ئارام عەلی عەزیز: لە دایکبوونی ئومەتێک.

ململانێى، کە ئەمڕۆ لە ناوچەکەماندا هەیە، ململانێیەکى شارستانیی خاوەن قووڵایى مێژووییە، رووداوەکانیشى لەسەر گۆڕەپانێکى زەمانى دوورو دریژدا قۆناغ بە قۆناغ تا گەیشتۆتە رۆژگارى ئەمڕۆمان خۆیان نمایش کردوە. عیراق وەکو لانکەى […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ململانێى، کە ئەمڕۆ لە ناوچەکەماندا هەیە، ململانێیەکى شارستانیی خاوەن قووڵایى مێژووییە، رووداوەکانیشى لەسەر گۆڕەپانێکى زەمانى دوورو دریژدا قۆناغ بە قۆناغ تا گەیشتۆتە رۆژگارى ئەمڕۆمان خۆیان نمایش کردوە.
عیراق وەکو لانکەى شارستانیەت، گۆڕەپانێکى سەرەکی ئەم ململانێیە بوە. ئەمڕۆیش زۆر بە زەقی ئەو راستیە لە رووداوەکانى، کە لە سەر خاکەکەیدا روودەدەن، دەبینرێت، ئینجا ئەمە پەلامارو هێرشەکانى دەوڵەتانى ئەوپەڕى ئۆقیانوس بێت، یان هێرش و پەلامارى دەوڵەتانى دەوروبەرى بۆ سەر گەل و خاکەکەى.
بنەماى ململانێکە ئایدۆلۆجیە، ئامانج تیایدا ئینسان و خۆنواندنە تیایدا وەکو گۆڕەپانێکی سەرەکی ئەو ململانێیە. چونکە ئینسانی ئینسان شارستانیەت بنیاد دەنێت و کۆمەڵگا بەرەو کەشکەلانى فەلەک بەرزدەکاتەوە، ئەویش بە هێنانەدى هاوسەنگیى لە نێوان جیهانى روحیی و مادییدا، ئینسانى هەمەجیش روخێنەرى شارستانیەتەو کۆمەڵگا بەرەو وەحشیگەریی و مێگەل بوون دەبات.
هێنانى حزبی بەعس بۆ سەر کورسى دەسەڵات لە عیراق لە لایەن ئەمریکاو خۆرئاواوە وەکو هێلێکی ئایدۆلۆجی سکیولارى قەومی گەورەترین گورز بوو لە مێژوو شارستانیەت و رۆڵی رێبەرایەتیى عیراق درا، حوکمڕانى چل ساڵەى بە ئاگرو ئاسن و تۆقاندن کۆمەڵگاى عیراقی تاساندو وڵاتى کردە گەورەترین زیندان. لە ساڵى 1963 لە کودەتاى عەبدولرەحمان عارفەوە تا ساڵى 2003 نزیکەى هەر پێنج ساڵ جارێک ئاژاوەیەک لە عیراقدا روویداوە، ئینجا ئەمە کودەتا بووبێتن، یان شەڕى ناوخۆو جەنگى دەرەکی، وەکو کودەتاى ساڵى 1968 بەعسیەکان، جەنگی بەعس و کورد ساڵى 1974، جەنگى عیراق – ئێران ساڵى 1979، جەنگی کوەیت ساڵى 1990و… هتد.
دواى هەندێک رووداوى دراماتیکی، ئەمریکاو خۆرئاوا لە ساڵى 2003 بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنەوەى عیراق و ناوچەکە رژێمەکەى پاشماوەى سەدامیان رووخاند، حزبی دەعوەى ئیسلامی و شیعەکانیان بە هەمان ئامانجی هێنانى بەعس هێنایە سەر کورسى دەسەڵات، بەڵام سالى 2011 ناچارى پاشەکشە کران. بۆ پڕکردنەوەى بۆشایی کشانەوەیان دەرگای عیراقیان بۆ ئێران خستە سەر پشت. ئێران بە خۆحەشاردان لە ژێرناوى ئەهلی بەیت هەوڵى دامەزراندنى ئیمپراتۆریەتى فارسیی و کۆنترۆلکردنى عیراقى دا، هەروەک چۆن ئەردۆغان بە خۆشاردنەوە لە ژێر ناوونیشانى عوسمانیی و فکری ئیخوانیی هەوڵى ژیاندنەوەى ئیمپراتۆریەتى مەغۆلی دەدات. هەردوو هێڵی ئایدۆلۆجی شیعەى ئێرانی و ئیخوانی تورکی یەکیان گرتوەو شەڕى عیراق دەکەن. رێککەوتنى ئەم دواییەى تورکیاو سوریاش بۆ تەعویزکردنەوەى کەمکردنەوەى رۆڵى ئێرانە، لە داهاتوویشدا سیناریۆکانى رۆژانەى دەبینرێت.
رەوشى ئێستاى ناوچەکە وای نیشاندەدات، کە ئایدۆلۆجی شیعەگەراو ئیخوانی پاسیڤ بوونەو کاریگەریان نەماوە، لەبەرئەوە ئەمریکاو خۆرئاوا، خۆیان راستەوخۆ دێنەوە گۆڕەپانەکەو بە ئومێدى دەستبەسەرداگرتنى خاکی میزۆپۆتامیاى سەرزەمینى شارستانیەت هێرشى عیراق و ناوچەکە دەکەنەوە. بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ، هێرش و پەلامارەکانیان سەرناکەوێت و، لە ئاکامدا ئومەتێک لە دایکدەبێت.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ئارام عەلی عەزیز

ئەرشیڤی بەڕێز: ئارام عەلی عەزیز