بورهان شێخ ڕەئوف: عێراق و خۆپیشاندانە ملیۆنیەکان.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى عێراق لە سێ مانگى رابردوودا نزیکەى 700 قوربانى و زیاتر لە 22 هەزار بریندارى لێکەوتۆتەوە، ئێستا لە ئەدەبیاتى سیاسى و میدیایى عێراقدا بە شۆڕشى تشرین ناودەبرێت، دەستورى […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى عێراق لە سێ مانگى رابردوودا نزیکەى 700 قوربانى و زیاتر لە 22 هەزار بریندارى لێکەوتۆتەوە، ئێستا لە ئەدەبیاتى سیاسى و میدیایى عێراقدا بە شۆڕشى تشرین ناودەبرێت، دەستورى عێراق ئەو مافەى بۆ هاوڵاتیانى عێراق دەستەبەرکردوو بە ئازادى ڕاى خۆیان دەربڕن. بەڵام لە تەنیشت ئەو مافەشدا لایەنى نەناسراو نادیار واتە لایەنى سێ یەم تا ئێستا ئەو ژمارانەى لە هاوڵاتیانى عێراق بەو دەردە بردووە کە لە سەرەوە باسمکردوون، جگە لەوانەى لە زینداندان و یان ڕفێنراون و تیرۆر کراوان.
خۆپیشاندانى ملیۆنى کە موقتەدا سەدر لە دوو هەفتەى ڕابردوودا بانگەشەى بۆکرد سەرەتا لە ڕێگەى تویتەکەیەوە لە ئێرانەوە، دواتر هەموو تاقم و میلیشیا چەکدارەکان چوونە پاڵى و لە ڕێگەى کەناڵە کانیانەوە گەورەترین هەڵمەتى بانگەشەو ڕیکلامیان بۆ کرد بۆ ئەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە،
هەرچەندە هیچ پێوەرو پێوانەیەکى ورد و دروست لەبەردەستدا نیە بۆ دیاریکردن و جێگیرکردنى ئەو ژمارە گەورە، جگە لەوەى تەنها بۆ بانگەشەو بەرزکردنەوەى ورەى لایەنگرانى موقتەدا سەدر ساڵانێکە خۆپیشاندانى ملیۆنى لە ئەدەبیاتى سیاسى شیعەو تائیفى عێراقدا بەکاردەهێنێت. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوەى خۆپیشاندانى ملیۆنیە بە ڕاستى، خۆپیشاندانەکانى 100 ڕۆژى ڕابردووى خەڵکى ناوەڕاست و باشوورى عێراقە کە بەشێکى زۆرى لاوانن، داواى مافەڕەواکانى خۆیان دەکەن داواى نان و ئازادى و یەکسانى و خزمەتگوزارى و ئاو کارەبا و ئارامى و سەروەربوونى یاساو نەمانى حوکمى میلیشیاتى چەکدارو بیمەى بێکارى و بیمەى تەندروستى و بەرگرتن لە دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ لە کاروبارى ناوخۆى عێراق.
ئەوەى جێ ى نیگەرانى خەڵک وتەنانەت لایەنگرانى خودى سەید موقتەدایە ئەوەیە کە ئەم بەڕێزە لە سەرەتاى ئەم بزاڤە جەماوەرییەوە خۆى بە خاوەن و پشتیوانى دەزانێت. بەڵام ئێستا هێشتا ئەم بزاڤە نەگەیووەتەمەنزڵ ئەو بانگەشەى خۆپیشاندانێکى تر دەکات کە دژ بە ئامانجەکانى بزاڤە سەرەکیەکەیە، هەرچەندە لە دواساتەکانى پێش ئەنجامدانى خۆپیشاندانەکە شوێنەکەى گۆڕى بۆ جادریە دوور لە گۆڕپانى تەحریر کە ئەمە دەرگاى بەریەککەوتنى داخست لە نێوان ئەو دووبەرەدا کەبەرەى گەل و بەرەى میلیشیا و تاقمە وابەستەکانیانن.

هۆکارى خۆپیشاندانى هەوادارانى سەدر
هۆکارى سەرەکى ئەم خۆپیشاندانە وەکو سەرچاوە ئاگادارەکان لە ماڵى شیعە باسى دەکەن، ئەم ئەرکە بە موقتەدا سپیردراوە لەلایەن هەمو تاقمە شیعیەکانى ترەوە بەو پێ یەى کە موقتەدا پێگەى لە هەمەوویان لە ئێستادا لەوانى تر بەهێزترە، بۆ ئەوەى ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریە گەورەو بەهێزەى عێراق لاواز بکەن و سەرنجى میدیاوو ناوەندەکانى بڕیارو وڵاتان بگۆڕن بە ئاڕاستەیەکى تر و داواى چوونە دەرەوەى هێزەکانى ئەمریکا بکەن، لەلایەکى ترەوە ئەوەى چاودێرانى خۆپیشاندانەکەو لایەنى تریش باسى دەکەن کە ژمارەى بەشداربوون زۆر کەمتر بووە لە ملیۆن و دروشمەکانى خۆپیشاندەرانیش گۆڕا لە چوونەدەرەوەى هێزەکانى ئەمریکا بۆ چوونە دەرەوەى ئێران و کۆتایى هێنان بە دەستوەردانى لە کاروبارى ناوخۆى عێراق و دروشمدان دژ بە سەرۆکى تاقمە و گروپە میلیشیاویەکان و تەنانەت خودى موقتەداش.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەش بڵێم، کە موقتەدا سەدر لە گەڵ خۆپیشاندانەکانیشدا پەیامێکیشى بڵاوکردەوە بۆ لایەنگرانى و ڕوو لە گەلى عێراقیش کە دەخوازێت میلیشیاکانى حەشدى شەعبى هەڵبوەشێنرێنەوە و لە ناو هێزەکانى وەزارەتى ناوخۆو بەرگرى عێراقدا جێگەیان بکرێتەوە، بەڵام ئەم داخوازییەى پێشتر عادیل عەبدولمهدیش سەرۆک وەزیرانى کار بەڕێکەر کە فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بوو بۆى نەچووە سەر بۆیە بۆ سەید موقتەداش ناچێتە سەر.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
بورهان شێخ ڕەئوف

ئەرشیڤی بەڕێز: بورهان شێخ ڕەئوف