دڵشاد مەجید: لەپەراوێزی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی/ بەشی حەوتەم و کۆتایی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کۆسرەت ڕەسوڵ سەرکردەیەکی سەربازی زمان و جەستە ئفلیجە یا سیاسیەکی تۆڵەلێسەنەرەوەی لێهاتووە؟

هێزو تواناو مانەوەی کۆسرەت بەندە بە پۆستەکەی بارزانی
لەم دوا بەشەدا هەوڵدەدەم بەچری پەیوەندیەکانی پارتی و کۆسرەت بخەینە روو
* پارتی دوای ئەوەی پێکەوت کەبواری کارکردن بۆ دەستهێنانی سەرمایە و بازاری کارکردن بۆ کۆسرەت لەسلێمانی بەرتەسک بۆتەوە، دەرگای بازاری کارکردنی هەولێری بۆ کۆسرەت خستە سەرپشت. پارتی زۆر زیرەکانە هەوڵیدا، لەرێگای دابینکردنی دەسکەوت و بەرژەوەندی مادی بۆکۆسرەت.
* دەتوانرێ کۆسرەت لەململانێی یەکێتی و پارتی بێ لایەن بکاو، بە مانایەکی تر هەولێر لەناو هاوکێشەی ململانێی یەکتی و پارتی بێنێتە دەرێ. بێ دەنگکردن و رازیکردنی کۆسرەت، دەبێتە فاکتەری ئارامی و ئیستقرار لەهەولێر. چونکە یەکێتی و مام جەلال هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆیان، وەک کۆسرەت بەسەر هەولێر نەبووە.
* هەروەها لەلایەکی ئەو بەرژەوەندیانەی کۆسرەت لەهەولێر، هۆکارێکی سەرەکیە، وە زەمانەتێکە بۆ بارزانی، کە کۆسرەت وەک جێگری سەرۆکی هەرێم، هیچ گیروگرفت بۆ یاسایی و نایاسایی ئەو پۆستە دروست بکات. چونکە بەردەوام بوونی کۆسرەت لەپۆستەو دەست لەکارنەکێشانەوەی، هۆکاری سەرەکی بەردەوامی بارزانیە لەو پۆستە.
* هەروەها ئەو بەرژەوەندیانەی کۆسرەت و مانەوەی پێگەکەی لەناو یەکێتی، بەندە بەو پۆستەی وەک جێگری سەرۆکی هەرێم. کە دواتر باسی دەکەین چۆن کۆسرەت سوودی لەو پۆستە وەرگرتووە، هەروەهاش بارزانیش سوودی لەبێ دەنگی کۆسرەت وەرگرتووە.

بابزانین بەرژەوەندیە بازرگانی و سیاسیەکانی کۆسرەت چیە لەگەڵ پارتی.
1- بواری بازرگانی دەرمان، بۆ ئەمەبەستە هەر لەیەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارە لە 2005 وە تا ئەمرۆ پۆستی وەزارەتی تەندروستی لەلای تەکەتولەکەی کۆسرەتە، بۆ ئەم مەبەستە کۆرەکەی کۆسرەت، گەنجێکی تازە دەرچووی کولێژی دەرمانسازی کردە بەرێوەری گشتی دەرمان لەوەزارەت ( دکتۆر دارا ڕەشید، کەئێستا وەزیری پلاندانانە ) هەرچی تەندەراتی گەورەی دەرمانی وەزارەتە، بە کۆمپانیاکانی کۆسرەت دەدرێ. بەڵکو لەدەورانێک وەزیری تەندروستی عیراقیش لە 2010 تا 2014، سەر بە تەکەتولەکەی کۆسرەت بوو.
2- پارتی بەشێوەیەکی نا سروشتی ( نا تەبیعی ) دەرگای بواری تەندروستی هەولێری بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ خستۆتە سەرپشت. بازرگانی دەرمانی کورەکانی کۆسرەت لەڕێگای گروپی کۆمپانیاکانی (هۆز ) بەرێوە دەچێ. لەلایەن کەسێک بەناوی (عەلی قەمبور) سەرپەرشتی دەکرێ. ئەم کۆمپانیایە توانویەتی کۆمەڵێک وەکالەتی کۆمپانیا جیهانیەکانی دەرمان وەربگرێ.
لە رێگای کۆمەڵێک دەرمانخانەو گۆگای دەرمان بەناوەکانی هۆزو رۆژ و سایوو… هتد، ساغی بکاتەوەو قروغی بازرار بکات. هەروەها خاوەنی نزیکەی 30 دەرمانخانەی (بای هاندە) و خاوەنی زنجیرەیەک کۆمەڵگای و نۆرینگی تەندروستیە (مجمع طبی) بەناوی (مێدێکەر). هەروەها خاوەنی گەورەترین نەخۆشخانەیە لە هەولێر، بەناوی نەخۆشخانەی (پار).
جگە لەوە لەڕێگای خستنە بەردەمی پارەی زۆر، توانیویەتی هەرچی دکتۆری باشی کوردستانە، لەو نۆریگانەو نەخۆشخانەکەی (نەخۆشخانەی پار) کۆیانبکاتەوە. خەڵکی بواری تەندروستی، دەڵێن: ئەگەر حاڵ وا بەردەوام بێت، دوای چەند ساڵێکی تر کۆسرەت مۆنۆپۆڵی بواری تەندروستی و دەرمان دەکات لەکوردستان. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر بارزانی لەپۆستەکەی نەما، ئایا کورەکانی کۆسرەت دەتوانن بەم شێوەیە بەردەوام برەو بەو بازرگانیە بدەن.
3- لە کاتی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی هەولێر، پارتی لە گەراندنەوەی ماڵ و زەوی لایەنگیرانی یەکێتی، و ماڵ و زەوی بارەگاکانی کۆسرەت، بەدوو ئاراستە کاری کرد: ئەویش بەمەبەستی دروستکردنی لێکترازان و نەمانی متمانە لەنێوان خەڵکی یەکێتی و کۆسرەت. کۆسرەت زۆر بەئاسانی خانووەکانی خۆی و خانووی ئەمین عامەکان و زەوی بارەگای مەکتەبی سیاسی وەرگرتەوە. ئەوانەی لایەنگیرانی یەکێتیش، لەناو لیژنەو لیژنە کاری بەشێکی زۆر، نەخانوو نە زەوی نە قەرەبوویان وەرگرتەوە. هەر بۆ زانیاری پارتی، لەدەست بەسەرداگرتنی ماڵی مام جەلال، نە ماڵەکەی دایەوە، نەقەرەبووی ماجەلالیشی کردەوە. بەڵکو ووتیان لەبەر ئەوەی ئەو ماڵەکاتی خۆی بەناوی عزەت دووریە، ئێمە لەومان کرێوەتەوە. وە ئەو بۆ پارتی تەنازولی کردووە.
4- نێچیرڤان بارزانی یارمەتی دارایی لەدابینکردنی پێداویستیەکانی نەخۆشخانەکە بۆ نەخۆشخانە تازەکەی کۆسرەت بەناوی (پار )کرد. هەروەها نێچیرڤان بارزانی کورەکانی کۆسرەتی لەچەندین پرۆژەی شاری هەولێر کردە شەریک.
5- لەم نزیکانە، لەسەرووبەندی کۆبوونەوەکەی دەستنیشانکردنی رۆژی ریفراندۆم، دەرگای پرۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لەشاری دهۆک بە کۆمپانیاکانە مقاولاتەکانی کوری کۆسرەت بەخشرا، کەچی تائێستا دەرگای وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانی نێچیرفان بارزانی قەدەغەیە لەدهۆک.
6- بە بەهانەی قەیرانی دارایی، یەکێتی بودجەی دوو لیوایەکەی ( 7- 3) ی کۆسرەتی بڕی، پارتیش بۆ رازیکردنی کۆسرەت هەردوو لیواکەی خستە سەر بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە.
7- کۆسرەت دوای دەست بەکاربوونی وەک جێگری سەرۆکی هەرێم، ستافێکی زەبەلاخی بەناوی مەکتەبی جێگیر بۆ دامەزرا. لەپاڵ ئەوەش نزیکەی 20 کەس لەتەکتولەکەی خۆی بەناوی ڕاوێژکار بۆ سەرۆک و جێگیر دامەزاند، یەک لەوانە وەک پاداشتکردنی، وەزیری تەندروستی پێشوو( دکتۆر زریان) ـە.
8- هەروەها لەبواری نەوت، کۆسرەت خاوەنی کۆمپانیای ئەمنیی( ئۆن گاردە) بۆ پاراستنی کۆمپانیا بیانیەکانی گێلگە نەوتیەکانی تەق تەقو شیواشۆک. بەهەمان شێوە خاوەنی کۆمپانیای (ساکارە) بۆ کاری لۆجستی و حزمەتگوزاری لە هەمان ئەو کێلگە نەوتیانە. جگە لەوە هەبوونی پشک لەکۆمپانیانی گواستنەوەی نەوتی سەر بە (قەیوان). هەردوو جێگیری وەزیری نەوتی عیراق و سامانە سروشتیەکان، لەکوتلەی کۆسرەتن. معتصم ئەکرەم لەبەغدا و طە زەنگەنەش لەهەولێر.
9- بەپێی هەندێ سەرچاوەی خەڵک خاوەن کاری هەولێر، دەڵێن ئاستی سەرمایەی دارایی و بازرگانی و مولک وماڵی کۆسرەت لەهەولێر خۆی لەسەرووی (5) ملیار دۆلار دەدات. ئەم ژمارەیە دەنگۆیە و ، تائێستا بەبەڵگە پشت راست نەکراوەتەوە.
لێرەوە دەتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بەرژەوەندیەکانی هەردوولا، بنەماڵەی بارزانی و کۆسرەت کۆکردۆتەوە، بەڵام پارسەنگی قازانج و دەسکەوتی زیاتر بە ئەجندا و بەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانیە. بەزەرەر و بێهێزکردن و بێ توانانکردن و بێدەسەلات کردنی یەکێتی دەکشێتەوە. چونکە ئەو ململانیەیی نێوان کۆسرەت و بنەماڵەی تاڵەبانی، لەهەمانکاتدا بووتە مایەی پارچە پارچە بوونی یەکێتی، هەروەها دوورکەوتنەوەی لەبڕیاری سیاسی هەرێم و خێراکردنی زیاتری پرۆسەی بەبنەماڵەکردنی یەکێتی. لەم هەموو کەین و بەینە، هەستێک و بۆچوونێک سەرهەڵدەدا، بۆچی هەموو جاری کۆسرەت بە رێزو بە دەسەڵات دەگەرێتەوە ناو یەکێتی، کەچی نەیارەکانی تر دەخرێنە دەرەوەی یەکێتی؟ هەروەها لەپەراوێزی خستنەڕووی کارێکتەری کۆسرەت لەم (7) بەشەدا، دەبێ بزانین، دواڕۆژی سیاسی و بنەماڵەکەی بەکوێ دەگا، کە لەم چەند خاڵە کورتی دەکەینەوە:
1- رەنگە هۆکاری مانەوەی کۆسرەت لەناو یەکێتی و دەرپەراندی نەیارەکنی تر لەناو یەکێتی، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کۆسرەت پێگەیەکی سیاسی و ڕەسمی لەم هەرێمە هەیە،کەگرێدراوە بە پۆستەکەی سەرۆکی هەرێم، تا بارزانی لەو پۆستە بێ و هیچ کێشەیەک بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دروست نەکا.
کۆسرەت مەکانەت و پێگەی سیاسی پاریزراو دەبێت، وەک کەسی دووەمی هەرێم، واتە یەکێتی ناتوانێ پێگەی سیاسی کۆسرەت لەق بکا٠ بۆ نموونە: لەماوەی جموجۆڵی ناوەندی بڕیار، یەکێتی بەبێ ئامادەبوونی کۆسرەت کۆبوونەوەی لەگەڵ گۆران سازدەدا، پارتی کۆسرەتی وەک جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتی، بۆ گفتوگۆکانی بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی بەغداو گفتوگۆ لەگەڵ عەبادی، سواری تەیارەی کردو بردیە بەغداو بانگی دەکردو مامەڵەی لەگەڵ دەکرد.
2- لێرە بۆچوونێکی تر گەڵاڵە دەبێ، ئایا هیچ رێکەوتنێکی نهێنی، لەلایەک لەنێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی. لەلایەک لەنێوان کۆسرەت و بنەماڵەی تاڵەبانی هەیە بۆ دەرپەراند و دوور خستنەوەی، هەموو ئەو کەسایەتیە بەهێزانەی ناو یەکێتی، کە مەترسین لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانی؟ ئایا دەوری دوورخستنەوەی ئەو گەسانە بە کۆسرەت سپێدراوە، بۆ ئەوەی لەکۆتایدا هەردوو بنەماڵەی کۆسرەت و تاڵەبانی دەست بەسەر یەکێتی دابگرن؟ دواتر پێکەوە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دەست بەسەر تەواوی توانا دارییەکانی هەرێم دابگرن و دەسەڵاتەکان ئەم هەرێمە لەلایەن ئەو سێ بنەماڵە بەڕێوەبردێ. هەرهیچ نەبێ، دەسەڵاتیان بۆ 50 ساڵی تر هاوشانی رێکەوتنە 50 ساڵیەکەیان بێ لەگەڵ تورکیا.
3- هەروەها پرۆسەی بەبنەماڵە کردنی یەکێتی، ئامانجێکی ستراتیجی پارتیە، بۆ دروستکردنی حزبی هاوشێوەی خۆی. چونکە کارکردن لەگەڵ حزبی بنەماڵەیی زۆر ئاسانتر دەتوانرێ ڕێکەونی لەگەڵ بکەی بۆ پاراستن و دابەشکردنی پەرژەوەندی بنەماڵەکان، لەوەی تا لەگەڵ حزبێکی سیاسی و جەماوەری بیکەی. بۆیە ئەگەر دیقەت بدەین، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێ گۆرانیش بەرەو ئەو جۆرە فۆرمە بەرن، ئەویش پێدانی دەوری سیاسی بە کورەکانی نەوشێروان مستەفا.
4- بەڵام ئەمە لەحاڵەتێک رێگای تێدەچێت٠ئەگەر کۆسرەت رەسوڵ لەژیان بمێنێ، یان باری تەندروستی کۆسرەت، بە شێوەیەکی کتوپر هاوشێوەی مام جەلال تێک بچێ و لەزمان و جولە بکەوێ. رەنگە هاوکێشەکان بەشێوەیەکی تر بکەوێتەوە. کە تەنیا هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی لەسەر گۆرەپانەکە بمێننەوە.
5- ئەگەر ئەمەش ڕوونەدات، من لەوباوەڕەدام کۆسرەت لە هیچ حاڵەتێک یەکێتی جێ ناهێڵێ و حزب و لیستی سیاسی دروست ناکا. چونکە نە خۆدی خۆی نە کورەکانی توانای ئیدارەدانی حزبیان نیە. زەحمەتە هەولێریەکیش لەسلێمانیەوە، بەخەڵکی هەولێر ململانێی بنەماڵەی تاڵەباڵی و خەڵکی سلێمانی گۆرانخواز بکات.
6- کۆسرەت رەسوڵ بەحکومی نەبوونی دیگایەکی فیکری و ئادیلۆجی و سیاسی، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێ، لەدەرەوەی یەکێتی بژی، یان حزبی سیاسی دروست بکا. هەروەها بەحوکمی رەوتەکەی و خەڵکە سەربازیەکەی دەوروبەری، بەبێ بوونی سەرچاوەی دارایی، ناتوانێ حزبی سیاسی دروست بکا، یان بچێتە ناو حزبێکی تر کەسەرچاوە داراییەکانی محدود بێ، لەسەر بەشە مووچەی ئەندامانی بژی بۆ نموونە وەک (گۆران). چونکە هێزی سەربازی، پێویستی بەپارەو چەک و تەقەمەنی، دەعمی لۆجستی بەردەوام هەیە. هەروەها پارە پێویستە بۆ یارمەتیدانی کەسوکارو خانەوادە جەکدارە گەورەکان.
7- هەروەها کۆسرەت بەهیچ شێوەیەک شاری سلێمانی جێناهێڵێ و ناگەرڕەتەوە هەوڵێر، چونکە پارتی لە حەمەی حاجی مەحمود زیاتر ریسوای دەکا. خەڵکی هەولێری یەکێتیش، ئەوەی بزانم قبوڵیان نیە لەدەستی دوو پارتی بن.