هیدایەتی حاجی حەسەن: ئەنفالی تەندروستی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیرمە ئەوکاتەی ڕژێمی پێشووی عێراق کە دەستی بە شاڵاوی ئەنفال کرد لە ناوچە کورد نشینەکان بەهانەی بۆ ئەم کارەی ئەوەبوو کە کوردەکان و گوند نشینەکان داوای ماف و ئازادیان دەکرد و یارمەتی پێشمەرگەیان دەدا تا شۆرشی کورد سەرکەوتوو بێت و کورد کیانێکی سەربەخۆ و ئازادی هەبێت، بەڵام ئەوەی جێی داخە دوای ئەو هەزاران شەهید و ئەنفالە جارێکی تر ئەنفال بەدەستی کورد خەریکە دەست پێ دەکاتەوە بەڵام لە ژێر ناوێکی ترداو بەشێوازێکی تر ئەویش لە ناو ناوەندی تەندروستی سلێمانیدا.
ساڵی ( 2018 ) ئەوکاتەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زۆربەی دامەزراوەحکومیەکان لە سلێمانیدا بایکۆتی خۆیان ڕاگەیاند لە وانە وتنەوە و دەوام کردن کارمەندانی تەندروستی هاوهەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند و ئیدی توانای ئەوەیان نەما کە بەگیرفانی بەتاڵ و سکی برسیەوە خزمەتی نەخۆشەکانیان بکەن، بەڵام لە پاداشتدا بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هەستا بە سزادانی ئەو کارمەندە بوێر و چالاکانەی کەداوای ماف و مووچە خوراوەکانیان دەکرد ( سەرەڕای چەند جۆرێکی تر لە هەڕەشە و ناردنی نامەی هەڕەشە ئاسا بۆ مۆبایلەکانیان ) بە شێوازێک ئەوە تەنها جارێک لە راگەیاندن و هەتا لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکانیش قسەیەکی هەق و راستی کردبێت لە بەرامبەردا گواستنەوەی ڕاژەیان ( نقل ) بۆ دەکرد و سزایان دەدان و لە پۆستەکانیان دوور دەخرانەوە و تۆمەتیان بۆ دروست دەکردن و تا ئەوە ڕادەیەی کە پیاوەکانی خۆیان دەنارد و شەڕیان پێ دەفرۆشتن و لە کارمەندیشیان دەدا بەتایبەت ئەوانەی مەردانە پشتی هاوڕکانیان دەگرت و داوای مافە خورا و دزراوەکانیان دەکرد.
پاشان جۆرێکی تر لە ئەنفالیان دەست پێ کرد و بیریان لە داخستن و کەم کردنەوەی نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستیەکانی سلێمانی کردەوە ( چونکە نەخۆشخانەو مەڵبەندە تەندروستیەکان بۆ خزمەتی هەژارانە و خەڵکی هەژاری سلێمانی زۆرترین سوودی لێ دەبینێت ) وەک ئەوەی بیانەوێت سزای سلێمانی و خەڵکی ئازا و بوێری شاری سلێمانی بدەن چونکە زۆربەی بەرپرسانی حیزبی و حکومی نە خۆیان نە منداڵیان ئامادەییان نیە کە بۆ سادەترین چارەسەر ڕوو لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستیەکان بکەن چونکە ئەمە بەرنامەڕێژیە و سلێمانی بە خاک و نیشتیمانی خۆیان نازانن وە بەرپرسانی حیزبی و حکومی ( بەتایبەت تەندروستی ) دەزانن لە ئێستادا نەخۆشخانەو مەڵبەندە تەندروستیەکان کەمترین رێژەی چارەسەر ( دەرمان ) ی تێدایە و بۆ پەیداکردنی ئازار شکێنێک نەخۆش رەوانەی دەرمانخانە ئەهلی و نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن ( کە خۆیان پشکیان هەیە تیایدا ) وەلە هەندێک لە نەخۆشخانە حکومیەکاندا لە کاتی گرتنی وێنەی تیشکی بۆ نەخۆشکان لەبەر نەبوونی ( فیلم )لەکاتی گرتنی تشکەکەدا یان وێنەکانیان بۆ دەخرێتە سەر سیدی( لەکاتی گرتنی وێنەی تیشکی سیتی یاخود موگناتیسی کە بە تەنووری ناسراون ) یاخود بە مۆبایلی نەخۆشەکە یان هاوەڵی نەخۆشەکە وێنەی تیشکەکە ( أشعة ) دەگیرێت و پزیشک لەسەر مۆبایلەکە سەیری وێنە تیشکیەکەی نەخۆشەکەدەکات ( تیشکی ئاسایی ناسراو بە X-ray ) .
لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی دیاردەیەک پەیدا بووە کە ئەمبوڵانسی نەخۆشخانە ئەهلیەکان بانگ دەکرێن تا نەخۆش لە ناو نەخۆشخانە حکومیەکانەوە بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان بە بیانووی نەبوونی چارەسەری گونجاو لە نەخۆشخانە حکومیەکاندا کە ئەمە خۆی کارەساتێکە بەرۆکی نەخۆشخانە حکومی و نەخۆش و شاری سلێمانی گرتووە و هیچ بەرپرسێکی حیزبی ( کە زۆرینەیان خەڵکی شارەکە نین ) و حکومی ئامادەییان تێدا نیە چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دۆخە خراپەی نەخۆشخانەکان دۆزنەوە.
وە لە ئێستاشدا بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە هەوڵی داخستنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانیدایە ئەو نەخۆشخانەیە ساڵانێکی زۆر تەنهانەخۆشخانە بوو لە کاتە هەستیارو رووداوەکاندا تیماری نەخۆشەکانی دەکرد ئەتوانین بڵیین باشترین چارەسەری پێشکەش بە نەخۆشکانی دەکرد لەسەر ئاستی عێراق چونکە کۆمەڵێک کارمەند و پزیشکی شارەزا وخاوەن ئەزموون کاریان تێدا دەکرد و زۆر بەدڵسۆزانە لە هەوڵی چارەسەری نەخۆشکاندا بوون و ئەرکەکانیان شایستەی رێز لێنان بوو وە تا ئێستاش باشترین کارمەند و خاوەن ئەزموون وستافی تەندروستی کاری تێدا دەکەن بەڵام دەسڵاتدارانی تەندروستی سلێمانی هیچ باکیان نیە وەهیچ وەفایەکیان نیە بەرامبەر ئەم شارەو ئەو کارمەندانەی ساڵانێکە تەمەنیان لە پێناو خزمەتی نەخۆش و شارەکەیان بەرێ کردووە و توشی زۆر رووداوی ناخۆش هاتوون لە کاتی چارەسەر کردنی نەخۆش و بریندارەکانی نەخۆشخانەکە وشارەکەیەدا ( شاری سلێمانی ).
ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارو قسە لەسەر کردنەلەلایەن خەمخۆرانی شارەکەو کارمەندان ئەوەیە ک پاش بریاری داخستنی یەکجاریی نەخۆشخانەی فریاکەوتی سلێمانی ( بێ بوونی هیچ پاساوێک کە لەخزمەت نەخۆش و شارەکەدا بێت ) بریارێکی تری دەسەڵاتدارانی تەندروستی سلێمان زۆربەی کارمەندانی نەخۆشخانەکەی تووشی جۆرێک لە دڵە ڕاوکێ کردووە کە کارمەندەکان دابەش دەکەن بەسەر چەند نەخۆشخانەیەکی تردا و هیچ پرس و ڕایەک بە خودی کارمەرندەکان ناکەن لەسەر ئەساسی مەزاج و ویستی دەسەڵاتدارانی تەندروستی دابەشیان دەکەن وەک ئەوەی کارمەندان کویلە بن و دەسەڵاتدارانی تەندروستی خاوەنیان بن و هیچ حسابێک بۆ ساڵانی خزمەت و ماندوو بوونی چەند ساڵەیان ناکەن کە ئەمەش لای زۆرینەی کارمەندان بە شاڵاوێکی تری ئەنفال ناوی دەبەن پاش سزا دان و ئەنفالی دوای بایکۆت کردنەکەی دوو ساڵ لەمەوپێش.

کارمەندێکی ئەنفال کراو

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت