كەمال محەمەد: كۆچی هاونیشتمانیان و بێ باكی دەسەڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ویژدان هەرگیز توانای مەرگ و كۆچی هاونیشتمانیانی نییە، بۆیە لە رەوشێكی بەم جۆرەدا ئەتوانین باشتر دەرك بەم تراژیدیایە بكەین، كە لە پێناوهەوڵی بەردەوامكردنی هەبوندا قۆناغێكی نوێی شەڕی ژیانیان دەست پێ كردوە، هۆكاری ئەم تراژیدیایەش دەرەنجامی كەڵەكەبونی درێژخایەنی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەیە كە هەمیشە خەمی گیرفان و بازرگانی و كورسییان لە پێش خەمی خەڵك و خاكەوە داناوە.
بەشێوەیەكی گشتی پاوانی سیاسی و حكومڕانی لەم هەرێمەدا گوزارشت لە راستییەك ئەكات كە هێشتا ژیانێكی شاییستەو ئازاد بە گوزارشتێكی راست و یەكسان نەگەشتوە و ئەوەی كە هەیە زیاتر ئەرستۆكراسی خێڵ و سیستەمە حكومرانییە شكستخواردوەكە ودەسەڵاتە خۆسەپێنەكەیە كە كۆنترۆڵێكی توندی خراوەتە سەر بۆ بەرە پێشخستن و مانەوەی.
لەكوردستانی ئەمڕۆكەدا ئابوری بوە بە ئامرازێكی بەسیخوریكردن و زۆرداری كە دەسەڵات لەرێگەی بەبرسیكردن و بێ كاری كۆمەڵگاوە هەوڵی داماڵینی سەرجەم فاكتەرە چارەسەرییەكانی ژیانێكی هاوچەرخ و تەنانەت سەرەتاییش بدات و هەوڵی ئەدات كەلای تاك وای نیشان بدات كە چاوەروانیكردنی ڕیشەیی سیستەمەكە خۆخەڵەتاندنە یان باشتر بڵێین. بەڵكو سەرەكیترین كۆسپی بەردەم چارەسەریشە!
ئەوەی ئەبینرێت لەم تراژیدیایەدا كە چەندین گەنجی نیشتمان ڕوبەروی سنورەكانی مەرگ بونەتەوە، چونكە مەحكومی ژیانێكن كە بێچارەیی هەڵهاتنیانی لەنیشتمان كردوە بەدواسەنگەری مانەوەیان لەژیاندا، چونكە چەمكی پاراستنی مرۆڤ بونیان زۆر لەو واتایە دوركەوتۆتەوە كە ئەم نیشتمانەو خاكەكەی و سامانەكەی بەهی خۆی بزانێت!
هۆكاری تەواوی ئەم بێ هیواییەش ئەو دۆخە چەقبەستوەیە كەدەسەڵاتدارانی ئەم نیشتمانە لەبواری سیاسی و حكومڕانییەوە دروستیان كردوە و، كە سیستەمێكی ناپێویستە بۆ عەدالەتی گشتی و هەڕەشە لە ژیانێكی ئازاد و شاییستە ئەكات بۆ هەموان وەك یەك و دەرفەتی باشتر بونی دۆخەكەی پێ نادات.
سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی لەم هەرێمەدا بەجۆرێك كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگا دەركەوتوە كە تاك تواناكاری چارەسەری كێشە ماددی و مەعنەوییەكانی لەدەست بدات هەرئەمەشە وایكردوە، كە لەكەنار خستنی خاك و نیشتمانەكەیان لەپێش خۆشەویستییەوە بخەن بۆی و ببنە كارەكتەرێكی تراژیدی بۆسەر لەنوێ گەڕان بەدوای ژیانێكی شاییستە بۆ خۆیان. بێ باكی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە هۆكار بوە بۆ بنبەستبونی كێشەكان و قوڵكردنەوەی زیاتری تا ئاستی نەبونی ڕۆڵ و تواناكاریان بۆ دروستكرنی بناغەیەكی بەهێز بۆ سەر لە نوێ بنیاتنانەوەی بوارەكانی سیستەمی سیاسی و حكومڕانی بە ئاستی دیموكراتیزەبون، بۆیە كاتێك باس لە دیموكراتیزەبون ئەكەین پێویستە لەوە بگەین كە هەمو سیستەمێكی دیموكراتی پێویستی بە پەرەوەردەیەكی ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئەخلاقی هەیە بۆ ئەوەی پێداچونەوەی هەرسیستەمێكی شكستخواردو بكاتە خاڵێكی بەهێز بۆ وەرچەرخان و دەرباز بون لە قەیران و ئەم بەهێز بونەش كاریگەری خۆی لەسەر پێشخستنی چارەسەری كرداریش بخاتە ڕوو تاوەكو چارەنوسی هاونیشتمانیان و دوبارەی تراژیدیاكانی لەم جۆرە نەگاتە ئاستی كۆچ و تەنانەت كۆچی هەتاییش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت