوەدا بو توانای چەسپاندنی چمکێکی دادپەروەری لەکۆمەڵگەدا بە ڕەتکردنەوەی خانەنشینی پلە باڵاکان هەبوایە و هەمومان چاوەڕێی چەسپاندنی ئەو پڕەنسیپە بوین و خەباتمان بۆ کردوە و دەکەین، داهێنانی سەرپشکردن و دانانی فۆرمی ڕەتکردنەوە یان وەرگرتنی موچەی خانەنشینی نیشاندانی نیەتخراپی ئەم دەستەڵاتدارانەیە، کە بە هیچ جۆرێک توانای چاکسازی و دادپەروەری و هاوتاییان نیە و ناتوانن حوکمی خراپ و ستەمکاری بنەماڵە و ئەو تاڵانی و قۆرخکاری و دنیایەک تاوان و تیرۆرە کۆتایی پێ بهێنن و مەبەستیشیان نیە و یاساکەیش چاکسازی نیە و چەواشەکردنی ڕای گشتی خەڵکی کوردە و ئێمەیش چەند ساڵە ئەم ڕاستیە دوبارە دەکەینەوە…

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ستارە عارف

ئەرشیڤی بەڕێز: ستارە عارف